نوێ بوونەوەی ساڵ لەوانەیە زەمان لە درێژەی خۆیدا بەشێوەیەکی بەرچاو نەبزێوێ، هەر بۆیە چاوەڕوانی ئێمە بۆ گۆڕانی هەموو لایەنەی ژیان زۆر بەجێ نییە. ئەگەر لەسەری ساڵدا شتێك دەبزوێ و گۆڕانێك ساز دەبێ ئەوە دەرنجامی بزووتنی ئێمەیە کە جووڵە و گۆڕان دەخاتە لەشی کۆمەڵگا. کەوا بوو سەرچاوەی گۆڕان مرۆڤە نەك بوونێك لەسەرەوە ئیرادەی ئینسان. ئەوساڵ کە نەورۆز و سەرساڵمان کەوتوونەتە بەر شاڵاوی غەم و مەینەتی ئەو بەڵا و پەتایانەی کە لە ساڵی چوودا بەگژمان داهاتن، و واهەست دەکرێ جێژنی دینامیکی نەورۆزیش نەیتوانیوە گۆڕانێك لە باغچەی ژاکاوی ژیانمان دا بگوورێنێ، ئەوە لەبەر بەتاڵ بوونی نەورۆز لە هەبوونی خۆی نیە، بەڵکە ئێمەین کە دوا پەتای ٩٨ (کڕۆنا) سڕی کردووین و بزووتنی ساڵی ساڵانمان پێنەماوە.
ئاگری نەورۆز بە وەزە و گرمای شارستانییەتێکی چەند هەزار ساڵە پشت ئەستوورە کە هەزارن نەهامەتی سروشتی و ئینسانی بەسەرکەوتووییەوە تێپەڕ کردووە و ئێمەی گەیاندۆتە ئێرە . ئاگری نەورۆز گەرمای خۆی لە هەناسەی میلیۆنان مرۆڤ وەرگرتووە کە هیوادارانە ڕەوڕەوەی ژیانیان ڕووەو سەرکەوتن ڕاداوە. هەر بۆیە ئێمە ئەگەر ئاوڕ وەڕابردوو دەدین وێڕای ڕەخنە، وجوودمان تژی دەبێ لە شانازی. شانازییەکە تەواو لە جێی خۆی دایە هەزاران ساڵ لەمەوبەر باپیر و دپیرانی ئێمە ئاگرێکیان داگیرساندووە ئێستاش گرما و ڕووناکی دەخاتە دڵی ئێمە. کەوابوو دەبێ ژیرانە لە داهاتوو بڕوانین و وێڕای دیتنی ئاستەنگەکان هیوادارانە بەهەموو دەمایە خۆمانەوە ئاگری نەورۆز نێڵ دەین و بە گەشاوەیی بە بەرەی داهاتووی بسپێرین .
هاووڵاتی هێژا، زەمان باوەشی بۆ ئێمە کردۆتەوە و خۆشبەختی لە درێژەی زەمان دا بە بەرۆکی ژیانەوەیە. با بەگەرما و ڕووناکی ئاگری بێ دووکەڵ و خۆڵەمێشی نەورۆزی ئەوساڵ، بێ وچان و ژیرانە بەرەو داهاتوو بڕۆین...
نەورۆزتان پیرۆز .
لەبەر تیشکی چاوی هەموو لایەك ساڵی ٩٩ دەکەین بە ساڵی خۆمان.