تاريخ: ۱۳۹۹ شنبه ۲ اسفند ساعت ۱۰:۳۰ | بازدید: 1498 نظرات: 0 کد مطلب: 15847 |
عه‌بدوڵڵا عه‌بدوڵڵا زاده
کۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری به به‌رده‌وامی له ئاڵوگۆڕی ناوخۆیی دایه، هه‌ر بۆیه‌ش وشه‌کانی زمان وه‌ک ده‌فری سه‌ر ئاواڵه هه‌ر ده‌م ده‌توانن هه‌ڵگری مانا و واتای جۆراوجۆر و جیاواز بن، له لایه‌کیتره‌وه کۆمه‌ڵگاکان به هۆکاری جۆراوجۆری ئابووری، ڕامیاری، که‌لتووری و...هتد په‌یوه‌ندی ده‌ره‌کیان پێکه‌وه هه‌یه که ئه‌و ئاڵوگۆڕه، لێکه‌وتن و به‌رکه‌وتنی زمانی لێده‌که‌وێته‌وه. واتا پێوه‌ندی غه‌یری زمانی ده‌بێته هۆکاری سه‌ره‌کی بۆ لێکه‌وتنی زمانی! که دهرهاویشتهکی به شێوازی قهرزگیری و تێکه‌ڵاوی و هاوگه‌رایی زمانی و زمانی هاوبه‌ش و دوو زمانه بوون و ته‌نانه‌ت زمانی پیجن و کڕیۆڵ، خۆ نیشان ده‌دا.
وشه‌ی سه‌ره‌کی: زمان، کۆمه‌ڵگا، لێکه‌وتن، ده‌رهاویشه.
یه‌کێ له دۆخه‌کانی پێوه‌ندی دوو کۆمه‌ڵگای زمانی، هه‌بوونی دوو زمان له یه‌ک ناوچه‌ی جوغڕافیایی یا یه‌ک وڵاتی یه‌کگرتوویه. ئه‌م حاڵه‌ته ئه‌گه‌ر له ئه‌نجامی پێوه‌ندی دوژمنکارانه‌ی دوو هۆز یا نه‌ته‌وه بێ، له‌وانه‌یه له ماوه‌یه‌کی درێژخایه‌ندا، سڕینه‌وه یا له‌ناوچوونی یه‌کێک له زمانه‌کانی لێبکه‌وێته‌وه. رووداوی مێژوویی وه‌ک هێرش و داگیرکاری نیزامی بهزبروزهنگ و توندوتیژی وه‌ها دۆخێک ده‌ڕه‌خسێنێ. له لێک که‌وتنی دوو کۆمه‌ڵگای زمانی، زمانی هۆز یا نه‌ته‌وه‌ی داگیرکه‌ر و زاڵ به زمانی به‌رز (upper language) و زمانی هۆز یا نه‌ته‌وه‌ی چه‌وساوه به زمانی نزم (lower language) ناو ده‌برێت. کاتێ دوو کۆمه‌ڵگای زمانی له ڕێگای شه‌ڕ و تێکهه‌ڵچوون نیزامی لێکدهکهون، به شێوه‌یه‌کی گشتی سێ حاڵه‌ت به‌دی دێت: 1) سڕینه‌وه‌ی زمانی نزم 2) سڕینه‌وه‌ی زمانی به‌رز 3) پێکه‌وه ژیانی دوو زمان له پاڵ یه‌کتر.
واهه‌یه دوو کۆمه‌ڵگای زمانی، به هۆی بێ‌نیازی و پێوه‌ندی که‌می مرۆڤه‌کانی به یه‌کتره‌وه، زمانه‌که‌یان کارتێکه‌ری زۆر بچووکی به‌سه‌ر یه‌کتره‌وه ده‌بێ و ئاڵوگۆڕی زمانی ته‌نیا له ئاستی قهرزگیری وشه‌کان ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌ته زۆر به‌ده‌گمه‌ن ڕوو ده‌دا.
یه‌کێ له دۆخه‌کان ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر هه‌ژماری ئاخێوه‌رانی زمانی به‌رز یا زاڵ زۆر به‌رچاو نه‌بن زمانی نزم، به‌رخۆدان و به‌رگری له خۆی ده‌کا له ئاکامدا ده‌سه‌ڵاتی زمانی به‌رز خاو ده‌کاته‌وه و خۆی به به‌رده‌وامی وه‌ک زمانی زێدی خۆجێیی ده‌مێنێته‌وه. له وه‌ها حاڵه‌تێکدا به‌شێک له ئاخێوه‌رانی زمانی به‌رز به هۆی نیاز به پێوه‌ندی گرتن، زمانی خه‌ڵکی خۆجێیی فێر ده‌بن و ده‌بنه دوو زمانه و ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕه‌وته بۆ ماوه‌ی دوو به‌ره به‌رده‌وام بمێنێ، زمانی به‌رز کاربه‌ریی زۆری نامێنێ و زمانی خۆجێیی ده‌بێته زمانی ڕۆژانه‌ی گشتی کۆمه‌ڵگا. بۆ نموونه به هێرشی و داگیرکاری مه‌غووله‌کان (1219-1256ز) و عه‌ڕه‌به‌کان (633-651ز) بۆ وڵاتی ئێران، زمانه‌کانی مه‌غولی و عه‌ڕه‌بی نه‌یانتوانی ببنه جێگره‌وه‌ی زمانه ئێرانییه‌کان.
حاڵهتێکیتر ئه‌وه‌یه که زمانی به‌رز به‌سه‌ر زمانی نزمدا زاڵ ده‌بێ و دبێته زمانی ڕۆژانه‌ی سه‌رانسه‌ری وڵات. ئه‌م دۆخه زیاتر به پشتیوانی یاسایی، به زه‌بری توندوتیژی داگیرکاران و پچڕانی پێوه‌ندی زمانی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگای خۆجێیی و هه‌روه‌ها که‌م بوونی ئینتمای نه‌ته‌وه‌یی و لاوازی که‌لتووری خه‌ڵکی خۆجێیی پێکدێت. له وه‌ها دۆخێک ئاخێوه‌رانی زمانی نزم، بۆ ماوه‌یه‌ک ده‌بنه دوو زمانه و پاشی دوو یا سێ نه‌سل زمانی خۆیان له ڕمێن ده‌که‌وێ و زمانی داگیرکه‌ر ده‌بێته زمانی گشت کۆمه‌ڵگا. نموونه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته ئێستا له کوردستانی باکوور به ڕوونی دیاره. زمانی تورکی ته‌نگی به زمانی کوردی هه‌ڵچنیوه و له ته‌واوی کوردستانی باکوور جێگری زمانی کوردی بووه که ته‌نانه‌ت رێبه‌ره سیاسییه‌کانی کورد، زمانی کوردی نازانن به‌ڵکوو به زمانی تورکی داوای خواسته‌کانی خۆیان ده‌که‌ن!.
حاڵه‌تی سێهه‌م ئه‌وه‌یه که له‌وانه‌یه له لێکه‌وتنی زمانه‌کان، هیچ کام له زمانه‌کانی به‌رز یا نزم حه‌زف نه‌بن به‌ڵکوو هه‌رکام له زمانه‌کان له هه‌رێم و ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی سه‌قامگیر بمێنێته‌وه. وه‌ک ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا له ئێران بۆ زمانه‌کانی کوردی، فارسی و ئازه‌ری له ئارادایه. هه‌ڵبه‌ت له‌م حاڵه‌ته‌ش زمانی فه‌رمی وڵات به هۆی پشتیوانی یاسایی و پێوه‌ندی ئیداری و ڕامیاری و پهرستیژی کۆمه‌ڵایه‌تی به سه‌ر زمانه‌کانی دیکه‌دا زاڵه، به‌ڵام ناتوانێ زمانه‌کانی دیکه له کار بخا یا بسڕێته‌وه.
ئاکام؛ ئه‌وه‌ی که له لێکه‌وتنی دوو کۆمه‌ڵگای زمانی‌دا، کام زمان زاڵ ده‌بێ یان کام زمان ده‌سڕێته‌وه، پێوه‌ندی به هۆکارگه‌لی جۆراوجۆری وه‌ک پشتیوانی یاسایی، پێوه‌ندی به‌هێزی که‌لتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و فه‌رهه‌نگی و ئایینی و دهوڵهماندی وێژه و فه‌رهه‌نگی ئاخێوه‌رانی کۆمه‌ڵگاوه هه‌یه و هه‌روه‌ها هه‌ژماری ئاخێوه‌رانی زمان، پیوه‌ندی گه‌رموگوڕ یان سارد و سڕی ئاخێوه‌ران، ئینتمای نه‌ته‌وه‌یی، زاوزێی ناخۆیی و دهدرهکی، گاریگه‌ری به‌هێزیان له پێکهاتنی زمانی به‌رز یان نزمدا هه‌یه. هۆگری به زمان و که‌لتوور و که‌له‌پووری نه‌ته‌وه‌یی، به‌کارهێنانی زمانی پێوه‌ندی جۆجێیی، ڕێز و خۆشه‌ویستی و پایبه‌ندی به فۆلکلۆر و یاسا و ڕێساکانی ئایینی و سوننه‌تی و داب و نه‌ریته‌کانی کۆن، کاریگه‌ری زۆریان له پاراستنی زمانی خۆجێیی هه‌یه.