ئێمهی کورد وەکوو یەکێک لە کۆنترین نەتەوەکانی جیهان خاوەن ئەفسانه، ئۆستووە و چیرۆکی تایبەتیی خۆمانین. ئێمە نەتەوەیهکین گرێدراوی ڕەوایهتگەلی جۆراوجۆر که بە درێژایی مێژوو له ژانڕ و فۆڕمە تایبەتییەکانی زارەکی و نووسیارەکیدا خۆی دیوەتەوە.
ئەو بابەتە و توانایی بەرز لەم بوارەدا دەخوازێ کە هیچ کات لە خزمەت بە بوارەکانی چیرۆک و چیرۆکەوانی و زەمینە جواروجۆرەکانی خەمسارد نەبین و حەولی بەردەوام بدەین کە گێڕانەوە و گێڕەوەری لەنێو ئێمەدا گەشە و پێشکەوتنی زۆرتر بەخۆیەوە ببینێ.
ئەم خەڵکانەی باشتر دەگێڕنەوە باشتر ژیان هەست پێدەکەن و باشتر لە ژیان تێدەگەن و هەروەها باشتر و سەرکەوتووانەتر لە کەندوکۆسپ و قەیرانەکان تێپەڕدەبن.
جیهان ئێستا و لەم بارودۆخەی تێیدا دەژین سەرەڕای هەموو شەڕ و کێشە و نەهامەتییەکان تووشی پەتایەکی گشتگیره که ئیتر تەنیا تایبەت به ڕۆمان و چیرۆکەکان نییه، بەڵکوو وەک قەیرانێک گشت لایەنەکانی ژیانی تاکە کەسی و کۆمەڵایهتی مرۆڤی سەردەمی تەنیوە.
مێژوو نیشانی داوە پێوشوێنی هەر قەیرانێک کە پێوەندی به ژیانی مرۆڤەکانەوە هەبێت لە چیرۆکەکاندا خۆ دەبینێتەوە. چونکه ئهدەبیات، ناوەرۆک و بنیاتی له داهێنان و خوڵقان دایه.
بەم پێودانگه دەبیرخانهی فێستیڤاڵی چیرۆکەڵهی کوردی هاژه له مەهاباد بۆ چوارەمین ساڵ بەردەوام بوو لهسەر جێبەجێ کردنی ڕووداوێکی گرینگی ساڵانه که به شێوەی سەرانسەری بەڕێوە دەچێت، ئەمەش لە حاڵێکدابوو که بۆ دووەم ساڵی بەردەوام پەتای کڕۆنا نەیهێشت به شێوەی جەستهیی له دەوری یهک کۆ ببینهوە، هەر بۆیه پێمان وابوو نابێ و ناکرێ چەرخەی فێستیڤاڵ له سووڕان بکهوێ و ئەم ساڵیش به کهڵکوەرگرتن له تۆڕەکۆمەڵایهتییەکان و کەشی مەجازی حەولمان دا بۆ ڕاپەڕاندنی ئهم چالاکییە.
لە دوای تەواوبوونی مۆڵهتی بانگهواز که ئهم ساڵ بەشی وتاریشی لێ زیاد کرابوو، 265 چیرۆکەڵه بە زاراوەکانی سۆرانی، کورمانجی، کەلهوڕی، لوڕی و هەورامی و... هەروەها 15 وتار ڕەوانەی دەبیرخانهی فێستیڤاڵ کرا، لێژنهی داوەرانی بەشی چیرۆکەڵه و بهشی وتار هەڵسەنگاندنیان بۆ بەرهەمەکان کرد و لە ئاکامدا براوەکانی ئهم خولەی فێستیڤاڵیان دیاری کرد.
پێشوازی و بەشداری بەرچاوی چیرۆکنووسان به هەموو زاراوەکانی کوردییەوە وزە و دڵگهرمییهکی زیاتری به ئێمه بەخشی و ئێمهی پشتئهستوورتر کرد بۆ ڕاپەڕاندنی ئهم ئهرکه به شێوەیهکی باشتر له ساڵانی داهاتوودا.
دەبیرخانەی چوارەمین فێستیواڵی چێرۆکەڵەی کوردیی هاژه_ خهرمانانی ١٤٠٠