ئاکادێمیای نۆبێل براوەی ساڵی 2021ی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیاتی ئاشکرا کرد و بەم شێوەیە "عەبدولڕەزاق گۆرنا" ڕۆماننووسی خەڵکی وڵاتی تانزانیا وەک براوەی ئەمساڵی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیات ناسێنرا.
لێژنەی نۆبێلی ئەدەبیات "عەبدولڕەزاق گۆرنا"ی بە نووسەرێک داناوە کە لە بەرهەمەکانیدا "بەشێوەیەکی پێداگر، بوێرانە و کارتێکەر بابەتی کۆلۆنیالیسم و چارەنووسی کۆچبەر و پەناخوازانی لە ڕەهۆڵی نێوان کلتوور و کیشوەرەکان" وێناکردووە و "هێنانەبەرباسی چاونەترسانە و کاریگەری شوێندانەرییەکانی کۆلۆنیالیزم و چارەنووسی کۆچبەران و پەناخوازان"ی بە هۆکاری پێدانی ئەم خەڵاتە بە گۆرنای داناوە.
گۆرنا لە ساڵی 1948 لە دوڕگەی زەنگبار(تانزانیای ئێستا) لەدایکبووە و هەتا کۆتاییەکانی دەهەی شێستی زایینی لە تانزانیا ژیاوە و دواتر وەک کۆچبەر پەڕیوەی وڵاتی بەریتانیا بووە.
ئەو دوای وەرگرتنی بڕوانامەی دوکتوڕا لە زانکۆی "کێنت" هەتا کاتی خانەنشینبوونی وەک مامۆستای زانکۆ لکی ئەدەبیاتی پاش کلۆنیالیزم لەم زانکۆیە هەڵکەوتوو لە کێنتێربێریی بەریتانیا چالاکی نواندووە.
براوەی خەڵاتی نۆبێلی ئەمساڵ تا ئێستا 10ڕۆمان و کۆمەڵەچیرۆکێکی بە سەردێڕی" دایکم لە مەزرایەکی ئافریقاییدا دەژیت" بڵاوکردۆتەوە.
بابەتەکانی پەیوەندیدار بە کۆچبەری لە زۆربەی کارەکانی ئەودا وەبەرچاودێت.
ڕۆمانی "بەهەشت" چوارەمین ڕۆمانی گۆرنە بەرچاوترین ڕۆمانی ئەم نووسەرە ئەژمار دەکرێت.
گۆرنای نووسینی لە تەمەنی 21ساڵییەوە لە وڵاتی ئینگلیز دەستپێکردووە و لەگەڵ ئەوەی زمانی دایکیی زمانی "سەواحیلی"ییە زمانی ئینگلیزیی وەک زمانی ئەدەبیی خۆی هەڵبژاردووە.
گێڕانەوەی چەندپاتەوە و لاوەکی لە ڕۆمانەکانی گۆڕنایدا جێگای نییە و ئەو حەول دەدات لە بەرهەمەکانیدا نیگای بەردەنگ بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئافریقا کە لەبواری کلتووری زۆر جیاوازە ڕابکێشێت. لایەنگەلێک کە زۆربەی ناوچەکانی جیهان لەگەڵی ئاشنا نین و بۆیان سەیرە و سەمەرە دەنوێنن.