تاريخ: ۱۳۹۹ چهارشنبه ۱۳ فروردين ساعت ۱۴:۳۶ بازدید: 1884      نظرات: 0      کد مطلب: 14461

دەبێ چ بکرێ؟

دکتور سەعد قازی


 
هەر دوێنێ بوو، برادەران لە مەهابادەوە باسی بارودۆخی خراپی ژیانی چینی هەژار و کەمداهاتیان کرد و پرسیاریان کرد کە دەبێ چ بکرێ. ورووژاندنی ئەم پرسیارە و دواتر بیرکردنەوە لێی و وڵامدانەوەکەی، مرۆڤ دەکا بە بەشێک لە کێشەکە و مەبەستی پرسیارەکەش ڕەنگە هەر ئەوە بێ، کە هەر کام لە بەردەنگانی ئەم پرسیارە، هەم، ببن بە بەشێک لەو خەم و ئازارانەی کە دامانی چینی هەژار و چەوساوەی گرتۆتەوە و هەمیسان، ببن بە بەشێک لە چارەسەری کێشەکە. بە بروای بەندە، دەکرێ لە دوو سوێنگەوە بۆ چارەسەری ئەم دیاردەیە بڕوانرێ. 
یەکەم، هەژاری و کەم دەرامەتی و خەسارەتەکانی وەک بەرهۆ (معلوول) سەیر بکرێ و ئەوجار بیر لە هۆ (علت)ی ئەم بەرهۆیە بکرێتەوە. لەو ڕوانگەوە، گەر بمانەوێ چارەسەرییەکی بونیادی بۆ بدۆزینەوە دەبێ بیر لە لادانی ئەم هۆیانە بکەینەوە کە ئەم بارودۆخەیان پێک هێناوە. دەنا گەر هۆیەکە لە شوێنی خۆی بێ تۆ هەرچەندی چارەسەریشی بکەی، چارەسەرییەکە کاتی دەبێ و هۆیەکە دوبارە خەسارەتەکە بەرهەم دێنێتەوە. وەک ئەوەیە سەربانێک دڵۆپەی بکا و تۆ تەشتی لە بەر بگری، بۆ ئەوەی نێوماڵەکەت وێڕان نەبێ. لەو نموونەیەدا دڵۆپەکە بەرهۆیە و گەر خەمێک لە بانی ماڵەکە نەخورێ، واتە هۆی دلۆپەکە نەدۆزییەوە و چارە نەکرێ، ئەوە لە گەڵ هەر بەفر و بارانەیەک ئازاری دڵۆپە و خەسارەتەکانی لە شوێنی خۆی هەر دەمێنێ. بۆیە جێی خۆیەتی بیر لە هۆی هەژاری و کەمداهاتی بکرێتەوە و بەو شیوەیە خەسارەتەکانی کونترۆڵ بکرێ.
دووهەم، سڕکردنی بەرهۆ، واتە بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ مەعلوول، کە بریتییە لە کەم کردنەوەی ئازاری هەژاری و کەم داهاتی کە لە ئاکامی نەبوونی ئیمکاناتی سەرەتایی ژیان بەرهەم دێ و مایەی برسی مانەوەی هەژارانە. هاوکاری خەڵکی لیقەوماو و هەژار و کەم دەرامەد کە هیچ دەرەتانی نییە و لە غەرغەرەی مەرگدایە و بە هۆی شکۆی خۆیەوە دەست بۆ ئەم و ئەو درێژ ناکا چارەسەرییەکی کاتی بەڵام ئەخلاقی و گونجاوە. یارمەتییەک گەر کەمیش بێ، بۆ ماوەیەکی کورت، تا لە قەیرانەکە دەرباز دەبێ، دەتوانێ بەرقەرانەکە بژیێنێ. واتە بۆ ماوەیەکی کاتیش بێ، دەتوانێ خەسارەتەکانی دلۆپە و بەفر و بارانەکە کونترۆڵ بکا، بۆ ئەوەی ژیان بەردەوام بێ و مەجالی ئەوە برەخسێ کە دواتر بیر لە چارەسەریی بونیادی ئەم هۆیانە بکرێتەوە کە بارودۆخەکەیان پێک هێناوە.
کەواتە، لە وڵامی پرسیارەکەدا کە بۆ دەرباز بوون لەو قۆناخە دەبێ چ بکرێ، بە بڕوای من پێویستە بیر لە هۆ و لە بەرهۆی ئەم دیاردەیە بکرێتەوە و لە ئاکامدا، هەم خەڵک لە دمی خۆی و ماڵ و منداڵی بگێڕێتەوە و بە شێوەیەکی ڕێکخراوەیی هاوکاری خەڵکی لێقەوماو و هەژار و کەم دەرامەد بکا، هەم بیر لە چارەسەرییەکی بونیادی و درێژ خایەن بکرێتەوە کە لەودا هۆیەکان بناسرێنەوە و ڕێگە لە دڵۆپە و سێڵاو  و ویران بوونی یەکجاری ماڵەکە بە سەر خەڵکدا بگیرێ.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد