تاريخ: ۱۴۰۰ يکشنبه ۹ آبان ساعت ۱۸:۵۵ | بازدید: 1089 نظرات: 0 کد مطلب: 16834 |
بە پێی هەواڵیی هاژە، ساڵانە زیاتر لە ٧٠ میلیۆن دۆلار بۆ تووتنی نێرگەلە لە هەرێمی کوردستان سەرف دەکرێت، بە پێی دەیتاکانی لێکۆڵینەوەی یەکێک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ١٣ لەسەدی ئەوانەی نێرگەلە دەکێشن تەمەنیان ناگاتە ١٨ ساڵ.
شەریکە و بریکارەکانی هێنانی تووتنی نێرگەلە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێم بوونیان هەیە. زیاتر لە سەد جۆر تام و بۆنی جیاوازی تووتن دەهێنن و بە پێی وتەی بەشێک لەو شەریکانەش، لە شاری هەولێر و دهۆک لیمۆ نەعنا و بنێشت و لە سلێمانیش سندی و قەزوان زۆرترین داواکارییان لەسەرە.
بە پێی توێژینەوەیەك کە زانكۆی پزیشكیی هەولێر چەند ساڵێک پێش ئێستا ئەنجامی داوە، دهۆك لە نێرگەلەكێشاندا بە پلەی یەكەم دێت، بە جۆرێک کە لە بازاڕی ساخكردنەوەی تووتنەكەشیدا لە پێشەوەیە.
بەپێی ئەو توێژینەوەیە لە ٥٥ لەسەدی ئەوانەی كە نێرگەلە دەكێشن ئاگاداریان لەسەر زیانەكانی نییە. لەسەر ئاستی عێراق پارێزگای دهۆك زۆرترین ڕێژەی جگەرەكێش و نێرگەلەكێشی تێدا تۆمار كراوە، كە ١٨ لەسەد بووە، بە جۆرێک کە ۳۰ لەسەدی ئەو كەسانە لە ڕەگەزی مێ و ٧٠ لەسەدیان لە ڕەگەزی نێر بوون.
زۆرترین فرۆشی تووتنی نێرگەلە بە پلەی یەكەم جۆری فاخری ئیماراتی و مەزایەی ئۆردۆنییە، كە مانگانە بڕی ۱۰ هەزار كارتۆن بە بەهای ۱ میلیۆن دۆلار دێتە سلێمانی، کە بەشێكی ڕەوانەی دەرەوەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت. بە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمیش، مانگانە بایی زیاتر لە ٤ میلیۆن دۆلار تووتنی نێرگەلە هاوردە دەکرێت.
|