تاريخ: ۱۳۹۵ سه شنبه ۱۴ دي ساعت ۱۲:۴۲ بازدید: 1875      نظرات: 0      کد مطلب: 2672

سەرۆک کۆماری فەڕانسا: پێشمه‌رگه‌ هه‌موو جیهانی له‌ مه‌ترسیی تیرۆر ڕزگار كرد


هاژه ـ سەرۆك كۆماری فەڕەنسا رایگه‌یاند، ''لە ڕووی سیاسییەوە دەزانین کوردستان ڕۆڵی لە پێشهاتەکاندا دەبێت، چونکە کوردستان هۆکاری سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا''، گوتیشی، هەر کەسێک سەرۆکی فەڕەنسا بووبێت ئەو پەیوەندییە هەر بەهێز بووە و لە داهاتوویشدا هەر وا دەبێت.


 

ڕۆژی دووشەممە 13ی بەفرانباری 1395ی هەتاوی (فرانسوا ئۆڵاند) سەرۆكی كۆماری فەڕەنسا بە یاوەریی شاندێكی حكومەتی فەڕەنسا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە فڕۆکەخانه‌ی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێ‌وڕەسمێكی تایبەتدا پێشوازی لێ كرا.

دواتر بارزانی و سەرۆك كۆماری فەڕەنسا و شاندە یاوەرەكەی سەردانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان کرد لە سەر چیای زەرتک و سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لە نزیکەوە ستایشی قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند، ''پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە پێشمەرگە ئازاکان دەکەم کە پێشتر لێرە بەرگرییان کرد و دواتریش لێرەوە پێشرەوییان کرد و داعشیان تێکشکاند و ڕێگەیان بۆ سوپای عێراق خۆش کرد تا بەرەو مووسڵ پێشڕەوی بکەن.''

 دوای ئەم سەردانە، لە شاری هەولێر (سەرۆك بارزانی) و سەرۆككۆماری فەڕەنسا و شاندە یاوەرەكەی كە پێكهاتبوون لە (جێن یۆڤیس لێدریان) وەزیری بەرگریی فەڕەنسا و (مارک بارێتی) باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكار و بەرپرسی حكوومەتی فەڕەنسا و (دۆمێنیک ماس) کۆنسووڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر كۆ بوونەوە.

مەسعوود بارزانی سوپاسی سەرۆك و گەلی فەڕەنسای كرد بۆ بەدەنگەوەهاتن و یارمەتیدان و هاوكاریكردنی گەلی كوردستان و ڕایگەیاند كە جێگەی شانازییە كوردستان دۆستێكی مەزنی وەك گەلی فەڕەنسای هەیە.

هه‌روەها ئەوەشی بۆ سەرۆكی فەڕەنسا خستەڕوو كە فەڕەنسا لە ڕۆژە سەختەكاندا هەردەم لەتەك گەلی كوردستان وەستاوە. هەوڵەكانی فەڕەنسایشی بۆ كۆكردنەوەی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی و دروستكردنی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی لەشەڕی دژی تیرۆردا بەرز نرخاند.

بارزانی جەختیشی کردەوە کە بە تێکشکاندنی داعش لە مووسڵ، تیرۆر کۆتایی نایەت و بە شێوە و ناوی دیکە دەبنەوە هەڕەشە، بۆیە پێویستە هەموو ئاشتیخوازان و مرۆڤدۆستەکان هاوکاریی یەکتر بکەن بۆ تێکشکاندنی تیرۆر کە بۆتە هەڕەشە بۆسەر هەموو مرۆڤایەتی.

 

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك كۆماری فەڕەنسا سوپاسی بارزانی كرد بۆ ئەو پێشوازییەی لێی كراوە و ڕایگەیاند، ''کە ئەمڕۆم بۆ سەردانەکەی بۆ کوردستان هەڵبژاردووە تا پیرۆزبایی ساڵی نوێتان لێ بکەم و دەزانین لەو ساڵەدا تەحەدییاتی ئابووری هەن و کوردستان پێویستی بە هاوکاری دەبێت. هەروەها لە ڕووی سیاسییەوە دەزانین کوردستان ڕۆڵی لە پێشهاتەکاندا دەبێت، چونکە کوردستان هۆکاری سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.''

ئۆلاند دووپاتیشی كردەوە كە پەیوەندیی نێوان فەڕەنسا و گەلی کوردستان پەیوەندییەکی مێژووییە و فەڕەنسا هەمیشە لە ڕۆژە سەختەکاندا پاڵپشتی کوردستان بووە و لە داهاتوویشدا لە پاڵپشتیكردن و پاراستنی گەلی كوردستان بەردەوام دەبێت؛ هەر کەسێک سەرۆکی فەڕەنسا بووبێت ئەو پەیوەندییە هەر بەهێز بووە و لە داهاتوویشدا هەر وا دەبێت. سەرۆک کۆماری فەڕەنسا ستایشی قارەمانێتیی پێشمەرگەی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند کە ئەو ئازایەتییەی پێشمەرگە پێشانی دا بووە هۆی شانازیی بۆ کوردستان و بۆ ئێمەیش.

لەدوای كۆبوونەوەكە سەرۆكی هه‌رێمی کوردستان و سەرۆك كۆماری فەڕەنسا بەشداری پڕێس كۆنفڕانسێك بوون و ناوەڕۆكی كۆبوونەوە و ئامانجی سەردانەكەیان بۆ ڕاگەیاندنەكان باس كرد.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەشدا (فڕانسوا ئۆلاند) جارێکی دیکە ستایشی ئازایەتیی پێشمەرگەی کرد و ڕایگەیاند، ''پێشمه‌رگه‌ هه‌موو جیهانی له‌ مه‌ترسیی تیرۆر ڕزگار كرد، ده‌بێ جیهانیش له‌به‌رانبه‌ر به‌م به‌رپرساره‌تییه‌ هه‌ڵوێستی هه‌بێ و ئه‌وه‌ی ئێوه‌ كردووتانه‌ له‌به‌رچاوی بێ. ئەگەر ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە نەبوایە، تێکشکاندنی داعش کارێکی مەحاڵ بوو. پێش چەند سه‌عاتێك سەردانی بەرەکانی شەڕمان کرد، ئەو شوێنانە بە خوێنی پێشمەرگە ئازادکراون و ئەو پێکهاتانەی لەو ناوچەیە دەژین چیتر لە ئایندەی خۆیان ناترسن''، ڕاشیگەیاند ''دوای ئازادکردنی مووسڵ پێویستە چارەسەرێکی سیاسی هەبێت بۆ ئەوەی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ناوچەکە بە ئاشتییانە پیکەوە بژین و ئیدارەیەکی باش هەبێت کەژیانی هەمووان لە سایەیدا مسۆگەر بێت.''

دواتریش سەرۆکی فەڕەنسا و شاندی یاوەری كۆتاییان بە سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و لە فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن (سەرۆك بارزانی) و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومیی هەرێمی كوردستان بەڕێ كران.



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد