تاريخ: ۱۴۰۰ جمعه ۱۰ ارديبهشت ساعت ۲۱:۳۱ | بازدید: 1426 نظرات: 0 کد مطلب: 16113 |
فیلمی دیکۆمێنتی "نانی پیرۆز" لە دەرهێنانی خوالێخۆشبوو "رەحیم زەبیحی" و لە بەرهەمهێنانی "توورەج ئەسڵانی"، خەڵاتی گەورەی بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" دوازدەمین فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی کوردی "لەندەن" بە ناونیشانی "مێهمێت ئاکسوێ"ی سینەماکاری کوردی بەدەستهێنا.
بەرپرسانی ئەم ڕووداوە سینەماییە ئەم خەڵاتەیان پێشکەش بە هاوسەر و منداڵەکانی "رەحیم زەبیحی" کرد.
بەڵگەفیلمی "نانی پیرۆز" (نان مقدس) Holy Bread دوایین بەرهەمی سینەماکاری کۆچکردووی کورد "رەحیم زەبیحی"، لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "توورەج ئەسڵانی" و بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی "ماد موڤی" MAAD Movie؛ لە نوێترین و شەشەمین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا بە نوێنەرایەتی لە سینەمای ئێران، لە بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی کوردی "لەندەن" لە وڵاتی بەریتانیا بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە شێوەی ئۆنلاین نمایشکرا و توانی خەڵاتی گەورەی ئەم ڕووداوە سینەماییە بە ناونیشانی سینەماکاری کورد "مێهمێت ئاکسوێ" Mehmet Aksoy بەدەستبێنێت کە لە وڵاتی بەریتانیا دەژیا و یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "لەندەن" کە بە دەستی داعش شەهید کرا و بەرپرسانی ئەم ڕووداوە هونەرییە ئەم خەڵاتەیان پێشکەش بە هاوسەر و منداڵەکانی "رەحیم زەبیحی" کرد.
خاتوو "حەلیمە ئەحمەدزادە" هاوسەری ڕەوانشاد "رەحیم زەبیحی" لە پامێکی دیمەنیدا کە لە شەوی چوارشەمە 28ی ئەپرێلی 2021 لە ڕێوڕەسمی کۆتایی دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی کوردی "لەندەن" لە وڵاتی بەریتانیا بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوکرایەوە، گوتی: سڵاو و ڕێز بۆ هەموو لایەک، ماندوونەبن، هیوادارم کە تەندروستیان باش بێت، زۆر بەختەوەرم کە فیلمی "نانی پیرۆز" لەم فێستیڤاڵەدا بەشداربوو. خۆزگە ڕەحیم لە ژیاندا بوایە و بۆخۆی لەوێی ئامادە دەبوو، بەڵام بەداخەوە قەدەر مۆڵەتی پێنەدا. هیوادارم کە هیچ مرۆڤێک بۆ وەدەست خستنی بژێوی ژیان نەمرێت، نەکوژرێت و لە سەرمادا ڕەق نەبێتەوە و چیدیکە کۆڵبەری نەبینین. هیوادارم کە بەرهەمەکانی داهاتوومان، هەمووی سەبارەت بە ئاشتی و پێکەوە ژیان بێت. زۆر سپاس بۆ هەموو لایەک.
بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتارییە، لە ئەستۆی کۆمپانیای "تسویر گستر الهە پارسی" (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو "ئیلاهە نەوبەخت"ـە.
ئاکسوێ لە شاری مرێش لە باکووری کوردستان لە دایک بوو و چەند ساڵ دواتر، بە هۆی گوشار و زوڵم و زۆری حکومەتی تورکیا بە هاوڕێیەتی لەگەڵ بنەماڵەکەی بەرەو وڵاتی بەریتانیا کۆچیان کرد و لەوێی درێژەی بە خوێندندا و یەکێک بوو لە دامەزرێنەران و بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "لەندەن".
دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی "لەندەن" و هەشتەمین خولی پێشبڕکێی کورتە فیلمی ڕێزلێنانی سینەماکاری هەرمانی کورد "یەڵماز گۆنای" Yılmaz Güney بە نمایشی 118 بەرهەم لە سێ بەشی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، بەڵگەفیلمەکان، کورتە فیلمی چیرۆکی و ئەنیمەیشنی لە چەندین بەشی پێشبڕکێی، لەوانە؛ بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی"، بەشی "پێشبڕکێی کورتە فیلم"، بەشی "پێشبڕکێی کورتە فیلمی دیکۆمێنتاری"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە؛ بەشی "هەڵبژاردەیەک لە باشترین بەرهەمەکانی یەڵماز گۆنای"، بەشی "چاوخشاندنێک بە بەرهەمەکانی سینەماکاری کورد کازم ئۆز" Kazım Öz، بەشی "چاوخشاندنێک بە بەرهەمەکانی سینەماکاری کورد وەیسی ئاڵتای" Veysi Altay، بەشی "کورتە فیلمە ئەنیمەیشنییەکان"، بەشی "ڕۆژێک ڕۆژگارێک لە کوردستان"، بەشی "منداڵان لە فیلمدا"، بەشی "ژنان لە فیلمدا"، بەشی "جەژنی کەلتووری"، بەشی "سینەمای کلاسیکی کوردی"، بەشی "خەبات درێژەی هەیە"، بەشی "ئەوپەڕیی سنوورەکان"، بەشی "شەڕ لەسەر پەردەی سینەما"، بەشی "چیرۆکەکان لە تاراوگە" و هەروەها بەشی "مەستێر کلاسی سینەماکاری کورد ئیبڕاهیم سەعیدی" و بەشی "مەستێر کلاسی سینەماکاری کورد حوسێن کارابای" لە ڕۆژانی 16 تا 27ی ئەپرێلی 2021 بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری لەندەن پێتەختی وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەچوو.
فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن کە ساڵی 2001 دەستی بە کارەکانی خۆی کردووە، گەورەترین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە سەرتاسەری دنیا سەبارەت بە خەڵکی کورد یا ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیی بە کوردەکانەوە هەیە دێتەئەژمار، کە هەموو ساڵێک بە بەشداریی بەرهەمی سینەماکارانی کورد و بیانی؛ لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، ڤۆرکشۆپی فێرکاریی، کۆبوونەوەی پسپۆڕانەی سینەمایی، کۆڕی ’ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی فیلمەکان و ... لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.
ستافی ئامادەکردنی فیلمی دیکۆمێنتی "نانی پیرۆز" بریتین لە:
نووسین و دەرهێنەر: ڕەوانشاد ڕەحیم زەبیحی، بەرهەمهێنەر: توورەج ئەسڵانی، مونتاژ: ئەمیر ئەدیب پەروەر، دیزاینی دەنگ: مەحموود خورسەند، موزیک: سادق ئازمەند، گۆرانیبێژی تیتراژ: خاتوو ژیوار شێخوالئیسلامی، وێنەگرەکان: محەمەد نووری، محەمەد فەکووری، مێهدی ئازادی، سەلاح کەریمی، دەنگهەڵگر: زانیار کاکەخانی، دانانی سەرمایە: حەلیمە ئەحمەدزادە، فریشتە جوغەتایی، دیمەنە تایبەتەکان و چاککردنی ڕووناکی و ڕەنگ: عەلیڕەزا قادری ئەقدەم، بەرنامەداڕێژ و یاریدەدەری دەرهێنەر: عوسمان محەمەدی، فۆتۆگرافەر: فەرید نیکخواە، بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنی گشتیی: مەنسوور جیهانی و مەنووچێهر جیهانی، بەرهەمی هاوبەش: ئیلاهە نەوبەخت، بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی: کۆمپانیای "تسویر گستر الهە پارسی" (ئێلی ئیمەیج)، بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی "ماد موڤی" MAAD Movie، ساڵی بەرهەمهێنان: 2020. | مێهر