گێڕانەوەی حیکایەت لە کۆنەوە هەبووە و مڕۆڤ بە مەبەستی کات ڕابواردن و ئەزموونی ژیان کەڵکی لێ وەرەگرتووە.
وێژەی زارەکی هەر گەڵێک بەشێکی بەرچاو لە کلتووری ئەو گەلە دێتە ئەژمار کە لە کۆنەوە پشت بە پشت هاتوە و لەگەڵ تێپەڕبوونی کات بووە بە ناسنامەی ئەو گەلە.
لە کۆنترینی ئەو حیکایەتانە،چیرۆکەکانی " جیوانی باتیتا باسیلی " ە کە لە ساڵەکانی ١٦٣٤ بۆ١٦٣٦ ی زایینی کۆ کراونەتەوە و پاشان چیرۆکەکانی " چارڵز پڕاڵت لە ساڵی 1829 ١٨٢٩ز بڵاوکراوەتەوە.هەروەها کتێبی برایانی گریم بە نێوی "چیرۆکە چێژبەخشەکانی ئاڵمانی " کە ئەویش هەر لەو ساڵە دا بڵاو کراوە.لە دوای بڵاو بوونەوەی بەرهەمەکانی برایانی گریم بوو کە گۆڕانکاریەکی گەورە لە دونیای ئەدەبیاتی گشتی ڕووی دا و بوو بە هۆی ئەوە کە ئەو شێوە چیرۆکنووسینە پەرەی پێ بدرێت. لە دوای تێپەڕبوونی ئەو قۆناغە وە بوو کە " هانس کریستیەن ئەندێرسۆن " هاتە نێو دونیای ئەدەبیاتی منداڵان و بوو بە گەورەترین چیرۆکنووس لەم بوارەدا.
ئەندێرسۆن، چیرۆکنووس و شاعیر و هەروەها شانۆنووسی دانمارکیە کە ساڵی ١٨٠٥ ز لە شاری ئۆدێنسێ چاوی بە دونیا هەڵێنا و لە ساڵی ١٨٧٥ ز لە کۆپێنهاگ کۆچی دوایی کرد.
ئەندێرسۆن ،لە ماوەی ژیانی دا سەردانی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان دەکا و لە ناو سەفەرەکانی دا توانیویەتی لەگەڵ نووسەرانی بەنێوبانگی هاوچەڕخ،وەکوو "ویکتۆر هۆگۆ ، واڵتێر ئێسکات ، چارڵز دیکێنز ، ئەلێکساندێر دوما و ئاندرۆ بالزاک " دیدار و چاوپێکەوتن بکات.
چیرۆکەکانی ئەندێرسۆن لە کۆنەوە تا ئێستاش زۆر لایەنگری هەبوونە و سرنجی خوێنەرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و بە نزیک لە سەدو بیست زمانی دونیا وەرگێڕدراونەتەوە.
ئەندێرسۆن کەسایەتی نێو چیرۆکەکانی لە نێو کەسانی دەور و بەری خۆی هەڵدەبژارد،هەر ئەو کەسانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەی خۆی دەیدیتن و هەستان و دانیشتنی لەگەڵ هەبوون، ئەو کەسانە چ خۆشیویستبان یان نا، لە ناو چیرۆکەکانی دا جێگای بۆ دەکردنەوە و هەربەم شێوەیە زۆربەی چیرۆکەکانی ئەندێرسۆن بەسەرهاتی ژیانی خۆیەتی کە لە گێڕانەوە دا ڕەنگی داوەتەوە.
گێئۆرگ براندس،یەکێک لە دۆستانی ئەم نووسەرە پرسیاری لێ دەکات کە ئایا هیچ کات هەبووە بڕیار بدەی ژیاننامەی خۆت بنووسی؟ ئەویش لە وەڵام دا دەڵێت: من زۆر پێش ئێستا بە نووسینی" جوچکە مراوی ناشرین" ئەو کارەم کردووە !.
لە نێو ئاخنی چیرۆکەکانی ئەندێرسۆن دا بابەتە ئایینیەکان و هەروەها بواری پەروەردەیی ڕەنگی داوەتەوە، بە جۆرێک کە سرنجی منداڵان بۆ لای بڕوا بە خوا بوون و خۆشەویستی و ڕاستگۆیی و هەروەها ژینگە دۆستی و ئاژەڵ دۆستی و ڕێز لێنان لە دایک و باوک و زۆر بابەتی تر ڕادەکێشێت.
ئەم نووسەرە دانمارکیە بە هۆی ئەوەی کە هەر لە سەردەمی مناڵیەوە ژیانێکی پڕ لە هەژاری و مەینەتی هەبووە و زۆر بە سەختی ژیانی تێپەڕ کردووە زۆربەی چیرۆکەکانی ئەو تەژی لەو ناخۆشیانن.
ئەو هەروەها لە سەدەی نۆزدەهەم و لەو کاتەوە کە منداڵان لە کۆمەڵگایەکی کەم تەرخەم بۆ کارکردن لە کارخانە و شەقام و کانیەکان هان دەدران، دەستی کرد بە نووسین سەبارەت بە ژیانی ئەم چینە پڕ مەینەتە.
ئەندێرسۆن لەگەڵ ئەوە کە مێشکێکی خەیاڵی هەبووە بەڵام هیچ کات هەوڵی نەداوە دونیایەکی خەیاڵاوی و بە دوور لە ڕاستیەکان لە نێو زەینی منداڵ ساز بکات.لە ڕاستی دا بابەتی ناو چیرۆکەکانی ئەو لەسەر بنەمای بابەتە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگا و لە چوارچێوەی شێوازی ڕۆمانتیسم (خەیاڵگەلێکی ڕاستەقینە)داڕێژدراون. ئەندێرسۆن کاریگەریەکی زۆری لەسەر چیرۆکنووسانی دوای خۆی هەبووە و ڕوانگەی ئەوانی سەبارەت بە ئەدەبیاتی مناڵان گۆڕیوە، بە شێوەیەک لە جیاتی ئەوە کە نە تەنها بەمەبەستی کات ڕابواردن بۆ منداڵان بنووسن،بەڵکو ئەوان هەوڵیان دا بەرهەمەکانیان بە شێوەیەکی جیدی تر و ئامانج دار بگۆڕن. بە بڕوای ئەندێرسۆن، منداڵ زەینێکی بەرفرەوانی هەیە و پێویستە بەرهەمی باش و گونجاو لەگەڵ تەمەنیان بدرێتە بەر دەست .لە بەر ئەوە کە بەرهەمی باش و بەسوود کاریگەری لەسەر ئەوان دادەنێت.
ئەندێرسۆن هەروەها بە داڕێژەری ئەدەبیاتی نوێی منداڵان ناسراوە و زۆرێک لە مناڵانی جیهان لایەنگەری بەرهەمەکانی ئەوننوسەرە گەورەن.هەر بەو هۆیە وە مۆسیقا ژەنێکی ڕاسپاردووە کە لە ڕێ وڕەسمی بە خاک سپاردنی ئەو دا مۆسیقای منداڵان بژەنێت و پێی دەڵیت لە بەر ئەوە کە زۆرینەی بەشداربوانی ڕیووڕەسمەکە منداڵان دەبن مۆسیقاکەش با لەگەڵ هەنگاوە بچووکەکانی ئەوان هاوتەریب بێت.بەرچاوترین چیرۆکەکانی ئەندێرسۆن بریتین لە جووچکە مراوی ناشرین، کیژۆڵەی شقارتە فرۆش، جلی ئیمپڕاتۆڕ، دایک و بولبول . جووچکە مراوی ناشرین باس لە جیاوازیەکان دەکات،ناو ئاخنی ئەو چیرۆکە دەیهەوێت ئەو پەیامە بە منداڵ بگەیێنێت کە ئەگەر لە ڕواڵەت و جەستە دا جیاوازیەکت هەست پێ کرد ئەو بابەتە نابێتە هۆی کەمایەسی تۆ و هەگیز نابێ ئەو بابەتە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی تۆ دابنێ.ئەو چیرۆکە هەروەها دلۆڤانی و پێکەوە ژیان و مرۆڤ دۆستی فێری منداڵان دەکات.
کاتێک بە بیوگڕافی ئەندێرسۆن دا چاو دەخشێنین دەبینین کە ئەم نووسەرە دانمارکیە لە سەردەمی منداڵی دا بەهۆی ئەوەی کە لە ڕوانگەی دەورو بەریانی خۆی ڕوخسارێکی ناشیرنی هەبووە بەردەوام گاڵتەیان پێ کردوە،هەرئەو بابەتەش هانی دا کە دەست بە نووسینی جوچکە مراوی ناشیرن بکات و لە زۆر شوێنیش ئاماژەی بەوە کردووە کە بۆ نووسینی ئەم چیرۆکە لە ژیانی خۆی ئیلهامی وەرگرتووە. ئەو چیرۆکە هەستی متمانە بە خۆ بوون لە دەروونی منداڵ دا بە هێز دەکا و هەروەها ڕووحی لێ بوردەیی تێدا ساز دەبێ و منداڵ فێری خۆڕاگری دەکات. لەم چیرۆکە دا جوچکە مراوی بە هۆی گووشاری جوچکەکانی تر شوێنی ژیانی جێ دەهێڵێ و بەرەوڕووی مەینەتیەکی زۆر دەبێتەوە،بەڵام ئەو هیوابڕاو نابێ و بۆ ژیانێکی باشتر هەوڵ دەدا ولە ئاکام دا سەرکەوتوو دەبێ و لەدوای سەرکەوتنەکەشی هەرگیز لەخۆبایی نابێت و بەداوی ئەو هەموو ئازارە کە لە ژیانی دا دەبینێ هەرگیز بیر لە تۆڵە کردنەوە ڕق ناکاتەوە.ئەندێرسۆن هەر وەک ئەم جوچکە مراویە لە ئاکام دا دەبێت بە قوویەکی سرنج ڕاکێش کە هێمای تێگەیشتووییە و بەو شێوەیە لە دونیا دا نێوبانگ دەر دەکات.
ئەندێرسۆن لە چیرۆکی شاژنی بەفرین دا ئاماژە بە ئێرەیی بردن و ڕق و قین دەکا و چۆنیەتی سەرکەوتنی خێر بە سەر شەر دا دەخاتە ڕوو.
ئەندێرسۆن لە ساڵی 18١٨٤٠ ز دا ئەوینداری خانمە گۆرانی بێژێک بە ناوی جێنی دەبێ،بەڵام کاتێک بۆی دەردەکەوێ کە جێنی وەڵامی ئەوینەکەی ناداتەوە بڕیار دەدا چیرۆکی شاژنی بەفری بنووسێ و بەم شێوەیە جێنی وەک کەسێک کە دڵی لە سهۆڵە دەناسێنێت.
لە چیرۆکی دایک ئاماژە بە سۆز و بەزەیی دایکانە دەکا و ئەوە کە چۆن دایک ئامادەیە لە پێناو گەیشتنەوە بە کۆرپەکەی،ژیانی خۆی بەخت دەکا،بەڵام لە کۆتایی ئەو چیرۆکە دا کاتێک ئەو دایکە بۆی دەردەکەوێ کە ئەو کەسەی منداڵەکەی بردووە فریشتەی مەرگ بووە،بەم هۆیە خۆی بە چارەنووسی خوا دەسپێرەێ و بەم شێوەیە کۆتایی چیرۆک ڕەنگ و ڕووی ئایینی بەخۆوە دەگرێ و ئەوە کە مەردن و ژیان بە دەست خوایە و هەوڵ و تەقەلای مرۆڤ لە بەرامبەر چارەنووس دا بێ ئاکامە.
کیژۆڵەی شقارتەفرۆش یەکێکی تر لە چیرۆکەکانی ئەندێرسۆنە و تێیدا باس لە ژیانی نالەباری منداڵانی کار دەکا و ئاماژە بەوە دەکات کە چۆن هێندێک لە بنەماڵەکان دەبنە هۆی سەرەکی پێشێل کردنی مافە سەرەکیەکانی منداڵان و چۆن ئەوان هان دەدەن بۆ کارکردن لە سەر شەقام و کۆڵانەکان. منداڵ لەو چیرۆکە دا لە ژیانی ئاسایی خۆی بێ بەش دەبێ و لە جیاتی ئەوە کە چێژ لە ژیانی منداڵی خۆی ببینێ، لە ژێر گووشاری باوکی و لە سەرماو سەخڵەتیی زستان دا خەریکی شقارتەفرۆشتن لە کۆڵان و شەقامەکانە .ئەو چیرۆکە هەروەها باسی بێ بەش بوون لە کانگای گەرمی بنەماڵە دەکا و ئەوە کە چ زەبرێکی ڕووحی و دەروونی لە منداڵ دەدا و ئەو لە ژیانێکی ئاسایی خۆی دوور دەکاتەوە.
جێگای سرنجە کە لە سەردەمی ژیانی ئەندێرسۆن دا دیاردەی منداڵانی کار لە کۆمەڵگا دا دیاردەیەکی ئاسایی بووە و منداڵان تەنانەت پێش ئەوەی کە تەمەنیان بچێتە سەر هەر لە سەردەمی مێرمنداڵیەوە گەورە دەبن، ئەندێرسۆن ئەم بابەتانەی لە نزیکەوە هەست پێ کردووە و لە ناو چیرۆکەکانی دا ڕەنگی داوەتەوە،هەر بەو شێوەیە دوای ئەندێرسۆنیش ئەو ڕەوتە لە لایەن چیرۆکنووسەکانەوە درێژەی پێ دراوە.
کیژۆڵەی شقارتەفرۆش بە هۆی دۆخی نالەبارەی ژیانی تا ڕادەیەک لە بێزار هیوا بڕاو دەبێت بە چەشنێک کە ئارەزووی مەرگ دەکا و لە خوا دەپاڕێتەوە کە ئەو بۆلای دایەگەورەی کە مردوە و (ئەو پێیوایە لە ناو بەهەشت دایە )بباتەوە. گونجاندنی فەلسەفەی مەرگ لە ناو ئەدەبیاتی منداڵان دا بابەتێکی هەستیارە،بۆیە زۆرێک لە نووسەران لێدوانی جۆراوجۆریان سەبارەت بەو پرسە هەیە،هەندێ جار لە ڕوانگەیەکی ئایینی لەم بابەتە دەڕوانن و مەرگ بە ژیانێکی دووبارە باس لێ دەکەن و نێوئاخنی ئەو بابەتە لە ناو چیرۆکەکانی ئەندێرسۆن دا تێکەڵاوی خەیاڵێکی شیرن و نزیک لە ڕاستی دەبێت،بۆ ئەوەی پرسی مردن بۆ منداڵان تۆقێنەر نەبێت و هەروەها بەرە و ڕوو بوونەوەی منداڵ سەبارەت بە مەرگ بە شێوەیەکی جوان بێتە بەر باس،بە جۆرێک کە بە گوێی منداڵ دەچرپێنیت کە لە پاش مەرگ بەرە و خوا و بۆ لای جێگایەکی خۆشتر لەو دنیایە کۆچ دەکات.
چیرۆکی داری کاژ :
داری کاژ کە هەر وەک دارەکانی دیکە لە نێو دارستان و کەش و هەوایەکی گوونجاوی هە بوو ،بەڵام ئەو لە بەر ئەوە کە ڕواڵەت بین بوو و دڵی بە داهاتوویەکی نادیارەوە خۆش کردبوو و بە لە ناو چوون و بڕینی دارکانی دەورو بەری وەخۆ نەدەهاتەوە پەندی وەرنەدەگرت تا کاتێک کە ئیدی درەنگ ببوو و ئەو ڕێگایەکی بۆ نەمابوو و پەشیمانیش ئیدی هیچ سوودێکی نیە و ڕابڕدووش تازە بۆ ئەو ناگەڕێتەوە، لە ئاکام دا کە دەبینێت مرۆفەکان ئەو دارانە بە ئامانجی دیاری کراوی خۆیان دەبڕن دوایەش فڕێیان دەدەن ...
لە باسی چیرۆکی جلی ئیمپڕاتور دا کەسانێک کە پۆست و مەقامێکیان هەیە و کار و باری خەڵکی هەڵدەسوڕێنن بەڵام ئەو کەسانە جاری وا هەیە و دەبیندرێت گەمژانە بیر دەکەنەوە زو فریو دەخۆن و تووشی زۆر هەڵە دەبن کەسانی دەور و بەریش بە هۆی ئەوە کە ئەو کەسانە پلە و پایەیەکیان هەیە بێ دەنگی لێ دەکەن و هەر توانای ڕا دەر بڕینیشیان نیە و زاتی ئەوەشیان نیە کە نکۆڵی لە بابەتەکە بکەن بۆ ئەوە کە لە ڕاستیەکان ئاگادار بن و قسەی کەسە دەسەڵاتدارەکە هەرچەند بە ڕواڵەتیش بێت دەسەلمێنن.
لە خاڵە هاوبەشەکانی نێو چیرۆکەکانی ئەندێرسۆن خستنەڕووی تراژدیای ژیانی منداڵان و بێ پارەیی و نەبوونی ژیانی شیاوی منداڵانە.
زۆرێک لەو چیرۆکانە کۆتاییەکی باشیان هەیە و بابەتە ناخۆشەکانی زۆربەیان بە خۆشی تەواو دەبن و دەرەنجامی باشیان لێ دەکەویتەوەو هەروەها بە هومێد و هیوا کۆتاییان پێ دێت . جێی ئاماژەیە کە شارەزایی و ئاگاداربوونی ئەندێرسۆن سەبارەت بە نەداری و نەهامەتی منداڵانی ئەوکات تەنانەت ژیانی تاکەکەسی ئەو کە چۆن لەنێو چیرۆکەکانی ڕەنگیان داوەتەوە و پاشان بە هێنانە بەر باسی ئەو بابەتانە و دەست لە سەر داگرتن و زەق کردنیان هۆکارە بۆ ئەوە کە خوێنەر زۆر بە باشی لە چیرۆکەکە تێ بگا و جێی باوەڕ بوونی چیرۆکەکانی ئەو تا ڕادەیەکی زۆر برێتە سەرێ و هەروەها چێژبەخشی کردوون.
ڕێبەندانی 98