تاريخ: ۱۴۰۰ چهارشنبه ۲۴ آذر ساعت ۱۶:۳۱ بازدید: 1409      نظرات: 0      کد مطلب: 17054

ڕچەشکێنییەکی تر لەلایەن تاکێکی کۆمەڵگا


چالاکێکی بواری زمان و وێژەی کوردی کە چەندین ساڵ مامۆستای زمانی کوردی لە شار و گوندەکانی کوردستانە و نووسەری چەندین پەرتووکی فێرکاریی کوردییە، بۆ جارێکی تر لەژیانیدا، کاتی هاوسەرگیری، ڕچەشکێنیی کرد و بە نەکڕینی زێڕ و جلوبەرگ و هەروەها دانانی دوو گوڵ وەک مارەیی و قەرز لەسەر زاوا، بەپێچەوانەی ڕەوتی ئاسایی کۆمەڵگا جووڵاوە و بەم هەڵوێستە ناوازەیەی، بەرەنگاری ئەم نەریتە چەندهەزارساڵەیە بۆوە.
 
 
ئەم نەریتەی کە بووەتە هۆی ئەمەی گەنجەکان، لە هەموو چاخ و سەردەمێکدا، نەتوانن لەکاتی دڵخوازیاندا هاوسەرگیری بکەن و بابەتی تێچووی هاوسەرگیری لەلایەن زاواوە، بووەتە کۆسپێکی گەورە لەسەر ڕێگەی ئەم گەنجانە.
لە هەموو کۆمەڵگانان، بەگشتی خەڵک چاکە و خراپە لێکدەکەنەوە و دەزانن بۆنموونە گەر لەم بابەتەدا هەندێک وردبینانەتر و تێگەیشتووتر بجووڵێنەوە، ئەوە کێشەی هاوسەرگیری کەم دەبێتەوە؛ بەڵام هەرگیز هیچکامیان ئامادە نین دەستپێشخەر بن و لەخۆیانەوە دەست پێبکەن، بەڵکوو هەموو چاوەڕێن ئەم بابەتە، کە وەک قوربانیدان سەیری دەکەن، کەسێکی تر بیدا و ئەمانیش دوای لێکدانەوە و بەراوردکردن و دوای بیستن و دیتنی چەپڵە و بژی بۆ ئەم کەسە، وردەوردە ئەوانیش ئەم ڕێیە بگرنەبەر. 
لەڕاستیدا هاوسەرگیری کە بابەتێکی پێویست و سەرەکییە بۆ گەنجان، بەهۆی تێچووی زۆری زێڕ و جلوبەرگ و پێداویستییەکانی زەماوەند وەک: هۆڵی شایی، تێچووی جوانکاری، خواردن بۆ میوانەکان و هەروەها داواکردنی کەلوپەلی گران و ماڕک و مۆدی ڕۆژ بۆ نێوماڵ لەلایەن بووکەوە، بووەتە بابەتێکی بەدوور و بەکەمی هەڵدەکەوێ لەتەمەنی دڵخوازدا هاوسەرگیری بکرێ.
ئەم نووسەرە سەرەڕای بەرەوڕووبوون لەگەڵ دژایەتیی زۆری بنەماڵە و کۆمەڵگا، بەرخۆدانی کردووە و بەشێوەیەکی بیرمەندانە بەرەوپیری هاوژینی نوێ چووە و بەم ڕچەشکێنییە سەلماندوویەتی کە جیاوازییەک لەنێوان خۆی و هاوسەرەکەی بەدی ناکا و دەیهەوێ وەک کاتی سەڵتی ژیانی ئاسایی خۆی کە بریتییە لە وانەوێژیی زمانی کوردی و چاپ و بڵاوکردنەوەی پەرتووکی کوردی و نووسین و... درێژە بدا.
ئەم نووسەرە بیرمەندە، لەهەمووی بابەتەکانی جوانکاری، کڕینی زێڕ و جلوبەرگ، وەرگرتنی مارەیی، زەماوەند بەشێوەی باولەکۆمەڵگا، ویستنی کەلوپەلی گران و ماڕک بۆ نێوماڵ و... خۆی بێبەری کردووە و بەجێی ئەمانە ویستوویەتی ژیانێکی یەکسان و بەرابەر لەگەڵ هاوسەرەکەی بەسەرببا؛ ژیانێک پڕلە چالاکی، خزمەت، خۆشەویستی، کەوتن، سەرکەوتن، تازەگەری و داهێنان و پاڵپشتیی یەکدی و هەروەها مافی چوونەدەرەوەی وڵات و مافی لێک جیابوونەوە.
لە وتووێژ لەگەڵ ئەم چالاک و بیرمەندە سەبارەت بە بیر و بۆچوونی لەسەر ئەم ڕچەشکێنییەی، گوێبیستی ئەم وتانەی بووین:
بابەتی هاوسەرگیری، بابەتێکی سەرەکی و سەرەتاییە لە ژیانی هەموو بوونەوەرێکدا؛ لە باڵندە و خزۆک و مێروو و چوارپێوە تا دووپێیەکان، یەک لەوان مرۆڤەکان.
هەمووی ئەم بوونەوەرانە بەپێی سرووشت و غەریزە دەدوێن، دەخۆن و دەخۆنەوە، دەخەون، کار و هاوکاری دەکەن، دەگەڕێن، کایەدەکەن و بەپێی پێویست لە تەمەنی گونجاودا هاوسەرگیری دەکەن. هیچکام لە بوونەوەرەکان جگە لە مرۆڤگەل، کاتی هاوسەرگیری نە چەوسێنەرن نە چەوساوە و بەشێوەیەکی سرووشتی هاوژینێکی نوێ هەڵدەبژێرن و دیسان ڕەوتی ئاسایی ژیانیان کە بریتییە لە دوان، خواردن، کارکردن و... دەگرنەوە بەر و لەم نێوانەدا، هەر هاوژینەکەیان گۆڕدراوە نەک ژیانیان؛ واتە هیچیان بەهۆی ئەم هاوژینەنوێیە پشت لە شێوەژیانی ڕابوردوویان ناکەن.
هەروەها لەم کاتەدا و بەهۆی بابەتی هاوسەرگیری، هیچکام لە ئەم دوو هاوژینەنوێیە بریتی لە نێر و مێ، نابنە کۆیلەدار و کۆیلەی لایەنەکەی دیکە. واتە هیچکامیان بەهۆی نێر یان مێ بوونیان، ئەم کارگەلەی ژێرەوە ناخەنە ئەستۆی هاوژینەکەیان: هۆڵی گەورە بۆ میوانداری، بانگێشتکردنی میوان و خەڵاتکردنیان لەلایەن میوانەوە، فیلمهەڵگرتن و بەسەرداهەڵکوتنیان لەم ڕۆژە، خۆگۆڕین(خۆجوانکردن) بە تێچوویەکی زۆر، کڕینی جلوبەرگ و زێڕوزێو، بەزۆری دابڕاندن و جیاکردنەوە لە بنەماڵە، دابەستەکردنی هاوسەر لەماڵ بەهۆی مێ‌بوونی و... . 
لەسەر ئەمانەشڕا هەرگیز بێڕێزی بەیەکدی ناکەن، یەکتر ناشکێننەوە، پشتی یەک بەرنادەن، بێوەفایی لەگەڵ یەک ناکەن، دوو و چەندڕوویی لەگەڵ یەک نانوێنن و تا پێکەوەن، پێکەوەن!
چونکە هەمووی بوونەوەرانی تر باشتر لە مرۆڤەکان لەگەڵ ئەم بابەتانە دەجووڵێنەوە و باش تێدەگەن کە هاوسەرگیری ڕەوتێکی ئاسایی و بەشێکی ئاسایی لە ژیانە و هیچ شاکار و جیاوازکاری و تایبەتمەندییەک لەم بابەتەدا بەدی ناکەن. هەروەها هیچکام لەم بوونەوەرانە پێوەری بەختەوەرییان، هەبوونی ئەم بابەتانە نییە.
بەڵام مرۆڤەکان بەدانانی یاسا و ڕێسا، نەریت، عەیبە، ڕەگەز، ئابڕوو، مۆد و کلاس و... بوونەتە دوودەستەی نێر و مێ، چەوسێنەر و چەوساوە، داگیرکەر و داگیرکراو، کۆیلەساز و کۆیلەکراو، بەشخۆر و بەشخوراو، دارا و نەدار و... .
هەر لەژێر ئەم ناوانەوە، سەرمایەداران و دانەرانی ئەم پێویستییە بێبنەمایانە، نێر لەلایەک و مێ لەلایەکی دیکەوە کۆیلە دەکەن و دەیانچەوسێننەوە. ناهێڵن مرۆڤەکان وەک ئاژەڵانی دیکە ژیانی سرووشتییان هەبێ و سەربەخۆ و شاد و بنچینەدار بژین. هەر مرۆڤێک کاتی لەدایکبوونی، چەشنی بوونەوەرانی تر سەربەخۆ، زانا و بنەمادارە؛ بەڵام دوای دووساڵ ژیانی سرووشتی و ئاسایی، ڕەوتەدەستکردەکانی مرۆڤەکان دێنەگەڕ و ژیانی بۆ تاهەتایە لێ تێکدەدەن. ئەم ڕەوتە پشت بە پشت و بەرە بە بەرە هەروا درێژەی دەبێ و بێت و کەسێک پێچەوانەی ئەم یاسا و ڕێسا دەستکردییانەیان بجووڵێتەوە، بەرەوڕووی توندوتیژی و دژایەتیی هەرهەمووی کۆمەڵگا دەبێتەوە. بەم هۆیە کە نابێت لە بازنەی ئەم چەشنەژیانە بێتەدەر و بۆی نییە سەرلەنوێ شێوەژیانێک داڕێژێتەوە! بەڵکوو دەبێ هەر بەم جۆرە کۆپیکراو و کۆیلەکراو بێ و درێژەبەژیان بدا! دەنا لەهەرچی چەپڵە و بژی و ئافەرین و پاڵپشتی و... بەدوور دەبێ و وەک مرۆڤێکی ناڕەسەن لێیدەڕوانن؛ بەواتایەکی تر ژیان بەشێوەی سرووشتی و کۆیلەنەبوون، حاشالێکراوە و دەبێ بەپێی ئەم نەریت و یاسایانە ژیان بکەی کە لەڕاستیدا بە قازانجی ئەوانە. دەنا وەک مرۆڤێکی ناساغ و ناشارەزا و نائاسایی و نانۆڕماڵ سەیردەکرێی و خۆت لێلادەدەن. بەڵام هەر ئەم بوونەوەرە سەیروسەمەرانە، دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک و بینینی دەسکەوتی جوان و باش لەڕچەشکێنی لەم مرۆڤەناڕەسەنە، چەپڵەی بۆلێدەدەن و دەبنە ڕێڕەوی ژیانی.
پێوەری بەختەوەری لای مرۆڤەکان، بەپێچەوانی بوونەوەرانی تر، هەبوونی ئەم بابەتە بێبنەما و ناگرینگ و ناپێوێویستانەیە؛ کە هەرگیز هیچکام لەم بابەتانە، کەلێن و کەمی لە ژیانی بوونەوەرەکان نین و تەنیا مرۆڤەکانن کە بەجێی دانانی بابەتگەلی گرینگ و بنچینەیی وەک هاوڕێیەتی، هاوکاری، پاڵپشتی، ڕێز بۆ سەربەخۆیی یەکدی، ئەوین، پڕکردنەوەی کەلێنەدەروونی و هتد، ئەم بابەتانە دەکەنە پێوەر و پێوانە بۆ هەڵبژاردنی هاوژینێکی نوێ بەناوی هاوسەر!
با ئەمە بزانین هەر ئەم هاندەرانەمان بەرەو لەبەرچاوگرتنی نەریت و پاراستنی دابونەریتەکان، تەنیا کاتی شادی و سەرکەوتن لەگەڵمانن و لەکاتی پێویست و گونجاو، هەرگیز خۆیان وەدەرناخەن و خۆمان لێلادەدەن. هەر ئەم کەسانە کە بۆخۆیان کۆیلە و شوێنکەوتووی پووڵ، ناو، چەپڵە و ئافەرینن و هەرگیز بیر لە بنەمای دابونەریتەکان ناکەنەوە و ڕوانگەیەکی نوێیان نییە و هەر لە دەلاقەی ڕوانگە و بۆچوونی کۆیلەکەر و چەوسێنەرەکەیان دەڕواننە یاسا و نەریت و ڕێکەوتنامەکان، هەر ئەم کەسانە کاتی بەرزی و سەرکەوتن و دارابوون و شادبوون لەگەڵتن و کاتەگرینگەکان کە بریتین لە کارڕاستکردن، هاوبیری، ڕاوێژ، پاڵپشتیی ماڵی و بێهیوایی ناتناسنەوە.
لەکۆتاییدا وەک ئامانج و مەبەست، پێویستە لەگەڵ کۆمەڵگا بەگشتی و بەرپرسی گەنجان وەک دایک و باب بەتایبەتی باس لەسەر ئەمە بکەین کە بەختەوەری و دڵشادی گرێدراوی هیچیەک لەم بابەتە بێبنەمایانە نییە و هەرگیز هەبوونی زێڕ و مارەیی وخۆگۆڕین و... نابنە بناغەی بەختەوەریی کچەکەیان و هەروەها کار و هاوکاری و هاوبیری و سەربەخۆیی هاوسەر، هەرگیز نابێتە هۆی بێئابڕوویی و بێوەفایی و تێکچوونی ژیانی کۆڕەکەیان؛ ژیان بەشێوەی سرووشتی و غەریزی، بێکێشەیە و هیچکام لەم دوولایەنە ناچار نین بەهۆی ئەم هەڵەتێگەیشتنە لە بابەتی هاوسەرگیری، بەردی پەشیمانی لەچۆکیان بدەن و ئاواتەخوازی ژیانی سەردەمی سەڵتییان بن.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد