بە ڕاپۆرتی هەواڵنێری هاژە، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکى ڕووسیا لە کۆنفڕانسى ڕۆژنامەنووسیى ساڵانەیدا، کە لە شارى مۆسکۆى پایتەختى ڕووسیا بەڕێوە چوو ڕایگەیاند، کوردی عێراق بە مافەکانى خۆى دەگات و ئێمە بە پێى پێوەر و مافە نێودەوڵەتییەکان مامەڵە لەگەڵ کورد دەکەین.
ئەمڕۆ ٢٣ى کانوونى یەکەمی ٢٠١٦ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکى ڕووسیا لە کۆنفڕانسى ڕۆژنامەنووسى ساڵانەیدا، کە لە ساڵى ٢٠٠١ەوە بەشێوەیەکى بەردەوام بەڕێوە دەچێت و ئەمساڵیش بە بەشداریى هەزار و ٣٥٠ ڕۆژنامەنووس بەڕێوە چوو، لەبارەى زۆرێک لە ڕووداوەکانى ساڵى ٢٠١٦ەوە قسەى کرد.
بەپێى بەشى کوردیى ماڵپەڕى ئاژانسى هەواڵى سپوتنیک، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکى ڕووسیا لە بەشێک لە قسەکانیدا لەبارەى هەڵوێستى حکومەتى ڕووسیا بۆ سەربەخۆیى کوردستان لە عێراق ڕایگەیاند "ڕووسیا پەیوەندییەکى تایبەت و دڵسۆزانەى لەگەڵ کورددا هەیە".
سەرۆکى ڕووسیا ئاماژەى بەوەشکرد "پێشمەرگەى کورد لە بابەتى شەڕ لە گەڵ داعش کاریگەریى زۆرە و ئازان و ئەگەر بابەتەکەش بوو بە بابەتى سەربەستى (سەربەخۆیى) ئێمە لە چوارچێوەرى مافە نێودەوڵەتییەکاندا دەجوڵێینەوە".
ڤلادیمیر پوتین ئەوەشى ڕاگەیاند "لە ئەنجامدا مافى گەلى کورد پەسەند و قبوڵ دەکرێت، بەڵام دەبێت هەموو بابەتە تایبەتەکان لەلایەن عێراق و گەلى کوردەوە دیارى بکرێن. ئێمە دەست لەکاروبارى ناوخۆیى عێراق وەرنادەین".