تاريخ: ۱۴۰۰ سه شنبه ۲ شهريور ساعت ۲۳:۱۰ بازدید: 1788      نظرات: 0      کد مطلب: 16443

پەیامی لێژنەی داوەرانی چوارەمین فێستیواڵی چیرۆکەڵەی کوردی(بەشی وتار)


لە وەها ڕۆژێک دا کە بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە پەتای کڕۆنا بە گشت جیهان دا بڵاو بۆتەوە و ڕۆژانە ئازیزانێکی زۆر لە دەست دەدەین و شاهیدی دەرچوونی هەزاران گۆڤار و ڕۆژنامە لە سەراسەری دونیا داین کە بە تیتری گەورە دەنووسن (جیهان کەوتووەتە جدیترین قەیرانی تەندرووستی کە لە یەک سەدەی ڕابردوودا بێ‌وێنە بووە) ئایا چیرۆک و چیرۆکەڵە و شانۆ لە بەرامبەر ئەم تڕاژێدیا گەورەیە‌ی کە لە حاڵی رووداندایە مانای خۆی لە دەست نەداوە؟

بە پێچەوانەوە ئێمە لەو باوڕە داین که چیرۆک هەمیشە هەڵقوڵاوی کارەساتە گەورەکانە، بە ئاوڕدانەوەیەک لە ڕابردوو ئێمە دەبینین کە نەخۆشییەکان و جەنگەکان و ترسەکان و هیواکان چۆناو چۆن بوونەتە هێمای نووسەرە گەورەکانی وەک پووشکین و کامۆ و یونێسکۆ و...

ئێستاش کە ئێستایە تاعونی کامۆ یەکێک لە بەنێو بانگ ترین ڕۆمانەکانی جیهانە و تاعون بە کاتی میوانی کە باسی نەخۆشی وەبا لە ڕوسیا دەکا، لە نووسینی پووشکین ساڵانە بە دەیان جار چاپ و بڵاو دەبێتەوە و لە شانۆگەرییەکانی ئورووپا دەچێتە سەر سێن،ئێمە شاهیدی ئەوەین کە ساڵانە چەندەها شانۆ و فیلم و سێریاڵ لە چیرۆکی فریشتەکان لە ئامریکالە نووسینی تۆنی کووشنێر کە لەبارەی نەخۆشی ئیدز دایە ساز دەکردرێت.

بەڵێ ئێمە کووتمان کە چیرۆکەکان هەڵقوڵاوی کارەساتەکانن و روونەکەرەوەیەکی داهاتوون، لە یونان شاعیرێکی نابینا لە ئیلاهەی شێعری دەوێت کە چیرۆکی تووڕەبوونی ئاشیلی لە خەڵکی ئاخایی کە لە پشت دیوارەکانی تڕۆوا گیرێان خواردووە بۆ بگێڕێتەوە. لە ئینگلیستان و لە قڕوونی وەستادا جەماعەتێک کە بۆ زیارەت‌کردنی توماس بێکێت دەچن بۆ کانتبری بۆ ئەویکە ماندوو نەبن لە یەکتریان دەوێ هەر یەکە و چیرۆکێک بگێڕێتەوە. لە هێندووستان ژنێک بۆ ئەویکە لە مەرگ ڕزگاری بێ هەزار و یەک شەو چیرۆک بۆ پاشایەک دەگێڕێتەوە. لە ئێسپانیا نەجیب زادەیەک بە خوێندنەوەی چیرۆکی شوالییەکان دەبێتە شواڵییەیەکی شێت و لە چین تائوێەک و بوودایەک بە ڕێگایەک‌دا دەڕۆن تووشی بەردێک دەبن کە چیرۆکی تایفەیەکی گەورەی لە سەر نووسراوە و مەجبوور دەبن هەمووی بخوێننەوە. لە ئامریکا لە کارەساتی شەڕی نێوخۆیی کوڕێکی سپی‌پێست لە سەر می‌سی‌سی‌پی چیرۆکی خۆی و ڕەش‌پێستێک دەگێڕێتەوە کە بە گەمێک لە سەر ڕووبارێک سەفەر دەکەن،لە ڕوسیا و لە لنینگڕاد ژنێک دەڵێت کە سەرچاوەی چیرۆکەکانی وشک بوون. هەر بۆیە سێسەد ژن لە پشت دەرگاکانی بەندیخانەیەک له سەرما ڕەق هەڵدێن. بەڵێ ئەوە هەمووی بەشێکی کورت لەو چیرۆکانە بوون کە کاریگەریان لە سەر بەشەری ئەوڕۆیی هە بووە.

لەوەها دۆخێک‌دا پێگەی هەواڵی هاژە هەستاوە بە ساز کردنی فستیڤاڵی چیرۆکەڵەی کوردی هاژە کە ئێمە لە لای خۆمان ئەو هەنگاوە بە هەنگاوێکی بەرز دەنرخێنین و بە هومێدێکی زۆرەوە دەڕوانینە ئەم هەنگاوە. هەنگاوێکی گرینگی‌تر کە ئەوساڵ هاژە هەڵی هێناوەتەوە ئیزافە‌کردنی بەشی وتارە، لە ڕاستی‌دا هەر جۆرە شیکاری و خوێندنەوەی ئەدبیات پێویستی بە زانستێکی زۆری ئەدەبیاتی گەلەکان و ناسینی ڕاستەقینە‌ی ڕەوەتی گۆڕانکارێکانی ئەدەبیات لە ناحیە جێاجێاکانی جیهان هەیە. بە دڵنیاییەوەش هەر جۆرە وتارێک لەو بوارەدا دەبێ لەسەر بنەمای ڕەخنەی نوێ و مێتۆدۆلۆژیک بێت. ئەو گرینگە بەداخەوە لە وڵاتانی وەک ئێمە و بە تایبەت کوردستان نەیتوانیوە جێگەوپێگەی خۆی ببینێتەوە، هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی سەرچاوە ڕخنەییەکان و نەبوونی ڕشتەیەکی تایبەت بە ڕخنەی ئەدەبی لە زانکۆکان و ناوەندە ئەدەبییەکان دەگەڕێتەوە. هەر بۆیە هەر جۆرە وتارێک و ڕخنەیەک لەو بوارەدا و بەتایبەت لە بواری چیرۆک و چیرۆکەڵەی کووردی‌دا بەرز دەنرخێنین. بەڕێزان چیرۆک و بەگشتی ئەدەبیات پێناسەی گەلەکانن لەواقیع‌دا جیا لە شەڕە سەڕبازییەکان و کێشە سیاسییەکان، ئەدەبیات بەستێنێکە کە وەک ناسنامەیەک میللەتێک لە میللەتێکی دیکە جیا دەکاتەوە و پێکیان دەناسێنێ، ئەو ڕاستەقینەیەکی حاشاهەڵنەگرە. زۆر بە کورتی دەتوانین بڵێین ئەدەبیات یانی جۆرێک خوڵقاندن کە دەبێتە هۆی سەلماندنی خوڵقێنەرەکەی وەک زیندەوەرێکی بەتوانا کە لە زیندەوەرەکانی دیکە جیایە. لەو نێوانەش‌دا ڕخنەی ئەدەبی بە مانای داهێنانی نوێ لە ئاساری ئەدەبی و لە گۆشه نیگایەکی زۆر جێاوازتر لە ڕوانینی نوسەرە. لە دەورەی هاوچەرخ‌دا و لە سەدەی ڕابردوودا لە ئەو ڕوانگەیە ڕا، لەسەر ڕەخنەی ئەدەبی داهێنانێکی زۆر کراوە کە ئەو داهێنانە بوونەتە هۆی دۆزینەوەی توێژە جۆراوجۆرەکانی ڕەخنەیی و مانا شاراوەکانی ژێر دەقەکان،کە ئەو داهێنان لە لایەکەوە نیشاندەری قووڵایی ئەدەبیات و لەلایەکی دیکەشەوە نیشاندەری گرێنگی و زەروورەتی ڕەخنەی ئەدەبین.

لە لایەنێکی‌تریشەوە هەواهەنگی ئەدەبیات و شیکاری ڕەخنەگرەکان لەگەڵ مەکتبە فەلسەفی کۆمەڵایەتییە گەورەکانی وەک ماڕکسیست و فێمینیست و پاش‌ئیستعمارخوازی بوون بە هۆی گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە لە بواری کۆمەڵایەتی و ئەوە خۆی لە خۆی‌دا نیشاندەری ئەرزیشی زۆری ئەو چوارچێوە تۆژینەوانەن.

لە نیهایەت‌دا ئێمە بەو جۆرە بیر و باوەڕەوە هەڵدەستین بە خوێندنەوەی پازدە وتار کە ناوەندی بەڕێوەبەرایەتی چوارەمین فێستیڤاڵی چیرۆکەڵەی هاژە لە ئیختیاری ئێمەی ناوە. لە کۆی ئەم پازدە وتارە دوای خوێندنەوە و لێدوانمان، دە ئەسرمان بۆ بەشی نەهایی و هەڵسەنگاندن بەربژێر کرد کە لەو حەوت ئەسەرەش سێ ئەسەری کە بە بڕوای لێژنەی داوەران بە لەحازی مێتۆد و ساختاری وتارەکان بە باشترین شێوە کار کرابوون و هەر وەها بە لەحازی جۆری ڕوانین و خوێندنەوەکانییان لە ناوەرۆکی فەراخانەکە نیزیک بوون، بەو جۆرە رادەگەینین:

خەڵاتی سێهەم؛ لەوحی ڕێزلێنان، تەندیسی فێستیڤاڵ و پێنجسەت هەزار تمەن بۆ وتاری:چیرۆکەڵە، گەڵاڵەیەکی نوێ بۆ گەڵاڵەکردنی جیهان لە نوسینی فەریدی عەباسی فەرید، بۆکان

خەڵاتی دووهەم؛ لەوحی ڕێزلێنان، تەندیسی فێستیڤاڵ و حەوتسەت هەزار تمەن بۆ وتاری: چیرۆکەڵە،دژەکەسایەتی یا نا کەسایەتی لە نوسینی ناسر یەزدانی، دیواندەرە

خەڵاتی یەکەم؛ لەوحی ڕێز لێنان؛ تەندیسی فێستیڤاڵ و یەک میلوێن تمەن بۆ وتاری: کات لە نێو وێژمانی خەساودا، لە نوسینی جەلال پورحەسەن، مه‌هاباد

بە سپاسەوە

لێژنەی داوەرانی بەشی وتاری چوارەمین فێستیڤاڵی چیرۆکەڵەی هاژە

بەختیار پەنجە‌ای،حوسێن عەزیزی،ئیبڕاهیم ئیبڕاهیمی. 




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد