تاريخ: ۱۴۰۰ سه شنبه ۲ آذر ساعت ۱۱:۳۶ بازدید: 982      نظرات: 0      کد مطلب: 16989

بەربەستی ڕێگا و گرفتەکانی تڕافیکی شاری مەهاباد


ئیمڕۆکە سەددی مەعبەر یا بە واتایەکی تر بەربەستی ڕێگا بووە بە  هاوکێشەیەکی گرینگی شارەکان و لابردنیان وەک ئەرکی سەرەکی و هاوبەشی هەموو شارەوانییەکانی لێهاتووە.

لەپەیوەندی لەگەڵ سەددی مەعبەردا هەمیشە چەندین پرسیار و گومان لە ئارادایە.

بەڵام ئاخۆ بەڕاستی یاسا و دادپەروەری لەم بارەوە بەڕێوەدەچێ؟ ئاخۆ شارەوانییەکان بە ئەرکەکانی خۆیان لەمبارەوە ئاشنان و بە ڕێکوپێکی بەڕێوەی دەبەن؟.

لە بەشێکی بڕگەی ١٠١ی یاسای شارەوانییەکاندا بەئاشکرا ئاماژەکراوە کە شەقام، شووستە و شوێنەگەشتییەکان خاوەندارێتی گشتیان هەیە و خاوەنەکەی شارەوانییەکانن و لەم ڕووەوە ئەرکی شارەوانییەکانە پارێزوانی لە شوستە و شەقامەکان وەک موڵکی گشتی بکەن و بەردەوام بۆ کەڵکوەرگرتنی هەمەلایەنە ڕایانگرن و پێش بگرن لە دەستدرێژیکردن بۆ سەریان لەلایەن تاکەکانەوە.

کۆچ، دابەزینی ڕێژەی هەڵی کار و بارودۆخی بژیوی بنەماڵەکان بۆتە هۆکارێک کە هێندێک کەس بۆ گوزەرانی ژیان ڕوو لە ئیشی دەستفرۆشی و فرۆشتنی کاڵا لەسەر شەقامەکان و فرۆشتنی کاڵا بە تڕۆمبیل بکەن.

ناوزڕاویی چەند ماوە لەوەپێشی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی مەهاباد و بێسەروبەریی لە یەکەی ئیجڕائیاتی شارەوانیی مەهاباددا بۆتە هۆکاری سازبوونی گیراویی سەر شەقامەکان و زۆربوونی زێدەڕۆیی و ئاریشەی سەرشەقام لە یەک ساڵی ڕابردوودا.

ئاریشەیەک کە پێڕاگەیشتن و چارەسەرکردنەکەی بۆتە داخوازیی سەرەکیی شارۆمەندان لە بواری ڕێکخستنی تڕافیکدا.

ئاڵۆزی مەیدانی ساعەتی مەهاباد نموونەیەکی بەرچاو لە سەدان کێشەی تڕافیکیی شارە کە شارۆمەندان ڕۆژانە بۆ ڕاگەیاندنەکانی دەنێرن و خوازیاری چارەسەکردنی بەپەلەی لەلایەن بەرپرسانەوەن.

گەرچی بەربەستی ڕێگا زۆرتر بیرهێنەرەوەی ئەو دەستفرۆشانەن کە لەسەر شەقام و پیادەڕۆیەکان کەلوپەلیان بۆ فرۆش داناوە بەڵام لە مەهاباد ئەو وانێتبارانە وێنا دەکات کە لە فەلەکە و مەیدان و کەمەربەندییەکان ئاستەنگی هاتووچۆ سازدەکەن.

دیاردەیەک کە بەرهەمی ناکارەمەیی یەکەیەکی شارەداریی مەهاباد لە خولەکانی پێشوودا بووە و شۆڕای خولی نوێش تا ئێستا نەیتوانیوە ئاڵوگۆڕێک لەم بوارەدا پێکبێنێت.

سەرهەنگ حاتەم ئیبڕاهیمی سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی مەهاباد لەمبارەوە بە هەواڵنێری هاژەی کوت: دەستەیەکی ڕێکوپێکی سەدی مەعبەر لە مەهاباد بوونی نییە، ئەگەر هەبا بارودۆخەکەم بەم شێوەیە نەدەبوو و بە ئەرخەیانییەوە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆش هاوکاریی وردی لەگەڵ دەکردن.


 

ئەو ڕوونیکردەوە کە ڕووبەری گشت شەقامەکانی شار بە وانێتبارە میوەفرۆشەکان تەنراوە، بەشێوەیەک کە جگە لە مەیدانەکانی ئیستقلال، مەلا خەلیل و مەلاجامی بڵوارەکانی مەهابادیش تووشی ئەو گرفتە بوون.

ئیبڕاهیمی وێڕای ئاماژە بە کاریگەرنەبوونی سزاکان کوتی شۆفیری وانێتبارەکانیش لە زۆریی ڕێژەی سزاکانی هاتووچۆ گلەیی دەکەن.

ئەو ئاشکرای کرد کە بەشی زۆری کێشەکانی تڕافیکیی مەهاباد لەبەر بەندهێنانی هاتووچۆ لەلایەن وانێتبارە میوەفرۆشەکانە.

سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی مەهاباد پشتڕاستکردەوە کە گرفتی تڕافیکی سازبوو بەهۆی وانێتبارە میوەفرۆشەکان تەنیا گرفتی گەڕەکێکی ئەم شارە نییە و زۆربەی گەڕەکەکانی گرتووەتەوە.

ئەو هەروەها کوتی: لە سەردانێکی هاوبەشدا کە لەگەڵ بەرپرسانی شارەداری ئەنجاممان دا، بڕیاردرا هەتا شوێنێک بۆ جێگیرکردنی وانێتە میوەفرۆشەکانی مەیدانی ساعەت، چوارڕێی نوبووەت و ناوچەکانی تر دیاری بکرێت بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.

بە بۆچوونی ئیبڕاهیمی ڕێکخستن باشترین ئامرازی چارەسەری گرفتەکانە و ڕێکخستنی وانێتەکان وێڕای ئەوەی خستنەڕووی میوە بۆ شارۆمەندان ئاسانتر دەکاتەوە تڕافیکی ناو شاریش ڕەوانتر دەکات.

لە ئێستادا شارەداری خۆی لە چارەسەریی ئەم کێشە بواردووە و خوازیاری دەوری چالاکتری نیرووی ئینتزامی و پۆلیسی هاتووچۆیە لە بەرامبەر ئەم کێشەیەدا. 

هێزی ئینتیزامی و هاتووچۆش سزادان و بەکارهێنانی زەبری یاسا بە چارەسەر نازانن و لەم کارە خۆ دەبوێرن.

ئەگەرچی لە بەکارهێنانی یاسا و سزای سەرپێچیکاراندا دەبێ هەمیشە ڕێز و کەڕامەتی مرۆڤایەتی لەبەرچاو بێت بەڵام ناشکرێ لەبەر ئەم بابەتە مافی هەزاران شارۆمەندیتر لەبابەت دەستپێڕاگەیشتنی ئاسان بە شەقام و شوستەکان پێشێل بکرێت.

شارۆمەندانی مەهابادی خوازیاری ڕیکخستنی داهێنەرانەی میوەفرۆشانی سەرتڕۆمبیل و سەرشەقامەکانن، بەشێوەیەک کە هەم ئەوان بتوانن بژیوی خۆیان وەدەستبێنن و هەم قورسایی تڕافیکی شەقام و شوستەکان سووکتر بێت.

دانانی بازاڕ و تەڕەباری گەڕەکەکان کە لە زۆربەی گەورەشارەکاندا سەرکەوتنی وەدەستهێناوە لە مەهاباد بەهۆی دابیننەکردنی ژێرخانی گونجاو و کەمبوونی زەمینی شاری وەپشت گوێ خراوە.

دانانی ئەم جۆرە ناوەندانە و ڕێکخستنی فرۆشیارانی میوەی سەر وانێتبار بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و گەڵاڵەمەند و پێشگرتن لە ئاڵۆزی و قۆرغکردنی شەقام و شوستەکان پێویستی بە نەخشەیەکی داهێنەرانە و کارامەیە.

ئێستا شارۆمەندان چاوەڕێن هەتا بزانن شۆڕای خولی نوێ و لەسەرووی ئەوان شارەداری نوێ چۆن و بە چ شێوەیەک کۆتایی بە بێسەروبەرییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شاری مەهاباد لەم بوارەدا دێنن.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد