به پێ ههواڵی هاژه، لە چوارەمین خولی هەڵبژاردنی کتێبی ساڵی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوایی کتێبی هەژار لە لووتکەدا وەک کتێبی ساڵ هەڵبژێردرا و بڵاوگەی ڕاژە لە شاری مەهاباد وەک ناوەندێکی چالاک لە چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبدا لۆحی ڕێزلێنانی پێ بەخشرا.
پێنجشەمە ڕێکەوتی چواری سەرماوەزی ۱٤۰۰ی هەتاوی لە چوارەمین خولی هەڵبژاردنی کتێبی ساڵ لە شاری ورمێ ، کتێبی " هەژار لە لووتکەدا" بەرهەمی ماندووبوون و حەولی چەند ساڵەی کاک فەرەیدون حەکیمزاده، وەک کتێبی ساڵی پارێزگا هەڵبژێردرا و لۆح و تەندیسی تایبەتی پێ بەخشرا.
کتێبی هەژار لە لووتکەدا پێک هاتووه لە ؛ وتارەکان، نامەکان، وتووێژەکانی مامۆستا هەژار موکریانی کە ساڵی ۹۹ی هەتاوی لە لایەن ئینتشاراتی ڕاژە لە شاری مەهاباد چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
هەروەها بڵاوگەی ڕاژە کە ماوەی کەمتر لە ساڵێکە لە شاری مەهاباد بەپێی مۆڵەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب هەوڵ و تێکۆشانی خۆی دەست پێکردووە توانی وەک یەکەم بڵاڤگەی کوردی لۆح و خەڵاتی ڕێزلێنانی چوارەمین خولی هەڵبژاردنی کتێبی و ناشرانی ساڵی ئەم جەشنوارەی مسۆگەر بکات.