بە پێی هەواڵیی هاژە، لە خەرمانی فەرهەنگی زارەکیی موکریان، بەرگی 7 و 8ی بڵاوکرایەوە.
بەرگی حەوتی فەرهەنگی زارەکیی موکریان پیتی «دال» لە 966 لاپەڕەی وەزیری¬دا و بەرگی هەشت «ڕ _ ز _ ژ» لە 861 لاپەڕەدا لە لایان دەزگای چاپ و بڵاو کردنەوەی خانەی موکریانی¬یەوە چاپ و بڵاو کرانەوە.
دکتۆر هاشم ئەحمەدزادە لە پێشەکی ڕووبەرگی هەشت بە سەردێڕی «مەتەڵۆکی زمان و پەڕجووی مانەوە» باسێک «لەسەر گرنگیی بڕیاردەرانەی زمان لەسەر هزر و ناسنامەی مرۆڤ و کۆمەڵگەمرۆڤییەکان» دێنێتە بەر شرۆڤە و لێکدانەوە.
ئەحمەدزادە لێکدانەوەکەی بە چەند سەردێڕی «زمان: چەند ئاماژەیەکی گشتی، زمان لە ڕەوتی مێژووییدا، دوو فەرهەنگی ڕێنوێن لە دوو زمانی جیاوازدا، زمانی کوردی و هەلومەرجێکی ئاڵۆز، بیرەوەری و زمان، فەرهەنگی زارەکی و ناسنامە، فەرهەنگی زارەکیی موکریان و سەلاحی پایانیانی، و ئەنجام» دەست پێدەکات و بۆ هەر یەک لەم سەردێڕانە شرۆڤەیەکی کورت و پووخت دەنووسێت.
دکتۆر هاشم ئەحمەدزادە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە «فەرهەنگی زارەکی ڕیشەی لە ڕابردوو دایە و لقوپۆپەکانی لە ڕەوتی زەمەندا تیفتیفە دراون و بوون بە ئاوێنەیەک لە شێوە ژیان و هزرینی کۆمەڵگە...»، هەر بۆیە ناوبراو دەڵێت: «فەرهەنگی زارەکیی هەر گەلێک نیشاندەری شێوازی بیرکردنەوە و دەربڕینی ئەو گەلە» ئەژمار دەکرێت.
ئەحمەدزادە لەسەر کارەکەی سەلاحی پایانیانی بەو ڕستەیە پێ لە گەورەیی کاری فەرهەنگی زارەکی موکریان دەنێت و دەڵێت: «تەنیا چاوپێداخشانێک بە بەرگەکانی هەتا ئێستا لەدایکبووی فەرهەنگی زارەکی موکریان بەسە بۆ دانپێدانان بە گەورەیی ئەم کارە فرەڕەهەند و دەوڵەمەندە».
دکتۆر هاشم ئەحمەدزادە لە کۆتاییدا زمان وەک «بڕیاردەری هەستونەستی مرۆڤەکان» ناو دەبات و لەسەر ئەو بڕوایەیە کە «فەرهەنگنووسەکان ئەو کەسانەن کە باری قورسی ئەم ئەرکەیان خستۆتە سەر شان و بەم کارەشیان قورسایی لەتاقتنەهاتووی بوونیان بۆ مرۆڤەکان سووک کردووە» کە «لە ئەحمەدی خانییەوە هەتا سەلاحی پایانیانی، بە سەدان شۆڕەسواری گۆڕەپانی زمان، ئەسپی تیژئاژۆی خۆیان تێدا تاو داوە و سەروەت و سامانی زمانیی کوردیئاخێوەرانیان پاراستووە».
محەممەد ڕەمەزانی لە پێشەکی بەرگی حەوت بە سەردێڕی «گاشەبەردێکی جوانتاشراوی نەخشاو بۆ گرتنی سەتان کەلێنی هەراوی زمانەکەمان» باسێک لەسەر فەرهەنگی زارەکی موکریان دێنێتە ئاراوە و فەرهەنگەکە لەگەڵ فەرهەنگە ئینگلیزییەکان بەراوەرد دەکات.
ڕەمەزانی بە ئاماژەدان بە ئەوەی کە «کورد تا ئێستا فەرهەنگی نییە و ئەوەی کە هەن و کار کراوە، تەنیا هەگبەی وشەن و هەر ئەوەندەیە بەپێی ئەلفوبێ ڕێکوپێک کراون»، و لە سەر ئەو باوەڕەیە کە «کارەکەی سەلاح پایانیانی یەکەم هەوڵی سەرکەوتووی زانستیانەی دیکشێنرینووسین بە زمانی کوردی»یە کە کراوە.
ناوبراو فەرهەنگی زارەکی موکریان بە یەکەم فەرهەنگی کوردی ناوزەد دەکات کە لە «کۆمەڵەدیکشێنری» پێکهاتووە کە چەند دیکشێنری وەک «دیکشێنری زمانی کوردی، دیکشێنری زمانی زارەکی،دیکشێنری ئیدیۆمی کوردی و ...» لەخۆ دەگرێت. هەر بۆیە ڕەمەزانی لە کۆتاییدا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە «فەرهەنگی زارەکی موکریان بینایەکی ئەوەندە گەورەیە کە خۆی لە چەند بینای گەورە پێکهاتووە و هەر بینایەی بۆ مەبەستێکی تایبەت هەڵخراوە».
دوو تۆیی ڕووبەرگی پیتی «داڵ» و «ڕ، ز،ژ»ێ فەرهەنگی زارەکی موکریان لە لایان عەزیز ئالی کاری پێداچوونەوەی زانستی بۆکراوە و لە چاپخانەی ماد لە تاران لە سەر ئەرکی «خانەی موکریانی» چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
شایانی ئاماژەیە کە فەرهەنگی زارەکیی موکریان ئەنەسکۆپیدیایەکی ناوچەی موکریانە کە لە سێ بهش پێکهاتووە کە بریتین لە بەشی یەکەم: بەشی ئەلف و بێیەکەیەتی کە تا ئێستا ٨ بەرگ تا پیتی «داڵ» و «ڕ، ز،ژ»ێی لێ چاپ بووە کە لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا بەرگی ٧ و ٨ی لێ بڵاوکراوەتەوە. لە هەمان کاتدا فەرهەنگی زارەکی موکریان چەندین کتێبی سەربەخۆیتر سەر بە پیشەکان، هونەرە دەستییەکان، کشت و کاڵ و ئاژەڵداری و... لەخۆ دەگرێ کە وا بڕیارە لە ماوەی 5 ساڵاندا کۆتایی پێ بێت. بەشی هەوەڵی ئەم پڕۆژەیە کە ١٩ بەرگ لە خۆ دەگرێ تا ٣ ساڵیی داهاتوو تەواو دەبێ کە لەم خەرمانە بەرەکەتەدا تا ئێستا ١٤ بەرگ بڵاو کراوەتەوە.