تاريخ: ۱۳۹۹ پنج شنبه ۳۰ بهمن ساعت ۱۴:۳۶ بازدید: 147      نظرات: 0      کد مطلب: 15839

شوێندانەرییەکانی کڕۆنا لەسەر پڕۆسەی خوێندن لە ئێران و کوردستان‌دا


هاتنی کڕۆنا گورزی توندی خۆی له‌ بەشەکانی ئابووری، بازرگانی، گه‌شت و گوزار و پرۆسه‌ی خوێندندا وەشاند، بەڵام کاریگەرییەکانی هەر بە وانە تەواو نەبوو، بەڵکوو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و تاکیەکانیشی کەم کردەوە و شێوازێکی دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتی هێنایە کایەوە.

کۆڤید ١٩ گه‌وره‌ترین زیانی به‌ په‌روه‌رده‌ و فێرکردن له‌ هه‌موو جیهاندا گه‌یاندووه‌، به‌درێژایی مێژوو هیچ شتێک به‌قه‌د کۆڤید ١٩ زیانی به‌ په‌روه‌رده‌ و فێرکردن نه‌گه‌یاندووه‌. ئەم پەتایە زیاتر لە ١٩٠ وڵاتی تەنیوە کە کاریگه‌ری له‌سه‌ر ١/٦ میلیارد خوێندکار ھەبووە. بە جۆرێک کە لە وڵاته‌ پێشکه‌وتوه‌کان ٩٤ لەسەدی قوتابخانەکان و لە ولاتە کەمتر گەشەکردووکاندا ئه‌م ڕێژه‌یه‌ بۆ ٩٩ لەسەد بەرز بوویەوە.

ئێستا لە ئێران و کوردستاندا نۆبەی دووهەمی ساڵی خوێندن‌ کە دەستی پێکردووە هه‌نگاوه‌کان به‌رەو ئەو ئاڕاسته‌یە پێ دەنێن که‌ پڕۆسه‌ی خوێندن بە شێوازی ئاسایی دەست پێ بکاتەوە بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی داهاتوو لەخوێندن دوا نەکەوێ هەر چەند کرانەوەی قوتابخانەکان تا ڕادەیەک دڵخۆشکەرە و قوتابی لە دەست نەرمەواڵەکانی خوێندن و مۆبایل و شێوازی خوێندنی ماڵێ ڕزگاری دێت، بەڵام مامۆستاکانی قوتابخانەکان دەبێ لە هەڕەتی وانەگووتنەوەکان‌دا چۆنییەتی خوێندنی ئەوان لەو ماوەیەدا کە لە ماڵێدا دەرسیان خوێندووە هەڵسەنگێنن. چوون له‌پاڵ مه‌ترسیه‌ ته‌ندروستیه‌کاندا خێزانه‌کان فشاری مادیان که‌وته‌ سه‌ر و هه‌ندێک خێزان له‌ به‌ر نەبوونی و دەست‌تەنگی لێک هه‌ڵوه‌شان، هه‌ندێک منداڵ وه‌ک شارەزایانی ڕەوان‌ناسی و ده‌رونی  له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌دوێن گرفتەکانی خێزانی کێشەی ڕەوانی و دەروونییان له‌سه‌ر مێشک و دەروونی منداڵەکان جێ هێشتووە.

هەر بۆیە ئێمە دەبێ پێ لەو ڕاستییە بنێین کە ئاستی ئابووری و فەرهەنگی بنەماڵەکان جیاوازە، تاقمێک لە بنەماڵەکان بە هۆی دەست‌تەنگییەوە نەیانتوانیوە کەرەسەی پێویستی خوێندن وەک گوشی مۆبایل و هەر وەها خەتی ئینتێرنێتی نێو ماڵ بۆ منداڵەکەیان دابین بکەن. لە لایەکی دیکە ڕا دەبینین کە ئاستی خوێندەواری دایک و بابی منداڵەکان جیاوازە، هێندێک شایەد خوێندەواریان نەبێ و ئەو جۆرەی کە دەبێ لە دەرس پێ گووتن بە منداڵەکەی حەول بدات، نەتوانێ یان حەوسەلەی ئەوتۆیی نەبووبێ خۆی پێوە ماندوو بکات، بەڵام لە حاڵێک‌دا منداڵێک کە دایک و بابی سەوادداری هەبێ، چاکتر بە خوێندنی منداڵەکەیان لە ئاست مەشق پێ گووتن و لێ پرسینەوە ماندوو دەبێ، هەر بۆیە منداڵی ئەو بنەماڵەیە لەگەڵ منداڵی بنەماڵەکەی دیکە لە بواری دەرسی‌دا لە یەک ئاست دانین، هەر بۆیە پێویستە مامۆستاکان حەولی زیاتر لەگەڵ ئەو منداڵانە بدەن تا ئەوانیش خۆیان بگەیەننەوە، نەک ئەوەی کە بە هۆی فێر نەبوونی قوتابی لەم ساڵدا لە پۆلی ساڵی داهاتوودا هیچ نەزانێ و نەتەنیا دەرسی ساڵی داهاتوو، ساڵی ئەولاتریش فێر نابێ کە ئەگەر ئەو فێر نەبوونانە لەسەر یەک خڕبنەوە، قوتابی لە خوێندن زەدە و وەڕەس دەکات و بە هۆی جاڕز بوونی لە خوێندن داببڕێ. لە لایەکی دیکەش پێویستە بە پێی هەل‌ومەرجی ناوچە زیان لێ کەوتووەکانی ئەم پەتایە وەزارەتی پەروەردە و ڕاهێنان دارێژەری تایبەت بۆ هەل‌ومەرجی ئەم ناوچانە هەبێت، چون ئەوە بۆ دووهەم ساڵ دەچێ کە بە هۆی پەتای کڕۆناوە پڕۆسەی خوێندن تووشی هاڵۆزی و لێک ترازان دەبێ کە ئەگەر دارێژەرێک واقعی بە خوێندنەوەی پاتۆلۆژی ئەم هەل‌ومەرجە نەکرێ و پڕۆسەی خوێندن درێژ نەکرێتەوە، ئاسەوارە خراپەکانی لە داهاتوودا وەدیار دەکەوێت.

 

په‌روه‌رده‌ پێش کۆڤید ١٩

 

جیهان له‌پێش کڕۆنادا به‌جۆرێک بوو که‌ هه‌موو منداڵەکان دەیانتوانی فێری خوێندن و نوسین و بڕینی پله‌کانی خوێندنیان هه‌بێت. هه‌ر چه‌نده‌ جیهان تووشی هیچ کاره‌ساتێکی ئەوها نه‌بووبوو، به‌ڵام بە هۆی ئەم پەتا نەگریسەوە لانیکەم ٣٨٧ میلیۆن منداڵ له‌ جیهاندا کاتی چوونه‌ نێو قوتابخانه‌یان بوو به‌ڵام به ‌هۆکاری سیاسی و ئابوری جیاوازی وڵاته‌کان پڕۆسەی خوێندنی هەوەڵی سەرەتایی سەری نەگرتووە.

هه‌ندێک ڕێکخراوی په‌روه‌رده‌ لە ئاستی جیهان‌دا له‌سه‌ره‌تاکانی ٢٠٢٠دا نزیکەی ١٤٨ میلیۆن دۆلاریان ته‌رخان ده‌کرد بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌ ئاستی داراییان له‌ پێناو به‌رزکردنه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری په‌روه‌رده‌یی له‌و جێگانه‌دا کەم بوو‌.

پەروەردە لە ئێران و کوردستان‌دا پێش ئەم پەتایە ڕەواڵی ئاسایی خۆی تێپەڕ دەکرد بە جۆرێک کە قوتابخانەی سەرجەم شار و گوندەکان ئاواڵا بوو و پڕۆسەی خوێندن بە شێوەی مامۆستا و شاگرد بەرەو پێش دەچوو.

 

گاڵەدانی ده‌رگاکانی ناوه‌نده‌کانی خوێندن

به‌درێژایی مێژوو هیچ شتێک نه‌یتوانیوه‌ بە قەد کڕۆنا پرۆسه‌ی خوێندن بوەستێنیت، به‌ڵآم کڕۆنا توانی ئه‌وه‌ بکات بە جۆرێک کە لەساڵی ٢٠٢٠دا لەسەر زۆربەی خوێندنگە و خوێندکارەکانی جیھان کاریگەری نێگەتیڤی جێھێشت. نزیکەی ١/٥٨ میلیارد منداڵ بەھۆی ئەم پەتایەوە کاریگەریان خرایە سەر بەجۆرێک لەجۆرەکان نەتوانرا پرۆسەی فێرکردنیان پێ بگەیەنرێت. ئەم ڕێژەیە زیاتر لە ٢٠٠ وڵاتی گرتەوە کە وڵاتی ئێران و کوردستانیش لەم شتە بێبەری نەبوون، هەر وەک لەسەرێ ئاماژەی پێکرا لە دوای ئەم نەخۆشییەوە پڕۆسەی خوێندن پەکی کەوت و هێندێک لە گوندەکان بە هۆی نەبوونی خزمەت‌گوزاری هێڵە پەیوەندییەکان و نەبوونی ئینتێرنێت تووشی هاڵۆزی هاتن کە خوێندنی ئەوان بە نیسبەت هاوپۆلەکانی خۆیان لە شاردا وەدوا کەوت کە ئێستا لە نۆبەی دووهەمی ساڵی خوێندن‌دا تازە قوتابخانە و فێرگەکان دەرگاکانیان بەرەوە قوتابیان دەکرێتەوە کە تا ڕادەیەک دەتوانرێ ئەو وەدواکەوتووییە قەرەبوو بکرێتەوە.

 

کڕۆنا و پەرەسەندنی دەست هەڵگرتن لە خوێندن لە بەینی قوتابیان

بە هاتنی کڕۆنا و گاڵە دانی دەرگای قوتابخانەکان زۆر یەک لە بنەماڵەکان بە هۆی نەبوونی بەستێنی لەبار بۆ فێر کردن و بارهێنانی قوتابیان و نەبوونی ئیمکاناتی پێویست بۆ درێژەدانی خوێندنیان، بوو بە هۆی ئەوەی کە زۆر یەک لە قوتابیان لە خوێندن داببڕێن و نەتوانن درێژە بە خوێندن بدەن. بەداخەوە لەم بوارەدا وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان ناوەند و ناوچە پەراوێز خراوەکانی بە یەک چاو، چاو لێ کردووە، بۆیە ڕێژەی دابڕان لە خوێندن لە ناوچە کەمترگەشەگراوەکان و پارێزگا سنوورییەکان بە نیسبەت ناوچەکانی ناوەند ڕوویان لە زیاد بوون کردووە.

بۆ نمونە ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕیبەندان بەڕێوەبەری گشتی فێرکاری و بارهێنانی پارێزگای ورمێ لە وت‌ووێژ لەگەڵ هەواڵدەرییەکان لەمەڕ ئەو مەسەلەیە ڕایگەیاند کە ئەو کەسانەی کە لە پڕۆسەی خوێندن لە قۆناغە جۆراوجۆرەکان بەجێ ماون لە دەورەی سەرەتایی ١ هەزار و ١٧٩ نەفەر، خولی ئەوەڵی دواناوەندی ٦ هەزار و ٤٢٥ نەفەر، خولی دووهەمی دواناوەندی ١٠ هەزار و ٧١٩ نەفەر لە ئاستی پارێزگای ورمێ بەراوەرد کراوە کە شارەستانی خۆی بە ڕێژەی ١ هەزار و ١٠ نەفەر زیاترین ڕێژەی لەم بوارەدا هەیە. بە بەرچاوەڕوونی ئەم ئامارە ئەگەر خەسارناسی کۆمەڵایەتی و ڕەوان‌ناسی بۆ ئەم دۆخە نەکرێ و وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان بەرنامەی تۆکمەی بۆ چارەسەر کردنی ئەم دۆخە نەبێت بەدڵنیاییەوە لە درێژخایەن‌دا دەبێ چاوەڕوانی شوێندانەرییە نێگەتییەوەکانی لە سەر کۆمەڵگا و تاک ببین.

بە سەرنج دان بۆ ئەم دۆخەی کە هاتۆتە ئاراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانەی کە لەسەر پەتای کڕۆنا هاتوونەتە پێش، هیمەتێکی گشتی پێویستە کە ئەنجام بدرێ، چوونکی شوێندانەرییەکانی ئەو نەخۆشییە تەنیا بە دابڕان لە خوێندن قەتیس نەبووە، بەڵکوو ڕێژەی زەماوەندی منداڵانیشی (کودک همسری) زیاد کردووە. بۆ نمونە جێگری فێرکاری دواناوەندی ئیدارەی گشتی فێرکاری و بارهێنانی خۆراسانی ڕەزەوی دیاردەی زەماوەندی منداڵ (کودک همسری) وەک گرینگترین هۆکاری وازهێنان لە خوێندن لە مابەینی قوتابیانی خولی ئەوەڵ و دووهەمی دواناوەندی بەراوەرد کردووە.

ئەگەر بێت و لە بواری خێزانداری و کۆمەڵایەتییەوە هەڵسەنگێندرێ، ئەوە بۆخۆی چەشنێک لە کارەساتە. چون ئێستا ئەو منداڵە بە تەمەنی گونجاو نەگەیشتووە و ئەگەر زەماوەند بکات، دەرەنجامەکەی بێجگە لە ناکامی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی و شێواندنی بنەماڵە چی دیکە نابێت. ئەگەر بێین چاو لە ڕێژەی تەڵاق و پەروەندەی ژن و مێردەکان لە شووڕاکانی جێبەجێ‌کاری ناکۆکی و دادگاکانی بنەماڵە کەین بە ڕوونی ئەوە وەدیار دەکەوێت. هەر بۆیە لەگەڵ هەڵوەشانی بنەماڵەیەک ئەویش لە تەمەنێکی ئاوا کەم‌دا قەیرانێکی وەها ساز دەبێت کە کۆنتڕۆڵ کردنەکەی ئەستەم دەبێت. کەسێک کە لە تەمەنێکی کەم‌دا گرفتاری وەها شتێک بێت تازە ئەستەمە وەک جارانی لێ بێتەوە و خۆی بگرێتەوە، چون لە لایەک خوێندنەکەی لە دەست چووە و لە لایەکیش ژیانی هاوبەشییەکەی تووشی شکست بووە.

هەر بۆیە پێویستە دەزگا پەیوەندییەدارەکانیی حکومەت و غەیرەحکومییەکان وەک وەزارەتی فێرکاری و بارهێنان، ڕێکخراوی بێهزیستی، وەزارەتی دادگوستەری و... هەنگاوی ئەرێنی لەم بوارەدا هەڵگرن تا چیتر چینی خوێندەوار و کەم‌تەمەن تووشی هەڵدێر نەبن و ئەو بنەماڵانەی کە ئەم کارە دەکەن ئاگادار بکرێنەوە و بە شێوەی پێویست هەڵسووکەوتیان لەگەڵ بکرێت تا ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگادا بنبڕ دەکرێت.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد