ساڵانە لە كوردستان كە دەگاتە وەرزی هاوین و پلەكانی گەرما دەست بە بەرزبوونەوە دەكەن كە دەگاتە سەروو ٤٠ پلەی سلیلزی،خۆ ماندوو كردنی زۆر لەبەر هەتاو و گەرما بە تایبەتی بۆ پیرەكان دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر تەندرووستییان.
لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما لەشی مرۆڤ چی بەسەر دێت ؟
د.زانیار ئاغال، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی، دەڵێت"لاشەی مرۆڤ وا درووستكراوە كە پلەی گەرمی خۆی ڕاگرێت لە نێوان چەند پلەیەكی سەددی،لەگەڵ هەر گۆڕانكارییەكی كەش و هەوای دەورووبەر،لاشەمان دەست دەكات بە خۆ ڕێككردنەوەی گەرمای خۆی،بۆ نمونە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ئارەق بوونەوە زیاد دەكات و پاڵمان پێوە دەنێت بۆ تینوێتی هەتا نەهێڵیت ووشك ببینەوە.،گەر ووشك ببینەوە ئەوا گێژ دەخۆین، بێ هێز دەبین، ئازاری شان و مل و ناو سك دەست پێ دەكات،خۆ ئەگەر بێت و بەردەوام بێت ئەوا دەگاتە (خۆر بردن) كە وەكو شۆك وایە و مەترسی مردنی هەیە"
كێ مەترسی لەسەرە؟
ئەو پزیشكە ئاماژەبەوە دەكات، پیر و منداڵی بچووك مەترسی لەسەرە، لەبەر ئەوەی منداڵ و پیر ئەو سیستەمی لاشەی باش نییە، بۆیە ناتوانێت پلەی گەرمی خۆی بە باشی ڕێك بخاتەوە، هەروەها ئەو نەخۆشانەی لەسەر دەرمانی میز پێ كردنن، یان دەرمانە دەروونییەكان ،یان سستی گورچیلەیان هەیە یان ئەو كەسانەی كحول خۆرن بە زۆری.
چی بكرێت بۆ خۆپاراستن لەگەرمای هاوین؟
ئەو پزیشكە چەند رێنماییەك بەهاوڵاتیان دەدات، لەوانەش:
۱ـ هەتا دەكرێت ئەو كەسانەی باسم كردوون نەچنە دەرەوە لە كاتە گەرمەكاندا وەكو ۱۱ی نیوەڕۆ بۆ ٤ی عەسر.
۲ـ نەخۆشەكان كە باسم كردوون گەر بێت پیشەیەكیان هەبێت وەكو كرێكاری یان پاسەوانی باشترە سەردانی پزیشكەكانیان بكەنەوە تا دەرمانەكانیان بۆ ڕێك بخەنەوە
لە بیرمان بێت:گەرمای هاوین نەخۆشییەكی دیكە لەگەڵ خۆی دەهێنێت لە ووڵاتی ئێمە بە داخەوە ئەویش سك چوون و ڕشانەوەیە لەبەر خواردنی گەرم كراوە و هەڵگرتن بە خراپی و نان خواردن لە چێشتخانە پیسەكان..