تاريخ: ۱۳۹۹ پنج شنبه ۳ مهر ساعت ۹:۳۶ بازدید: 365      نظرات: 3      کد مطلب: 15253

شوانی کورد وەک یەکەمین ڕۆمانی کوردی؛(شرۆڤەی داڕشتی سۆرانی)

محەممەد ئەدیبی(نووسەر و وەرگێڕ)


«… ڕەوەند دەچنە هەردەبانی ئەلەگەزێ و لەوێ مەڕەکانیان تەڕ دەکەنەوە… لەوێ هەور و هەڵم بە تەختایی ئاسمانی شین و بێبڕانەوەدا دەنووسێن و چەشنی شەپۆلی زەریای کەفچڕێن، بە سەر یەکدا دەکەونەوە و تێک دەئاڵقێن… ئەلەگەز دەڵێی ئاڵایەکەو هەڵکراوەو بە بان دەشتە پڕ پیتەکەی ئێرەواندا دەشەکەێتەوە.” بڕگەیەک لە ڕۆمانی شوانی کورد.

لەنێو دەقە ئەدەبییەکاندا ژانڕی پەخشان وەک چیرۆک و ڕۆمان شوێنێکی تایبەتی و بەرچاویان هەیە. دیارە ئەم ژانڕە نوێباوە دوای سەرهەڵدانی شەپۆلی مۆدێرنیزاسیۆن بەملاوە سەری هەڵداوە؛ وەک باقی کەرەسە و تەکنەلۆژیای مۆدێرن ئەویش دەکەوێتە قەوارەی کەرتی هاوردە و لە لایەن ڕۆژئاوا و ئەوروپاوە بە خەڵات بۆ مرۆڤایەتی خوڵقاوە و هەموو چوار قوڕنەی ئەم گۆی زەوییەی گرتوەتەوە. 

هونەری چیرۆک و ڕۆمان وەک باقی لق و پۆپ و ژانڕە ئەدەبییەکانی دیکە زایەڵەی ڕووداو و ترپەی دڵی کۆمەڵگایەکی ئەکتیڤە. جا چ ڕووداوێکی تاڵ و سوێرتام بێ یان شیرین و خۆشباو. کار و ئەرکی هونەر بە گشتی و ئەدەبیات بە تایبەتی ئانالیزەی کرداری کۆمەڵگایە، زەقکردنەوە و دەست نیشانکردنی ڕەفتار و خسڵەتێکی تایبەتییە بۆ وریاکردنەوەی چینە جیاجیاکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. تاکوو ئازارێک، نالەباریەک یان دژەکردارێکی کۆمەڵایەتی بەرجەستە بکرێ و نەبێتە کەلێنی چینایەتی و ڕەهەندی چڵکنی نەخاتە داوێنی جەماوەری گەل و نەتەوەوە.

بە گشتی لە دەقە ئەدەبییەکاندا دوو جۆر و دوو شێوە نووسین لە ئارادایە:

 1. شێوە نووسینێکی ڕەوان و جەماوەری کە جیا لە لایەنی ڕووناکبیر زۆربەی زۆری خەڵکی ڕەشۆکیش ئۆگریەتی و دەتوانن بەشی خۆیانی لێ هەڵێنجێون و خۆیان و ژیانی کەسێتی خۆیانیانی تێدا بەدی بکەن. ئەم جۆری نووسین و ژانڕە ئەدەبییە لە چەمکێکی زمانەوانی و ئاخافتن و دیالۆگی کۆمەڵایەتی پێک هاتووە و لە بەستێنی چیرۆک و ڕۆمان و بە گشتی چەمکێکی چەند ڕەهەندی “گێڕانەوەیی”یە. پێناسەی ئەم نووسینە، ئاخافتن، دیالۆگی دوو لایەنە و چەند لایەنەی باوی چینە کۆمەڵایەتیەکان، شوناس و دەنگی کەسایەتییەکان، زایەڵەی ڕووداو و بە سەرهاتەکانە؛ واتا دینامیک بوونی ورد و درشتی کۆمەڵگا دەست نیشان دەکات. گەڕان و سەفەرنامە و بیۆگرافی و ئۆتۆبیۆگرافیش لە خۆ دەگرێ کە سەرجەم بەشێکن لەو پێکهاتەیەی وا باسی کرا.

ئەم شێوازە نووسینە لە باری زمانەوانییەوە لە وشە و گوڵ‌وشە، ڕستەی ڕەسەن و ڕیشەدار و ئەو ئیدیۆمانە کەڵک وەردەگرێ کە لەگەڵ کردار و ئیش و کاری سەرەکی و مێژوویی گەلدا تێکڵاون.

 2. بەشی دووهەم دەکەوێتە چوارچێوەی ئەو دەقە ئەدەبیانەی وا لەسەر قەوارەی وتار و شرۆڤەکاری و هەڵسەنگاندنی بابەتە ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و لێکۆڵینەوەکان دەئافرێندرێن. 

ئەم دەقانە زمانێکی تایبەتی دەوێ، واتا زمانێکی فەننی و داڕێژراوی زانستی و سەردەمیانەی گەرەکە. خوازەی ئەم نووسراوانە هەڵگری ئیدیۆم و وشەی داتاشراو و سەردەمیانەیە. بە واتایەکی ڕوونتر شوێنی ئەم دەقانە لە ئەساسدا مەکۆی خوێندنگاکان و زانکۆکانە کە بە گۆشە نیگای زانستیانە و سەردەمیانەوە خەریکی ئانالیز و هەڵسانگاندن و لێکۆڵینەوەیەکی بابەتیانە و مەیدانییە.  

لە بەشی یەکەمدا زمان مانا بە دەق دەبەخشێ چونکە وشە لە چیرۆک و ڕۆماندا کارەکتەرە و لە ڕێگای زمانەوە شوناسی نەتەوەیەک دەست نیشان دەکات. بەڵام لە دەقێکی هەڵسەنگاندن یان وتارێکی ئەدەبی/زانستی، کۆمەڵێک سیفەت بە پۆلێن‌کردن و پێناسەیەکی مەیدانی مانا و چەمکێکی گشتی دەخاتە ڕوو، ئالێرەدا چەمک و مانا شوناس بە دەق دەدات، واتا چەمک دەق پێناسە دەکات.

هەر بۆیە زۆرجار دەبیسین و دەڵێین فڵانە ڕۆمان یان کورتە چیرۆک یان فڵانە وەرگێڕان لە چاو ئەوانی دیکە سەرکەوتووترە. چونکە نووسەر لە بواری ڕێزمان و داڕێژەی ڕستەییەوە شارەزاتر و لێهاتووترە. بۆ نموونە ئەگەر بە قەوارە و زۆری و ئەستوورایی ڕۆمان بێ، دەبێ بەختیار عەلی لە ڕیزی یەکەمی ڕۆمان نووسیی کوردی دابنرێ بەڵام دەبینین شێرزاد حەسەن نێوێکی ناسراوتر و بە نووسەرێکی شارەزاتر دەناسرێ. بە قەولی دهاشم ئەحمەدزادەی لێکۆلەر، پێوەندی ڕۆمان و زمان یان چیرۆک و زمان ، پێوەندی بە ئەندێشە و بە بوونەوە هەیە؛ وەک ماسی بە ئاوەوە. یانی ماسی بە بێ ئاو هیچ بوون و مانایەکی نامێنێ و مردووە. بوون، یانی مێژووی زمانی، ڕەسەنایەتی و دێرینە بوونی زمان. سەرکەوتوو نوسەرێکە شارەزایەکی پتری بە سەر زمانی ڕەسەنەوە هەبێت.

بۆ نموونە لە ڕۆمانەکانی سەید قادری هیدایەتی بە تایبەت “گابۆڕ” و لە کورتە چیرۆکەکانی قادر عەلیخا وەک کۆمەڵە چیرۆکی”ئەو ڕووبارە بۆ وا دوورە” ڕۆڵی زمان و دەکارهێنانی بە جوانی هەست پێ دەکرێ. واتا وشە و ڕستە بوونەتە تانوپۆی یەکتری، خوێنەر بە ڕوونی هەست بە پێوەندی و تێک ‌هەڵکێشانیان دەکات، تەسویر و بێچمەکان بە باشی وێنا دەکرێن. کردار(فعل) زۆر جێ کەوتوو و بەرچاوە. چونکە کردار لە ڕستەدا لە چاو مابەقی بەشەکانی دیکە قورسایی و گرینگایەتییەکی زۆرتری لە ئەستۆیە. نووسەر بۆ ئەوەی سەرکەوتووبێ دەبێ زمانی زارەکی کۆمەڵگاکەی بە باشی بناسێ، ئەگەر زمانی زارەکی بە باشی ناسی، دیالۆگی پوختی لێ دەکەوێتەوە و لە ئاکامدا کارەکتەری بە جێی لێ دەخوڵقێت. نموونەی هەرە بەرچاوی کەڵکوەرگرتن لە زمانی زارەکی “هاوارە بەڕە“ی مامۆستا فەتاح ئەمیرییە. کاک فەتاح وەستایانە و شارەزایانە توانیویەتی زمانی زارەکی بکاتە زمانێکی نووسراوەیی. 

هەر کاتێک خوێنەر هەستی کرد لە ڕۆمان یان چیرۆکێکدا بێچم و شکڵی ڕووداوەکان وەک فیلمێک بە چاوی زەینیدا تێ دەپەڕێ، ئەوە یەکێ لە نیشانەکانی سەرکەوتوویی ئەو دەقەیە، هەر وەها ئەگەر خوێنەر لە بواری ئانتۆلۆژیکەوە توانی بوون و هەستی خۆی تێدا بەدی بکات و خۆی تیکڵاوی ڕووداوەکانی کرد ، ڕوونە لێهاتووی نووسەرەکەی دەگەیەنێ، جا فەرق ناکات ئەو بەرهەمە ڕۆمان بێ یان چیرۆک یان دەقێکی وەرگێڕدراو بێ.

زۆرجار وەختایەک دەقێکی وەرگێڕان دەخوێنیتەوە وەها گیرۆدەی دەبی هەست بە وەرگێڕان‌بوونی ناکەی مەگەر وەخۆ بێیتەوە، دەڵێی وەرگێڕ خودی نووسەرە. ئاخەر لە ئەساسدا وەرگێڕان خۆی ئیپیزۆدێکە لە پانۆڕامایەکی بەرینی پەخشان و ئەدەب.

ئێمەی کورد لەسەر ژانڕی وەرگێڕان دەست کەوتی گرینگی ئەدەبیمان زۆرە. هەموو دەزانین کاتێ چوارینەکانی خەیام دەخوێنینەوە قەتمان وەرگێڕانیش بە خەیاڵدا نایە چونکە مامۆستا هەژار بە وەرگێڕانە شاکارەکەی گەورەیی و سەنگینی بە چوارینەکانی خەیام بەخشیوە. لە ئەساسدا مامۆستا هەژار ئافراندوویەتەوە، وەرینەگێڕاوەتەوە. هەر لە وەرگێڕانی قورئانیشدا شاکارێکی ئەدەبی خوڵقاندوەو تابۆ و حەرامییەکی مێژووی شکاندووە کە ئەو خاڵە گرینگە خۆی هەڵگری باس و خواسێکی تایبەتییە.

 لە وەرگێڕانی ژانڕی ڕۆمانیشدا بەرهەمی باش و پڕ کاکڵمان بەرچاو دەکەوێت.یەکێ لەو بەرهەمە بە نرخ و سەنگینانە ڕۆمانی “شوانی کورد”ی عەڕەبی شەمۆیە(شامیلۆڤ). عەڕەبی شەمۆ کە کوردێکی ئیزەدییە و بە قەولێک لە دەست زۆرو زەبەندی مسوڵمانان پەڕیوەی ئەرمەنستان بوون و بە درێژایی ڕۆژگار ئەو شوێن و مەکانە دەبێتە مەڵبەند و مەنزڵیان. 

ئەم ڕۆمانە لە لایەن کاک «محەممەدی خزری ئەقەدەم»ەوە کراوەتە کوردی ناوەڕاست، وەک لە پێشەکی ڕۆمانەکەدا هاتووە، شوانی کورد پەڕتووکێکی کوردییە سەبارەت بە ژیان و گوزەرانی کوردانی قەفقاس و ئەرمنستان. ئەم بەرهەمە ژانڕێکی مێژوویی، کلتوورییە کە دەلالەت لە ژیان و گوزەرانی خێڵەکی و کۆچەری بوونی ئەو سەردەمی کوردان دەکات، بە گشتی تێم و مژاری ڕۆمانەکە چینایەتییە و بەرهەمی سەردەمانی ئاڵوگۆڕی نەرین و نەریتی کۆمەڵگایەکی فۆئۆدالیتە و ئاغا و ڕەعیەتییە و باندۆڕی سیاسەتی ئەو کاتانەی بە سەرەوەیە. شوانی کورد بەرهەمی ژیانی نووسەرە و نوستالۆژییەکی داڕێژراوەی ئەدەبی سەردەمانی شۆڕشی ئۆکتۆبری سۆڤییەتە. ئەم ڕۆمانە ساڵی1935 زاینی لە ئێرەوان چاپ و وەشانی بۆ کراوە و بە شاهێدی زۆر نووسەری کوردی و بیانی وەک یەکەمین ڕۆمانی کوردی دەناسرێت و بۆ سەر زۆر زمانی دیکەی دنیا وەرگێڕدراوە وەک: ئینگلیسی، فەڕەنسی، ڕووسی، ئەرمەنی، گورجی، ئازەری و تورکی، ئاڵمانی، عەڕەبی، فارسی. جێگای باسە بەڕێز عەڕەب شەمۆ زۆر ڕۆمانی بە نرخی دیکەی لە کەشکۆڵی ژیانیدا بە یادگار لێ ماوەتەوە وەک: بەربانگ( 1958). ژیانە بەختەوەری(1959). دم دم(1966). حۆپۆ(1969). 

جێی ئاماژەیە ئەم وەرگێڕانە لە ڕووی نوسخەی د.نورەدین زازاوە وەرگێڕدراوەتە سەر زاراوەی سۆرانی؛ چونکە سەرەتا دوکتور نورەدین زازا، نووسەر و سیاسەتڤان (1919 ـ 1989). لە فەڕانسەوییەوە کردویەتە کوردی ژووروو و لە لوبنان چاپی کردوە.

کاتێ ئانالیزی ڕۆمانەکە دەکەی بۆت دەردەکەوێ نووسەر جەخت لە نەتەوە و زمانی خۆی دەکا و شانازی بە کوردبوونی خۆی دەکات. چونکە هەموو بەها کۆمەڵایەتیەکانی کوردی ڕەچاو کردووە؛ ئاژەڵداری، کۆچەری بوون، داب و نەریت و هەڵسوکەوتی باوی ئەو سەردەم و زۆر خاڵی بەرچاوی دیکە. تەنانەت خاڵە نگەتیڤ و دیاردە ناشیرینەکانی کۆمەڵگاکەشی زەق کردوەتەوە و هەوێ ساری و شیربایی وەرگرتن وەک نەریتێکی ناحەز و باو دەخاتە بەر دیدەی خوێنەر. زۆر وەستایانە ناوی زۆر شوێن و مەکان و کێو و کوێستانەکانی ناوچە کوردنشینەکانی ئەرمەنیای کردوەتە نێو ئاخنی ڕۆمانەکەی. هەروەها ژێردەستەیی و چەوساوەییش وەک باقی بەشەکانی دیکەی کوردستان کاڵایەکی ڕەشی بەژن و باڵای کوردە کە عەڕەبی شەمۆ بە حەسرەتەوە لێی دەڕوانێ. ڕۆمان لەسەر شێوازی ڕیالیستی و ئۆتوبیۆگرافی‌ و بە زمانێکی خۆیی و پاک و ساکارەوە نووسراوە، عەڕەبی شەمۆ دیارە لە تکنیکەکانی ڕۆمان نووسین شارەزایی تەواوی هەبووە و کەسایەتی و ئیش‌ و کار و دیالۆگەکان هەموو دەرخەری ئەو ڕاستیەن. ئەوە نییە ماکسیم گورکی دەڵێ: “گەلی کورد بە زمانی نووسەری خۆی ، واتا عەڕەبی شەموو دەدوێ.”

وەرگێڕانی شوانی کورد بۆ سەر زاراوەی کوردیی سۆرانی بەرهەمێکی زۆر پوختە و بە زمانێکی خۆماڵیانە و تەواو کوردیەوە خۆی پێناسە دەکات. کاتێ ڕۆمانەکە ئەخوێنیەوە تەواو هەست بە ڕەوانی دەق و ڕاوێژێکی ڕەسەنی کوردی دەکەی. بە تایبەتی ئەگەر لە کرداری ڕستەکان دەڕوانی زۆر جێ کەوتوو و بە جێ و ڕێن و خوێنەر هەست بە لەنگی و شەلینی ڕستە ناکات، وشە دەڵێی داتاشراوە و و بە جوانی کەوتووەتە جێ و بانی خۆی، بۆ نموونە کاتێ سەردەمانی منداڵی دەگێڕێتەوە:

ــ « کە لەو کارانە دەبووینەوە، دەبووینە دارکەری سۆبان و دەیانناردینە ئاوردووان.»

 ــ « ترسێکی وامان لە سەرما و سۆڵە نەمابوو، چونکە زمێر و زخیرە و ئازاڵە و ئاوردوویەکی باشمان داخستبوو.»

 بە دوای ئەودا دەڵێ:

 « کەچی لە شەختەبەندانی پاییزدا، لەبەر خووزە و خوسار، باران و بۆران و گلێرەدا نەماندەوێرا سەر وەدەرنێین.» لاپەڕەی 40، 41.

ــ «جارناجارێکیش لە کڕێن و زوورکان قڕەی قەلان دەهاتە بەر گوێ.» لاپەڕەی187.

ــ «کۆدەوبەیار وەک نۆتەکەشەوانی زستان ترسێنەر بوون و کەدەر بە سەریانددا دەباری.» لاپەڕەی 188.

یەکی لە خاڵە پوزەتیڤ و باشەکانی ئەم وەرگێڕدراوە کەڵکوەرگرتن لەو وشە ڕەسەنانەیە کە ئەمڕۆکە زۆر بە کەمی لە دیالۆگ و ئاخافتنەکاندا کەڵکیان لێ وەردەگیردرێ. هەر ئەو وشە و ئیدیۆمانە کاڵای پڕ بە باڵای ئەو وەرگێڕدراوەیە چونکە لەگەڵ فەزای حاکم بە سەر ڕۆماندا تەواو ڕێک کەوتووە، فەزایەکی خێڵەکی و کۆچەری و عێلاتی و مەڕداری و گوندی بوون. چەند ئیدیۆمێک دێنمەوە: 

«لە کلکەی ڕەشەمەدا / ئاسمانی کەوە ڕەنگ / تەشی لەبەرڕستن / ئێختیارێکی ئالۆس /کۆدە و بەیار /زۆڵە زیرگن/ ئاو لە دەممان زابوو / ژیانی نە قڕ نە پڕی /هەوری ڕەشی ئاوسە باران/ ‌گەلەمپەڕی / تۆزیان لێ هەڵنەدەستا و…»

ئەوانە نموونەیەکی بچووکن و مشتێکن لە خەڵوارێک و گەنمی مالووسکەی خەرمانێکن کە هەر کامەیان مانا و ڕەنگ و بۆیەکی تایبەتی خۆیان هەیە.لەم دەقە وەرگێڕدراوەدا ڕوو و ڕۆڵی ڕاستەقینەی وشەو ئیدیۆمت بۆ دەردەکەوێ. بە جوانی هەست دەکەی ڕستەکان دەست کرد و ویشک نین، بەڵکوو ڕێکوپێکی و هاوتەریبی وشە و ڕستەت دێتە بەرچاو، هاوئاهەنگییەکی ڕاست و ڕەوان و لێزانی و شارەزایی کاک « محەممەدی خزری ئەقەدەم»ی پێوە دیارە.

وەرگێڕدراوی ڕۆمانی شوانی کورد فەرهەنگ و قامووسێکی پوختەو پڕ پیتە، هەر بۆیە وەرگێڕ لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا فەرهەنگۆکێکی باشی بۆ چێ کردووە. سەرنج بدەنە هێندێ لەو وشانە :

« گەلۆر: بێکارە، بەڕەڵا/ فەساڵ: شێوە قیافە / سەفان: زنجیرەکێو /ئاحێل: قەیرە / هێربار:دەفر،گۆزە / زبارە: هەرەوەز / هێس: ملکەچ /تاژانگ: قامچی/ ڕاسەر: دەست ڕۆیشتوو/ سەرسۆدەرە: قوڵە فیتنە، مایە فیتنە»

دیارە زۆرن ئەو دەق و بابەتانەی کە لە ڕەوانبێژی و گێڕانەوەییدا خوێنەر دەخەنە ژێر کاریگەری خۆیان و زەمان دەوەستێنن و وەک حەقایەت بێژێکی دیوەخانان دەمی دانیشتووانی مەجلیس دەکەنە تاقی چرا و بەرگ و پۆشاکێکی جوانی کوردی بە بەردا کراوە.

 بەو هیوایەی نموونەی وەک “شوانی کورد” زۆر و زۆرتر بێ و بەرهەمی باشتر و بە پێزتر لەو وەرگێڕە خۆشەویستە بێتە ئاراوە.

سەرچاوە: گۆڤاری مەهاباد/ ژ. 212/ لا.34-37



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

علی ۱۳۹۹/۷/۲۴
ماندونبی دوکتور خضری
0
0
پاسخ به این اظهارنظر

احمد ۱۳۹۹/۷/۳
هر بژی
0
0
پاسخ به این اظهارنظر

رسول ۱۳۹۹/۷/۳
ریزو سپاس
بو دکتر محمد خضری اقدم نوسر شاره کم مه ها باد


نظر خود را براي ما ارسال كنيد