تاريخ: ۱۴۰۰ سه شنبه ۳۰ شهريور ساعت ۱۱:۱۴ بازدید: 1423      نظرات: 0      کد مطلب: 16602

«زەبیحی ڕووناکبیرێکی گۆڕغەریب» پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کرا


بە پێی هەواڵی هاژه، پەڕتووکی «زەبیحی ڕووناکبیرێکی گۆڕغەریب» بە کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەی فەرەیدوون حەکیم‌زاده چاپ و بڵاوکرایەوە.

ئەم پەڕتووکه لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی مامۆستا عەبدولڕەحمان زەبیحی که لە هەشت بەش‌دا باس لە ڕەهەندەکانی کۆمەڵایەتی، ئەدەبی، زانستی، ڕامیاری و فەرهەنگیی ژیانی ئەم کەسایەتییە هەڵکەوتەیەی کورد دەکا.

عەبدولڕەحمان زەبیحی کەسایەتییەکی چالاکی سەدەی بیستەمی زایینییە که لە ساڵی ١٩٢٠ی زایینی(١٢٩٩ی هەتاوی) لە شاری مەهاباد لەدایک بووە. زەبیحی کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ڕۆژنامەگەری کوردی بووە. گۆڤاری نیشتمانی لە مەهاباد چاپ کردووە، لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی وەک: هاوکاری، ڕۆشنبیری نوێ، چریکەی کوردستان، خەبات، ڕزگاری، پێشرەو و باهوز (بە زمانی عەڕەبی) نووسینی هەبووە.

ئەم پەڕتووکه کە لە ٤٦٠ لاپەڕەدا چاپ کراوە، هەندێک بەڵگەنامە و وت‌ووێژی کەسایەتییە ناودارەکانی کوردیش لەسەر مامۆستا زەبیحی لەخۆ دەگرێ کە تا ئێستا زۆر بە کەمی ئاوڕیان لێ‌دراوەتەوە.

فەرەیدوون حەکیم‌زاده، لەدایک‌بووی شاری سەردەشتە و چەندین بەرهەمی وەک: دڕک و داڵی ئەلجەزایر، سردشت در آینه‌ی اسناد تاریخی، ناوی جوانی کوردی، ساوجبلاغی موکری_ مهاباد در آینەی اسناد تاریخی، سێ پیاوی سەیر و سەمەر، ویلهێلم لیتن لە کوردستان ۱۹۱۵، هەژار لە لووتکەدا، بەرهەمەکانم؛ کۆی وتارەکانی نووسەر تا ساڵی ۱۳۹۴ی هەتاوی چاپ و بڵاو کردووەتەوە.

 پەڕتووکی «زەبیحی ڕووناکبیرێکی گۆڕغەریب» لە لایەن بڵاوگەی ڕاژه بڵاو کراوەتەوە.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد