تاريخ: ۱۳۹۹ دوشنبه ۴ فروردين ساعت ۲۲:۲۴ بازدید: 1253      نظرات: 0      کد مطلب: 14420

کڕۆنا و کتێب

سەعدون مازووجی


لەوەتی ئەو مەڵۆزمی کڕۆنایە خۆی دەپاڵ هاویشتووین و ئێمەش لەگەڵ گەلەکۆمەگی لە ماڵێ دەمێنینەوە کەوتووین، کتێبخانە بچکۆڵەکەی ماڵێم کتێبەکانی زۆر لەبەر دەستانن. هەرچەند کابانی ماڵی سەبارەت بەو شپرزە کردنەی من و منداڵان سەرکۆنە دەکا، بەڵام خۆ نەدەشێ جوابی دەینەوە و نەدەشێن جوابی نەدەینەوە. 
هەروەك هەموو دەزانین کڕۆنا لە یەکەم هەنگاوەکانی خۆیدا دوو بایخی ئینسانی، "دەس لەدەسنان" و " ماچ"ی لێ ستاندین. ئەو مەنعە کتێبێکی هێنامەوە بیر کە چەند ساڵ لەمەوبەر لە خزمێکی خۆمانم خواردبوو، "فەلسەفەی شتە بچکۆڵەکان"ی ڤۆڵتێر بێنیامین فیلسووفی چەپی سەر بە مەکتەبی فڕانفۆڕتی ئاڵمانی.کتێبخانە و کەلێن و قوژبنی ماڵێم سەنگ و شووژن دا کتێبی گۆرینم نەدیتەوە. بەداخەوە ناوی ورگێڕەکەشی کە کوردێکی گەرمێنی کوردستان بوو هەر لەبیرنەماوە. کتێبەکە فەلسەفەی زۆر بابەتی وردیلەی گرینگی ژیانی مرۆڤی بەشێوەیەکی ژیرانە لێکدابۆوە. وەبیرم دێ ئەودەم بە یارمەتی زانیارییەکانی ئەو کتێبە ماچەکەی مام جەلال لە گۆنای هەڵفزاوی سەدام حوسێن و شریخەی شێعرەکەی عەبدوڵڵا پەشێو "ماچ"م  تەحلیل دەکرد، و یان گپم بە ڕامووسانی دەست و دەس لەدەسنانی سیاسەتمەدارانی دوور و نزیکی خۆمان دەدا. ئەو کات بۆ مەجلیس ڕازاندنەوە زۆرم یارمەتی لەو کتێبە وەردەگرت. هێندێك دۆست کە هۆگری ئەزموونی هەرێم بوون و گێرەیان لە هەولێر نا لە سولەیمانی دەگەڕا تەواو تووڕە دەبوون و کەفیان لێم هەڵدەخڕاند.
نازانم ئەو کتێبە کێ بردوویەتی؟! هەرچەند گوتوویانە " ئەوەی با هێنابێتی ئاو دەیبا" بەڵام من زۆرم غەمی ئەو کتێبە لەبەرە. هیچ نەبێ لەو تەنگانەی کڕۆنایە دا دەکرا جارێکی دیکە بە فەلسەفەی ماچ و دەست دابێمەوە. یەکێك لە شاپرسیارەکانی ڤۆڵتێر ئەوە بوو کە کاتێك دەست بێکارە چ دەکا؟ هەڵبەت ئێستا وڵامی ئەو پرسیارە ڕوون بۆتەوە و دەست لە ترسی کڕۆنا ئەوڕۆژانە هەر خەریکی خۆدزێتەوەیە. یا دەگیرفانان دەخزێ و یا سەری زۆری بە نیشانەی مەنع و ڕێزەوە بە سینگەوە دەنووسێ. 
دۆستێك کە زۆری غەمی دەستی بوو دەیگوت ئەگەر دەست نەبێ سەریش لەکار دەکەوێ، با هەر سەر بیر و بەرنامەی جوان بەرهەم بێنێ ئەگەر دەستێك ئەو بیر و بەرنامانە لە گۆڕەپانی کردەوەدا نەڕەنگێنێ سەریش لە سەودا دەکەوێ و بە دیوارەوە هەڵدەپەسێردرێ.
دەست  لە ئەدەبیاتی فۆلکلۆریکی کورد دا هەم وەك پەند و مەتەڵ و هەم وەك ئیدیۆم جێگایەکی تایبەتی هەیە، بزاوتنەکەشی وەخت و حەوسەلەیەکی زۆری گەرەکە و بۆ دەست بۆ بردن نابێ. بۆ وێنە هەر باسی ئەو دەستە بکەم کە دەچێتە سەر زگی تێر، ناچار دەبم نووکە قەڵەمێکی ڕەخنە گرانە بگەیەنمە ئەو پەندی پێشینیان کە دەڵێ " دەستی ماندوو لە سەر زگی تێرە " و لەوانەیە هێندێك کەس دڵمەند بن، دڵمەندیش بۆ کەشی دڵناسکانەی سەردەمی کڕۆنا شیاو نییە.
فەلسەفەی ماچیش کە کلیلی دەروازە عیشقە باسێکی هێندە شیرینە بۆ سەر و بەندی کڕۆنا نابێ و ڕایدەگرم بۆ دەرفەتێکی گونجاوتر.
دەستتان لەسەر کڕۆنای بەزیادبێ. دەستی لێ مەکێشنەوە تا بەدەردی ماری ژنان کوشتووی دەبەن.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد