تاريخ: ۱۳۹۹ چهارشنبه ۶ اسفند ساعت ۲۰:۱۹ بازدید: 1263      نظرات: 0      کد مطلب: 15869

نەتەوە یەکگرتووەکان: گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکات


 بە پێی هەواڵی هاژە، گۆڕانی کەش‌وهەوا بە پیسبوونی ژینگە و گەرم‌بوونی زەوییەوە، بە گوێرەی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەڕەشەیەکی سەرەکی بۆ سەر ژیانی مرۆڤایەتی ئەژمار دەکرێت.

هەر لە بەر سەرەکی بوونی ئەم پرسە، ئەم بابەتە دەبێتە بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەی ڕۆژی سێ‌شەممە ٢٣/02/2021 - ٦/١٢/٢٧٢٠ی کوردی ئەنجوومەنی ئاسایش کە لەلایەن بۆریس جانسۆنی، سەرۆک‌وەزیرانی ئینگلستانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

بریتانیا لە نۆڤەمبەری ئەمساڵ‌دا لە گلاسکۆ میوانداریی پرسی کەشوهەوا دەکات.

بۆریس جانسۆن، سەرۆک‌وەزیرانی ئینگلستان دەڵێت: "هۆشدارییەکان لەبارەی پەتای کڕۆنا و کێشەی گۆڕانی کەش‌وهەواوە ڕوون بوون. بۆیە لە پرسی گۆڕانی کەشوهەوادا کە لە گلاسکۆ لە مانگی نۆڤەمبەر بەڕێوەی دەبەین، دەمانەوێت کار بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی گەورە و پلانەکانمان بکەین. زۆر گرینگە کە بایدن ئەمریکای هێنایەوە ناو ڕێککەوتنی پاریس، ئەمە هەنگاوێکی گرینگی بەرەو پێش چوون لەم پرسەدا ئەژمار دەکرێت".

نوێترین ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە تێکچوونی گۆی زەوی دەدات. بەپێی ڕاپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵێکدا نۆ میلیۆن کەس بەهۆی زیانەکانی پیس‌بوونی هەواوە دەمرن و زیاتر لە میلیۆنێک جۆری ڕەوەک و گیانلەبەر لە جیهاندا هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە.

هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە ساڵانە 400 میلیۆن تۆن پاشماوە فڕێ دەدرێتە دەریاکانەوە. تێکچوونی خاک کاریگەریی لەسەر سێ میلیارد کەس هەبووە و تەنیا 15 لەسەدی خاکی زەوی بۆ کشت‌وکاڵ بە گونجاوی ماوەتەوە.

ئەو زانیارییانە وایان کرد، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵێت، ئەمساڵ یەکلاکەرەوەیە و دەبێت کار بۆ ڕاگرتنی پیس بوونی سروشت بکەین.

ئەنتۆنیۆ گوتڕێش، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "2021 ساڵی بونیاتنان یان تێكشاندنە، ئێستا درەنگ نەبووە، پێویستە دڵنیا بین پێکەوە جگە لە کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە، دەشتوانین گەرمیی زەوی سنووردار بکەین. ئەمساڵ لەپێناو ڕزگارکردنی سروشتدا کاتی ئەوەیە چوارچێوەیەکی نوێی هاوبەش دروست بکەین. دەبێت لە ئەمساڵدا پێوەری گرینگ بۆ کەم‌کردنەوەی پیسبوونی ژینگە پەیڕەو بکەین."

دوای گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی پاریس و پابەندبوون بە ڕووبەڕووبونەوەی پیسبوونی هەوا، ئەم وڵاتەش دەیهەوێت بەشێکی گرینگی پاراستنی زەوی وەئەستۆ بگرێت.

جان کێری، نێردراوی سەرۆکی ئەمریکا بۆ پرسی کەش‌وهەوا دەڵێت: "سێ ساڵ لەمەوبەر زانایان ئاگاداریان کردینەوە کە ئەگەر بمانەوێت ڕێگە لە ئەنجامی خراپتر بگرین، پێویستە سنوور بۆ گەرم‌بوونی زەوی دابنێین. هەر ئەو زانایانە گوتیان نزیکەی 12 ساڵی دیکە کاتمان بە دەستەوەیە. تا ئەمڕۆ سێ ساڵمان لەدەستداوە،  تا ساڵی 2030 پێویستە بە ڕێگەی دروست لەپێناو وەستاندنی مەترسییەکانی گەرمبوونی زەوی بە ئامانجێک بگەین."

لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا گۆڕانی کەش‌وهەوا وەک هەڕەشەیەک لەسەر زەوی و ئاسایشی جیهان تاوتوێ دەکرێت. لەپاڵ ئەوەیشدا گفتوگۆ لەسەر کاریگەریی شەڕ و ململانێکان لەسەر ژینگە و کاریگەریی گۆڕانی کەش‌وهەوا لەسەر ئاسایش و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری لە جیهاندا دەکرێت. چون گۆڕانی کەش‌وهەوا کاریگەریی لەسەر وشکەساڵی، کەم‌بوونەوەی بەرووبوومی سروشتی و دابەزینی ئاستی ئاسایشی خۆراک هەیە کە لە داهاتوودا مەترسیدار دەبێت.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد