تاريخ: ۱۳۹۵ پنج شنبه ۲ دي ساعت ۱۳:۱۵ بازدید: 2095      نظرات: 7      کد مطلب: 2519

تیرۆری جه‌سته و کۆته‌ڵی ڕازانه‌وەی مام ‌ڕێوی چه‌ندە له فاتم که‌پۆبڕاو دەچێ!


شه‌ویار گولابی‌ئازەر

 

دایکم له جێژنی حاجی له‌ک‌له‌ک که له باخچه‌که‌ی پشت ماڵمان بۆی دەگرتین گشتی منداڵه‌کانی گوند هه‌ر که‌سه و شتێکی دێنا و "فاتم که‌پۆبڕاو"یش دایمه لۆیه‌کی له‌چکه‌که‌ی له لووتی هه‌ڵدەپێچا و لایه‌کی سه‌ری له بن قه‌ڵاخ وەدەردەخست و هه‌رای دەکرد دادە خه‌جه به‌شی ئه‌منیشت له بیر نه‌چێ. دایکیشم وڵامی دەداوە: "به سه‌ر چاو، خۆم له بیر بچێ هیچ کات تۆم له بیر ناچێ"!! دایکم هه‌ر‌وا له بن خۆیه‌وە دەیگووته‌وە: داخه‌که‌م جه‌رگم بۆت دەسووتێ و هیچیشم له دەست نایه!!

- ئێمه منداڵ بووین و نه‌وسن!

- ئێمه منداڵ بووین و هیچ له داخی جه‌رگبڕی دایه خه‌جه نه‌دەگه‌یشتین!

دایه خه‌جه به دەم چڵمه‌شۆڕە و فرمێسکه‌وە بانگی دەکردین و دەیگووت منداڵه‌کان ئێمه پێدەکه‌نین و جێژن دەگرین، ئێمه هه‌ڵوا دەخۆین و هه‌ڵدەپه‌ڕین... به‌ڵام پێش ئه‌وەی قامک له هه‌ڵوا بدەن و په‌نجه‌کانتان بلێسنه‌وە قه‌ولێکم پێ‌بدەن ئه‌گینا چاوتان بە هه‌ڵوا ناکه‌وێ!

ـ ئێمه منداڵ بووین و نه‌وسن

ـ ئێمه منداڵ بووین و تامه‌زرۆی جێژن‌گێڕان

ئێمه‌ش له سۆی هه‌ڵوا خواردن، بێ‌ئه‌وەی بزانین دایکم چ دەڵێ و منداڵه‌کانی گوندیش بێ‌ئه‌وەی بزانن دایه خه‌جه به‌دەم فرمێسکه‌وە چ دەڵێ؟! ئه‌و قه‌وله‌مان له سه‌ر چی لێ‌وەردەگرێ!! هه‌ندێ جار تێگڕا و هه‌ندێ جاریش تێکه‌ڵاو پێکه‌ڵاو دەمانگووته‌وە به خودای قه‌ولمان دا دایه خه‌جه...

ڕۆڵه‌کانم که گه‌ورەش بوون هیچ کات مه‌ڵێن باجه فاتم بۆ هه‌میشه لووتی هه‌ڵبه‌ستووە؟!

ـ ئێمه منداڵ بووین و نه‌وسن

ـ ئێمه منداڵ بووین و خاوەن دنیای سادە و ساویلکه

ـ ئێمه منداڵ بووین و قه‌ول له پێناو گه‌یشتن به تامی شیرینی هه‌ڵوا

ئێمه مناڵانه قه‌ولمان دا و له پێی قه‌وله‌که‌مان دەرنه‌چووین چونکه هه‌موو ساڵێ دایه خه‌جە جێژنی نانه حاجیلانی بۆ دەگرتین و فاتم که‌پۆبڕاویش له بن قه‌ڵاخه‌که سه‌ری وەدەردەنا و وەبیر قه‌وله‌که‌ی ساڵانه‌ی دە‌خستینه‌وە.

ئێمه له‌به‌ر تامی هه‌ڵوا جوانیمان نواند بۆ فاتم که‌پۆبڕاو و ئه‌ویش له‌به‌ر خۆشه‌ویستی نواندن بۆ ژیان و داهاتووی منداڵه‌کانی بێ‌سرنج‌دان به تانه‌وته‌شه‌ری ڕۆژانه‌ی ڕێبواران هه‌ر ساڵ نانی جێژنی حاجی له‌ک‌له‌کی دەگه‌ڵ دەخواردین و هیوای دەبه‌خشیه دڵی هه‌مووان یان پرسیار؟! نازانم...

ـ ئێمه منداڵ بووین و هه‌ڵدەپه‌ڕین و ئه‌ویش دەستی دەگرتین...

ـ ئێمه منداڵ بووین و هیچ بیرمان له هه‌ڵفڕینی له‌ک‌له‌ک نه‌دەکردەوە که هاتنه‌وەیان به ئاسمان‌دا چی به‌سه‌ر جێژن و هه‌ڵبه‌ز‌ ـ دابه‌زی ئێمه داوە؟!

ساڵ تێدەپه‌ڕی و ئێمه قه‌دمان کێشا و گه‌ورە بووین، هه‌ر ساڵ له شارەوە به‌رەو پیرۆز ڕاگرتنی جێژنی حاجی له‌ک‌له‌ک ڕێگامان دەگرته‌به‌ر و له ناو مینی‌بووسه‌ شڕەکه‌ی که‌ریمه چه‌ورە، ئه‌وان دەیگوت که‌ریمه‌چه‌وەرە، ناوێک بوو نه‌مانزانی بۆ به‌سه‌ری دابڕابوو؟! گوێمان دەسپاردە ئه‌و گۆرانییه؛

"فاتمه! دوو چاوی مه‌ستت پڕ ته‌لیسمی جوانییه

پڕ شه‌ڕابی خۆشه‌ویستی و ئارەقی یه‌زدانییه"

 وێکڕا دەگه‌ڵی دەمان‌گووته‌وە:

"گه‌رچی دڵداری له خاکی ئێمه‌دا ئه‌فسانه‌یه

هه‌ر به‌ته‌نیا بۆ کوڕی خاوەن ته‌لار و عانه‌یه

 

گیانه‌که‌م! ئه‌مما دڵی من له‌و دڵه شێتانه‌یه

بێ‌ئه‌وەی هیچ شک به‌رێ کوژراوی ئه‌و چاوانه‌یه"

 

فاتم که‌پۆبڕاویش له‌به‌ر خۆیه‌وە و له ژێر لۆی له‌چکه‌که‌ی دەیوته‌وە:

"داخه‌که‌م کاتێ که دێمه به‌ر دەمت واقی وڕم

وام ئه‌شێوێنێ به جۆرێ نایه‌ڵێ هیچ دەربڕم"

ساڵێک ڕێگای سه‌ختمان بڕی و چووینه‌وە، دایه‌ خه‌جه له‌به‌ر ته‌وژمی فرمێسکه‌کانی سه‌ر گۆنای نه‌ته‌نیا جێژنی حاجیلانی بۆ نه‌گرتین، باخچه‌که‌شی هه‌ر سه‌وزەڵان نه‌کرد و به جارێ شه‌خته‌ لێی دا، ژن و پیاو له کۆته‌ڵی ڕازانه‌وەی جه‌سته‌ی فاتم که‌پۆ‌بڕاو له ماته‌م‌دا بوون. ژیان هات و ڕابووارد، شه‌خته گه‌یشته شه‌ختان و مام‌ڕێوی کۆته‌ڵی بۆ ڕازایه‌وە...

شڕۆڤه: کۆته‌ڵی ڕازانه‌وەی تیکه‌تیکه‌کرانی جه‌سته له ژێر باڵی ڕەشی عه‌قڵانییه‌تی پیاوسالارانه‌ی زاڵ به‌سه‌ر عه‌قڵانییه‌تی مێژوودا، له‌وانه‌یه جاروبار له بن قه‌ڵاخ یان سه‌ربانی کادێن یان داڵان و سووچی ماڵێک سه‌ر هه‌ڵبداته‌وە، بڵێی کۆته‌ڵی ڕازانه‌وەی جه‌سته‌ی مام‌ڕێویش ببێت به چیرۆکی فاتم که‌پۆبڕاو و وانه‌ی ڕێوی فێڵه‌باز، یان دەسته‌واژەی دەردی گورگی مه‌ملیانت دەدەمێ!! که به‌پێی ڕەوەتی زەمه‌ن و سه‌ردەم ڕاببوورێ و له لاپه‌ڕەکانی مێژوودا بسڕدرێته‌وە و وانه‌یه‌ک له دڵی مرۆڤایه‌تی‌دا بنووسێته‌وە و بیکات به عه‌قڵانییه‌تی گشتی مرۆڤ که ویستی مرۆڤ‌دۆستی، ئاژەڵ‌دۆستی و بوونه‌و‌ەر خۆشه‌ویستی، هه‌ڕەت ببه‌ستێ به‌ گوتاری زاڵی ناعه‌قڵانییه‌تی په‌یڤینی پیاوسالاری و زەبری چه‌قۆ و ته‌قینه‌وە...

٭ په‌راوێز: ئه‌مڕۆ به‌دوای سه‌‌رهه‌ڵدانی ئه‌م کارە قێزەوەنه‌ی تاقمێکی دەسه‌ڵات‌خوازی ناعه‌قڵانییه‌تی په‌رەگرتووی مێژوو، که ڕیشه له تاریخ و مێژووی پاوان‌خوازی و دەسه‌ڵات‌خوازی دایه و پێویسته خه‌سارناسی و خوێندنه‌وە‌ی کۆمه‌ڵ‌‌ناسی و دەروون‌ناسانه‌ی بۆ بکرێ و به‌دڵنیایی‌یه‌وە ئه‌وە هیچ کات له ناخی تاکێکه‌وە و له خۆیه‌وە سه‌ری‌هه‌ڵنه‌داوە و ناشکرێ به‌ته‌نیا هێرشی ڕووخێنه‌رانه‌ی دروون‌بشێوی تاکی بۆ بکرێ. به‌ڵام ئه‌مڕۆ هێزی زاڵ له دەروونییه‌تی به‌رەی گه‌نجی تێگه‌یشتوو و پێگه‌یشتووی شه‌ختان و دەورووبه‌ر سه‌ر هه‌ڵدەدا و ئاڵای عه‌قڵانییه‌تی گه‌شه‌ی ڕۆشنبیری له ناو ئامێزی بوونه‌وەرخۆشه‌ویستی‌دا، به درووشمی پشتیوانی‌کردن و داشداری له ئاژەڵ و بوونەوەر بۆ به‌رەنگاربوونه‌وەی دژ به ناعه‌قڵانییه‌تی درێژەدری ئه‌م ڕەوته قێزەونه‌ی به میرات به‌جێماوی چه‌ند سه‌دەی ڕابردوو، پێش‌دەبه‌ستێ و به پشتیوانی کردن له مافی پاراستنی ئاژەڵان، درووشمێک دەکه‌ن به یاسای سه‌رهه‌ڵدانی وجوودییه‌تی شه‌ختان و مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی و دروون‌بێگه‌ردی مرۆڤ‌:

سه‌رهه‌ڵدانی ئاڵای مرۆڤایه‌تی نه ته‌نیا له سه‌ر شانی هێزی چه‌قۆ ناشه‌کێته‌وە به‌ڵکوو ئه‌رکی به‌رپرسیارییه‌تی دەخرێته سه‌ر شانی مرۆڤ به‌گشتی به هه‌ڵکرانی ئاڵای دەروون‌پاکی و خۆشه‌ویستی نواندن بۆ گشتییه‌ت نیشان بدا تیرۆری جه‌سته وخوێن‌ڕێژی و هێزی چه‌قۆ له سە‌ر کۆشی ناعه‌قڵانییه‌ت دەپووکێته‌وە...




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

دلنیا ۱۳۹۵/۱۰/۴
ده س خوش هه ر بژی
0
0
پاسخ به این اظهارنظر

واحد ۱۳۹۵/۱۰/۳
باشه مگر اسب جزء حیوانات نیست پس چرا این همه اسبا را می کشند کسی به انها چیزی نمی گه واقعا که
0
0
پاسخ به این اظهارنظر

آزاد ۱۳۹۵/۱۰/۲
دەست و چاوت خۆش بێ
بە هیوای ئەو رۆژە کە عەقلی چەق بەستوی پاوانخواز لە هەموو رووبەرەکەنی ژیانی مرۆڤایەتی نەمێنێ.
0
0
پاسخ به این اظهارنظر

مهاباد ۱۳۹۵/۱۰/۲
2
0
پاسخ به این اظهارنظر

سلام ولاهی وک مام ریوی هر دو گوی ببرنوه ۱۳۹۵/۱۰/۲
0
0
پاسخ به این اظهارنظر

سوارە رەحیمی ۱۳۹۵/۱۰/۲
دەس خۆش هەر بژی
0
0
پاسخ به این اظهارنظر

رشید احمدی آذر ۱۳۹۵/۱۰/۲
زور خوش بو

نظر خود را براي ما ارسال كنيد