لەم ڕۆژانەدا دووبەرگی تر لە پڕۆژەی بەپیت و بەرکەتی خەرمانی «فەرهەنگی زارەکیی موکریان» لە لایەن «خانەی موکریانی» چاپ و بڵاوبۆوە و چاو و دڵی هەموو نووسەران و وێژەران و توێژەران و فەرهەنگدۆستان و مشوورخۆرانی ڕاستەقینەی زمان و کەلتوور و کەلەپووری کوردی پێ ڕوون بۆوە.
ئەم دوو بەرگە بریتین لە بەرگی حەوتەم کە لەخۆگری ماکەکان و نێرتکەکانی پیتی «د»ێیە لە ۹٦٦ لاپەڕەدا و هەروەها بەرگی هەشتەم کە لەخۆگری ماکەکان و نێرتکەکانی پیتی «ڕ ، ز ، ژ »ێیە لە ٨٦۱ لاپەڕەدا (سەرجەم لە ۱٨۲۷ لاپەڕەدا).
پڕۆژەی فەرهەنگنووسی زارەکیی موکریان تا ئێستا سەرجەم ٨ بەرگی فەرهەنگی ئەلفوبێیی، لە ٥٥٥٨ لاپەڕەدا و دووبەرگی سەربەخۆی، واتە: «فەرهەنگی زارەکیێ موکریان، خورد و خۆراک» و «فەرهەنگی زارەکیی، بەشی ژنان» لە ٨٥٦ لاپەڕەدا لێ چاپ و بڵاوبۆتەوە (سەرجەم لە ۱۰ بەرگ و لە ٦٤۱٤ لاپەڕەدا ).
پڕۆژەی فەرهەنگی زارەکیی موکریان بە چاپ و بڵاوبوونەوەی ئەم دوو بەرگە تەکووز و دڵئەنگێوەی، هەنگاوی ناوەتە قۆناغ و وارگەیەکی مێژوویی دڵئەرخەیانکەر و جێگرتوو و سەقامگیر کە وەک هەتاوی پڕتین و تاوی هاوینانی سارا و گەرمێنان تیشک و پڕشەنگی زێڕینی هاویشتووەتە گشت قەد و لاپاڵەکانی گەرمێن و کوێستانی کوردستان و لق و پۆپی داکوتاوەتە ناو هەناوی دڵبزوێن و ڕۆحهەژێنی جەستەی فەرهەنگنووسیی کوردیی سەردەمەوە.
مامۆستا سەلاح پایانیانی ورەبەرز و لێهاتوو و بەئەزموون، وردەوردە و وارگەوارگە پێی سەلماندین کە دەکرێ زمانی کوردیش وەک زمانانی تری خاوەن پلەوپایەی گەردوون، دەراوی ڕوون بەخۆیەوە ببینێ و ببێتە خاوەنی فەرهەنگێکی زانستی و ئاکادێمیک و وڵامدەر و کارا و داگر و تەکووز، لەسەر بنچینەی ماکە زمانییەکانی زمان-وێنەی زارەکیی ئەم بەشەی کوردستان.
گەر بە چاوێکی وردبینانە و شڕۆڤەکارانە و لێزانانەوە بڕوانینە مێژووی فەرهەنگنووسیی کوردی، لە سەردەمی ئەحمەدی خانییەوە تا چاخی ئێستا، تاکوتەرا بیرۆکەی وەگەڕخستنی پڕۆژەی فەرهەنگنووسیی کوردی لە بیرگەی زمانناسان و زمانزانانی کورد گەرای خستووە، بەڵام تاقە پڕۆژەیەکی فەرهەنگنووسیی کوردی کە تا ئێستا توانیبێتی لە وارگەی بیرۆکەی گەرا خستنەوە بۆ قۆناغی کردەیی، وەگەڕ و گەڕیان کەوتبێ و بەو جێگەوپێگە دڵئەرخەیانکەر و سەقامگیر و جێگرتووە گەیشتبێ، تەنیا و تەنیا پڕۆژەی تاک و بێمیناکی فەرهەنگنووسیی زارەکیی موکریان ـە و بەس.
ئەو دیاردەیەی وا جێی تێڕامان و ئاماژەیە ئەوەیە کە ئەم پڕۆژەیە هەتا هاتووە هەم لە باری ناوئاخن و کاکڵەوە و هەم لە بواری توێکڵ و ڕواڵەت و دیمەنەوە بەرەژوورتر چووە و هەنگاوی تەرز و بەرزی ناوەتەوە و گەشەونەشەی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە، بەو نێونیشانەیەی وا لەم دوو بەرگەدا جیا لەوەی بەهۆی بەئەستۆگرتنی ئەرکی تاقەتپڕووکێن و دژواری «پێداچوونەوەی زانستی» لەلایەن مامۆستا عەزیز ئالی، وەک ئیدیتۆڕێکی لێهاتوو و شارەزا و وردبین و پسپۆڕ، نرخ و بایەخی ئەم ئاسەوارە بەپێز و بەهێزە، هێندەی تر بەرزبۆتەوە، هەروەها مامۆستا عەزیز ئالی لە ژێروەی بەشێکی زۆر لە ماکە و نێرتکە زمانییەکانی ئەم دوو بەرگەدا تێبینی و شڕۆڤە و لێکدانەوەی وردبینانە و زانستیانە و ڕوونکەرەوەی لە بواری ڕێزمان و وشەناسی و ڕەچەلەکناسی وشەکان و زاراوەکان بەدەستەوەداوە کە بەبێ پیاهەڵگوتن و «مجاملە» جیا لەوە کە نرخ و بایەخ و ئاستی ئەم ئاسەوارەی فرە پێ چۆتە بان، لەلایەکی تریشەوە پتر لە پێشوو ئاستی بەرزی زمانزانی و زمانناسیی خۆی بە خوێنەری زیت و لێزان و وریا ناساندووە و سەلماندووە. مامۆستا عەزیز ئالی لە ڕاستیدا ئەو بۆشاییەی لەو فەرهەنگەدا پڕکردووەتەوە کە ماوەی نیوسەدە دەبێ لە فەرهەنگە پێشکەوتووەکاندا لە ژێر سەردێڕی «بەکارهێنانی کردەیی» (=practical usage) وەک بەشێکی پێویستی ڕێزمانی و وشەناسی و ڕەچەلەکناسی، لە ژێر تاقمێک لە ماکە و نێرتکەکان کە پێویستیان بە تێبینی و ڕوون کردنەوەیە، تۆمار دەکرێ. گشت لا داواکارین مامۆستا عەزیز ئالی لە بەرگەکانی تریشدا بەردەوام بێ لە ڕاپەڕاندنی ئەو خزمەتە هەرمانەی.
هەروەکوو بەرگەکانی تر، ئەم دوو بەرگەش ڕازاوەتەوە بە دوو پێشەکی لە لایەن دوو کەسایەتی ناسراوی وێژەیی و زانستی کورد، مامۆستا محەمەد ڕەمەزانی و دوکتۆر هاشم ئەحمەدزادە.
پیرۆزبایی لە مامۆستا سەلاح پایانیانی دەکەین بۆ ئەو خەڵاتە هەرمانەی وا پێشکەشی کتێبخانەی فەرهەنگنووسی کوردی و هەروەها هەواری هەراوی زمانەوانی کردووە و لە ناخی دڵەوە لە خوای کارساز و کاربەجێ دەپاڕێینەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە ورە و وزەی تەرز و بەرزەوە بۆ ئافراندنی داهێنەرانەی سەرجەم بەرگەکانی تری ئەم شاکارە زمانەوانییە هەنگاوی پتەوتر بنێ.