رۆژنامەی "نیزافیسیمایا گازیتا" بڵاویكردوەتەوە گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان توركیا و رووسیا سەری هەڵداوەتەوە لە سوریا.
بەگوێرەی رۆژنامەكە رووسیا و توركیا یەكتر تۆمەتبار دەكەن سەبارەت بە سوریا
لەوبارەیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان بڵاویكردوەتەوە هێزەكانیان لە ئامادەكارییدایە بۆ دوورخستنەوەی هێزە كوردیەكان لەسنوری وڵاتەكەی
لەبەرامبەردا حكومەتی رووسیا لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردوەتەوە حكومەتی دیمەشق مافی تەواوی هەیە سەروەری وڵاتەكەی بپارێزێت ،هەرچەندە تا ئێستا بەشێك لەخاكەكەی لەژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانی سەر بەتوركیادایە.
پسپۆرانی سیاسی پێش بینی دەكەن رووسیا و توركیا گرەوەكانیان لەسەر خاكی سوریا زیاتر بكەن بەڵام تا ئێستا بەزمانی تۆپ هاوێژەكانە.
ئەنتۆن ماراداسۆف پسپۆر لە پەیمانگەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و پسپۆری ئەنجومەنی رووسیا بۆ كاروباری نێودەوڵەتی بڵاویكردوەتەوە، كۆبونەوەی لوتكەی نێوان پۆتین و ئەردۆغان زۆر كورت بوە و بەدوریش دەزانرێت رێككەوتنێك لەنێوانیادا ئەنجامدرابێت سەبارەت بەسوریا
تەنانەت لەدوای كۆبونەوەكەش باسیان لە رێككەوتنێكی دیاری كراو نەكردوە و پێدەچێت سەرەتای پرۆسەیەكی نوێ لە ئارادا بێت.
مارادسۆف ئاشكرای كردوە نابێت پەلە بۆ دەرئەنجامەكان بكرێت ، چونكە هێزی توركیا لەناوچەی تەل رفعەت بوونی نیە ،هەروەك هەوڵەكانی سوپای سوریا بەبێ رەزامەندی سنوری بنكەكانی سوپای توركیایی تێپەراندوە ئەوەش ئەگەری پێكدادانی لێدەكرێت، خاڵێكی دیكەش ئەوەیە رووسیا ناتوانێت هیچ شتێك پێشكەش بەهێزە كوردیەكان بكات لەكاتێكدا سوپای ئەمریكا بوونی هەیە لە خۆرهەڵاتی سوریا.
بۆیە باشترین سیناریۆ بۆ دۆخی سوریا پارێزگاری كردنە لە رەوشی ئێستا سوریا بەم دۆخەی ئێستای بەڵام بێگومان گرەوەكان پەرەدەسێنن لەنێوان هەردوولادا وپێدەچێت گرەوەكان لەسەر گۆڕینەوەی زەوی بێت لەسوریا
وتیشی بەدوور دەزانرێت لە ئێستادا ئۆپراسیۆنی سەربازی رووبدات جگە لە تۆپباران كردنی یەكتری كە وەكو كارتی فشار بۆ دانوستان بەكاردەهێنرێت.
سەرچاوە: ئار تی رووسیا، چاودێر