لە هەموو کۆمەڵگەیەک و لەهەموو ئایین و ئایدیا و ڕێبازێکی داڕژاو بۆ پێشکەوتن و بەختەوەری مرۆڤ، یاسا و ڕێسا و کۆمەڵێک چەمکی ڕەوشتی هەن، وە هەموو ئایین و ئایدیا و سیستێم و کۆمەڵگە و دەستەڵاتەکان، لە زۆر تەوەر و پرس دا، هاودەنگ و هاوهەڵوێستن، بۆ نموونە، قڕکردن و کۆمەڵکوژی و هەمووکوشتنێکی ئاشکرا و بەرچاو و دیار، بە تایبەت کوشتنی کەسانی بێ دەرەتان و بێ دەستەڵات و هیوابڕاو بە حەوانەوە و مانەوە لە شوێنی دانیشتنی خۆیان، هەستی بەزەیی هەمبەر ئەوان و ڕق و بێزاریش، بەرابەر بکەران و هاندەران و هۆکارانی ئەم ڕووداوانە دەئافرێنێ...!
کۆمەڵان و دەستەڵاتەکانی ڕۆژاوایی، کە سەردەمێک لە ژێر بارست و تەوژمی هەموو ستەمێکی دەستەڵاتەکان و ئایدیاکان و ئایینەکاندا بوون و دوای ملمانێ و دەیان جەنگی چووک وگەورە و کۆمەڵکوژی و قڕان و سووتان و کاولکاری، ئێستا گەییشتوونە ئاستێکی مەزن لە پێشکەوتنی تەکنۆلۆژی و خۆبژێوی و تەندروستی و دەستەڵات و بە پێی یاساکانی خۆیان،مرۆڤەکان بە تاک و کۆ، لەوپەڕی ئازادی و سەربەستی دان و بەردی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و پشتیوانی لە چەوساوان و بەرهەڵستی چەوسێنەران، لەسینگی خۆ دەدەن و خۆیان دە هەموو ناوچە و هەرێم و نیشتمانێکی دوور و نزیکی گەلانی دیکە، بە تایبەت، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خزاندووە و بە پێی بەرژەوەندی ڕامیاری و ئابووری خۆیان، تێکمان بەردەدەن و نێوبژیمان دەکەن و هەر جارەی بە بیانووی ڕەشەکوژ و ترۆریست و دەرچوو لە یاساکانی نێونەتەوەیی و ستەمی ئایینی و نەتەوەیی، لایەنگری لە لایەکمان دەکەن و لایەکمان بە بێبەزەیی سەرکوت دەکەن و ژێرخانی ئابووریمان دەڕووخێنن و کان و سەرمایەی ژێر زەوی و سەر زەویمان دەدزن و مێشکی هەموو چین و توێژەکان هەر دەم بە بیانوویەک، دەشۆنەوە و زانا و بلیمەت و کارامەکانمان، بێ هیوا دەکەن و بەرەو لای خۆیان بۆ کەڵکاژۆیی ڕادەکێشن!
ئەگەر لە نیشتمانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بچووکترین کرداری دژەمرۆیی یا ئەگەر باشیش بێ و پەسەندی بیر وبۆچوون و سیاسەتی ئەوان نەبێ، هەر زوو لە قاوی دەدەن و دەیزڕێنن و لە کۆڕ و کۆمەڵە ڕامیاری و کۆمەڵایەتیەکان و ڕاگەیەنەرە گشتی و مێدیاکان، بە قێزەونی لێی دەدوێن و بڵاوی دەکەنەوە و دەیکەنە فاکتەرێک بۆ پەلاماری مێدیایی و تەنانەت سەربازیش!
هەر ئەوان بوون کە ڕیش پان و بەرگ شڕۆڵە کێویەکانی تالیبانیان، لە کار لابردن و ئێستاش، بە فیتی ئەوان هاتوونەوە سەر کار و وەڵاتێک کە دەیان ساڵە، خۆشی نەدیوە و هەمیشە پڕ لە کێشە و ئاژاوە و کوشتاربووە، ڕادەستی ئەو بێبەزەییانەیان کردەوە و دیتمان کە چۆن لە ترسان هاووڵاتی ئەفغانی بە ئەوپەڕی ترسەوە، بۆ دەربازبوون و ڕزگاری، خۆیان بە فڕۆکەوە هەڵواسی و لە ئاسمانێ ڕا، بەربوونەوە زەوی...!؟
لە جیاتی باس لە ستەمی تالیبان و ڕێ چارەی یارمەتیدانی ئەفغانیەکان بکەن، بە چاپی وێنەی بەربوونەوەی هەڵاتووان لە ترسی تالیبان لە سەر باڵی فڕۆکەکان، لە سەر تیشێرت و کەراسەکان، پڕوپاگەندە بۆ کاڵاکان، بە مەبەستی فرۆشی زۆرتر و وەدەستهێنانی قازانجی بێ ڕادە دەکەن!
هەر ئەو وێنانە، لە فەیسبووک، بە هۆی ئەوەی کە ترسێنەر و تۆقێنەرن، لە سەر زۆر پەیج، کەوتوونە ژێر پەردەی ڕەش و بینەران مافی بینینیان نیە...! بەڵام، لاوان و منداڵانی لای خۆیان بۆ بانگەشە، پۆشیویانن و ئەگەر کڕیاری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پەیدا بوون و ژمارەیەکی زۆریان هەناردە کرد، ئەوا مێدیاکانیان بۆ پێشگیری و قەدەغە، لە پۆشینی ئەو تیشێرتە نەخشاوە بە بەربوونەوەی ئەفغانەکان، بڵاو دەکەنەوە و دەستەڵاتی ڕامیاری و بیر و ڕای کۆمەڵگە و تەنانەت پۆلیس، ئەو تیشێرتانە کۆ دەکەنەوە و پۆشینیان بە مەترسی دەزانن و پۆشەرانی سزا دەدرێن! بەڵام، هەتا خوازیار لە وەڵاتانی جیهانی سێهەمی هەبێ، بە هەزارانی لێ ساز دەکەن و دەینێرن و کەسیش متەقی لێ نایەت!؟
ئەوەیە، دابەزین و داوەشانی هەستی مرۆڤایەتی بۆ نزمترین ئاست!؟