تاريخ: ۱۳۹۸ چهارشنبه ۲ بهمن ساعت ۲۳:۶ | بازدید: 1293 نظرات: 0 کد مطلب: 14152 |
جه‌لال پوورحه‌سه‌ن
ئه‌و کۆ شێعره 100 لاپه‌ڕه له خۆ ده‌گرێت که بڵاوکراوه‌ی ده‌زگای چاپی "خانی"یه. کاری ڕووبه‌رگ و دیزاینه‌که‌ی "ئاسۆ مامزاده" ئه‌نجامی داوه.
شێعر ئه‌زموون کردنی ژیانه و ئه‌و ڕووداوانه‌ی مرۆڤی کورد له ماوه‌ی ژیانی و له‌و سه‌رده‌مه‌ی تێیدا واقع بووه. کاره‌سات و ڕووداوه‌کان لهوحیان له زه‌ینی دا چێ کردووه، ئه‌و له‌وحه‌ی ده‌کرێ به ده‌یان شێوه بخوێندرێته‌وه. ئه‌زموونی نووسه‌رانی ئێمه ئه‌گه‌رچی له نێوان ده‌قی خۆی و تایبه‌ت دا ده‌رده‌که‌وێ به‌ڵام به ده‌ر نین له ڕۆحی نه‌ته‌وه‌یی و نه‌ریتێک که پێی و تێیدا گه‌وره بووین. فێر بووین چۆن له واقعه‌کانی جهانی سه‌رده‌می خۆمان به قازانجی په‌روه‌رده و گه‌شه‌ی خۆمان که‌ڵک وه‌رگرین. شێعر یه‌کێ له‌و ئیمکانانهیه که به‌رده‌وام ده‌سته‌چیله‌ی شاعیرانی کورد بووه بۆ ئه‌وه‌ی مه‌شخه‌ڵی شوناس و ناسینی خۆیانی پێ هه‌ڵ بکه‌ن و بیسه‌لمێنن ئه‌وانیش ده‌توانن به‌شێک بن له پڕۆژه‌ی به‌رهه‌م هێنانی هزر و بیری مرۆڤی کورد. گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک بۆ ڕابردووی شێعری کوردی و ئه‌زموونه‌کانی ڕوونی ده‌کاته‌وه شێعر له لای ئێمه‌مانان به‌شێکی زۆری فێڕکاری و زانستهکانی ئێمه‌ی له هه‌ناوی خۆی دا هه‌ڵ گرتووه. بۆیه به دڵنیاییه‌وه شێعر ناتوانێ له ئه‌زموونی ژیانی ئێمه دابڕاو و په‌رته‌وازه بێت.
له وه‌ها دۆخێک دا شاعیر ههستۆمهندانه هه‌ستی و بوونی خۆی چوارچێوه‌دار ده‌کات. ئه‌و ئیمکانه‌کانی زمان به یارمه‌تی وه‌رده‌گرێت و خۆی له هه‌موو که‌لێن و قووژبنه‌کانی زمان دا دهدهۆزێتهوه. دۆخی واقع بوویی و هه‌ڵکه‌وته‌یی له سه‌رده‌می ئێستا دا ده‌بنه ئیمکانێک بۆ ئافراندن و دیسان ئافراندنه‌وه. زمان ئه‌گه‌رچی که‌ره‌سته‌یه‌که بۆ ڕاگه‌یاندن و ناردنی په‌یام و قسه‌ی بێژه‌ر به‌ڵام لای شاعیر ئه‌وه ئاسایی ترین خه‌سڵه‌تی زمانه و ده‌یان تایبه‌تمه‌ندی و توانستی دیکه له زمان دا هه‌یه که کاری به‌رکاری ناسکاره وه‌ک مه‌له‌وانێک له‌و ده‌ریا بێ پایانه مه‌له بکات. سوله‌یمان سۆفی ساڵحی به شێعری کاتێ له شه‌ڕ گه‌ڕامه‌وه ئه‌و کۆمه‌ڵه شێعره له وه‌رزی یه‌که‌م ده‌ست پێ ده‌کات.
" کاتێ له شه‌ڕ گه‌ڕامه‌وه
شانم له هیلاکی وه‌ڕه‌ز و
چه‌که‌که‌م له سه‌نگه‌رم بریندارتر ده‌دوا"
لێره ئه‌وه ته‌نیا نمودی مرۆڤێکی کورد نییه که بێ ده‌ره‌تان که‌وتۆته دۆخی جهانێک که شه‌ڕ به‌شێکی دانه‌بڕاوی ئه‌وه، به‌ڵکه ئه‌وه سه‌رگوزه‌شته‌ی زۆربه‌ی مرۆڤه‌کانی سه‌رده‌مه که ناچارن دۆخی شه‌ڕ تێ په‌ڕ بکه‌ن. بۆیه ئه‌و شه‌ڕه ده‌ریاکانیش ده‌سووتێنێ و ئه‌ندێشه‌کان ده‌سته‌مۆی چه‌ک ده‌کات. ئه‌وه‌ی به سوڵح و سازان پێک نه‌یه‌ت ده‌بێ چه‌کی بۆ هه‌ڵگرین و له پێناوی شه‌ڕ بکه‌ین. شه‌ڕێک که وزه‌ی مرۆڤ هه‌ڵ دێنجێ و به‌تاڵ و بۆشی ده‌کات له خۆشه‌ویستن و له‌وانه‌یه پڕی کاته‌وه له خۆ ویستن. به‌ڵام شه‌ڕ ئه‌و که‌ره‌سته‌یه‌یه که سیماکان ده‌گۆڕیت، سیمای شارستانییه‌ت، سرووشت و خودی مرۆڤیش.
"کاتێ له شه‌ڕ گه‌ڕامه‌وه
به‌تاڵ
به تا ڵ..."
یا شێعری "ده‌ججال هاوسه‌ری په‌یکه‌ره‌کانه"، له‌و شێعره دا کاره‌ساته‌کان جوانییه‌کان ده‌ستێننه‌وه و قه‌سری له به‌ر باران و کڕێوه داده‌ماڵن، خۆر له به‌ر ڕۆژ داده‌که‌نن و ده‌ججال له بن سێبه‌ری خه‌نجه‌رێک دا سه‌ر ده‌بڕن، بۆیه ئه‌و جهانه ناتوانێ ئاوه‌دانی به خۆیه‌وه ببینێ و ده‌مێک ئاسووده و بێ نیگه‌رانی ناتوانی پشوو بدات. زه‌وی ئاوسه به کاره‌سات، کاره‌ساتێک که له ناوچه‌ی ئێمه نه‌وت سه‌به‌بکاری یه‌که‌می ئه‌وه. چاوی بورژوواکان و ئیمپریالیسته‌کان دایمه له‌و شوێنه‌یه و ئه‌وانن ژیانی ئێمه ده‌که‌نه قوربانی گاڵۆنێک نه‌وت تا بیسووتێنن و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان پارێزوار بێت. شێعری پیتی نه‌وته‌کان شێعری تووڕه‌یی شاعیره بۆیه "تۆ که خه‌بات به ئه‌ندێشه‌تدا ههڵمیزاوه/ ئاوه‌دان به‌وه به قاقڕستانی/ دوێنێدا" دوێنێ ڕۆژی ئه‌وینداری هه‌ژار بوو، ئه‌و هه‌ژاره‌ی له خه‌ونی شاعیر بریندار و ئه‌وڕۆ ماندووی چه‌که.
شێعری "ده‌ستت لابه له سه‌ر سه‌رم" پێشکه‌شه به چاوه ماندووه‌کانی هۆجام سوورچی، ئه‌و شێعره به واتای ته‌واوی خۆی حه‌ز و خولیاکانی فه‌رمانده‌یه‌کی پێشمه‌رگه باس ده‌کات که چۆن خۆی ده‌کاته قوربای ڕێبازه‌که‌ی ئه‌گه‌رچی سات به سات خولیای ئه‌وه‌ی هه‌یه بچێته‌وه لای هاوسه‌ر و منداڵه‌کانی، و ژیانی لای ئه‌و که‌سه ئه‌وه‌نده شیرین کردووه که دۆخێکی ڕۆمانتیکی چاوه‌ڕوان نه‌کراوی به‌رهه‌م هێناوه.
شێعری کۆمه‌ڵگای حه‌شه‌ری به‌رده‌نگێکی تایبه‌تی هه‌یه ئه‌ویش "کابان"ه، شاعیر ده‌یهه‌وێ کابان ئاگادار بکاته‌وه له‌وه‌ی نیگاکان سه‌وزاییه‌کانی ده‌ستێننه‌وه و عه‌شق نازناوی هه‌وه‌سی هه‌یه. کۆمه‌ڵگای حه‌شه‌ری ڕوانگه‌ی تاریک و ناڕوونی پیاو باس ده‌کات سه‌باره‌ت به ژن، بۆیه وڵات پڕه له زه‌لکاو، تاریک و بێ هه‌تاو، داچۆڕانی زه‌نگوڵ زه‌نگوڵی عاره‌قه‌ی حه‌یا و شه‌رمه به ڕوخساری کۆمه‌ڵگایه‌کی په‌سیڤ.
"من شیرینم له واگۆنی سبه‌ینێ دا ده‌ناسم" شاعیر هه‌واڵبه‌ری زمانی داهاتوویه، کۆڵبه‌ری ئاڵایه‌که که داهاتی ماتیکی زه‌رده،
"ون ببوون
هه‌موو نیگاکانی وێستگه‌یه‌ک
له ماتیکی سووردا"
ساڵهایه شاعیر له وێستگه‌که چاوه‌ڕوانی ده‌کات، هه‌موو هێزه‌کانی زمان به یارمه‌تی وه‌رده‌گرێت تا ئه‌و چاوه‌ڕوانی و ئینتزاره گه‌شه پێ بدات.
" شۆخهویستم
ئه‌و سه‌فه‌ره
شهکانهوهیهکه شهکینهوه به خۆتدا،
که له ڕۆژی جهانی زه‌فه‌ر
شیرینترینم به تلیسکۆپێکهوه هه‌ڵدا
له ڕێکه‌وتی ده‌ستڕێژی بۆ نێو مێژووی ئاینده‌یه‌ک"
ئه‌و ئاینده نادیار و ناڕوونه‌ی خۆشه‌ویست دوور ده‌کاته‌وه، ئه‌وه ته‌نیا سه‌فه‌رێکی ئاسایی نییه، به‌ڵکه هاوکات بردنی هیوا، ته‌مه‌ننا و خواسته‌کانی شاعیره که ئێستا له واگۆنێک دا شیرین ترین له گه‌ڵ خۆی ده‌با. " ماتیکه‌که سه‌فه‌ر بردی و/ وێستگه و سوور و نیگاکان/ نیا ته نیا نیا مانه‌وه"
"پیانیست" شێعری نۆت و وشه، ئه‌و ده‌قه‌ی توانیوێتی هاوکات شێعر بێت و هه‌م موسیقا. "ژیان ده‌بێ هه‌بێ"، موسیقا ده‌بێ هه‌بێ و شێعریش ده‌بێ هه‌بێ. "ترپه‌ی دڵم له ده‌نگی پیانیستێکدا/ ده‌ستده‌که‌وێ!" پیانیست یه‌کێ له سه‌رکه‌وتووترین شێعره‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه، هه‌ر وشه‌یه‌کی به دانسته له جێی خۆیه‌تی، هه‌ست به که‌مترین زیادهوێژی ناکه‌ی، له گه‌ڵ شاعیر ده‌یخوێنینه‌وه، و له گه‌ڵ ئه‌ویش هه‌م نۆت ده‌ژه‌نین و هه‌م ده‌یبیستین. خوێنه‌ر ته‌نیا به‌رکار نییه به‌ڵکه ده‌توانێ تا ئاستی به‌رهه‌م هێنان ببێته به‌شێک له پڕۆژه‌ی بونیاد نانی شێعر له هاوکاتییهک له گه‌ڵ شاعیرموزیسیهن دا.
"ده‌لالا
که-تۆم-نه‌بێ به‌و سێ هێڵی تۆنهدا
به‌ک- به‌سه‌رهاتی خه‌زانی- چه‌پ- ده‌نووسێته‌وه. ...
باران به‌و پێنج خه‌تی سۆلهمهدا هه‌ڵناگه‌ڕێ و
مۆسیقا چۆن له لق و پۆی پاییز هه‌ڵبوه‌رن؟
که تۆم لێ ون بێ
سۆل – دۆ – رێ – می – رێ – می – می – فا – رێ- دۆ – رێ"،
"پیانیست قاقا پێده‌که‌نی!"
"ده‌ستپه‌ڕ" شێعری شێتی و ویست، ویستێک که بخرۆشێ هه‌موو ئاسۆکان ده‌به‌زێنێ، "ئه‌گه‌رچی له تاریکی دا هه‌ڵده‌ستێ ئه‌وین". شاعیر خه‌ریکه خولیایهکمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه. خولیایی ئاسووده بوون، "غار ده‌درێن ئه‌سپه‌کان له نێو تاتۆی سمتی ڕاستی/ وا مێشک شل ده‌بێته‌وه به لکی بهلهکێکهوه". ئه‌و شێعره ڕێک ئیرجاعێکه بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی له پشت تریبۆنه‌کان که‌سێکی دیکه و له پشتی ئه‌و تریبۆنانه و له خولیاکانیان دا هه‌وه‌س هه‌ناسه سواخی کردوون. شۆرتێکیان له سه‌ره و به زاریان ستیانێک ده‌جاون. شاعیر خۆی ده‌بێته ئه‌کته‌ری ئه‌و بابه‌ته و پێمان ده‌ڵێت:"سه‌ری بۆشمان له شاخی نیشتمان ده‌سووین" لێره دا نیشتمان ئه‌و وڵاته‌یه ئه‌وانه‌ی هه‌رده‌م خۆیان به وڵات پارێز ده‌زانن حه‌ولی به ده‌ست هێنانی ده‌ده‌ن. له ڕێگه‌ی نووسین وا پیشان ده‌ده‌ن خه‌ریکن خزمه‌ت به زمان، وڵات و نه‌ته‌وه ده‌که‌ن و له لایشه‌وه نه‌یانتوانیوه له گه‌ڵ ئینحرافییهکانی زه‌ینیان خۆیان یه‌ک لایی بکه‌نه‌وه. بۆیه هیچ شتێک نییه مێشکی له ده‌ستی بکاته‌وه. ئه‌گه‌رچی ئه‌وه ته‌نیا ڕواڵه‌تێکه و هیچی تر له کاتێک دا له زه‌ینی ئه‌وانه دا نیشتمان کچێکه که ده‌توانن هه‌وه‌سه داڕماوهکانیانی پێ چاره بکه‌ن .
" دێ له‌م لاو لای ئه‌م لاوه شا‌و ئاو واتمان
ساڵه‌هایه وێڵ لێڵ لێ لێی
تریبۆنهکانه. ..."
شێعری "تهتهتتاببلۆ" شێوه‌یه‌که له زمان پهریشی له جۆری لاکانییه‌که‌ی. که‌سێک که زمانی ده‌گیرێت و ناتوانێ به‌یانی ئه‌وه‌نده ڕوون بکاته‌وه و به فهساحهتهوه بپه‌یڤێ. شاعیر ویستوویه‌تی ئه‌و زمان پهریشییه له توێی شێعر دا به‌رجه‌سته بکاته‌وه، شێعر به‌رجه‌سته کردنه‌وه‌ی مالیخولییاکانه بۆیه نووسه‌ر ئه‌گه‌رچی ده‌سهه‌ڵاتی به سه‌ر زمان دا هه‌یه، به‌ڵام نایهه‌وێ ئیتر نوێنه‌ری چاوێژی ببێت. پێی باشه تا ڕاده‌ی زمان پهریشێک له گه‌یاندنی واتا دوور بکه‌وێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی یه‌کجاره‌کی له بونیانی شێعره‌که‌ی نه‌مێنێت.
" له سه‌ر زمانم هه‌ڵده‌خلیسکێ په‌یڤه‌کانی و
ده‌ڕژێته نێو تاراوگه‌ی لاپه‌ڕه هێواشه‌کانی مه‌ترسییه‌وه...
ساڵانێک ئه‌و بوو
چاوی به شه‌واره‌ی نیشتمان که‌وتبوو و
خه‌یاڵی له هه‌وایه‌کی ئازاد دا ده‌شه‌کاوه"
ئه‌و ترسه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی زمان تووشی گیران بێت. ترسێک که له چاوی به شه‌واره که‌وتووی نیشتمانه‌وه پێک هاتووه. بۆیه ده‌بێ له دێڕی چواره‌می ئه‌و شێعره ده‌مه‌وڕوو ڕایکێشن تا به هێڵنجێک هه‌موو شۆڕشه‌کان بێنێته‌وه. ئه‌وه‌ی تا دوێنێ پهشمهرگهیهکی وڵات پارێز بوو ئه‌وڕۆ ڕه‌وان پهریشێکه که به‌ر له چاره‌سه‌ری دۆخی نیشتمانه‌که‌ی خۆی پێویستی به چاره‌سه‌ره. ئاوایه که ده‌بێ هه‌موو پێکه‌وه هاوار بکه‌ین، " وێران بووه ئێمه".