تاريخ: ۱۴۰۰ سه شنبه ۶ مهر ساعت ۱۶:۲ بازدید: 1362      نظرات: 0      کد مطلب: 16658

بـاڵداری جوانیم لە لکی ئاواتم هاوارە لە من چ زووبەزوو نیشت و فڕی!



لەم تاریکسانی ژیانەدا "ئاوات" و بەندە دوو گیانی نەسرەوتوو بووین، دوو برا بووین کە بە شوێن ڕووناکستان‌دا دەگەڕاین؛ دەگەڕاین تاکوو ڕووحمان لە دەریای ئەهوورایی‌دا مەلەوەر بێ و بگەینە شوێنێک کە ئەهریمەن هیچ بواری خۆتێوەردانی نەمێنێ.

ئێمە دەمانویست پێکەوە چەندی دەکرێ ئاسۆ پرشنگدارەکان بخەینە بەرچاوی خەڵکی ئەم نیشتمانە؛ دەمانزانی هێنانەڕووی لایەنە نادرەوشاوەکان، چۆن کۆمەڵگا دەتاسێنێ. ڕێیەکی چاکمان بڕیبوو؛ بە زۆر کەلێن و کەلەبەردا تێپەڕیبووین. گەرچی دەروونمان کەیلی خەمێکی بێ‌بڕانەوەی ئەم خاکە بوو، بەڵام چاومان بە گەشی هەڵدێنا و بەم ڕوانینمان دڵخۆش بووین.

ئێمە دوو هاوڕێی یەک‌دڵ و گیان بووین، دوو برا بووین، بەڵام ئاوات کەسێکی دیکە بوو، کەسێکی پەنجەنەخشینی بڕوامەند بە هونەر و جوانی و باریکەڕێسەکانی؛ ڕازاندنەوەی کتێب و گۆڤار بە سەروبەرەوە ببوونە بەشێک لە ژیان و هەناسەکانی. هەتا بڵێی ڕوح‌سووک و لەسەردڵان! ئەوەندەی دڵ بیهەوێ ڕووڕاست و ڕازدار و نیشتمانی بوو، هێندەی بیر بڕ دەکا نەرم‌ونیان و مەرد و ڕەند. مەعنەوییەت هەموو بیر و هۆشی تەنیبۆوە. دڵسۆزی و سەفا و وەفا کە تووشی کاک ئاواتی حەکیم‌زادە دەبوون، ئیکلامیان لە بەر دەکێشا.

هەرگیز بە خەیاڵم‌دا نەدەهات من شینی ئاوات بگێڕم! ئاخر چۆن خەیاڵێکی وا دەیتوانی سەرانسوێی دڵ و دەروونم بکا... بەڵام خەیاڵ نا، حەقیقەتێکی تاڵ و دێوەزمە کوێرەی کوڕۆنا هات و بەری دەرگای لێ‌گرتم و ئەوەندەی بڵێی یەک‌ودوو کۆڵەکە خۆڕاگرەکەی ماڵمانی پەڕاند و هەرەسەکەی بەسەر شانی من‌دا هێنا، کە هەتا دنیا‌بەدنیایە پێوەی دەناڵێنم.


چۆن نەناڵێ ئەم دڵە ئەنگاوتەیە

بەرد لە بەردی بێتەوە دەنگی هەیە



مەهاباد، سەلاحەددین ئاشتی، سێ‌شەممە ٦/ ٧/ ١٤٠٠= ٦ی سێپتامبری ٢٠٢١



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد