تاريخ: ۱۳۹۹ پنج شنبه ۲۲ خرداد ساعت ۱۶:۵۳ بازدید: 3337      نظرات: 1      کد مطلب: 14931

پەروەردە و پێشکەوتنی کەلتوور‌


پەیوەندی نێوان پێشکەوتن لەگەل خۆش بژێوی، ئاسایش، تەندروستی، ڕازی بوون لە ژیان و هەست بە خۆشبەختی کردن بۆ هەمووکەس ڕوون و ئاشکرایە، بەڵام با بزانین دامەزراوەکانی کۆمەڵگاو یەک لەوان سیستەمی پەروەردە چ دەورو نەقشێکیان لە پێشکەوتن و گەشەی ژیانی مرۆییدا هەیە.
گەشە و پێشکەوتن لە ڕوانگەی زانایانی بواری ئابووری و جڤاکییەوە بەمانای بردنەسەرەوەی ئاستی ژیانی تەواوی کۆمەڵگایە بەرەو ژیانێکی باشترو مرۆیی تر. ئەم کارەش ڕەوتێکی تۆکمەو بەردەوامە بەئامانجی زیادکردنی تواناییە مرۆییەکان بۆ ئەوەی وەڵامی داخوازییە پەسەندو پێناسەکراوەکانی کۆمەڵگای مرۆیی بدرێتەوە.
بەئەنجام گەیاندنی ئەم ڕەوتە، پێویستی بە کۆششێکی  بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی گرفتەکانی کۆمەڵگا کەم بکرێتەوە یان چارەسەر بکرێن. لەئەنجامی چارەسەرکردنی گرفتەکان و پێشکەوتنی کۆمەڵگا، هەم گۆڕانی ڕیشەیی لە پێکهاتەی دامەزراوەکان و کاریگەرییاندا دروست دەبیت و هەم ڕوانگە گشتییەکانی خەڵکیش بەرامبەر بەژیان گۆڕانی بەسەردا دێت.
ڕاوێژکارانی یونێسکۆ پێیان وایە، گەشە و پێشکەوتن پرۆسەیەکی ئامانجدارە کە بە هۆی مرۆڤەوە دەسپێدەکا و ئامانجەکەیشی باشترکردنی هەلومەرجی ژیانی تەواوی ئەو کەسانەیە کە لەو کۆمەڵگایەدا دەژیت. واتا فەراهەم کردنی هەلومەرجێک کەلەودا تەواوی ئەندامانی کۆمەڵگا بتوانن پێداویستییەکانیان دابین بکەن و پەرە بەتواناییەکانی خۆیان بدەن.
پێشتر لە ناو خاوەن رایاندا وابیر دەکرایەوە کە پیشکەوتنی کۆمەڵگای مرۆیی بەندە بە گەشەی ئابوورییەوە، بەڵام دواتر بۆیان ڕوون بووەوە کە لە کەنار گەشەی ئابووریدا، کۆمەڵگا پیویستی بە شتی دیکەش هەیە، وەک دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتەکان، گەشەو دەرکەوتنی تواناییە جۆراوجۆرەکان و کەسایەتی مرۆڤ، تەندروستی، هاتنەدی یەکسانی کۆمەڵایەتی و ئازادی و بەگشتی بەدی هاتنی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و مرۆیی. چوون ئەگەر کۆمەڵگایەک، هەموو ڕەهەندەکانی پێشکەوتن بکاتە کەرەستەیەک بۆ خزمەتکردن و بەدی هاتنی ئەم بەهایانە، بە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو دادەنرێت.
ئاشکرایە کە لە هەموو کۆمەڵگایەکدا ڕەهەند و بوارەکانی پیشکەوتن پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، بەلام هەرگیز بەهای بەبنەما دانان و بار و برەوی ئەو ڕەهەندانە وەک یەک نیە، پێشکەوتن لەبوارەکانی ئابووری، سیاسی و جڤاکی ژیانی هەر کۆمەڵگایەکدا بەندە بە کەلتووری ئەو کۆمەڵگایەوە و تا کاتێک کەلتووری کۆمەڵگایەک خۆی لەسەر پێشڤەچوون ساق نەکاتەوەو بەپێشکەوتن ڕازی نەبێت، ئەو کۆمەڵگایە پێش ناکەوێت. واتە پێشکەوتنی کەلتووری بنەمایە بۆ بوارەکانی دیکەی پێشکەوتن. بەڵام کەلتووری کۆمەڵگا چۆن بە پێشکەوتن ڕازی دەبێت؟ دەزانین کە مرۆڤ بڕبڕەی پشتی پێشکەوتنەو هەرکات بەرژەوەندی و بەهاکانی مرۆڤ لەبەرچاوگیراو پارێزرا، باوەڕی تاکەکانی کۆمەڵگا بەئاراستەی مەبەستەکان دەگۆڕێن و ڕازی بوون و حەزیان، لە ڕێگای بایەخ و باوەڕەکانیانەوە دروست دەبێت و بەمجۆرە کەلتووری کۆمەڵگا دەتوانێت بەکاریگەری لەسەر باوەڕی مرۆڤەکان، ڕادەی حەزو ئۆگری ئەوان بە پێشکەوتن کەم یان زیاد بکات.
کەلتوور چیە؟
یونێسکۆ پێی وایە؛ کەلتوور کۆمەڵێک تایبەتمەندی ماددی و مەعنەوی و هەستی و هزری کۆمەڵگایە کە هونەر، ئەدەب، شێوازی ژیان، بەهاو باوەڕ و نەریتەکان و... هتد لە خۆ دەگرێت.
ئەم کۆمەڵە بەها و باوەڕ و میراتە کۆمەڵایەتیانەی کە لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگادا هاوبەشە، لە ڕێگای فێربوونەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە. چوون کەلتوور شتێکی زاتی نیە کە مرۆڤ لە دایک بوونیەوە دەستی بکەوێت، بەڵکو لە ڕێگای خێزان، هاوڕێیان، سیستەمی پەروەردە، کۆمەڵگا، ڕاگەیەنەکان و... هتد دەگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤ و ئەویش فێری دەبێت و پاش ڕەنگدانەوەی لە بیر و کردەیدا وەک بەهایەک دەیپارێزێ و پەرەی پێدەدا و لەم ڕێگایەوە کۆمەڵگا دەکاتە بەستێنی ژیان و پێشکەوتنی خۆی و ئەنجامی پیشکەوتنی تاکەکانی کۆمەڵگاش، پێشکەوتنی کۆمەڵگای لێدەکەوێتەوە.
جۆرەکانی کەلتوور
دەکرێت کەلتوور بۆ دوو جۆری ماددی و مەعنەوەی دابەش بکرێت. کەلتووری ماددی بە کۆی ئەو دیاردانەی دەوترێت کە تێبینی دەکرێ و بە هۆی ئەندامانی پێشتری کۆمەڵگاوە بەرهەم هاتوون و وەک میرات گوازراوەتەوە بۆ نەوەکانی دواتر. واتە بریتییە لە تەواوی دەسکەوتە ماددی و تەکنەلۆجیاکانی وەک کەرەستەکانی کشت‌وکاڵ، ئیش و پیشەسازی، تەندروستی و پەیوەندی و بەگشتی تەواوی ئەو شتانەی کە مرۆڤ بۆ ژیانی بەکاری دێنێت. کەلتووری مەعنەویش بەو بابەتانەی دەوترێت کە ڕەهەندی ''چۆنیەتی''یان هەیە و بە پێچەوانەی کەلتووری ماددی، بە پێوەرێکی دیاری کراو ناپێورێت. وەک داب ونەریت، باوەڕ، ئەخلاق، بەرهەمی ئەدەبی و هزری وهونەری و زانستی و... هتد کە لە ڕاستیدا شوناسی کەلتووری کۆمەڵگاش لەمانە پیکدێت.
لەنێوان بەشی ماددی و مەعنەوی کەلتووردا پەیوەندییەکی دوو لایەنە هەیەو گۆڕانی یەکیان دەبێتە هۆی گۆڕانی ئەوی تر. کۆمەڵناسی ئەمریکی ''ئاگ بێرن'' باوەڕی وایە گۆڕانی کەرەستە ماددییەکان دەبێتە هۆی گۆڕان لە بیر و باوەڕی خەڵکدا و سەرئەنجام کەلتووری مەعنەویش دەگۆڕێت. هەروەها گۆڕانی لایەنی مەعنەوی کەلتووریش، دەبێتە هۆی گۆڕانی کەرەستە و تەکنەلۆجیا و ئەمانەش بۆ خۆیان گۆڕان لە هزر و بیر و داهینان لە کۆمەڵگادا دروست دەکەن. بۆ نموونە بەکارهێنانی شێواز و تەکنەلۆجیای نوێ لە پەروەردەدا، گۆڕانی لە بیرکردنەوەو ڕوانگەی تاکەکانی کۆمەڵگادا دروست کردوە.
ئەوەی مەبەستی ئەم نووسراوەیەیە، خستنە ڕووی نەقشی پەروەردەیە لە پێشکەوتنی کەلتووردا و دیارە پێشکەوتنی کەلتووریش ڕووی لە بەشی مەعنەوی کەلتوورە.
پێشکەوتنی کەلتووری
چەمکی پێشکەوتنی کەلتووری لە سەرەتای دەیەی ١٩٨٠ بەدوا لە لایەن ڕێکخراوی یونێسکۆوە هاتە ناو باس و بوارەکانی پێشکەوتن و یەک لەو چەمکانەیە کە بە بەراورد لەگەڵ بوارەکانی تری پێشکەوتن، ڕەهەندی زیاتری هەیە و بارگاوی ترە بە بەهاکان و زیاتر جەخت لەسەر پێداویستییە مەعنەوییەکانی مرۆڤ دەکات. هەربۆیە بە پرۆسەیەک دادەنرێت کە لەوداو لە ڕێگای دروست بوونی گۆڕان لە بازنە و بیاڤی تێگەیشتن، ناسین، توانایی، باوەڕ، بەهاو مەیلی مرۆڤەوە، کەسایەتییەکی تایبەتیان لێ دروست دەکاو دەرئەنجامی ئەم گۆرانەش، دەرکەوتنی کۆمەڵێک رەفتاری تایبەتە کە گونجاوە بۆ گەشە و پێشکەوتن. بەڵام گەشەی توانایی و زانست و وشیاری و پوختەیی مرۆڤ، یەک شەوە دروست نابێت، بەڵکو پێویستی بە زەینێکی کراوە و ڕێگایەکی بەردەوام و ڕوانگەیەکی گونجاو هەیە. وەک دەزانن کەلتوور یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی بەدی هاتنی پێشکەوتنە و گەشەی کەلتووریش هەم یەکێک لە پێش مەرجە بنچینەییەکانی بەدی هاتنی پێشکەوتنە و هەم بە یەکێک لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی گەشەی هەر کۆمەڵگایەک دادەنرێت. ئەڵبەت هەر کات باس لە پیشکەوتنی کۆمەڵگا دەکرێت، مەبەست تەنیا دەرکەوتنی دیاردە باشەکان نیە، بەڵکو کەمبوونەوەی دیاردە خراپەکانی وەک تاوان و درمە کۆمەڵایەتییەکان و... هتدیش بە دەرئەنجامی پێشکەوتنی کۆمەڵگا دادەنرێت.
دەوری پەروەردە لە پێشکەوتنی کەلتووریدا
پەروەردەو کەلتوور پەیوەندییەکی دوو لایەنەیان بە یەکەوە هەیە و لەژێرکاریگەری یەکتردان. پەروەردە تەنیا بوار بۆ پێشکەوتنی کەلتووری فەراهەم ناکات، بەڵکو بۆ خۆی ڕەنگ و شوناسێکی کەلتووری هەیە و کەلتووریش پێشکەوتنی بەردەوامی خۆی، بە قەرزاری پەروەردە دەزانێت.
پەروەردە بەستێن سازی گەشەی هزری و ئەخلاقی و کەلتووری مرۆڤەکانە لە کۆمەڵگایەکی چالاک و زیندووداو، بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی دڵخواز، چالاک و پێشکەوتوو کە لەودا مرۆڤەکان ماف و حورمەت و کەرامەتیان پارێزراو بێت، دەبێت کۆمەڵگا دامەزراوەیەکی پەروەردەیی نوێ هەبێت، مامۆستایانێکی هەبێت کە خاوەنی ئەندێشەی نوێ بن و قوتابیانێک کە بە دوای داهێنان و تازەگەرییەوە بن.
هەروەک لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا، کەلتوور بریتییە لە کۆمەڵێک بەهاو باوەڕو میراتی کۆمەڵایەتی کەلە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگادا هاوبەشە و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە و ئەم میرات و دەسکەوتەکانی مرۆڤیش دەتوانێت ڕەهەندی جیهانی و ناوچەیی هەبێت، پەروەردەش لە گواستنەوەی ئەم دەسکەوت و میراتانەدا دەوری سەرەکی هەیە و ئەم ئەرکەی پەروەردەش بۆ هەموو کەس ڕوون و ئاشکرایە. بۆ نموونە وەک گواستنەوەی دەسکەوتە زانستییەکان لە ئاستی جیهانی و گواستنەوەی ئەدەب و هونەرو مێژووو... هتد لە ئاستی ناوچەیی داو، ئەم گواستنەوەیەش بنەمای گەشەی کەلتووری پێکدێنێت.
هەڵبەت ئەرک و دەوری پەروەردە تەنیا گواستنەوەی کەلتووری کۆمەڵگا نیە، بەڵکو هەڵسەنگاندنیشی لە ئەستۆ دایە. ژیانی نەوەکان بە قۆناغی جیاوازدا تێدەپەڕێ و هەر سەردەمێکیش، هەلومەرجی تایبەت بە خۆی هەیە و پێداویستی تایبەت بەخۆی دەوێت و ئەم گۆڕانکاریانەش ڕەنگە باوەڕ و بیرکردنەوەو داب نەریت و خدوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش بگۆڕێت. هەربۆیە ئەرکی پەروەردەیە کە ئەو تواناییانە لە قوتابیاندا دروست بکات کە داورییەکی دروست لەسەر میراتە کەلتوورییەکان بکەن و لەسەر فەلسەفەو هۆکاری شتەکان بکۆڵنەوە و لە گواستنەوەیاندا سەردەم و هەلومەرج و پێویستی لەبەرچاو بگرن.
کەوابوو، ئەرکێکی تری پەروەردە لەپێناو گەشەی کەلتووریدا ئەوەیە کەهەڵسەنگاندن بۆ میراتی جڤاکی و کەلتووری بکات. واتە دەبێت خوڵقێنەری کەلتوورێکی زیندوو بێت، کەلتوورێک کە لەودا فێرخواز بتوانێت سەربەخۆ بیربکاتەوە، ئەهلی داهێنان بێت، پرسیار لەسەر شتەکان بکات و توانایی دروست داوەری کردنی خۆی گەشە پێبدات و ڕەخنە لەشتەکان بگرێ و بەشێوەیەکی زانستی و ئاقڵانە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکاو هاوکات لە ڕێگای داهێنانەوە بەشی خۆیشی لە کەلتوور زیاد بکات.
ئاشکرایە کە هەموو کۆمەڵگایەک بەهاو یاسا و باوەڕی کەلتووری و جڤاکی ڕیشەیی و دیاریکراوی خۆی هەیە و تاکەکانی کۆمەڵگا دەبێت ئەو باوەر و بەها و یاسایانەی فێرببن و لەسەر ئەو بنەمایانە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی خۆیان ڕێکبخەن. ئەرکی پەروەردە ئەوەیە کە نەوەی نوێ لەگەل ئەو بەها و یاسایانە ئاشنا بکات بۆ ئەوەی ڕەفتاری جێگای پەسەندی کۆمەڵگا فێرببن و لە ڕێگای تێکەل بوونیان بە کۆمەڵگا و کۆمەڵایەتی بوونیانەوە بوونی خۆیان بسەلمێنن و یارمەتی زیندوو بوونی کەلتووری کۆمەڵگا بدەن. چوون کەلتوورێک کە زیندوو بێت دەتوانێت خۆی لەگەل هەلومەرجە گۆڕاوەکانی ژینگە و ژیان بگونجێنێت.
کۆمەڵناسانی ناسراو، ''ئاگبێرن و نیم کۆڤ'' باوەڕیان وایە تەکنەلۆجیای نوێ زۆر خێرا گۆڕانیان بەسەردا دێت و گۆڕانیان لێدەکەوێتەوە و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان ناتوانن بەپەلە خۆیانی لەگەل بگونجێنن، هەربۆیە پێدەچێت دواکەوتوویی کەلتووری و شێواوی کۆمەڵایەتی لێبکەوێتەوە کە دەتوانێت هۆکار بێت بۆ هەژاری، بێکاری، هەڵاواردن و لێکترازانی خێزانەکان. بۆ رێگری لەم گرفتانە کەلتوور دەبێت لە ڕێگای پەروەردەوە، زیندوویی و هاندەربوونی خۆی بپارێزێ ولەم بارەوە ڕێنما بێت.
هەروەها، پەروەردە دەتوانێت لە ڕێگای وانەکانەوە دەرفەتی گونجاو بۆ چەسپاندن و بەدەروونی کردنی بەها و باوەڕ و یاسا کەلتوورییەکان فەراهەم بکات. لە ڕێگای گرنگیدان بە ئامانج و ناوەرۆکی بابەتەکانەوە، تایبەتمەندی و بایەخە کەلتوورییەکانی وەک چالاک بوون، ئەرک وەخۆگری، هەست بە بەرپرسایەتی کردن، متمانە بە خۆبوون، ڕێک‌وپێکی و سازگاری کۆمەڵایەتی و... بەدی دێت. بۆ ئەم کارەش پەروەردە دەبێت تێگەیشتنێکی دروستی لە پێداویستییە کەلتوورییەکانی کۆمەڵگا هەبێت و لە خاڵی هاوبەشی نێوان راستی و واقعیەتدا بە دوای ئەو پێداویستیانەدا بگەرێت.
ئەمڕۆ یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتانەی کە لە حاڵی گەشەدان ئەوەیە کە پەروەردە چۆن وەڵامی پێداویستییە خێراو بەرچاو و بینراوەکانی کۆمەڵگا دەداتەوەو هاوکات میراتی کەلتووری دەگوازێتەوە و هیواو هۆگری و ڕەفتارە تازەکان پەروەردە دەکاو پەرەیان پێدەدات؟
لە سیستەمی پەروەردەی ئەوڵاتانەدا کە لە ڕووی ئابووری، سیاسی، جڤاکی و کلتوورییەوە پێشکەوتوون، گرنگی زیاتر بە پەروەردە دەدرێت تا فێرکردن. بە واتایەکی تر، پەروەردەی کەسایەتی مرۆڤ و دروستکردنی سیفەتی باش و ئەرێنی لە تاکدا بە گرنگتر دادەنرێت وەک لە گواستنەوە و لەبەرکردنی هەندێ بابەتی کاڵ‌وکرچی وەک بیرکاری و جۆگرافیا و فیزیا و... هتد. کەوابوو یەکێکی تر لە ئەرکەکانی سیستەمی پەروەردە، پەروەردەو پەرەدانە بە کەسایەتی مرۆیی و ئەویش لە ڕێگای پەروەردەکردنیانەوەیە وەک کەسایەتێیەکی سەربەخۆ و فێرکردنیانە بە چوارچێوەکانی بیرکردنەوە، یانێ تاک چۆن دەبێت بەرامبەر بە دیاردەکان بیر بکاتەوەو هەڵسانگاندنیان بۆ بکاو سەربەخۆ بریاربدات. لەسایەی ئەمجۆرە پەروەردەدایە، کە  کۆمەڵگا لەهەموو ڕوویەکەوە گەشە دەکاو تاک بە کەڵکی خۆی وکۆمەڵگا دێت.
بەسەرنجدان بەوەی کە بەهاکان، کاکڵەی کەلتوور پێکدێنن و ئەوەی کە ئەو بەهایانەی کە لە سەردەمی مناڵی و گەنجیدا ڕیشە لە ناخی مرۆڤدا دادەکوتن و دەچەسپێن، دەبنە بنەمای بیرکردنەوەو ڕوانین بۆ پێشکەوتن، ئەو ڕاستییە ڕوون دەبێتەوە کە پەروەردە، هەنگاوە سەرەکی و سەرەتاییەکانی ڕێکخستن و پێشکەوتنی کەلتووری هەڵدەگرێت. کەوابوو، ئەرکێکی تری سیستەمی پەروەردە، پەروەردە و پەرەپێدانی بەهاکانی تاک و کۆمەڵگایە، وەک بەها ئەخلاقی و مەدەنییەکان. ئەگەر وڵاتێک بە دوای گەشە و پێشکەوتنەوە بێت، دەبێت سیستەمی پەروەردەکەی ئەم ئەرکانە لە ئەستۆ بگرێ و لەم پێناوەدا پاڵپشتی لە هەوڵی خێزانەکان بکات. ئەگەر پەروەردە یارمەتی ناسین و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بدات، ئەگەر ڕێزگرتنی مرۆڤ بە ئەرک و بایەخ بزانێت، هەوڵ بدات ڕاستگۆیی و سەبر و یەکیەتی و یارمەتی یەکتر لەناو مناڵاندا پەرە پێبدات، ئەوا بەها ئەخلاقی و مەدەنییەکان برەو پەیدا دەکەن و کەلتووری کۆمەڵگا گەشە دەکات.
کەوابوو، لەهەر لایەکەوە سەیری پەروەردە بکرێت، لە چەقی پێشکەوتنی کەلتووریدا دەبینرێت. چ باس لە دەوری پەروەردە بکرێت لە گواستنەوەو هەڵسەنگاندنی میراتی کەلتووری کۆمەڵگا، یان ئەرکی کۆمەڵایەتی کردنی تاکی ڕوون بکرێتەوە و، دەوری ئەو دامەزراوەیە لە چەسپاندن و پەروەردەکردنی بەهاکان و کەسایەتی تاکدا بخرێتە روو. واتە پەروەردە بەشێکی سەرەکییە لە پێشکەوتنی کەلتوور و بە پێچەوانەی دەوری پەروەردە لە گەشەی ئابووریدا کە وەک کەرەستەیەک وایە بۆ گەیشتن بە ئامانجێک، لە گەشەی کەلتووردا دەوری کەرەستەی نیە و بۆخۆی بەشێکە لە ئامانجە سەرەکییەکان.
هەڵبەت پیشکەوتنی کلتوور لە هەر کۆمەڵگایەکدا، وەک بوارەکانی تری پیشکەوتن، گرفتی تایبەت بە خۆی هەیە. کە پێویستە لە کەنار دەسنیشانکردنی هۆکارەکانی پێشکەوتنی کەلتووردا، ئەو گرفت و بەرزی و نزمیانەش بناسرێت و بە دیدێکی زانستی و ئاقڵانە وبە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پیشکەوتوو، چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە. بێ گومان یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی پێش نەکەوتنی کلتووری لە کۆمەڵگاکاندا، لاوازکردن و لە دەورخستنی هۆکارەکانی پێشکەوتنە. بۆ نموونە ئەگەر دیدێکی کۆنترۆل کارانە بەسەر سیستەمی پەروەردەدا حاکم بێت کە لەجیاتی بایەخدان بە بەشداری لە بەڕێوەبردن و پەروەردەکردندا، گرنگی بە کۆنترۆڵ کردن و کۆنترۆڵکاران بدرێت. ئەوا لە رێگای لەبار بردنی سیستەمی پەروەردەوە، هۆکارو بنەماکانی پێشکەوتنی کلتووریش لەکار دەخەن. ئەڵبەت بەپێی توێژینەوەکان، نەبوونی هاندەرەکانی سەرکەوتن، بیرکردنەوەو بڕیاردان لەسەر بنەمای هەست وسۆز، حەزلە لاسایی کردنەوە، کەلتووری سیاسی و بەڕێوەبەریی لە گرفتەکانی سەر ڕێگای پێشکەوتنی کەلتوورین.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

1
0
پاسخ به این اظهارنظر

سعید ۱۴۰۰/۱۱/۸
بەڕێزان سڵاو

ڕاستی ئێوە (منع) یان بەربەستێکی یاسایی یان سیاسیتان هەیە لەوەی کە ناوی نووسەری بابەتەکان نانووسن.
بۆنموونە ناوی نووسەری بابەتی
پەروەردەو پێشکەوتنی کەلتوور
کێە؟


نظر خود را براي ما ارسال كنيد