تاريخ: ۱۴۰۰ چهارشنبه ۲۵ فروردين ساعت ۱۰:۵۲ بازدید: 1711      نظرات: 0      کد مطلب: 16067

شوناسی ڕەوانناسانە، جیهانی مەجازی و زانستی کاتی

یاقووب خزری، ڕەوانناس


 

لە جیهانی ئەوڕۆدا چەمکی شوناس لە چییەتی و پێناسەدا گۆڕان‌کاریی بنەڕەتی بەسەردا هاتووە. ئەو گۆڕان‌کارییانە بوونەتە هۆی وەی کە خوێندنەوەی سەر لە نوێی چەمکی شوناس زەروورەتێکی جیددی هەبێ. جیهانێک کە لەودا بیری دیجیتاڵی و پێکهاتە مەجازییەکان بەشێکی دانەبڕاون لە ژیان و کردارەکانی ئێمە و ڕۆژانە هەزاران دەیتا و زانیاری نوێ دێنە ناو جیهانی مەعریفی ئینسان. ئەو دەیتا تازانە کاریگەرییان هەیە لە سەر تەفسیر، لێکدانەوە و تەحلیلی ڕووداو و پرسەکان. هەروەها نیزامی مەعریفیی ئێمە هاوکات لەگەڵ چەمک و دۆخە کۆمەڵایەتییەکان دەگۆڕدرێ و لێکەوتەی ئەو گۆڕان‌کارییانەش گوورانی فەزایەکی نوێ و نیزامێکی تازەیە لە تێفکرین و ئێپیستمە(معرفت، شناخت)ی ئینسان‌دا. تۆڕە کۆمەڵایەتی و فەزا مەجازییەکان وەکوو دەسکەوتێکی گرینگی چاخی ئێستا، دەورێکی بنەڕەتییان هەیە لە پێکهاتە نوێیەکەی جیهانی ئێمەدا. ئەو پێکهاتەیەی کە بەشێک لە سیستم و ژیانگە(زیست‌جهان)ی ئێمەی لەگەڵ ئەو دیاردە نوێیە ئاوێتە کردووە؛ بە جۆرێک کە ئەو دیاردە تازەیە بووەتە هۆی ساز بوون و بیچم گرتنی بەستێنێک بۆ چەمکی "شوناسی دیجیتاڵی" و پاشان هەڵس‌وکەوتە نوێیەکانی ئینسانی ئەوڕۆیی. ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتی و فەزا مەجازییانە یەکێک لە سەرچاوە نوێیەکانی شوناس‌سازی جیهانی ئێستان، ئەو سەرچاوانە لەگەڵ سوننەتە کلاسیکە شوناس‌سازەکان(دەوڵەت، حکوومەت، مەقامات و هتد) دەکەونە ململانێ و بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەو سوننەتە کلاسیکە دەخەنە ژێر پرسیارەوە. ئەو جیهانە تازەیە خاوەنی کۆمەڵێک مەفهووم، گوزارە وسووژەی جیاوازە کە دەبێتە زەمینەی چێ کردنی نیزامێکی مەعریفی جیاواز و هاوکات قەڕائەتێکی تر لە بنەماکانی چەمکی شوناس. لەو تۆڕە کۆمەڵایەتی و فەزا مەجازییانەدا هەموو مەوزووعێک کاتییە، تەنانەت ئەو بەرژەوەندییانەی کە هۆکارن بۆ کۆبوونەوەی تاکەکان لە گرووپە مەجازییەکان‌دا. ئەو دۆخە بووەتە هۆی وەدی هاتنی دیاردەیەکی ئەوڕۆیی کە نووسەری ئەو یادداشتە نێوی لێ دەنێ: "زانایی کاتی". ئەو چەشنە لە زاناییە هۆکارە بۆ پنج بەستنی فۆڕمێکی تر لە شوناس، کە بەشێکی زۆر لە پێکهاتە فکری و مەعریفییەکەی هەر لەو جیهانە مەجازییەدا دەستەبەر دەکا. مێکانیزمی ئەو پڕۆسەیەش ئەندام بوونە لە گرووپە مەجازییەکان‌دا و هەروەها ئاوێتە بوون لەگەڵ کەلتوورە جیاوازەکانی ئەندامانی ئەو گرووپانە. ئەوان خاوەنی کۆمەڵێک نۆڕم و پێوەری ئەخلاقی و کرداری جیاوازن، تاک پێویستە بۆ بەرقەرار کردنی پێوەندییەکی مەجازی و تەبایی لەگەڵ ئەو بەستێنە نوێیەدا، بەشێک لەو نۆڕم و یاسا کرداری و تێفکرینانە قەبووڵ بکا و نیزامێکی تازە لە نۆڕمە ئەخلاقییەکان و پێوەرە ڕەفتارییەکان تەجرووبە بکا. کاتێک تاک ئەو نۆڕمانەی قەبووڵ کرد سیستمێکی ئەخلاقی نوێ‌تر و جیاوازتر دەبێتە بنەمای کردەوە و دژکردەوەکانی. ئەو ئەکتە نوێیانە جاری وایە گونجاو و جاری واشە دەکەونە ململانێ لەگەڵ ئەکتەکانی ڕابردوو و سوننەتەکانی پێشوو. ئەو ململانێیە ئەگەر بێت و بە شێوەیەکی کارا و عەقڵانی مودیرییەت بکرێ دەسکەوتی ئەرێنی لێ دەکەوێتەوە؛ ئەگەریش نا، ئەوە دەبێتە هۆی وێرانی و داڕمانی بەشێک لە نۆڕمە گونجاوە ئەخلاقی و کردارییەکان.

جیهانی مەجازی خاوەنی هێندێک خسڵەتە کە خۆی لە جیهانی واقع جیا دەکاتەوە، وەکوو بێ‌مەکانی، ئەوپەڕزەمانی(فرازمانی)، فرەچەشنایەتی(تکثر)، لەبەر دەست‌دا بوون. لێکەوتەی ئەو ئەمرە ساز بوونی فۆڕمێکی نوێیە لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. لەو جیهانە مەجازییەدا جێگیر کردنی هاوکات و لە ڕادەبەدەری پێوەندییەکان، سەرەتای دەرکەوتنی فەرهەنگە کاتییەکان و بە دوای وی‌دا شوناسە یەک چرکەییەکانن؛ ئەوانیش لە مەودایەکی زەمەنیی کورت‌ و بەرتەسک‌دا و هاوکات لەگەڵ وەدی هاتنی فۆڕمێکی نوێ‌تر لە شوناس، خێرا دەسڕدرێنەوە و لە ناو دەچن. جیهانێک بە هەمووی ئەو خسڵەتانەی باس کرا نموودی شوناسێکی بگۆڕ، ناسەقامگیر و مۆم‌ئاسایە. شوناسی نەتەوەیی(نەتەوەخوازی) بە هۆی دەرکەوتنی ئەو پێکهاتە و شوناسە مەجازییانە دەکەوێتە مەترسییەوە؛ چونکە ئەو پێکهاتە مەجازییانە بۆ پێکهاتە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگا دەبنە مەترسی. لە پێکهاتە و فەزا مەجازییەکان‌دا تاکەکان لانیکەم لە یەک شت‌دا خاوەنی بەرژەوەندیی هاوبەشن؛ ئەویش ئەوانەن کە بوونەتە هۆی لێک کۆبوونەوەیان. ئەو بەرژەوەندییانەن کە دەبنە هۆی ساز بوونی شوناس. ئەو شوناسەی کە بەردەوام دەگۆڕدرێ و ناسەقامگیریشە. لە نیزام و جیهانی شوناسی دیجیتاڵی‌دا ئیتر زمانی زگماکی و لۆکاڵ، وەتەن، کەلتووری نەتەوەیی و ڕەگەز، نوێنەری شوناسی ئینسانەکان نین، بەڵکە ئەو بەرژەوەندییانەی کە ئەو پێکهاتەیەی لێک کۆ کردووەتەوە نموودی شوناسی ئینسانەکانن.

لە جیهانی ئەوڕۆکەدا ئیتر بنەماڵە باڵادەستی و کاریزمای جارانی نەماوە، پەرە سەندنی فەزای مەجازی و تێکەوە گلانی سووژەکانی جیهانی ئێمە بووەتە هۆی وەی کە ئینسانەکانی ئەم سەردەمە، لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و تۆکمە کردنی پرسی شوناسیان‌دا تووشی گرفتێکی جیددی بن و تەنانەت شوناسی تاکەکەسیان بە هەموو خسڵەتەکانییەوە پارچە پارچە دەبێ و سیستم و پێکهاتەی شوناسیان تێک دەشکێ. ڕەوانناسی لەسەر ئەساسی بنەما تیۆرییەکان و مەنتقی ڕوانینی خۆی پێی وایە؛ کەسایەتیی ئینسان ئاوێتەیەکە لە بایخ و نۆڕمە ناهاوتەریبە کۆمەڵایەتییەکان؛ هاوکات لەگەڵ تۆخ بوونەوەی ئاخافتنی نێوان کەلتوور، قەومییەت و نەتەوە جیاوازەکان لە ڕیگای فەزای مەجازییەوە، ئینسانەکان لەگەڵ هێندێک مۆدێلی خۆماڵی، نەتەوەیی و جیهانی بە شێوەیەکی جیاواز و جاری واشە پاڕادۆکسیکاڵ ڕووبەڕوو دەبنەوە. لە وەها دۆخێک‌دا تاک بەبێ لەبەر چاو گرتنی مۆدێلێکی گونجاو و خوێندنەوەیەکی عەقڵانی لە ژیانگە، لە بنیاتەکان و سوننەتەکانی خۆی دادەبڕێ و تووشی قەیرانێکی جیددی لە شوناسی تاکەکەسی‌دا دەبێ؛ ئەو وەزعییەتە هۆکارێکی گرینگە بۆ وەی کۆمەڵگا تووشی ئانۆمی و پەرێشانییەکی گشتی و کۆمەڵایەتی بێ و هەروەها دیسیپلینی زۆربەی نۆڕمە ئەخلاقی و پێوەرە ڕەفتارییەکان لە دەست دەچێ.



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران