تاريخ: ۱۳۹۵ شنبه ۲۷ آذر ساعت ۱۱:۲۷ بازدید: 1374      نظرات: 0      کد مطلب: 2453

دیمۆکراسی هاوردەکراو وەدی هێنەری ئازادی نییە

ئەرسەلان بورنا ( شرۆڤەکاری سیاسی )


 
 
 
 
 
 
 
 

ئەمڕۆکە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە نێو سنوورە جوگرافیایییەکانی زێدەتر لە هەر سەردەمێکی دیکە ڕووبەڕووی قەیران و شپرزەیی هاتۆتەوە. دەست تێوەردانی چەکداری ئەمەریکا بە مەبەستی تێکدان و ڕووخاندنی ڕژێمە نادیمۆکراتیکەکان تەشەنەی بە ئاڵۆزییەکان داوە. وڵاتی ئەفغانستان و لە سەرووی ئەوان عێراق وەک ناوچەیەکی ستراتیژیک و گرینگی مێژوویی بە توندی بەرەنگاری بیرۆکەی لیبراڵ دیمۆکراسی هاتوونەوە و لە بنەڕەتدا سەرچەشنی ڕۆژئاوایی لە نێو چاندی گەلانی هەرێمی زۆر جێی متمانە و باوەڕ پێ کراو نییە. هەربۆیە، توندڕەوی ئایینی و نەتەوەیی بەرچاوترینی دیاردەکان و دەستکەوتی ئەم بیرۆکەیەنە.

سەرەتا لە مەڕ چارەسەری پرسە ناوچەیییەکان و کەم کردنەوەی ئاستی توندوتیژییەکان گرینگە ئاوڕدانەوەیەکی هەمەلایەنە لە سەر ڕەهەندە مێژوویی، کۆمەڵایەتی و چاندییەکانی گەلان بدرێتەوە. لە ڕاستیدا، مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری لە ژێر دەمامکی دەوڵەت – نەتەوەی مۆدێڕن دەورگێڕانێکی بەرچاوی لە بەردەوامی شەڕ و ململانێیەکان و تەشەنەسەندنی توندوتیژی گەلان لە هەمبەر یەکتر لە ئەستۆ بووە. جێی حاشا نییە کە ئەم بیرۆکەیە خوازیاری ئاسملاسیۆن و پاکتاو کردنی هەمە لایەنە لە ڕووی چاندی و کۆمەڵایەتی و تواندنەوەیان لە نێو چاندێکی ڕۆژئاوایی و بەکاربەردا هەیە.

لەم ڕوویەوە، دەبێ پێش لە ئاسملاسیۆنی هەمەلایەنە لە ڕێگەی پێکهاتە جیاواز و چاندە نامۆیەکان بگرین و لە تەنیشت ئەوە، لە سەر وەدی هاتنی ژیانێکی ئازاد لە سەر بنەوانی پاراستنی ڕەوا پێداگری بکەین. سەرمایەداری بنەماکانی بەپێی دەستەبەر کردنی قازانج – سەرمایە، کەرەستەیی بوون، کۆمەڵگایەکی بەکاربەر و کۆیلایەتی تاک پێناسە کردووە کە ئەمە ڕێک پێچەوانە و دژی چاندی ناوچەیی بە هەژمار دێ. هەربۆیە، پێداویستە زێدەتر لە ئەوەی کە بایەخ بە بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان بدرێ لە سەر دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی و سیاسی کە زۆرتر جێی سەرنج و متمانەی گەلانی هەرێمییە پێداگری و نرخاندنی وردی بۆ بکرێ.

دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیک و وەدی هێنانی ئازادی پێویستی بە ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان هەیە نەک هاوردەی دیمۆکراسی لە ڕێگەی چەکداری و داسەپاندنەوە. سەرەڕای ئەوەی کە، ڕژێمی سەرمایەداری بەڕادەیەک لە ڕۆژئاوا تەشەنە و خۆی سەقامگیر کردووە بەڵام لە چاندی گوندێتی کە بایەخێکی زۆرتر بە گرێدراوی تاک لەگەڵ سرووشتی دەوروبەری دەدات بایەخێکی ئەوتۆی نییە. ئەم ڕژێمە نیشانی داوە لە نێو جڤاتە مرۆڤی و کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست خاوەن پیگەیەکی بەهێز نییە و ئەگەری سەقامگیری ئەو یەکجار ئەستەم و چاوەڕواننەکراوەیە.

ڕژێمێک کە بە شێوازێکی تەکووزمەند هەوڵی چەوساندنەوە و کۆیلایەتی تاک و کۆمەڵگا دەدات بەدڵنیایی ئارمانەکانی جێی پەسەند و باوەڕ پێ کراو نین. ئەمڕۆکە ڕۆژئاوا خوازیاری ئەوەیە ئارمانە خەیاڵییەکانی سەرمایەداری و لیبراڵ دیمۆکراسی لە ژێر ناوی دەوڵەت – نەتەوە لەم ناوچەیە پەرە پێ بدات کە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی ببێ. ئەم شێوەیە لە دەسەڵاتداری تەنیا ڕواڵەتەکانی بە خەڵک ناساندووە و لە ژێر دەمامکی جۆراوجۆر کێشە و گرفتی زۆری ڕەخساندووە. هەربۆیە، گەلانی هەرێمی باشترە بایەخ بە یەکە چاندی، کۆمەڵایەتی و سیاسییە خۆماڵییەکان بدەن تاکوو بتوانن لە گۆڕی نوواندنەوەیەکی لۆژیکی تاکێکی ئازاد و جڤاتە مرۆڤییە دیمۆکراتیکەکان دامەزرێنن.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد