بە گوێرەی ماڵپەری ئارتی مەگەزینی ئیتاڵی، کچە هونەرمەندێکی کورد لەلایەن کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی "ساردی پێر ئارتێ"ـوە خەڵاتی باشترین هونەرمەندی بیانیی ئیتاڵیای پێبەخشراوە.
زەهرا دۆغان ئەو کچە هونەرمەندە کوردەیە کە بەهۆی شاکارە هونەرییەکانیەوە سەرنجی تابلۆکێشە بەناوبانگەکانی ئیتاڵیای راکێشاوە.
هەریەکە لە لوکا ماسیمۆ باربێرۆ، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کۆمەڵەی جۆرجیۆ جینی لە شاری ڤینیسیا و بات ڤاندەر هایدێ، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی مۆدێل و شارستانییەتی شاری بۆلزانۆ هەڵسەنگاندنیان بۆ شاکارە هونەرییەکانی زەهرا دۆغان کردووە و بە پلەی نایاب دەنگیان پێداوە. ئەوان جەختیان لەوە کردووەتەوە، شاکارە هونەرییەکانی ئەو کچە کوردە بە ستاندارد و هاوشێوەی لێهاتوویی و کارامەیی کارۆل راما، هونەرمەندی بەناوبانگی ئیتاڵی کراون.
بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی "ساردی پێر ئارتێ" و بە رەزامەندیی ئەو دوو ئەندامەی دەنگیان پێداوە، زەهرا دۆغان خەڵاتی ئارتیسیما (Artissima)ی پێبەخشراوە.
ئەو خەڵاتە لە ساڵی 2014وە لەلایەن کۆمەڵەکانی هونەرە جوانەکانی ئیتاڵیا پەسندکراوە و ساڵانە بە هونەرمەندە خاوەن شاکارە جوانەکان دەبەخشرێت.
زەهرا دۆغان لە ساڵی 1989 لە ئامەد لەدایکبووە. دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی دیجلەیە. لە کاتی راگەیاندنی قەدەخەی هاتوچۆدا زەهرا دۆغان لە شەقامەکانی شارۆچکەی نسێبین لە مێردینی باکووری کوردستان تابلۆی لەسەر دیوارەکان دەکێشا.
رۆژی 23ی تەممووزی 2016 لە مێردین دەستگیرکرا و رۆژی 9ی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ ئازادکرا. دوای بێتاوانبوونی لەو تۆمەتانەی خرابوونە پاڵی، لە مانگی حوزەیرانی 2017دا بە تۆمەتی ئەندامبوون و پرۆپاگەندەکردن بۆ یهکێک له پارته کوردیهکان بۆ ماوەی 33 مانگ لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئامەد دەستبەسەر کرا و رۆژی 24ی شوباتی 2019 ئازادکرا.
زەهرا درێژەی بە کارە هونەرییەکانی دا و تابلۆکانی لە مۆزەخانەی سانتا گیولیا بیچ (Santa Giulia Beach) نمایشکرا و بووە مایەی سەرنجی زۆر هونەرمەندان و هونەردۆستانی ئیتاڵیا.
زەهرا لە ماوەی دوو ساڵدا خەڵاتێکی هونەریی لە ئیستەنبووڵ و شەش خەڵاتی دیکەی هونەریی لە ئیتاڵیا بەدەستهێنا.