تاريخ: ۱۳۹۹ دوشنبه ۱۶ تير ساعت ۱۱:۱۱ | بازدید: 2473 نظرات: 3 کد مطلب: 15024 |
بە پێی هەواڵی هاژه، زیاتر لە ١١ میلوێن و ٥٠٠ هەزار تووشبوو و ٥٤٠هەزار قوربانی، ئاکامی هێرشی دڕندانەی ڤایرۆسی کڕۆنا یان کۆڤید١٩یە بۆ سەر مرۆڤ. تا ئەمڕۆ نزییکەی ٢٤٠ هەزار کەس لە ئێران بەم ڤایرۆسەوە تووش بوون. پشکی پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران لەم هێرشه کەم نەبووە. لە پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوایی دۆخی سوور ڕاگەیەندراوە.
ڕۆژ لەگەڵ رۆژ ڕێژەی تووشبووان و قوربانیانی ئەم پەتایە ڕوو لە زیاد بوون دەکا و نەبوونی پێکوتە و دەرمانی کڕۆنا زیاتر خۆی وەبەر چاو دەخا.
ئانتۆنی فاوچی، بەڕیوبەری ڕێکخراوەی نەتەویی ئالێرژی و نەخۆشییە گەنیوەکانی ئامریکا لە دیمانەیەک لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەری ڕۆیتێرز دەڵێ: چەند نمونەی پێکوتەی کۆڤید١٩ لە تاقیکارییەکان سەرکەوتن و خۆشبینین کە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ بتوانین ٣٠٠ میلوێن دۆز لەم پێکوتەیە بەرهەم بێنین.
تەواوی ڕێکخراوە تەندرووستییەکان لە ئاستی جیهانی، بە کەڵک وەرگرتن لە نوێترین زانستەکان و ئەنجامدانی سەدان تاقیکاری جۆراوجۆر هێشتا نەیانتوانیوە ڕێگەچارەیەکی هەرچەند کاتی بۆ ئەم پەتایە بدۆزنەوە، بەڵام هەر هەموویان کۆکن لەسەر "خۆپاراستن"، "مەوداپارێزی کۆمەڵایەتی" و لێدانی "دەمامک" بۆ دوور کەوتنەوە لەم پەتایە.
لە ئێستا دا ئەنجام دانی تەنیا و تەنیا ئەم سێ خاڵەی سەروو، دەتوانێ بەدوورمان خا لە نەخۆشی، ئازارکێشان و لە کۆتاییشدا "مردن". بۆ مانەوە و بەردەوامبوون لەسەر هێڵی ژیان پێویستە تەواوی ڕێنماییە تەندرووستییەکان ڕەچاو بگرین و حەول بدەین تا چیتر سێبەری نگریسی "مەرگ" جیهانمان لێ تاریک نەکا.
|