تاريخ: ۱۴۰۰ چهارشنبه ۲۵ فروردين ساعت ۲۰:۱ بازدید: 3369      نظرات: 0      کد مطلب: 16069

هەشت قۆناغی پرۆسەی ئەنفال


ئەمڕۆ ٣٣ ساڵ بە سەر ساڵیادی ئەنفال لە باشووری کوردستان‌ تێدەپەڕێت، پڕۆسەی ئەنفال لە هەشت قۆناغی جودادا بە دڕندانەترین و ترسناکترین شێوە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان ئەنجام دراوە. قۆناغی سێهەمی ئەم پڕۆسەیە لە ناوچەکانی گەرمیان دڕندایەتی ڕژێمی بەعسی گەیاندە لوتکە بە جۆرێک کە خوێناوی‌ترین قۆناغی پڕۆسەی ژێنۆساید لەم ناوچەیە جێبەجێ کراوە.
ژێنۆسایدی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٦ دەستی پێکرد و لە ساڵی ١٩٨٩ کۆتایی پێهات. ئەم کارەساتە بە دەستووری سەدام حسێن سەرکۆماری ئەو کاتی عێراق و بە سەرکردایەتی "عەلی حەسەن مەجید"ی خاڵۆزای ئەنجام دراوە. مەجید بۆ کوشتن و کۆمەڵکوژی گەلی کورد لە باشووری کوردستان لە مووشەک، تۆپ، چەکی قورس و چەکی کیمیایی کەڵکی وەرگرتووە.
ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانی لە عێراق‌دا بووە. هەر بەم پێیە لە ڕێكەوتی ٢٩ی مارس ١٩٨٧ بڕیاری ژمارە ١٦٠ی دەركردووە کە بە پێی ئەو بڕیارە پرۆسەی ئەنفال ئەنجام دراوە. بەپێی نێوەرۆكی بڕیارەكە "عەلی حەسەن مەجید" وەک نوێنەری ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆڕش، بۆ سەرپەرشتی‌ كردنی پرۆسەی ئەنفال دیاری کراوە.
کارەسات‌بارترین ئەم ژێنۆسایدە لە ساڵی ١٩٨٨ ڕووی داوە کە لە 20/3/1988 بە نووسراوی نهێنی ژمارە آ 13-177 "عەمید روكن عەلائەدین كازم حەماد"، سەركردایەتی گشتی هێزەچەكدارەكانی عێراق، جێگری سەركردایەتی گشتی ئاگادار دەكاتەوە کە بۆ پڕۆسەی ئەنفال ئامادە بن. ئەم پڕۆسەیە لە هەشت قۆناغەی جیاوازدا جێبەجێ کراوە کە بریتین لە:
 
نەخشەی قۆناغەکانی ئەنفال لە باشووری کوردستان (١٩٨٨)
قۆناغی یەکەم: ٢٣ی فێورییە تا ١٩ی ماڕسی ١٩٨٨ (ئەنفالی دۆڵی جافایەتی)
قۆناغی یەکەمی ئەم پڕۆسەیە لە بەرەبەیانی 22/2/1988 سپای عێراق، بە نەخشە و پیلانی سەربازی ورد و بە سەرپەرشتی، لیوا ڕوكن "سوڵتان هاشم" بە پشتیوانی دەیان فڕۆكەی جەنگی‌ و هێزی ویشکانی پەلامار و هێرشی سەربازی بۆ سەر دۆڵی جافایەتی دەستپێكرد.
لەم قۆناغەدا ڕژێمی بەعس چەكی كیمیایی بەكارهێنا و گوندەكانی "سەرگەڵو، بەرگەڵو، یاخسەمەر، چوخماخ، هەڵەدن، گوێزیلە، چاڵاوە" بە تۆپی دوورهاوێژی تێكەڵ بە كیمیایی بۆردومان كرد.
ئەم قۆناغە لە ٢٣ی فێورییە تا ١٩ی ماڕسی خایاند کە ئامانجی ئەم هێرشە لە ناو بردن و وێران كردنی ٢٥ تا ٣٠ کیلۆمیتری دۆڵی جافایەتی لە سنوری ناوچەكانی "سوورداش، دووكان، سەرچنار، قەڵاچوالان، چوارتا" بوو.
قۆناغی دووهەم: ٢٣ ماڕس تا ١ ئاوریلی ١٩٨٨ (ئەنفالی قەرداغ)
لە ڕۆژی 23 ماڕسی 1988 سپای عێراق بەهێزێكی زۆر و بەچەكی قورسەوە، بەسەرپەرشتی لیوا ڕوكن" ئەیاد خەلیل زەكی" هێرشیان بۆ سەر ناوچەی قەرەداغ، بازیان و دەربەندیخان هێنا. ڕژێمی بەعس هێرشەکەی خۆی بە بۆمبارانی کیمیایی دەست پێکرد، هەر بۆیە ٦ ڕۆژ دوای کارەساتی هەڵەبجە گوندی سێوسێنانی بەچەكی كیمیایی بۆردومان كرد کە بەم هۆیەوە 61 هاووڵاتی مەدەنی کوژران. ئەم هێرشە وەک سەرەتایەک بۆ دەسپێکی قۆناغی دووهەمی ئەنفال نێو دەبردرێت.
قۆناغی سێهەمی ئەنفال لە ٧ ئاوریلی تا ٢٠ ئاوریلی ١٩٨٨ (ئەنفالی گەرمیان)
ئەنفالی ناوچەكانی گەرمیان بە ترسناكترین ‌و خوێناویترین قۆناغەكانی پرۆسەی ئەنفال ئەژمار دەکرێت.
لە بەرەبەیانی 7/4/1998دا، سپای عێراق بە سەرپەرشتی عەمید ڕوكن " بارق عەبدوڵڵا"و بەهێزێكی گەورە و فراوانەوە بە پشتویانی دەیان فڕۆكە لە چەند لایەكەوە پەلاماری ناوچەكانی "دوزخورماتوو، چەمچەماڵ، قادر كەرەم، سەنگاو، نەوجول، لەیلان، كفری، كەلار، سەرقەڵا، جەبارە، باوەنوور، تیلەكۆ، دەربەندیخان" دەست پێ كرد.
لە ئەنفالی سێ‌دا، ژمارەیەكی زۆری خەڵكی گوندەكانی ئەو ناوچانە دەستگیر كران ‌و لە "ملە سوورە و لەیلان‌ و قەرەتاموور و سەرقەڵای سەنگاو" كۆ كرانەوە.
لە ڕۆژی 14ی ئاوریلی 1988دا لە گوندی ملە سوورە، زیاتر لە 20 هەزار كەس لە ژن‌ و پیاو و منداڵ بەرەو ناوچەی قۆرەتوو بران ‌و بێسەر و شوێن كران. هەر لەبەر ئەم کارەساتە ڕۆژی 14ی 4 لە ساڵی ٢٠٠٧ لە لایان پەرلەمانی کوردستان، به ساڵیادی ئه‌نفال پەسند کراوە و هەر وەها ئەو ڕۆژە لە ساڵی ٢٠٠٨ لە لایان ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق وەکو ژێنۆساید ناسێندراوە.
قۆناغی چوارەمی ئەنفال لە ٣ مەی تا ١٥ مەی ١٩٨٨ (ئەنفالی ناوچەی كەركوك ‌و كۆیە)
ڕۆژێك بەر لە دەستپێكردنی پەلاماری قۆناغی چواری ئەنفال، حكومەتی بەعس بۆ ترساندنی خەڵكی گوندەكانی ناوچەكە، چەكی كیمیایی بەكار دەهێنێت. لە ڕۆژی 3/5/1988 سپای بەعس گوندەكانی "گۆپتەپە و عەسكەر"ی بە چەكی كیمیایی بۆردومان كرد، قوربانیانی ئەم گوندانە نزیکەی ٣٠٠ كەس خەمڵێندراون.
بۆ ڕێگرتن لە دەربازبوونی دانیشتوانی گوندەكانی "گۆپتەپە، عەسكەر و حەیدەربەگ، ڕژێمی بەعس، ئاوی بەنداوی دووكانی بەردایەوە، تاوەكو خەڵكی مەدەنی نەتوانن لە زێیەکە بپەڕنەوە. لە ڕۆژی 4/5/1988دا، سپای عێراق لە چەندین قۆڵەوە هێرشی كردە سەر ناوچەكانی "شوان، شێخ بزێنی، قەڵاسێوكە، خاڵخاڵان، دەشتی كۆیە، تەقتەق، خەلەكان ‌و چەمی ڕێزان" و ئەنفالی چواری لە مێژووی ڕەشی خۆیدا تۆمار کرد.
قۆناغەکانی پێنج، شەش و هەفتی ئەنفال لە ١٥ مەی ١٩٨٨ تا ٢٦ی ئاگۆستی ١٩٨٨ (ئەنفالی ناوچەكانی پارێزگای هەولێر)
لە ڕۆژی 24/5/1988، سپای عێراق بە سێ قۆناغی یەك لە دوای یەك، پەلاماری ناوچەكانی سەر بە پارێزگای هەولێری دا. لە قۆناغەكانی پێنجەم‌، شەشەم و هەفتەم‌دا هێرشی سەبازی بەعس بۆ سەر ناوچەكانی "هەولێر، شەقڵاوا، ڕەواندز، چۆمان، كۆیە، دێگەڵە، ئاڵتون كۆپری، ڕانیە، چوارقوڕنە، هیزۆپ" دەستی پێکرد.
بەهۆی بەرگری هێزی پێشمەرگەوە، ڕژێمی بەعس نەیتوانی لە هێرش ‌و پەلاماری یەكەم‌دا پیلانەكانی جێبەجێ بكات، بۆیە قۆناغی شەش ‌و هەفتی تێكەڵ كرد.
لە سەرەتای هێرشەكەدا چەند فڕۆكەیەك كەوتنە كیمیاباران كردنی گوندەكانی "وەرە، نازەنین، كاموسك، سپیندارە، عەلیاوە، سماقولی"‌ کە گیان لەدەستدانی ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی ئەو گوندانەی لێکەوتەوە. سەرەتای ئەنفالی شەش لە ٢٦ جولای، بە بۆردومان كردنی ناوچەكانی دۆڵی بالیسان، دۆڵی مەلەكان، دۆڵی وەرتێ، دۆڵی هیران‌ و سماقولی بە چەكی كیمیاوی دەستی پێكرد.
قۆناغی هەشتەم و کۆتایی هێرشی ئەنفال لە ٢٨ ژووئەنی ١٩٨٨ تا ٦ سێپتامبەری ١٩٨٨
لە ڕۆژی 28ی ژووئەنی 1998دا، ڕژێمی بەعس دوا قۆناغی پرۆسەی ئەنفالی ئەنجام دا و پەلاماری گوند و چیا و دۆڵەكانی ناوچەی "زاویتە، ئەتروش، ئامێدی، سەرسەنگ، چیای مەتین، چیای گارە و هەر دوو بەری زێی گەورە"ی دا.
بەعس بە چەكی كیمیایی گوندەكانی"بیگۆڤە، كانی ماسی، ڕووسی، زیوی، بیرجینی، گیزی، میرگیتی، بالوكە، تیلاكرۆ"ی بۆردومان كرد. ئەنفالی هەشت، پاش وەستانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق‌ ڕووی دا، هەر بۆیە سپای عێراق بۆ ئەنفال كردنی ناوچەی بادینان دەستی ئاواڵاتر بوو. ئەم شاڵاوە بە درێژایی ناوچەكانی "زاخۆ، ئامێدی، شێخان ‌و ئاكرێ"ی گرتەوە.
لە 6ی سێپتامبەری 1988دا، حكومەتی عێراق كۆتایی قۆناغی هەشتەمی پرۆسەی ئەنفالی بڵاو كردەوە.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد