(ئەو بابەتە لە سەردەمێکی ناخۆش و ناڕێکدا نووسراو و بڵاو بۆتەوە، لەو سەردەمەی دەستهەڵاتدارانی زۆربەی وڵاتانی جیهان، بە تێکڕایی تەمایان گرتووە، بۆ خۆلادان لە ئەرکی پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان، بۆ خۆ بواردن لە تەرخان کردنی بووجەی پێوەیست بۆ چینە دەست کورتەکان و لە کار دەرکراوەکان، بە داڕشتنی پڕۆژەی ناڕوونی "پاراستنی مەودای کۆمەڵایەتی" بارودۆخ و شێوەژیان بەروە ئاسایی بوون بەرنەوە و بەرپرسیارەتییەکە بخەنە ئەستۆی خەڵک، هەر وەک چۆن لە پاش ڕۆژانی سەرەتایی بڵاو بوونەوەی کڕۆنا، ئاگادارکردنەوەکانیان بە هەند وەرنەگرت و تەنانەت قایل بە کەم کردنەوەی کاتی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ "چین" و وڵاتە مەترسیدارەکان نەبوون و دواتر خەڵکیان بە هۆی لەناوماڵ نەمانەوە، بە تاوان بار ناساند. ئێستا باوەڕمان هێناوە تاوان بارەکان خۆمانین و مەردن و توشبوونی ڕۆژانەی دەیان و سەدان خزم و هاوشاری و هاووڵاتی لە ئاکامەکانی بێ ئەخلاقی و بێ چاند(کلتور)ی خۆمان بزانین و هەڵەکان باوێنە ئەستۆی یەکتر، جەنابی تڕا‌مپ و ژائیل بولسونارۆ و پوتین و ئەڕدوغان و ئەوانەی تریش بزە بخەنە سەر لێویان و بۆ پاراستنی مەودای کۆمەڵایەتی ئامۆژگاریمان بکەن. جا لەو دۆخە ناڕێکەدا بڵاو کردنەوەی بابەت لەمەڕ سینەما ڕەنگە پەسندی زۆر کەس نەبێ، بەڵام پتر لە سێ مانگە زۆربەی هۆڵەکانی سینەما لە جیهان داخراون، کڕۆنا هەموو شارەکانی جیهانی لەو دۆخە، هاورەنگ و هاوشێوەی زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان لێ کردووە. بۆ ئەوانەی چرای سینەمای شاریان هیچکات کوژانەوەی نەبوو، ئێستا شتێک کەمە و هیچ ئامێر و ئیمکانێکی تریش جێی ناگرێتەوە، ئەوان لەمێژ ساڵ بوو، لە هەستی ئێمەی ساڵیانێکی دوورە سینەمای شارەکانمان بەگڵ گیراوە تێنەدەگیشتن و ئێستا کڕۆنا تا ڕادەیەک تێیگەیاندوون نەبوونی سینەما بە واتای چییە، هەڵبە ڕەنگە ئێمە هیچکات لە هەستی ئەوانەی سینەما لە شاریان هیچکات داخرانی نییە تێنەگەین، چونکە وێدەچێ تەنانەت بۆ ماوەیەکی کاتیش دامەزراندنی سینەما لە شارەکانمان حەول و هەستێکی نەتەوەیی پێویستە نەک کردەوەیەکی فەرمی و ئیداری، لەبەرئەوەش سینەماکانمان جارێ بە داخراوی دەمێننەوە. ئەو بابەتە بۆمان ڕوون دەکاتەوە چۆن حەول و تێکۆشانە چاندییە دەگمەنەکانیش بە هۆی بەردەوام نەبوونیان تۆزی لەیاد چوونەوە دایپۆشیون و لەبەر چاومانی بزر کردوون، بۆیە نووسین و بڵاوکردنەوە و بەردەوامی چالاکییەکان تەنانەت لە دۆخی ناڕێکیشدا باشترە لە بێدەنگمان و وەستان.)
ڕۆژی ١٨ جۆزه‌ردانی ١٣٩٩ (٧_٦_٢٠٢٠)، له پۆستێكی كورتی كاناڵی تێلگرامی هاژه باسی ٦٩مین ساڵوەگەڕی دامه‌زرانی یه‌كه‌م هۆڵی سینه‌ما له مه‌هاباد كرابوو، هه‌ڵبه‌ت بێ ئه‌وه‌ی ئاما‌ژه به سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ڕووداوه مێژووییه بكرێ. ناساندنی تاقمێك ڕێكه‌وت، ڕووداو، بڵاوكراوه و دامه‌زراوه وه‌ك یه‌كه‌م و سه‌ره‌تایی لە بوارێک‌دا، بێ پشت به‌ستن به به‌ڵگه و كه‌نده‌وه‌كۆژی متمانه پێكراو، نه‌ك كارێكی نازانستی و ڕاكێشانی سرنجی گه‌له بۆ لای بابه‌تێكی ناڕاست، ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه ببێته به‌ڕبه‌ستێك بۆ هه‌نگاوی تۆیژه‌ران و لێكۆڵه‌ڕان. هه‌ڵبه‌ت دیاره مه‌به‌ستی هاژه ئاماژە بە ڕێكه‌وه‌ت و ڕوداوه كلتورییه به‌نرخ و گرینگه‌كانه و ئەو بابەتەش بێ بەڵگە و سه‌رچاوه بڵاو نەبۆتەوە و دامەزرانی سینەما لە مه‌هاباد، ساڵی ١٣٣٠هه(١٩٥١زا) ناڕاست نییە، بەڵام ناساندنی وەک یەکەم سینەمای مه‌هاباد، به‌په‌له و بێ توێژینه‌وه له ساڵانی به‌ر له‌و ڕێكه‌وته بووه.
هاتنی شتگه‌لی مۆدێڕن بۆ كوردستان وه‌ك سینه‌ما، ڕادیۆ، ماشێن، كاره‌با، ئامێره جۆراوجۆره‌كان و... له ماوه‌ی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو و پێشتریش، هه‌روه‌ها یه‌كه‌م ئه‌زموونه‌كانی ڕووبه‌ڕوو بوونی گه‌ل له‌گه‌ڵیان، له‌و ته‌وه‌رانه‌ن زۆر كه‌م كاریان له‌سه‌ر كراوه، ڕه‌نگه زۆرتر به پالپشتی بیره‌وه‌رییه‌كان باسیان لێ كرابێ و كه‌متر حه‌ول درابێ بۆ دۆزینه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی متمانه‌پێكراوه.
ساڵی ١٣٨٤هە (٢٠٠٥زا) هاوڕێی شیلان سه‌عدی فیلمی دۆكۆمێنتی "خەیاڵی ونبوو"مان له‌مەڕ سینه‌مای داخراوی مه‌هاباد چێكرد. له‌به‌شێكی فیلمه‌كه‌دا حه‌ولماندا باسێكی كورتی مێژووی سینه‌ما له مه‌هاباد بكه‌ین. به‌ڵگه‌و سه‌رچاوه له ساڵانی به‌ر له ١٣٤٠ سه‌باره‌ت به‌و مژاره، یه‌كجار كه‌م بوون، هه‌ر بۆیه سرنجماندا بیره‌وه‌رییه‌كان و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وتووێژمان له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان "مه‌ناف ئێران په‌نا" و "عوسمان ده‌باغچی موكری" وه‌ك دوو هونه‌رمه‌ندی مه‌هاباد کرد. زانیاری و بیره‌وه‌رێكانی ئەو بەڕێزانە، له كۆنترین سینه‌ماكانی مه‌هاباد ئاما‌ژه به حه‌وله‌كانی ده‌ساڵی مابه‌ینی ١٣٣٠ تا ١٣٤٠هه (١٩٥١ تا١٩٦١زا) بوو. ته‌نانه‌ت كاك عوسمان بیره‌وه‌ریه‌كی سرنجڕاكێشی ئەو سەردەمەی له بینایه‌كی هه‌ڵكه‌وتوو له شه‌قامی"زه‌ند" بۆمان گێڕاوه. ئه‌و بینایه شوێنی مانه‌وه‌ی تاقمێك كه‌سی بیانی بووه، هه‌ڵبه‌ت دیار نییه ئه‌و شوێنه كۆنسولگه‌ری، ئیداره و شوێنێكی فه‌رمی بووه یا ته‌نیا شوێنی پشوو و مانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه، ته‌نانه‌ت نازانین ئه‌و بیانیانه كێ و کوێنەیی بوون. به‌ڵام نیشته‌جێیانی ئه‌و بینایه شه‌وانه له ژووره‌وه په‌رده‌یه‌كی سپیان به په‌نجه‌ره‌یه‌ك هه‌ڵواسیوه و چرای پڕۆژۆكتۆرێكیان خستۆته سه‌ری و فیلمیان بینیوه، دیاره ئه‌و كه‌سانه‌ی له سه‌ر شه‌قام بوون، له پشت پەردەکەوە وێنه‌كانی فیلمه‌كه‌یان بینیه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌سێك له پشته‌وه‌ی په‌رده‌ی سینه‌ما وەستابێ، له‌و كاتانه‌دا خه‌ڵك كۆ بوونه‌وه و سه‌یری وينەکانیان كردووە.
ئێمه بەر لە کۆتا هاتنی کارەکانی فیلمەکە هیچ به‌ڵگه یا بیره‌وه‌ریه‌كی ترمان نه‌دۆزییه‌وه و نه‌بیست باس له بوونی سینه‌ما له مه‌هاباد به‌رله ساڵه‌كانی ١٣٠٠ی هه‌تاوی بكەن. دوو ساڵ پاش چێ بوونی فیلمه‌كه، بنكه‌ی ژین، له هەولێر به‌شێكی زۆری ژمارە‌كانی "ڕۆژنامه‌ی كوردستان"ی بڵاو كرده‌وه (٢٠٠٧زا). "ڕۆژنامه‌ی كوردستان" له‌سه‌رده‌می كۆماری كوردستان و ساڵانی ١٣٢٤ و ١٣٢٥ هه (١٩٤٦زا) له مه‌هاباد بڵاو بۆته‌وه. ڕۆژنامه‌كه زانیاری یه‌كجار به‌نرخی ده‌رباره‌ی ڕووداو، بۆچوون، لێكدانه‌وه و هه‌سته‌كان، هه‌روه‌ها بەرهەمی ئەدەبی و شێوه‌ژیانی خه‌ڵكی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی موكریان و... تێدایه و لیپاو لیپی ته‌وه‌ر و به‌ڵگه‌ی به نرخه بۆ تۆێژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه. پاش خوێندنه‌وه‌ی ژمارە‌كانی به‌رده‌ستی "ڕۆژنامه‌ی كوردستان" بۆمان ده‌ركه‌وت سینه‌ما به‌ر له ١٣٣٠یش له مه‌هاباد هه‌بووه. هه‌روه‌ها ئاگادار بووین له‌و سه‌رده‌مه دا حه‌ولێكی زۆر دراوه بۆ دامه‌زراندنی سینه‌ما، ڕادیۆ، كتێبخانه‌ی گشتی، قوتابخانه‌ی زمانی عێبری، فێرگەی زمانی ڕوسی و ... .
سه‌باره‌ت به دامه‌زرانی سینه‌ما له ژمارە‌كانی ١٢، ٦٢ و ٧٢ی ڕۆژنامه‌ی كوردستان دوو هه‌واڵ و بابه‌تێكی ئه‌ده‌بی بڵاو بۆته‌وه. له لاپه‌ڕه ٣ی ژمارە ١٢ (شه‌ممه، ٢٠ی ڕێبه‌ندانی ١٣٢٤/ ٩_٢_١٩٤٦) باسی ئه‌وه كراوه "جه‌عفه‌رئاغای كه‌ریمی" به فه‌رمی داوای مۆڵه‌تی دامه‌زراندنی هۆڵێكی سینه‌ما، به ناوی سینه‌ما كوردستان لە مەهاباد كردووه. وێڕای په‌سند كرانی داواكه‌ی و درانی مۆڵه‌تی ژومار ( ٩١ _ ١٤، ٢٤.١١ )، به هۆی ئه‌و پێشنیار و داواكارییه به‌نرخه، ڕێزیشی لێ گیراوه. پاشان ئاما‌ژه به ئه‌وه كراوه "حه‌سه‌ن ئه‌رجمه‌ندی" وه‌ك به‌ڕێوبه‌ر، ئەرکی چێ كردن و وه‌ڕێخستنی سینەمای پێدراوە. هه‌روه‌ها بینای قه‌پانی توتن له ئیداره‌ی توتن بۆ دامه‌زراندنی سینه‌ما لەبەرچاو گیراوە. "... یانه‌ی قه‌پانی توتن كیشان كه له اداره‌ی توتن دامه‌زراوه بو كانگای سینما هه‌لبژیردراوه..." (به‌شێك له ده‌قی هه‌واڵه‌كه).
چوارمانگ و چه‌ند ڕۆژ پاش هه‌واڵه‌كه‌ی ژمارە ١٢، له لاپەڕە ٤ی ژمارە‌ی ٦٢ی "ڕۆژنامه‌ی كوردستان" (٥ی پوشپه‌ڕی ١٣٢٥/ ٢٦_٦_١٩٤٦) هه‌واڵی دامه‌زرانی سینه‌ما كوردستان بڵاو بۆته‌وه. له هه‌واڵه‌كه‌دا ئاما‌ژه به‌وه كراوه وه‌ك پێشتر هه‌واڵی دامه‌زرانی سینه‌ما بڵاو بۆته‌وه، ئێستا سینه‌ما چێ بووه و نوێترین فیلمه‌كانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت نیشان ده‌درێن و گه‌ل بانگهێشت كراون بۆبینینی فیلمه‌كان و كه‌ڵك وه‌رگرتن له سینه‌ما.
هه‌ڵبه‌ت دیار نییه ئه‌و فیلمانه‌ی له "سینه‌ما كوردستان" نیشان دراون چی بوون و ناویان چی بووه و به داخه‌وه زانیاری پتر له ڕۆژنامه‌كه‌دا نییه. هه‌روه‌ها لێمان ڕوون نییه شوێنی دامه‌زرانی سینه‌ما هۆڵێكی داخراو، یا شوێنێكی سه‌رئاوه‌ڵه بووه و ته‌نیا له تاریكی شه‌ودا فیلمه‌كان نیشان دراون. له لاپه‌ڕه یەکی ژمارە ٧٢ی "ڕۆژنامه‌ی كوردستان" (سێ شه‌ممه، ٨ گه‌لاوێژی ١٣٢٥/ ٣٠_٧_١٩٤٦) بابه‌تێكی مامۆستا حه‌سه‌ن قزڵجی به ناوی "فیلمی عاسمان له سینه‌مای كوردستان” بڵاو بۆته‌وه، بابه‌ته‌كه له‌لایان ڕۆژنامه‌ی كوردستانه‌وه پێناسه‌ی ئه‌ده‌بی بۆ له‌به‌ر چاو گیراوه، ته‌نانه‌ت "سدیق ساڵح" یەک لە ئامادەکارانی کتێبی ژمارە‌كانی به‌رده‌ستی "ڕۆژنامه‌ی كوردستان"، ئه‌و بابه‌ته، وه‌ك سەرەتا چیرۆكی مامۆستا قزڵجی دەزانێ. ده‌سپێكی بابه‌ته‌كه باسی چاوه‌ڕوانی و خۆ سه‌ر قاڵ كردنی خه‌ڵكی سه‌رشه‌قام و ناوبازاڕه، تا گه‌یشتنی كاتی نیشاندانی فیلم و چوون بۆ سینه‌ما و بینینی فیلمی ئاسمان (عاسمان). پاش نیزیك بوونه‌وه‌ی ساته‌كه و دانیشتنی بینه‌ران له لۆژه‌كانی شار و دێهات (وێده‌چێ ئاما‌ژه به‌وه بێ شوێنی دانیشتنی چینه‌كان دیاری كرابێ)، كاتی نیشان دانی فیلمه‌كه ده‌گا. مامۆستا قزڵجی نووسیویه‌تی "چرای ڕۆژ كوژاوه و ده‌سكرا به نیشاندانی فیلم“. وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ی به تاوپه‌ڕو نیشان دانی فیلمه‌كه پاش داسه‌پانی تاریكی شه‌و كردبێ. ئەگەر وابووبێ “سینەما کوردستان” سەرگرتوو و لە شوێنی داخراو نەبووە. مامۆستا قزلجی له درێژه‌ی بابه‌ته‌كه به كوورتی دوو په‌رده (به‌ش)ی فیلمی ئاسمان ده‌گێڕێته‌وه. په‌ره‌ده‌ی یه‌ك بەناوی بوڵێڵە(بولیله)، بە ڕووناکییەکی کز ده‌ستپێده‌كا، نه ئه‌وه‌نده تاریك مرۆڤ هیچ نه‌بیینێ و نه ئه‌وه‌نده ڕوون بڵێی ڕۆژه، “... په‌رده‌ی سینما به جارێك شینایی دای گرتبو، ده‌ت گوت ته‌شتێكی زۆر زلت پڕ كردوه له خم، یا گومبەزێکەو بە هەش نەخشاوە، ڕەنگێکی عابی ساکار دیمەن و دیارەکەی داپۆشی بوو. هیچ جۆرە خاڵ و پەڵەییکی پێوە دیار نەبوو، بێدەنگیەک ئەو مەڵبەندەی داگرتبو. نە قریوەی خەڵک دەهات نە سریوەی با، وا خیاڵ دەکرا دنیا حیسابی ڕۆژانەی خۆی دەکا ...”، ئەو چەند دێڕە، جیا لەوەی توانا و هوونەری مامۆستا قزڵجی لە هەڵبژاردنی درووست و بەجێی ووشەکان بۆ گێڕانەوەی دیمەنەکانی فیلمێک نیشان دەدا، ئاماژە بەو خاڵە گرینگەیە باس له فیلمێكی ڕه‌نگیه نه‌ك ڕه‌ش و سپی. مامۆستا قزڵجی لە درێژەدا ڕای خۆی دەردەبڕێ، لای وایە په‌رده‌ی یه‌ك به‌ڕواڵه‌ت ساده بووه، به‌ڵام بۆ مرۆڤی به‌سرنج ده‌رسێكی گه‌وره و ئامۆژگاری له ناخ دا هه‌بووه، په‌رده‌كه به‌و دێڕه كۆتایی پێهاتووه “خۆشی له‌وانه‌ی وه‌ك ئه‌و باڵندانه‌ی ده تاریكاییشدا له فكری وڵاتی خۆیانداهه‌ن”
مامۆستا قزلجی په‌رده (بەش)ی دوو، به‌ناوی “شه‌و” جۆرێك گواستۆته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی باسی فیلمێكی كوردی بكا، واتا وێنه‌كانی فیلمێكی ئه‌پیكی (حه‌ماسی) كوردیمان بۆ بگێڕێته‌وه. ئەو بەشە به تاریكایی شه‌و ده‌ستپێداكا، پاشان ئه‌كته‌ره‌كان به ڕواڵه‌تی شه‌هیدانی ڕێی ئازادی دێن و ئه‌و ژن و منداڵه بێ گوناحانه‌ی قوربانی ئه‌و ڕێیه بوون، دەبووژێننەوە، وه جم و جۆڵیان ده‌خه‌ن و سرنجیان ده‌خه‌نه سه‌ر ئه‌و به‌شه ڕزگار كراوه‌ی وڵاته‌كه‌یان. درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌كه باس له بزوێنگه‌یه‌كی پڕ جموجۆڵ و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییه. كۆتایی فیلمه‌كه غه‌م و په‌ژاره و فرمێسك ڕشتنه بۆ ئه‌و به‌شانه‌ی ڕزگار نه‌بوون. بابه‌ته‌كه بە ورده‌كاریەكی نووسه‌رانه و زۆر بە هێز ته‌واو بووه، واتا خوێنه‌ر ئاگادار ده‌كرێته‌وه شوێنی ڕووداوه‌كان سینه‌ما بووه و بە کۆتایی فیلمەکە بابەتەکەش كۆتایی پێهاتووه. “... چرا هه‌ڵكراوه و خاوه‌نی سینه‌ما كوتی: فه‌رمون” هه‌ڵكرانی چرا له وێكچووی كلاسیك‌دا هێمای ده‌سپێك و سه‌ره‌تایه و كوژانه‌وه‌ی هێمای كۆتایی، ته‌نیا له هۆڵی سینه‌ما كۆژانه‌وه‌ی چراكان هێمای ده‌ستپێك و هه‌ڵبوونه‌وه‌یان هێمای كۆتاییه، مامۆستا قزڵجی زۆر هونه‌رمه‌ندانه له‌و تایبه‌تمه‌ندییه گه‌یشتووه و له بابەتەكەیدا كه‌ڵكی لێ وه‌رگرتووه. لێرەشدا بۆمان دەرناکەوێ چرای سینەمایەکی سەرئاوەڵە، پاش کۆتایی فیلمەکە لە تاریکی شەودا هەڵبووه، بۆ ئەوەی به‌ر پێی بینەران ڕوون بێته‌وه و ڕێی چوونەدەر بگرنە بەر، یا چرای هۆڵێکی سەرگرتوو پاش کۆتایی فیلمەکە هەڵبووە بۆ بەزاندنی تاریکی شوێنەکە.
هەروەها ڕوون نییه مامۆستا قزڵجی بیره‌وه‌ری چوونی بۆ "سینه‌ما كوردستان" گێڕاوه‌ته‌وه یا قه‌ڵه‌می داوه‌ته ده‌ست شاباڵی خه‌یاڵی و فڕاندوویه‌ته ئه‌وپه‌ڕی نه‌بینراوه‌كان؟ دیار نییه ئه‌وه‌ی ده‌یخاته به‌ر سرنج و نیگامان تاچه‌نده وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ تێگه‌یشتن له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هۆڵی “سینه‌ما كوردستان” و ڕوون بوونەی تارمایی بەر چاومان ڕۆڵگێڕە. ئه‌گه‌ر مامۆستا قزلجی ئه‌زموونێكی خۆییمان به زمانێكی ئه‌ده‌بی بۆ ده‌گێڕێته‌وه، بینه‌ری كام فیلم بووه؟ دێڕ‌ی كۆتایی په‌رده‌ی یه‌كی فیلمه‌كه‌یه، به چ زمانێك نووسراوه؟ بۆچی پەردەی دوو وەک فیلمێکی کوردی دەگێڕێتەوە؟ ئایا له سینه‌ما كوردستان شوێنی دانیشتنی چینه‌كان جیا کرابۆوه؟
من زۆرم حەولدا بزانم ئەو فیلمە دوو پەردەییەی مامۆستا قزڵجی باسی دەکا كام فیلم بووه، یا له چیرۆك و ناوه‌ڕۆكی كام فیلم نیزیكه، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەمتوانییوە فیلمێكی دۆكۆمێنت، فیكشێن یا كورت بە ناوی ئاسمان، بەرهەمی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵانی ١٩٤١ تا ١٩٤٦ (هەروەها بەر لەو ساڵانەش)، و ته‌نانه‌ت فیلمێك به ناوێكی تر به‌ڵام وه‌ها وێنه‌گه‌لێكی تێدا به‌دی بكرێ بدۆزمەوە. هیچ دوور نییە فیلمەکە، بە ڕوسی ناوێکی تری بووبێ و بە ناوی ئاسمان لە "سینەما کوردستان" نیشان درابێ، لەوانەشە ئەو ناوە چێکراوی خەیاڵی ناسکی مامۆستا قزڵجی بووبێ. زۆربەی فیلمەکانی ئەو سەردەمی سۆڤیەت سێ پەردە(بەش)ی بوون. وێ دەچێ پەردەی یەکەمی فیلمی ئاسمان (عاسمان)، کورتە فیلمێکی دۆکیۆمێنتی و تەنانەت پڕوپاگەندەیی بووبێ، بەتایبەت بەو ئاماژەیەی مامۆستا قزڵجی بە دێڕ‌ی کۆتایی ئەو په‌رده(بەشە)ی کردووە. ئیتر ئەگەر هەمووی بابەتەکەش هەڵقوڵاوی پێنووس و خه‌یاڵی مامۆستا قزڵجی بووبێ، هەموو ئەو پرسیار و ئەگەر و بە شوێن فیلمی ئاسماندا گەڕانە بێ سوودن.
دوو هه‌واڵه‌كه‌ی ژمارە‌كانی ١٢ و ٦٢ی ڕۆژنامه‌ی كوردستان بۆمان ده‌رده‌خه‌ن سینه‌ما ٥ ساڵ به‌ر له‌و بۆچوونه‌ی دامه‌زرانی سینه‌ما له مهاباد ده‌گه‌ڕێنێته‌وه ساڵای ١٣٣٠هه (١٩٥١زا)، له‌و شاره هه‌بووه. هه‌ڵبه‌ت هیچكام له‌و دوو هه‌واڵه ئاماژه‌یان به‌وه نه‌كردووه ئه‌و هۆڵه یه‌كه‌م سینه‌ما بووه له مه‌هاباد. هه‌ر بۆیه‌ش ناتوانین به دڵنیاییه‌وه بڵێین "سینه‌ما كوردستان" یه‌كه‌م سینه‌ما له مه‌هاباد یا یه‌كه‌م ئه‌زمونی فیلم بینین له‌و شاره بووه. ساڵی ١٣٢٥هە، واتا ۱۹۴۶زا، په‌نجا ساڵ به‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانی هونه‌ر_پیشه‌ی سینه‌ما تێپه‌ڕببو و به هه‌موو جیهاندا بڵاو ببۆ‌وه. له ئێرانی سه‌رده‌می قاجاره‌كان، سینه‌ما زۆر خێرا (١٩٠٥ز_ ١٢٧٤ه) و ٩ ساڵ پاش یه‌كه‌م نیشاندانی لۆمیه‌ره‌كان و ئالیس گای بلاش له پاریس (١٨٩٥زا_ ١٢٧٤هه) دامه‌زرا. دیاره یه‌كه‌م هۆڵه‌كان له تاران بوون، به‌ڵام ڕووسه‌كان و بریتانیاییه‌كان بۆ په‌ره‌پێدانی بیر و باوه‌ڕه‌كانیان به‌رده‌وام كه‌ڵكیان له سینه‌ما وه‌رگرتووه و سینه‌مای ڕاگوێزه‌ر (سیار) وه‌ك یه‌كێك له ئامێره‌كانی پروپاگه‌ندا لەو وڵاتانەی هێزەکانیانی لێ بووە كه‌ڵكی لێ وه‌رگیراوه. سینه‌مای ڕاگۆێزه‌ر بریتی بووه له پرۆژۆكتۆرێكی بچووك، یەک یا دوو بڵینگۆ، په‌رده‌یه‌كی سپی و ئامێری كاره‌بایی ڕاگوێزه‌ر. نیشان دانی فیلم له‌و شێوازه‌دا له ده‌ره‌وه یا شوێنێكی داخراو، ته‌نیا له كاتی تاریكی شه‌ودا ئیمكانی هه‌بووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕووناكی نزمی پڕۆژۆكتۆڕه‌كانی ئه‌وسه‌رده‌مه له ڕووناكایی ڕۆژدا توانای ڕووناك كردنی په‌رده‌ی سینه‌مایان نه‌بووه. ژووری داخراویش، کەوا بە مەبەستی دامەزراندنی سینەما ئامادە نەبووبێ، به هۆی نه‌بوونی كه‌ره‌سی ئاڵوگۆڕ كردنی هه‌وا و هه‌ررواها داخستن و گرتنی په‌نجه‌ره و ده‌رگاكان بۆ به‌رگری له هاتنه ژووری ڕووناكایی ده‌ره‌وه نه‌ده‌كرا كه‌ڵكی لێ وه‌ربگیرێ. سینه‌مای ڕاگوێزه‌ر زۆر گورج له هەموو شوێنێك بۆ نیشاندانی یه‌ك، دوو جاره‌ی فیلمێك وه‌ڕێخراوه و خێراش كۆكراوه‌ته‌وه. ده‌بێ ئاما‌ژه به ئه‌وه‌ش بكه‌م زۆربه‌ی سینه‌ماكانی دامه‌زراو له ئێران و كوردستانیش سه‌ره‌تا له شوێنی ئاوه‌ڵه و ده‌ره‌وه بوون و تەنیا شەوانی هاوین فیلمیان نیشان داوە. جیاوازی سینه‌مای ڕاگوێزه‌ر له‌گه‌ل سینه‌مای ئاوه‌ڵه ئه‌وه بووه سینه‌مای ڕاگوێزه‌ر كاتی بووه و هه‌روها ناو و شوێنی تایبه‌تی نه‌بووه و له پانتاییه‌كی شار و ئاواییه‌كان داده‌مه‌زرا و تەنیا فیلمی هه‌واڵ و پڕوپاگه‌ندا و كورتیان به‌لاش و بێ وه‌رگرتنی پاره نیشان ده‌دا. به‌ڵام سینه‌مای ئاوه‌ڵه به‌رده‌وام بووه، له‌لایان خه‌ڵكه‌وه به سینه‌ما ده‌ناسرا، ناوی بووه و تایبەت بووە بە نیشان دانی فیلمه سینه‌ماییه‌كان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی بڵیتیان دەکڕی، واتا بەلاش نەبووە. له شاره‌كانی تری ڕۆژهه‌ڵات، یه‌كه‌م ئه‌زمونی سینه‌ما له كرماشان ١٣١٠هه(١٩٣١زا) سینەمای ئاوەڵە (سینه‌ما فروهه‌ر) و له سنه ١٣٢٠(١٩٤١) سینه‌مای ڕاگوێزه‌ر بووه.
ڕووسه‌كان له چه‌ند قۆناغی میژوویی ناوچه‌ی موكریان بوون و ڕۆڵیان بووه. له ڕاستیدا لە پاش پەیمان نامەی سانپێتێرزبورگ (١٢٨٦هە/١٩٠٧زا) و دابەش کرانی ئێران لە مابەینی ئێمڕاتۆریه‌كانی ڕوسیا و بریتانیاوه، هێزەکانی ڕوس ڕژاونە باکوری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەسەردەمی شەڕی یەکی جیهانی تا نیزیک کرماشنیان داگیر کردوە و هۆکاری کارەساتی وەک ژینۆسایدی خەڵکی مەهابادیش (١٢٩٥هە/ ١٩١٦زا) بوون. پاش ئاڵوگۆڕی دەستهەڵات لە ڕوسیا و پێکهاتنی یەکێتی سۆڤیەت و شەڕی دووی جیهانی دیسان مێژوو دووپات بۆوە، ئێران لەلایان دوو زل هێزی یەکێتی سۆفیەت و بریتانیا دابەش کراوە، باکور بۆ ڕوسەکان و باشور بۆ بریتانیاییەکان تەرخان کرا. به پشت به‌ستن به به‌ڵگه مێژووییه‌كان له‌و ڕاستییه‌ش ئاگادارین به‌رده‌وام ئەو دوو زل هێزە كه‌ڵكیان له سینه‌مای ڕاگوێزه‌ر وه‌رگرتووه و پڕوپاگەندایان بۆ پەرەپێدانی بیر و ڕای خۆیان کردووە. مەبەستی ڕووسەکان لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەت زۆرتر هاندانی گەلانی ئێران بۆ سەربەخۆیی لە چەشنی کۆمارەکانی ژێردەستهەڵاتی سۆڤیەت، بە نیشان دانی فیلمی ژیاننامەی ڕێبەرانیان وه‌ك لێنین و ئێستالین، شەڕەکانی زاڵ بوونی ڕوسەکان بەسەر ئه‌رته‌شی نازیی ئاڵمان و ئاشناکرندی بینەران لەگەڵ ژیان و بارودۆخی گەلانی کۆمارەکانی ژێر دەستهەڵاتی سۆڤییەت بووە. ئامانجی بریتانییەکان زۆرتر سڕینەوەی ئەو بیر و باوەڕە بووە، وا ئاڵمانییەکان و هێزەکانی دژە بریتانیایی لە ناو گەلانی ئێران‌دا پڕوپاگەندایان بۆ کردبوو. ناوچەی موکریان، تەڕگەوەڕ و مەرگەوەڕ وەک بەشێکی ناوچەکانی باکوری ئێران پاش شەڕی دووی جیهانیش شوێنی جم و جۆڵ و دەستهەڵاتی ڕوسەکان بووە و ته‌نانه‌ت هێزەکانیان تا نیزیک سنە ڕۆیشتوون. لە باشوری کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش هێزەکانی بریتانیا و ئەمریکا کرماشانیان داگیر کردبوو. زۆر بەڵگە و بیرەوەری باس، لە بەکارهێنانی سینەمای ڕاگوێزەر لە شار و ئاواییەکانی گیلان، مازەندەران، خۆراسان و ئازربایجانی ئێران لەلایان هێزەکانی یەکێتی سۆڤیەت و هەروەها لە خوزستان، بوشێهر، کرمان و بەلوچستان لە لایان هێزەکانی بریتانیا دەکەن.
ئەو فیلمانەی ڕوسەکان بە سینەمای ڕاگويزەر نیشانیان داوە تەنیا ئەو فیلمانە نەبوون وا لە وڵاتەکەی خۆیان بەرهەم هاتبێ. وێنەگرەکانی ئازەربایجانی سۆڤەیەت و ڕوس لە زۆر ڕوداو و شوينی وەک گیلان، ئازەربایجان و کوردستان فیلمیان تۆمار کردووە. ئەو فیلمە تۆمار کراوانە له‌زۆر شوێنی ئەو مەڵبەندانی باس کران و هەروەها لەسەردەمی کۆماری ئازەربایجانیش لە شار و ئاواییەکانی ئازەربایجان نیشاندراون. هەروەها بەشێکی ئەو وێنانەش پاش نەمانی هەردوو کۆماری ئازەربایجان و کوردستان لە فیلمی دۆکۆمێنتی "لەودیوی ئەرەس" (١٣٢٦هە/ ١٩٤٧زا) بەرهەمی "ئەسفیر شوب" (١٨٩٤تا ۱۹٥۹)، یەکەم ژنی به‌دیهێنه‌ری (ده‌رهێنه‌ر) سینه‌ما لە یەکێتی سۆفیەت بەکار هێنراون، ئەو دۆکۆمێنتە باس لە ئازەربایجانی سەردەمی پیشەوەری و لە بەشێکی کورتیشدا کۆماری کوردستان دەکا.
تا ئێستا به‌ڵگه‌و بیره‌وه‌رییه‌ك بڵاو نه‌بۆته‌وه _ یا ڕه‌نگه من نه‌مخوێندبێتەوە و نه‌مبینیبێ_ ئاماژه‌یان به‌وه كردبێ له مه‌هاباد یا شار و ئاواییه‌كانی تری موكریان و به‌گشتی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ر له ساڵه‌كانی ١٣٣٠ هه‌تاوی به‌كه‌ڵك وه‌رگرتن له سینه‌مای ڕاگوێزه‌ر له‌لایان ڕوسه‌كان یا بریتانیاییەکان فیلم بۆ خه‌ڵك نیشان درابێ، هەروەها ئەو وێنانەی ڕوسەکان لە شوێن و ڕوداوەکانی ئەو سەردەمی کوردستان تۆماریان کردووە، بۆ خەڵکی شار و ئاواییەکان كوردستان نیشاندرابێ، ئەگەرچی بەڵگەکان نیشاندەری ئەو ڕاستییەن لەو شوێنانەی پێشتر ئاماژەیان پێکرا، لەشار و ئاواییەکان ئەو فیلمانە لەلایان ڕووسەکان نیشاندراون و دوور نییە لە شار و ئاواییەکانی کوردستانیش هەر ئەو هەڵوێستەیان بووبێ بەڵام بەڵگەکان لەمەڕ ئەو ڕاستییە بڵاو نەکرابێتەوە وهەروەها لە بیرەوەرییەکانی ئەو کەسانەی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەیان گێڕاوەتەوە باس لەو مژارە نەکرابێ.
سینه‌مای ڕاگوێزه‌ر له پاش ١٣٣٠هه(١٩٥١زا) ته‌نانه‌ت له‌لایان ده‌ستهه‌ڵاتی په‌هله‌وه‌ی و به هاوكاری ئامریكاییه‌كان، به مه‌به‌ستی فێركاری یاسا و زانسته‌كانی هاتوچۆ، سڵامه‌تی، وه‌ڕزێڕی، ئاژه‌ڵداری و ... له شار و گونده‌كان كه‌ڵكی لێ وه‌رگیراوه. هه‌روه‌ها، تا ئێستا ڕوون نه‌بۆته‌وه له ساڵانی به‌ر له ١٣١٠هه (١٩٣١زا) له كرماشان و به‌ر له ١٣٢٠هه(١٩٤١زا) له مه‌هاباد، سنه یا شاره‌كانی تری ڕۆژهه‌ڵات سینه‌مای به‌رده‌وام هه‌بووه یا نا؟
به پشت به‌ستن به‌و به‌ڵگانه‌ی تا ئێستا كه‌وتوونه به‌ر ده‌ست، “سینه‌ما كوردستان”ی مه‌هاباد (١٣٢٥هه/ ١٩٤٦زا) یه‌كێكه له یه‌كه‌م سینه‌ماكانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان. هه‌ڵبه‌ت وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌م پێكرد پێویسته لێكۆڵینه‌وه و كه‌نده‌وه‌كۆژی پتر و وردتر بكرێ و ناتوانین ئه‌و سینه‌مایه به دڵنیاییه‌وه، وه‌ك یه‌كه‌م سینه‌مای مه‌هاباد بناسێنین. تا به‌ر له چاپدرانه‌وه دووباره‌ی ”ڕۆژنامه‌ی كوردستان” له‌لایان بنكه‌ی ژین (١٣٨٦هه\ ٢٠٠٧زا)، به‌داخه‌وه كه‌س له یادی نه‌مابوو له سه‌رده‌می كۆمار و ساڵی ١٣٢٥هه (١٩٤٦زا) سینه‌ما له مه‌هاباد دامه‌زرابوو، هه‌ر بۆیه به یه‌كه‌م زانینی زۆر ڕووداو، دامه‌زراوه، بڵاوکراوە و ... كارێكی حه‌سته‌مه و ده‌بێ به پشت به‌ستن به به‌ڵگه‌ی متمانه پێكراو و به دڵنیاییه‌كی زانستییه‌وه ئاماژه‌ی پێ بكرێ. به‌ڵام خا‌ڵی گرینگی ئه‌و زانیاریانه‌ی بۆمانی ڕوون ده‌كەنەوە ساڵی ١٣٢٥هه(١٩٤٦زا) له مه‌هاباد سینه‌ما دامه‌زراوه، ئه‌زموونی فیلم بینینی گه‌له. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وه‌ك له هه‌واڵه‌كه‌ی ژمارە ٦٢ی “ڕۆژنامه‌ی كوردستان” ئاماژه‌ی پێكراوه، ته‌نیا فیلمه‌كانی به‌رهه‌می یه‌كێتی سۆڤیه‌ت په‌رده‌ی “سینه‌ما كوردستان”یان لەبەر چاوانی بینه‌ران خه‌مڵاندبێ، نابێ له‌یادی بكه‌ین له‌وساڵانه‌دا، كه‌سانی وه‌ك ئایزنشتاین، ژیگاوێرتۆف، ئه‌لێكساندر داوژێنكۆ، لێڤ كولشۆڤ و ...، له كۆماره‌كانی سه‌ر به یه‌كێتی سۆڤیه‌ت به‌دیهێنه‌ری فیلمگه‌لی وه‌ك “ئیوانی ترسناك”، “ئه‌لكساندر نۆفسكی”، “مامۆستا كارتاشووا”، “خوێن بۆ خوێن، مه‌رگ بۆ مه‌رگ” ، “زه‌وی” و ... بوون. نیشاندرانی هه‌ركام له‌و فیلمانه له "سینه‌ما كوردستان" و بینینیان له لایان خه‌ڵكی ئه‌وسه‌رده‌مەوە ئه‌زمونێكی چاندی به‌نرخ بووه و ئەگەر نەپچڕابا کاریگەرییە به‌نرخ و قوڵەکانی پاش چه‌ند ساڵ ده‌رده‌كه‌وت.
دیاره پێویست به‌حه‌ول و لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌رده‌وامه بۆ ئه‌وه‌ی زانیاری زۆرتر له هه‌ڵسوكه‌وتی كلتوری گه‌له‌كه‌مان له‌و ساته كورت و ده‌گمه‌نانی ده‌رفه‌تی چالاكی سه‌ربه‌خۆ ڕه‌خساوه، پتر و پته‌وتر بێ، چونكه ئه‌و ڕاستییه‌مان ده‌خه‌نه به‌رچاو، هاوكات له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، چالاكی چاندی و هونه‌ری په‌ره‌ی سه‌ندووه و ده‌رفه‌ت ڕه‌خساوه بۆ ئه‌زمون و تاقیكاری به‌نرخی هونەرمەندان و چالاكڤانان و خوڵقانی به‌رهه‌می كاریگه‌ر و هه‌رمان، هه‌روه‌ها تێکۆشان بۆ وه‌دیهێنانی خه‌ون و ئاواته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، ئه‌و حه‌ول و تێكۆشانانه‌ی له سه‌رده‌مه‌كانی تر _وه‌ك ئێستا_ به‌دی ناكرێن و دەبنە هۆكاری كه‌م و لاواز بوونی چالاكی به‌نرخ و نزم بوونی هەڵسوکەوتی چاندی و هونەری گەل.
سەرچاوەکان
سینەما کوردستان (٢٠/١٢/١٣٢٤) کوردستان، ژومارە ١٢، لاپەڕە ٣
سینەما کوردستان (٥/٤/١٣٢٥) کوردستان، ژومارە ٦٢، لاپەڕە ٤
فیلمی عاسمان لە سینەما کوردستان (٨/٧/١٣٢٥) کوردستان، ژومارە ٧٢، لاپەڕەکانی ١و ٣
امید، جمال. (١٣٩٦). تاریخ سینمای ایران ١٣٥٧_١٢٧٩، تهران، روزنە
فدایی، مجید. (١٣٩٧).بررسی رویکردهای استعماری شوروی و انگلیس در ایران از رهگذر سینمای سیار. دوفصلنامه دین و سیاست فرهنگی، سال پنجم، شمارە ١١
برومند سرخابی، هدایت الله. (۱۳۸۸)، در جستجوی هویت شه‌ری كرمانشاه، تهران، مركز مطالعاتی و تحقیقاتی شهرسازی و معماری