"نالی" ناسناوی مه‌لا "خزر شاوه‌یسی میکایلی"یه، له دایک بووی ئاوایی خاک و خۆڵ سه‌ر به ناوچه‌ی شاره‌زووری سلێمانییه. شاعیری به‌رجه‌سته‌ی کورد و بنیادنه‌ری قوتابخه‌نه‌ی شێعری بابان. یه‌کێ له به‌رجه‌سته‌ترین شاعیرانی کورده که هه‌ر وشه و دێڕ و به‌یته شێعرێکی خاڵی و بۆش نییه له سه‌ناعاتی له‌فزی به‌دیع و به‌یان. نالی به سرنج به‌و گرینگییه‌ی له ئه‌ده‌بیاتی کوردی دا هه‌یه‌تی، به‌رده‌وام جێی سرنجی توێژه‌ران، لێکۆڵه‌ران و ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌بی بووه.
هه‌ر وه‌ک دیاره له سه‌ر نالی تا ئێستا کۆمه‌ڵێک چالاکی، وه‌ک: کۆ کردنه‌وه، ساغ کردنه‌وه، شه‌رحی دیوان، چێ کردنی فه‌رهه‌نگی وشه‌کان، توێژینه‌وه، لێکدانه‌وه و ڕه‌خنه به شێوه‌ی کتێب و نووسینی وتار پێشکه‌شی کتێب خانه‌ی کوردی کراون. که ده‌توانن سیمایه‌کی ڕوون و ده‌رچه و ده‌لاقه‌یه‌کمان بۆ چێ بکه‌ن تا له‌و گۆشه‌نیگایانه‌وه بڕوانینه شێعر و ژیانی نالی له لایه‌ک و له‌و لایه‌وه‌ش ئاتمۆسفێری فه‌زای به‌رهه‌م هاتوو و ئاستی کارتێکه‌ری ئه‌و شاعیره له سه‌ر به‌ره‌کانی دوای خۆی و به گشتی کۆمه‌ڵگای ئه‌ده‌بی کوردی دیاری بکه‌ین.
نالی له شێعری کوردی دا دوو کاری بنه‌ڕه‌تی ئه‌نجام داوه، یه‌که‌م شێعری کوردی له سه‌ر ئه‌وزانی عه‌رووزی داڕشتووه و ئه‌و به‌حرانه‌ی له گه‌ڵ فۆنداسیۆنی زمانی کوردی ڕێک ده‌که‌ون و ڕه‌وانن له بێژه کردن، ئه‌دا و له بیستن دا خۆش دێنه گوێ ناسیونی و به کاری هێناون. دووهه‌م کارێ که کردوویه‌تی به کارهێنانی زاراوه‌ی کرمانجی خواروویه، واتا سۆرانی که تا پێش ئه‌و کاتی زیاتری شێعره‌کان به هه‌ورامی، گۆران و که‌لهوڕی ڕێک خرابوون. نالی به یارمه‌تی ده‌سهه‌ڵاتی بابان له سلێمانی و پشتگه‌رم به‌و ده‌سهه‌ڵاته سیاسییه، بنه‌ما فکری و شێعرییه‌کانی خۆی په‌ره پێ ده‌دات و چه‌ند شاعیری دیکه‌ی وه‌ک سالم و کوردیش به‌شداری ئه‌و ئه‌زموونه ده‌بن که ده‌رفه‌تێکی هه‌راوه بۆ گه‌شه و به کار هێنانی زمانی کوردی. ئه‌ویش گه‌شه کردنێک که ئێمه زیاتر له چه‌ند سه‌ده دواتر ده‌ڕوانینه ئه‌و سه‌رمایه و داهاته ئه‌ده‌بییه‌مان و ئافه‌رینیان بۆ ده‌نێرین. دیاره ئه‌و کۆمه‌ڵه شاعیره ئه‌گه‌رچی هاوکات له گه‌ڵ زمانی کوردی به زمانی فارسی و عه‌ره‌بیش نووسیویانه و له حوجره‌کانه‌وه سه‌واد و زانستی خۆیان وه‌ده‌ست هێناوه. به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌ی له گه‌ڵ گه‌شه‌ی ده‌سهه‌ڵاتی کوردی له سلێمانی و ناوچه‌کانی به‌ر ده‌ستیان ئه‌وانیش ئه‌و پێویستی و زه‌رووره‌ته‌یان ده‌رک کردووه تا زمانی کوردی به شێوه‌یه‌کی به‌رجه‌سته به‌کار بێنن نیشانده‌ری به ڕێژه‌ی یه‌که‌م پێک هێنانی به‌شداری هه‌مه لایه‌نه‌یه له‌و ڕووداوه مێژووییه‌دا که ده‌سهه‌ڵاتی بابان پێکی هێنابوو و دووهه‌م گه‌شه‌ی ئه‌ده‌بی و شێعری بوو که ئاستێکی به‌رچاوی به نیسبه‌ت دیتری نه‌ته‌وه‌کانی ناوچه تۆمار ده‌کرد. واتا له ڕووی نووسین و ئاستی شێعرییه‌ت توانیان کاری به‌رجه‌سته‌ی ئه‌ده‌بی ئه‌نجام بده‌ن.
دیوانی نالی له دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستگای چاپ ده‌گاته کوردستان چه‌ندین جار چاپ و بڵاو کراوه‌ته‌وه. له لایه‌ن که‌سانێکی وه‌ک گیوی موکریانی و مه‌لاکه‌ریم موده‌ڕڕس و کۆمه‌ڵێک که‌سی دیکه. هه‌روه‌ک له پێشه‌کی کتێبه‌که دا ئاماژه‌یان داوه پێوستی کۆ کردنه‌وه، پێ داچوونه‌وه و پرسی نه‌فه‌وتانی به‌رهه‌مه‌کانی نالی یه‌کێ له‌و بابه‌تانه بووه که ئه‌و که‌سانه‌ی هان داوه حه‌ولی کۆکردنه‌وه و شه‌رح و چاپی دیوانه‌که بده‌ن.
گیو باسی سێ که‌سی دیکه‌ش ده‌کات که "دیوانی نالی"یان چاپ و بڵاو کردۆته‌وه، و ده‌ڵێت: "ساڵی 1931 له لایه‌ن کوردی و مه‌ریوانییه‌وه و ساڵی 1327 له سنه له لایه‌ن عه‌لی موقبیله‌وه چاپ و بڵاو کراوه‌ته‌وه". باسی ئه‌وه‌ش ده‌کات که له لایه‌ن خالییه‌وه حاجی مه‌لا محه‌مه‌د سه‌عید(سه‌درولعوله‌ما) که‌شکۆڵێکی شێعری به ده‌ست گه‌یشتووه که چه‌ند شێعری نالی تێدایه که له‌و دیوانانه‌ی پێشتر دا، چاپ و بڵاو نه‌کراونه‌ته‌وه. بۆیه به پێویستی ده‌زانێ جارێکی تر دیوانه‌که چاپ و بڵاو بکاته‌وه.
به‌ڵام گرینگ ترین کۆکردنه‌وه، پێ داچوونه‌وه و شه‌رحی دیوانی نالی له لایه‌ن مه‌لا که‌ریم موده‌ڕڕس، فاتح و محه‌مه‌دی کوڕی ئه‌نجام دراوه و به هۆی ئاشنایه‌تی و به‌رده‌ست بوونی ئه‌و نووسخه پڕ بایخه لێره باسی ناکه‌م. به‌ڵام فاتح مه‌لا که‌ریم باسی چه‌ند ده‌ست‌نووس ده‌کات وه‌ک نوسخه‌ی چرۆستانی، چنگنیانی، و تۆفیق وه‌هبی و ئه‌مین زه‌کی به‌گ که پێشکه‌شی کتێبخانه‌ی کۆڕی زانیاری کوردی کرابوون له به‌غدا، که بایخێکی زۆریان له توێژینه‌وه‌که‌ی ئه‌و دابووه.
دکتور مارف خه‌زنه‌داریش کتێبێکی هه‌یه به نێوی دیوانی نالی و فه‌رهه‌نگی نالی. له‌و کتێبه دا هه‌م دیوانه‌که شه‌رحێک کراوه هه‌م فه‌رهه‌نگێک بۆ وشه‌کان دانراوه.
کتێبی فه‌رهه‌نگی دیوانی نالیش که هی بڵاو کردنه‌وه‌ی کوردستانه وشه‌کانی به‌کار هاتووی دیوانی نالی وه‌ک مه‌دخه‌ل هێناوه‌ته‌وه و شه‌رحی کردوون.
با ئاماژه به‌و که‌سانه بکه‌ین که تا ئێستا له سه‌ر شێعری نالی، جهان بینی و سه‌رده‌می ژیانی ئه‌و توێژینه‌وه‌یان ئه‌نجام داوه.
یه‌کێ له‌و که‌سانه مه‌سعوود محه‌مه‌ده که له توێی دوو کتێب دا سرنجی داوه‌ته ده‌قه شێعرییه‌کانی نالی. دوو کتێبی "ده‌سته‌ودامانی نالی" و "چه‌پکێک له گوڵزاری نالی" به‌رهه‌می حه‌ول و تێکۆشانی ئه‌وه.
له "چه‌پکێک له گوڵزاری نالی" دا مه‌سعوود محه‌مه‌د به که‌ڵک وه‌رگرتن له زانستی کڕۆنۆلۆژی ده‌یهه‌وێت ئه‌و ڕووداوانه‌ی له ژیانی نالی دا ڕوویان داوه له لابه‌لای به‌یت و دێڕه شێعرییه‌کان ده‌ست نیشانی بکات و هێندێک هۆکار و تێبینی که له سه‌ر ژێان، شوێنی ژیان و ئاواره‌یی ئه‌و هه‌بوون وڵام بداته‌وه. له "ده‌سته‌و دامانی نالی" دا حه‌ولی داوه شه‌رحه‌که‌ی مه‌لا که‌ریم موده‌ڕڕه‌سی ڕاسته‌وپاسته‌یه‌ک بکات یا ئه‌وه‌ی که تێبینی خۆی له ئاستی دێره‌کان، وشه‌کان و شێوه‌ی داڕشتیان باس بکات.
کتێبی "دوو چامه‌که‌ی نالی و ساڵم" له نووسینی عه‌لائه‌دین سه‌ججادی باسی دوو نامه ده‌کات که له کاتی ئاواره‌یی "نالی"یه‌وه له نێوان ئه‌و و سالم دا ئاڵ و گۆڕ ده‌کرێن. هه‌ر دوو قه‌سیده‌که به تایبه‌ت قه‌سیده‌که‌ی نالی له باری ئه‌ده‌بییه‌وه گرینگن. زۆر شوێنی سلێمانی له‌و قه‌سیده‌یه دا باس ده‌کرێت که نالی هه‌ستێکی نۆستالژیکی بۆیان هه‌یه.
"نالی له کڵاوڕۆژنه‌ی شێعره‌کانییه‌وه" ناونیشانی کتێبێکه که محه‌مه‌دی مه‌لا که‌ریم نووسیوێتی. ئه‌وه‌ی نووسه‌ری ئه‌و کتێبه مه‌به‌ستێتی له ڕێی شێعره‌کانی نالی له شێوه‌ی ژیان، شوێن، پێگه و ئه‌وه‌ی که چه‌ند ساڵ ژیاوه کۆڵیوه‌ته‌وه. هه‌رچه‌ند ئه‌و کڕۆنۆلۆژی به یارمه‌تی وه‌رده‌گرێ به‌ڵام ئه‌و زانسته به شێوه‌یه‌کی درووست به‌کار ناهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان و مێژووی ڕووداوه‌کان و ساڵ له دایک بوون و مردنی نالی پێ ده‌ست نیشان بکرێت.
کتێبی "مشتێک له خه‌رمانی بیری نالی" له نووسینی ئیسماعیل فه‌ره‌ج چه‌ند لایه‌نی ژیان و شێعری نالی له خۆ ده‌گرێت. وه‌ک: که‌سایه‌تی نالی، ڕۆشه‌نبیری لای نالی داهێنان لای نالی، زمان لای نالی و نالی له دیدێکی سۆسۆلۆژییه‌وه(کۆمه‌ڵناسی). له هه‌ر کام له‌و به‌شانه دا به یارمه‌تی شێعره‌کان حه‌ول دراوه لایه‌نه‌کانی به‌رباس لێکدانه‌وه‌یان بۆ بکرێت.
یه‌کێ له‌و که‌سانه‌ی دیکه که له سه‌ر نالی کتێبی نووسیوه ڕێبوار سیوه‌یلییه، ئه‌و کتێبه به نێوی "نالی" چاپ و بڵاو کراوه‌ته‌وه. که له چه‌ند به‌ش پێک دێت و هه‌ر وه‌کی دیاره کۆمه‌ڵێک وتاری ڕێبوار سیوه‌یلی له خۆ ده‌گرێت که سه‌باره‌ت به نالی نووسیونی. به‌شی یه‌که‌م "چه‌مکی مێتۆلۆژیا و جهانبینی شێعری نالی"یه، به‌شی دووهه‌م "مه‌ستووره له ڕوانگه‌یه‌کی تره‌وه"، به‌شی سێهه‌م "له‌ستایشی که‌ردا" و به‌شی چواره‌م "شاعیرێک له نێوان دوو تێک شکاندا".
محه‌مه‌د سالح سووزه‌نی کتێبێکی له سه‌ر نالی نووسیوه به نێوی "نالی و خوێندنه‌وه‌کانی سه‌رده‌م". ئه‌و کتێبه له چوار به‌ش پێک هاتووه که هه‌ر جاره‌ی شێعره‌کانی نالی به پێی یه‌کێ له تێۆرییه‌کانی سه‌رده‌می ئێستا خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌کرێت. له ئه‌ساس دا ئه‌و کتێبه به شێوه‌ی وتار رێک خراوه. به‌ڵام لایه‌نه‌کانی به‌رباسی ئه‌و کتێبه ئه‌وانه‌ن: "دیارده‌ناسی" یا فنۆمنۆلۆژیای شێعری نالی. له به‌شه دا هه‌وڵ دراوه به پێی ڕاڤه‌کاری نوێ و جۆره‌کانی ڕه‌خنه، وه‌ک: زمان‌ناسی فۆرمالیسم، بنه‌ماخوازی، هێرمنۆتیک و ڕه‌خنه‌ی کۆمه‌ڵناسی ڕه‌خنه‌گران هان بده تا ده‌قه‌کانی نالی بخوێننه‌وه و بۆ خۆی دوو دیارده‌ی ئاناڕشیزمی شاعیرانه، و ئاناڕشیزمی خوێنه‌ره‌انه‌ی به پێی نه‌زه‌رییه‌ی وه‌رگرتن(دریافت) له شێعره‌کانی نالی دا باس ده‌کات. به‌شی دووهه‌م "نالی و جوانی ناسی کانت"ه که به پێی کتێبی "ڕه‌خنه له داوه‌ری" دا و به شێوه‌یه‌کی غایه‌ت ناسانه ده‌قه شێعرییه‌کانی نالی لێک ده‌داته‌وه. به‌شی سێهه‌م "ویتگێنێشتاین و یارییه‌زمانییه‌کانی نالی" و به‌شی چواره‌میش "بنه‌ماخوازی و خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق"ه شێعرییه‌کانی نالی له خۆ ده‌گرێت.
زانا خه‌لیل کتێبێکی له سه‌ر شێعری نالی نووسیوه به نێوی "ئێرۆتیک له شێعری نالی دا". ئه‌و کتێبه له حه‌وت به‌ش پێک دێت. پرسی ئه‌و کتێبه ئه‌وه‌یه که له توێی شێعره‌کانی نالی تووخمه‌کانی ئێرۆتیک ده‌ست نیشان بکات و چه‌ند به‌شی کتێبه‌که‌ی ته‌رخان کردووه بۆ پرسی جه‌سته‌ی ژن، ماچ، مه‌مک، سێکس و به‌شێکی تایبه‌ت کردووه به قه‌سیده‌ی مه‌ستووره.
هێمن عومه‌ر خۆشناو له‌و ساڵانه‌ی دوایی دا به شێوه‌یی به‌ڵگه‌نامه‌یی و دێکۆمێنت له نێو به‌ڵگه‌نامه‌کانی عوسمانی و ڕۆژهه‌ڵات ناسانی وه‌ک خۆدزکۆ، له ژیان و شوێنی ژیانی نالی کۆڵیوه‌ته‌وه. ئه‌و کتێبه زۆر زانیاری دێکۆمێنتاری که بۆ ماوه‌ی سه‌د ساڵ پرسگه‌لێکی له سه‌ر ژیانی نالی ساز ببوون وڵام دایه‌وه. ئه‌و کتێبه هه‌شت به‌ش له خۆ ده‌گرێت که وڵام دانه‌وه‌ی پرس گه‌لێکن که توێژه‌ر که‌ڵکیان لێ وه‌رده‌گرێت و دواتر و‌ڵامیان ده‌داته‌وه. ئه‌و پرسانه هه‌ر کام به‌شێکیان بۆ تایبه‌ت کراوه. وه‌ک: کتێبی نادیاری نالی، نالی که‌ی کوردستانی جێ هێشتووه؟، پله و پایه‌ی نالی سه‌رچاوه‌یه‌کی دیکه‌ی عه‌ره‌بی له سه‌ر ژیانی نالی، له باره‌ی ژن هێنانی نالییه‌وه زه‌ینه‌ب کێیه؟، مردنی نالی و شوێنی مردنی نالی.
هه‌ڵبه‌ته له سه‌ر نالی که‌سانێکی دیکه‌ش به شێوه‌ی وتار کاریان کردووه. وه‌ک: به‌ختیار عه‌لی، عه‌بدولخالق یه‌عقووبی، عادڵ محه‌مه‌دپوور، ئه‌مجه‌د غوڵامی ڕه‌هبه‌ر مه‌حموودزاده و کۆمه‌لێک نووسه‌ری تر. له زانکۆی کوردستانیش به‌رنامه‌یه‌ک تایبه‌ت کرابوو به نالی به ناونیشانی "خوێندنه‌وه‌ی گوتار ته‌وه‌رانه‌ی شێعری نالی"، که کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌م و وتاری لێ که‌وتۆته‌وه. گۆڤاری زرێباریش ژماره‌یه‌کی تایبه‌ت کردبوو به نالی و ئه‌ویش کۆمه‌له وتارێک سه‌باره‌ت به نالی و شێعره‌کانی له خۆ ده‌گرێت. له گۆڤاری "پژوهش نامه ادبیات کردی" که زانکۆی کوردستان ده‌ری ده‌کات چه‌ند وتارێک سه‌باره‌ت به نالی به‌رچاو ده‌که‌وێت.