تاريخ: ۱۳۹۹ چهارشنبه ۱۵ بهمن ساعت ۲۲:۳۹ بازدید: 1210      نظرات: 0      کد مطلب: 15766

زانست چی ده‌ڵێ... ئایا هه‌ستی شه‌شه‌م بوونی هه‌یه‌؟


كاتێك له‌گه‌ڵ هاوڕێكانت تاوتوێ یان پێشبینی ڕوودانی شتێك ده‌كه‌ن و بۆچوونی یه‌كێكیان ڕاست ده‌رده‌چێ، ڕاسته‌وخۆ ده‌ڵێن، هه‌ستی شه‌شه‌می به‌ هێزه‌ "حاسه‌ی شه‌شه‌م" ئه‌مه‌ له‌ ڕاستیدا بوونی هه‌یه‌، كه‌ مرۆڤ پێشبینی ڕووداوه‌كان بكات و كه‌سانێك هه‌بن هه‌ستی شه‌شه‌میان به‌هێز بێ و كه‌سانێكی تریش ئه‌و هه‌سته‌یان لاواز بێ، زانست له‌وباره‌وه‌ چیمان پێ ده‌ڵێت و توێژینه‌وه‌كان به‌چی گه‌یشتوون.
به‌ گوێره‌ی بۆچوونی پسپۆران و توێژینه‌وه‌كان، هه‌ستی شه‌شه‌م یه‌كێكه‌ له‌ هه‌سته‌كانی مرۆڤ و پشت ده‌به‌ستی به‌ چۆنیه‌تی بیركردنه‌وه‌ و غه‌ریزه‌كانی مرۆڤ بۆ داتاشینی ڕووداوه‌كان له‌ داهاتوودا، له‌وانه‌یشه‌ زۆرجار بایه‌خدان به‌ هه‌ست و بیركردنه‌وه‌كانت وا بكات پێشبینی ڕووداوێك یان هاتنه‌دی شتێكی خراپ بكه‌یت و بڕیاری چوون بۆ شوێنێك یان هه‌ر بڕیارێكی تر نه‌ده‌یت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ست و مه‌به‌ست و ویست و هزرت به‌ ئاراسته‌یه‌كی تر ئاراسته‌ت ده‌كه‌ن.
له‌باره‌ی چۆنیه‌تی پێناسه‌كردنی هه‌ستی شه‌شه‌میش زانایان و توێژه‌ران دووپات له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ مرۆڤ به‌ چه‌ندان نیشانه‌وه‌ ده‌توانێ په‌ی به‌ هه‌ستی شه‌شه‌می خۆی ببات، كه‌ به‌ دیاریكراویش ئه‌و هه‌سته‌ له‌لایه‌ن به‌شی دواوه‌ی مێشك كه‌ مێشكۆله‌ ناوده‌برێ، به‌ڕێوه‌ ده‌برێ و ئاراسته‌ ده‌كرێت. به‌هۆی ئه‌وه‌ی مرۆڤ هاوشێوه‌ی مێشكی ئاسایی توانای به‌سه‌ر مێشكۆله‌ نییه‌، بۆیه‌ وا هه‌ست ده‌كات كه‌ له‌ نه‌بوونه‌وه‌ ئیلهامی ڕوودانی شته‌كانی بۆ دێت، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا له‌ نه‌بوون و هیچه‌وه‌ نییه‌، بگره‌ له‌لایه‌ن مێشكی بچكۆله‌وه‌ ئاماژه‌ ئاراسته‌ی هزرت ده‌كرێ و چه‌ندان نیشانه‌ی تریشی هه‌یه‌.
 
به‌ هه‌ستی مێشكۆڵه‌ی بچووك ناوده‌برێ و له‌ نه‌بوونه‌وه‌ هه‌سته‌كه‌ دروست نابێت
كاتێك له‌ شوێنێكی بێ هیچ هۆكارێك هه‌ست به‌ نائارامی و بێزاری ده‌كه‌یت، بۆ یه‌كه‌مجار كه‌سێك ده‌بینیت، هه‌ر له‌ یه‌كه‌م دیداره‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نه‌رێنی لێی ده‌ڕوانیت و ده‌گه‌یته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ كه‌سێكی خراپه‌، ئه‌مانه‌ ده‌رئه‌نجامی هه‌ستی شه‌شه‌من، كه‌ له‌ ئه‌نجامی چه‌ند ڕژێنێكه‌وه‌ ئاماژه‌كان له‌ مێشكۆله‌وه‌ به‌ به‌شه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی مێشك ده‌گه‌یه‌نرێن و ئه‌میش فه‌رمان به‌ ئه‌ندامانی جه‌سته‌ ده‌كات و نیشانه‌ی تر ده‌رده‌كات و كه‌ هه‌ست به‌ نیگه‌رانی و ناڕه‌حه‌تی بكه‌ن.
هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێك كه‌س بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ هه‌ستی شه‌شه‌میان له‌لایه‌ن ده‌نگێكی نامۆوه‌ بۆ دێ له‌ ناخۆی خۆیانه‌وه‌، به‌ڵام زانایان ئه‌مه‌ به‌ دروست نازانن و دووپات له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كاتێك هه‌ستی شه‌شه‌می مرۆڤ بیه‌وێ په‌یامێكمان پێ بگه‌یه‌نێت، تووشی دڵه‌ڕاوكێی توندمان ده‌كات، هه‌ست به‌ ناڕه‌حه‌تی ناخی مرۆڤ ده‌كرێ، هه‌ستێكی نائاسایی له‌ گه‌ده‌ دروست ده‌بێ و هاوشێوه‌ی هێڵنجدان ده‌بێت و ده‌ست و پێیه‌كانت بێ هیچ هۆكارێك ئاره‌ق ده‌كه‌ن، هه‌ندێجاریش كه‌ هه‌ستی شه‌شه‌می په‌یامی باش و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆمانمان پێ ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ست به‌ ئاشتی و ئارامی و شادی و دڵنیایی ده‌كه‌ین، بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێك بوونی هه‌بێت.
ئه‌م نیشانانه‌ له‌ زۆربه‌مان ده‌رده‌كه‌ون، به‌ڵام زۆركات په‌راوێزی ده‌خه‌ین و هێنده‌ به‌ گرنگییه‌وه‌ لێی ناڕوانین، به‌ڵام هه‌ندێجاریش هه‌ن كه‌ هه‌رچه‌ند په‌راوێزیان بخه‌ین، توندتر و به‌هێزتر ده‌بن، تا دواجار ده‌بێ له‌ په‌یامه‌كه‌ تێ بگه‌ین.
له‌باره‌ی شیكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی دروستبوونی ئه‌م هه‌سته‌ شاره‌زایان بۆچوونی جیاواز ده‌خه‌نه‌ڕوو، ماڵپه‌ڕی فزیۆلۆگی توده‌ی له‌وباره‌وه‌ نووسیویه‌تی، له‌ ئه‌نجامی ده‌ردانی ڕژێن له‌لایه‌ن مێشكۆڵه‌وه‌ و پێوانه‌كردنی هه‌ست و سۆز و هه‌ستی تر كه‌ ناتوانرێ ده‌رببڕێن، هه‌ستی شه‌شه‌م به‌ به‌هێزی دروست ده‌بێ و په‌یام به‌ مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت.
 
هه‌رچه‌ند كه‌سه‌كان زیاتر ئه‌زموونیان هه‌بێ، هه‌ستی شه‌شه‌میان به‌هێزتر ده‌بێت
بۆ نموونه‌ كاتێك تۆ له‌لای ماركێتێكه‌وه‌ وه‌ستاویت و دوو كه‌سی تریش له‌ ته‌كته‌وه‌ن و سه‌یری تۆ ده‌كه‌ن و پێ ده‌كه‌نن، تۆ گوێت له‌ قسه‌كانیان نییه‌ كه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ تۆ ده‌گرن و به‌ تۆ پێ ده‌كه‌نن یان نا، به‌ڵام خۆكارانه‌ هه‌ستی جێهێشتنی ئه‌و شوێنه‌ت لا دروست ده‌بێ و به‌ په‌له‌ شوێنه‌كه‌ جێ ده‌هێلیت و گریمانه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ی، كه‌ به‌ تۆ پێكه‌نیون، ئه‌مه‌یش له‌خۆیه‌وه‌ نییه‌، ڕاستییه‌كی ته‌واوی له‌ پشته‌وه‌یه‌.
هۆكارێكی تر زۆری ئه‌زموونه‌ له‌ بواره‌كان و ژیان به‌ گشتی، له‌میانه‌ی توێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ زانایان ئه‌نجامیان داوه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكیان به‌ نموونه‌ وه‌رگرتووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پێشبینیان لێ وه‌ربگرن و دواتر له‌ ده‌رئه‌نجامه‌كان بكۆڵنه‌وه‌، به‌ ته‌واوی ئه‌وه‌یان بۆ ڕوونبووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌وانه‌ی زیاتر ئه‌زموونیان له‌ ژیان هه‌یه‌، هه‌ستی شه‌شه‌میان به‌هێزتر و كاراتره‌، به‌ به‌راورد به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ كه‌م ئه‌زموونن.
ئه‌مه‌یش به‌ دیاریكراوی پێوه‌سته‌ به‌ یادگه‌وه‌، بۆ نموونه‌ كاتێك چه‌ند هاوڕێیه‌كت داوات لێ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ بچنه‌ چێشتخانه‌یه‌كی ناو شاره‌كه‌ت و خواردن بخۆن، به‌ڵام تۆ هه‌ر له‌خۆته‌وه‌ هه‌ستی ئه‌وه‌ت لا دروست ده‌بێت، كه‌ نه‌چیت و ئه‌مه‌ ڕه‌ت بكه‌یته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی هیچ هۆكارێكت هه‌بێ بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی، به‌ڵام بیر و مێشكت به‌مشێوه‌یه‌ هانت ده‌ده‌ن، له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ پێوه‌سته‌ به‌ ئه‌زموونی پێشوه‌خته‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ پێش ماوه‌یه‌ك هه‌واڵێكت له‌سه‌ر ئه‌و چێشتخانه‌یه‌ ده‌ست كه‌وتبێت كه‌ خواردنه‌كانی خراپن و زۆر پاك نین، به‌ڵام تۆ هه‌واڵه‌كه‌ت بیر نه‌ماوه‌، كه‌چی ناوی ئه‌و چێشتخانه‌یه‌ له‌ مێشكت چه‌سپاوه‌ كه‌ كێشه‌یه‌كی هه‌یه‌، نه‌ك به‌ ورده‌كاری ته‌واوه‌، بۆیه‌ وا هه‌ست ده‌كه‌ی، كه‌ له‌ جیهانی سه‌رووی سروشته‌وه‌ ئه‌و په‌یامه‌ت پێ گه‌یشتووه‌، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا له‌ خودی یادگه‌ و هزری تۆوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد