تاريخ: ۱۴۰۰ يکشنبه ۹ آبان ساعت ۱۷:۴۹ بازدید: 1124      نظرات: 0      کد مطلب: 16832

سووکەئاوڕێک لە ژیانی پڕۆفیسۆر قەناتی کوردۆ


پڕۆفیسۆر قەناتی کوردۆ، لە گوندی «سوسز»ی ناوچەی «قانزمان»ی هەرێمی قارس لە باکووری کوردستان لە  ۲۱ی سێپتامبەری ١٩٠٩ی زایینی لە دایک بووە. کوردۆ له کاتی لاویدا لە شاری تبلیس و بەیارمەتی نووسەری کورد ئەحمەدی میرزایی و هاکوپ خازاریان(لازۆ) و چەند کەسی دیکە قوتابخانەی سەرەتایی بۆ منداڵانی کورد دادەمەزرێنن.
لە قوتابخانەکەدا، منداڵانی کورد دەیانخوێند و سەرقاڵی کاری ڕۆژانە دەبوون و هەر لەوێش دەنووستن. لە گەڵ قەناتی کوردۆ هەندێک کەسی بەناوبانگی کورد وەکوو دوکتۆر چەرکەز باکایێف و جەردۆیی گەنجۆ(بەرپرسی رۆژنامەی رییا تەزە riya teze) و سەمەند سیابەندۆڤ دەرسیان دەخوێند.
ساڵی ١٩٢٣، لەسەر داوای کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئەرمەنستان و نەمر عەرەبی شەمۆ هەندێک لاوی کورد بۆ خوێندن ڕەوانەی لێنینگڕاد کران.
لە ناو ئەو لاوانەدا کە قەناتی کوردۆش جێدەگرێ، ئەو پێشتر لە ئەنستیتۆی زمانە ڕۆژهەڵاتییەکاندا دەیخوێند، بەڵام ئەم جارەیان لە ئەنستیتۆی لێنینگڕاد لە بەشی زمان و مێژوو و ئەدەبیات دەستی بە خوێندن کرد.
هەر لە لێنینگڕاد، قەناتی کوردۆ زۆر پێش دەکەوێ و وەک نموونەیەکی بەهێز لە ئەنستیتۆدا قۆلی لێ هەڵدەماڵێ. لەو کاتە جیا لەوەی لە ئەنستیتۆ دەیخوێند لە زانکۆش خوێندنەکەی خۆی هەر درێژە پێدەدا.
ساڵی ١٩٤١، بە تێزی "هەڵگرتنی بارگرانی لە سەر زمانی کوردی"دکتۆراکەی وەردەگرێت. لە دوای شەڕ، قەناتی کوردۆ لە ئەنستیتۆی ڕۆژهەڵاتناسیدا لە سەر پرسی زمانی کوردی و زانیاری جیاواز لە سەر زمانی کوردی چەند کۆرسێک دەکاتەوە.
ساڵی ١٩٥٩ لە ئەنستیتۆی ڕۆژهەڵاتناسیدا، زمانی کوردی وەک لقێکی سەربەخۆ دیاری دەکرێت و دوای ساڵێک قەناتی کوردۆ وەک سەرۆکی ئەو بەشە دیاری دەکرێت کە هەتا دوایی تەمەنی هەر لەو ئەرکەدا مایەوە و دەیان گەنجینەی پڕبایەخی بۆ زمانی کوردی لە دوای خۆیدا بەجێهێشت.
قەناتی کوردۆ، زیاتر لە سەد دانە مۆنۆگرافیا و کتێب و وتاری زانیاری لە سەر زمان و مێژووی ئەدەبی زارەکی چاپ و بڵاو کردۆتەوە و زیاتر لە بیست زمانزانی زۆر باشی بۆ نەتەوەی کورد پێگەیاند.
هەموو منداڵانی کورد لە سۆڤییەت، بە کتێبەکانی قەناتی کوردۆ فێری زمانی کوردی بوون و ساڵی ١٩٩٠ دە کتێبی قاناتێ کوردۆ بۆ پۆلە جیاوازەکان چاپ کرا.
کوردۆ لە ٣١ی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٨٥ لە شاری لێنینگڕاد لە تەمەنی حەفتا و شەش ساڵیدا دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت.

بەرهەمەکانی قەناتی کوردۆ:
زمان کوردی(رێزمانی کورمانجی) ١٩٧٥
فەرهەنگی کوردی کورمانجی-روسی ١٩٦٠
فەرهەنگی کوردی سۆرانی-روسی١٩٨٣،بە هاوکاری خاتوو زارا یوسوپۆڤایێ
ڕیزبەندی ڕێزمان و دیالکتیکی کوردی،کورمانجی ژوور و ژێر ١٩٧٣
مێژووی ئەدەبی کوردی ١١ جڵد، لە ١٩٨٣ هەتا ١٩٨٥
ڕێزمانی زمانی کوردی ١٩٩٠
مەم و زین ١٩٩٦

شایانی ئاماژەیە هەندێک لە بەرهەمەکانی، قەناتی کوردۆ دوای نەمانی،چاپ و بڵاو کرانەوە.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد