تاريخ: ۱۳۹۹ پنج شنبه ۱۸ ارديبهشت ساعت ۱۱:۴۴ بازدید: 1026      نظرات: 0      کد مطلب: 14693
بە بۆنەی 55ـەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی مامۆستا قانع

قانع؛ قوتابیی حاجی‌قادری پێشەنگ و مامۆستای پەشێوی پێشڕەو

دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان


 
مامۆستا قانع شاعیری چەوساوەکان و داماوەکانی گەلەکەیەتی و پەرەپێدەر و داڵدە و داشداری بیری نەتەوەیی و بیرۆکەی شوناسخوازانەیە و قوتابیی قوتابخانەی حاجی قادری کۆییی پێشەنگە. قوتابی بوونی قانع  لە ڕووی هزر و بیریەوە و لە جەغزی بیری نیشتمان‌پەروەری و شوناسخوازییەکی پاکژ دا وێنا و مانا دەکرێ، کە حاجی پێشەنگی ئەو بیرە شوناسخوازەنەیە و ڕچەشکێنی ئەو ڕێچکە پێشکەوتنخوازانەیە لە ئەژمار دێ و ئەمە گفتێکە کە گشت لا لەسەری هاوڕان. لە لایەکی ترەوە دەکرێ بێژین قانع بەردەبازی بەر ڕێچکەی شەتەک دانی بیری نەتەوەخوازی پێشکەوتنخوازانەی کوێستان و گەرمێن و ڕۆژهەڵات و باشوور بووە بە 3 واتا و ماناوە:
یەکەم)  بەو مانایە کە قانع خۆی لە ڕۆژهەڵات لەدایکبووە و لە درێژەی ژیانیدا لە باشوور گیرساوەتەوە و پشکۆی ئاگری نیشتمان دۆستی و گەل‌ویستی لە هەر دوو بەش دا داگیرساندووە و ئایساندوویەتی و شۆق و شەبەقی ئەم داگیرسان و ئایسانە قەد و لاپاڵەکانی هەر دوو بەشی گەرمێن و کوێستانی بەیەک ڕادە داگرتووە و خێوەتی ئەدەبی بەرگری و خۆڕاگری ڕاگرتووە و دواتریش بە هۆی پێشکەوتنخوازبوونی بیرۆکەی شێعرییەوە، زۆر کەس و کەسایەتی بوونەتە گراوی باڵای تەرز و بەرزی هۆنراوەی قانع و دڵگری و دڵئەنگێوی بیرۆکەی شێعریی قانع، ئینجا قوتابی زۆر ناودار و پێشڕەو لە قوتابخانەی هزری قانع دا پێگەیشتوون  و له هەمووان بەرچاوتر و دەروەست‌تر و شوێن‌دانەرتر و خاوەن‌شێوازتر: پەشێوی مەزن و خاوەن‌شکۆ؛
دووهەم) مەشغەڵی بیر و هزری قانع بە هۆی گڕ و تینی ئەو ئاگردانە بیریارانەیەی لە حاجییەوە بۆی بە میرات ماوەتەوە  ،لە لایەکەوە، و لە لایەکی تریشەوە ئەو داهێنان و ئافراندنی نوێخوازانەی پەشێوی مەزن لە باری فۆرم و ڕواڵەت و توێکڵەوە کە هاوتای ئاواڵ‌دوانەی ناوئاخن و ناوەڕۆک و توێکڵی هۆنە و ڕاسپاردەی شێعری قانع و حاجی بووە، ئەوانە تێکڕا و دیسان ڕووناکیدەری قەد و لاپاڵاکەنی کوردستانی کوێستان بووە و ئێستاشی لەگەڵابێ تیشک و شەبەقی ئەم شێعرە و ئەم بیرە وەک خۆری بەگڕ و گوڕی هاوین کۆڕی وێژەی پێشکەوتنخوازانی گەل و نیشتمان گەرم و ڕووناک ڕادەگرێ؛
سێهەم ) بە هۆی پەشێوی مەزنەوە و ئەو ئاڵوگۆڕە ناهاناوەکی و غەیرەجەوهەرییەی وا لە ڕواڵەت و توێکڵ و فۆڕم دا  بۆ ئەم بیر و کاکڵەی دۆزییەوە و دەروەست بەم کاکڵ و مانا و ڕاسپاردیە ماوە و توێکڵی‌خۆی و کاکڵی قانع و حاجی وەک  ئاواڵدوانە، زۆر وەستایانە و مامۆستایانە، پێکەوەی لکاندن و لێکی‌گرێ‌دان و کردی بە ڕایەڵ و پۆی تەونی نەتەوەخوازی پێشکەوتنخوازانە، ڕێک بە هۆی ئەم مێکانیزمە "جوانیناسە_بیریارانەیە"ی پەشێوی مەزنەوە، دیسان تیشکی بیر و هزر و هۆنەی قانع  بە تێکشکدانەوەیەکی بەربڵاو گەڕایەوە کوردستانی کوێستان و سەدان قوتابی مکوڕ و شێلگیر سەرقاڵی گەرم‌داهێنانی ئاگردانی ئەم بیرۆکەیە و ئەم شێوازە داهێنانە دەروەستە بوون و  لە سەرووی  هەمووانەوە  قوتابی هەرە گەورە و ناسراو و دەروەست و شوناسخواز و خاوەن هەست و هەڵوێست، مامۆستا جەلال مەلەکشا، کە خۆی قوتابخانەیەکە و سەدان قوتابی و گراوی هەیە.
هەر شەکاوە بێ ئاڵای بیر و هۆنەی حاجی و قانع و پەشیو و جەلال.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد