تاريخ: ۱۴۰۱ سه شنبه ۲ اسفند ساعت ۲۰:۴۹ بازدید: 3162      نظرات: 0      کد مطلب: 15804

دەزانی بۆچی منداڵەکەت کەم دەخوات وتوڕەیە و بیانوو دەگرێت؟


زۆرجار هەندێ لە دایک و باوکان پەیوەندیم پێوە دەکەن و سکاڵا دەکەن لەدەست منداڵەکەیان کە ئەم کێشەیەی هەیە و داوای چارەسەر دەکەن.

بەڕێزانن.. هەندێ منداڵ کە تەمەنیان لە چوار تاکو دوازدە ساڵە، لەبەر هەندێ هۆکار خوویان دەگۆڕێ بۆ کەسێکی کەمخۆر و بیانووگر، دایک و باوکیان گیر ئەخۆن بەدەستیانەوە و نازانن بۆچی مناڵەکەیان وای لێهاتوە و چارەسەر چیە؟لێرەدا هەندێ لەو هۆکارانە دەخەینە ڕوو، بزانە کام لەمانە هۆکاری دۆخی مناڵەکەی تۆیە، هەڵبەت هۆکاری تریش هەن:

1- ناتەبایییەک لە خێزاندا هەیە، جا با کەمیش بێ، بەتایبەتی لەنێوان دایک و باوکدا، وەک پرتەوبۆڵە و شەڕ و زیزبوون و لێکتوڕەبوون و ..هتد

2- دایک و باوکەکە وا چاوەڕوان دەکەن ئەم مناڵەشیان وەک مناڵەکانی تریان بێ، چونکە ئەوانی تر کێشەی وایان نەبووە، واتا هەڵەن لەبەراوردکردندا، چونکە هەر مناڵێک سروشتی تایبەت بەخۆی هەیە، مەرج نیە وەک خوشک و براکانی پێش خۆی، یان دوای خۆی بێت.

3- دایک و باوکەکە نازانن چۆنچۆنی مامەڵە لەگەڵ مناڵەکەیان بکەن، زانیارییان نیە و پرس و ڕاش بە کەسانی شارەزا ناکەن، بۆیە یان بێنازیان کردوە، یان زیاد لە پێویست نازیان داوەتێ، یان هاوسەنگی نیە لەنێوانیاندا، یان شێوازی سۆزپێدانیان هەڵەیە.

4- مناڵەکە خۆی کێشەیەکی تەندروستی یان دەروونی هەیە، وەک کەمی ڤیتامین، تێکچونی هۆڕمۆنی، نەخۆشیەکی بۆماوەیی، کێشەیەکی جەستەیی دیار یان نادیار، کە ئەمەیان پێویستە پشکنینی گشتی لای پزیشک بۆبکرێ، هەروەها پشکنینی بڕی ڤیتامینەکان، چونکە ڤیتامینەکان کاریگەرییان هەیە لەسەر حاڵەتەکانی مەزاج.

5- سیستمی خۆراکی و خەوتنی هەڵەیە.

6- زۆر ئینتەرنێت و مۆبایل و شاشە و یارییەئەلکترۆنیەکان بەکاردەهێنێ بەشێوەی فری، بەبێ ئەوەی چاودێرییەکی لەسەربێت لەڕووی هەڵبژاردنی شتی شیا و بۆ تەمەنی ئەو، چونکە هەندێ جۆرە یاری و فیلمی ترسناک و سێکسی و یاری گران تووشی ئەم دۆخەی دەکەن.

7- نەبوونی هاوڕێی گونجاو و دابڕانی کۆمەڵایەتی و تاقانەیی و دابڕان، هەندێ جار هاوڕێی هەیە بەڵام هاوڕێی ئەلکترۆنی نەک ڕاستەقینە، یان ڕاستەقینەشە بەڵام گونجاو نیە و زۆر زاڵە بەسەر ئەم مناڵەدا و لەیاریەکانیشدا خۆی بەزاڵتر دەسەپێنێ بەسەریدا.

8- هەبوونی ئەرکی گرانتر لە توانای خۆی لەسەری، واتا دایک و باوکی دەیانەوێ لەیەک کاتدا بچێ بۆ باخچە، یان قوتابخانەو بچێ بۆ خولی فێربوونی زمان و مۆسیقا و وێنەکێشان و مەلە و وەرزش و ..هتد، کە ئەم منداڵە بەرگەی ئەم هەموو شتەناگرێ و بەسەرخۆیدا دەتەقێتەوە.

9- بەپێچەوانەی خاڵی 8 مناڵەکە تواناکانی هەمووی بەسەریەکا کەڵەکە بووە، لەهەموو جۆرەکان و دەرفەتی بۆ ناڕەخسێنرێ کە بیانخاتە گەڕ.

10- پێویستی بەشتێکی ماددی یان مەعنەوی هەیە، کە ناوێرێ دەریببڕێ و لەناخی خۆیدا شاردوویەتیەوە، بۆ نموونە حەزدەکات پێش خەوتن چیرۆکی خۆشی بۆ بخوێنیتەوە، یان هاوڕێکەی شتێکی هەیە و ئەم نیەتی، یان هەست دەکات زۆر بەتوندی خستووتانەتە ژێر چاودێری و هەناسەتان لێبڕیوە، یان زۆر جیاوازی دەکەن لە نێوان ئەوو مناڵەکانی تردا، جاری وا هەیه تۆ دڵت نایە ئیشی ناوماڵ بە ئەم بکەی چونکە مناڵە، بەوانی تری دەکەی، لێرەدا ئەم هەست بەکەمی و بێدەسەڵاتی خۆی دەکات.

11- کێشەیەکی هەیە لەگەڵ کەسانی دەرەوەی ماڵ، وەک مامۆستاکانی، شۆفێری پاسەکەی، هاوڕێی قوتابخانەی و ..هتد.جگە لەم هۆکارانە هۆکاری تریش هەن، چارەسەرکردنەکەش لەکەسێکەوە بۆکەسێکی تر دەگۆڕێ و لەخێزان و مناڵێکەوە بۆ خێزان و مناڵێکی تر جیاوازە.

 




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد