تاريخ: ۱۴۰۰ شنبه ۲۸ فروردين ساعت ۱۱:۴۲ بازدید: 2461      نظرات: 0      کد مطلب: 16077

سووکەئاوڕێک لە ژیانی مامۆستا هێمن


سەید محەمەدئەمین شێخەلئیسلامی موکری کوڕی سەید حەسەن شێخەلئیسلامی موکری ناسراو بە هێمن، دایکی ناوی زەینەب و کچی شێخی بورهان، بەهاری ساڵی ۱۳۰۰ - ۱۹۲۱ی زایینی لە گوندی لاچین سەر بە شاری مەهاباد لە دایک بووە.

بە هۆی هەڵنەسووڕانی بار و دۆخی ژیان لە نیسێی دایک و باب بێبەش بووە و وەک خۆی کە لە پێشەکی تاریک و ڕوون‌دا بە سەردێڕی "لە کوێوە بۆ کوێ؟"دا دەڵێت لە کن دایەنێک بەناوی یاسەمەن کە خەلکی ئازەربایجانی بووە و لەلەکێک بە ناوی عیزه‌ت کە خەڵکی تورکیا بووە ژیانی منداڵی بردۆتە سەر.

خوێندنی سەرەتایی لەکن مامۆستا سه‌عید ناکام دەست پێکردووە. لە سەرەتای مناڵی‌دا شێعرەکانی شێخ رەزا و ئەنجومەنی ئەدیبانی ئەمین فەیزی لەبەر کردووە.

پۆلی سەرەتایی لە قوتابخانەی سەعادەت لە مەهاباد خوێندووە. دوای چوار ساڵ خوێندن لە قوتابخانەی سەعادەت، بە زۆری بابی چۆتە خانەقای شێخی بورهان تا بە قەولی بابی "جێگای مەلاجامی چۆڕی بگرێتەوە"، تا وەجاغی بنەماڵەکەیان کوێر نەبێتەوە.

هێمن هەر لەوێ دەگەڵ هەژار ئاشنا دەبێ و بەڵێنی دۆستایەتی و برایەتی پێکتر دەدەن.

دوای ماوەیەک خانەقای جێ هێشتوە و چۆتە ئاوایی کولیجە و لەکن مەلا ئەحمەدی فەوزی (مەلای سولێمانی) دەرسی خوێندوە. خوێندن لەکن "فەوزی" بوو بە هۆی ئەوەی کە ڕێبازی ڕێگای ژیانی ببینێتەوە، وەک چۆن بۆخۆی دەڵێت: "من دەسکردی فەوزیم، ئەو هەڵیوەشاندمەوە و تێکی‌هەڵشێلام و سەر لەنوێ دروستی کردمەوە".

دوای فەوتی مامۆستا فەوزی بۆتە قوتابی "سەید عوڵای سەید مینە" کە شوێندانەریەکی زۆری لەسەر شێعر و شاعیری هێمن داناوە، هەر وەک بۆخۆی دەڵێت: "ئەگەر مامۆستا فەوزی شاعیرە بەرزەکانی کوردی پێ ناساندم و ئەدەبی فارسی فێر کردم، سەید عەوڵاش فولکلۆری ئەدەبی کۆنی نەتەوەکەمی پێ ناساندم و فێری وشەی ڕەسەنی کوردی کردم".

لە ساڵی ١٣٢٠ – ١٩٤١ دیوانە شێعرێک لە شێعری فارسی و کوردی دەنووسێت کە ئەو کات بابی پێی دەزانێت و دەفتەرە شێعرەکەی لە تەندوور دەهاوێت و ئاسەواری نامێنێت.

بە گشتی ژیانی هێمن بە دوو بەشی سیاسی و ئەدەبی دابەش دەبێت. لە بواری ئەدەبی‌دا مامۆستا هێمن بە هۆی ئەوەی کە لە مەکتەبی مامۆستایانی گەورەی وەک "فەوزی"دا فێری زمانی نووسین ببوو، خاوەن زمانێکی سادەی موکریانی بووە وەک چۆن بۆخۆی دەڵێت: ئەگەر لێیان پرسین هێمن چ جۆرە شاعیرێک بوو، بڵێن "هێمن شاعیرێکی گوندی بوو". مەبەست لەم ڕستەیە شێوای گوتن و نووسینی شێعرەکانی زمانی فۆلکلۆری و ڕەسەنی کوردی بووە.

مامۆستا هێمن لە ساڵی ١٣٦٢ لە ورمێ "بڵاوکراوەی سەلاحەددین ئەیوبی" دادەمەزرێنێت کە لە بەهاری ١٣٦٤دا وەرزنامەی "سروە"ی لێ دەردەچێت کە تا کاتی کۆچی ناوبراو بەرپرسیارەتی وەرزنامەکە لە ئەستۆی بەڕێزی بووە. موکریانی پێش شۆڕشی گەلانیش لە ڕۆژنامەی کوردستان (چاپی تاران)، ڕۆژنامەی کوردستان (چاپی مەهاباد)، هاواری کورد، هاواری نیشتمان، گڕوگاڵی منداڵان، ئاگر و هەڵاڵە قەڵەمی لێداوە و شتی نووسیوە.

 

بەرهەمەکانی مامۆستا هێمن بریتین لە:

 

«تاریک و ڕوون»

«پاشه‌رۆک»

«ناڵه‌ی جودایی»

«پاشه‌رۆکی مامۆستا هێمن»

«توحفه‌ی موزه‌ففه‌رییه»، وەرگێڕان

«ئه‌فسانه کوردییه‌کان»، وەرگێڕان

«چه‌پکێک گوڵ و چه‌پکێک نێرگز»

«شازاده و گه‌دا»

«قه‌ڵای دمدم»

«هه‌واری خاڵی»

 

شایانی ئاماژەیە مامۆستا هێمن لە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٦٥ی هەتاوی لە شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد کە دوای گەڕانەوەی تەرمی پیرۆزیان بۆ مەهاباد، لە گردی شاعیرانی ئەم شارە بە خاک ئەسپێردرا.

وێنەگری وێنە: عومەر ڕەشیدزادە




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد