تاريخ: ۱۳۹۵ پنج شنبه ۱۸ آذر ساعت ۱۲:۲۸ | بازدید: 3311 نظرات: 1 کد مطلب: 2395 |
ئامادەکردنی: ڕێبوار عهجەمی
مامۆستا ئیبڕاهیم قادری 6ی بانهمهڕی 1313ی ههتاوی لە گوندی "عیساکەند"ی سەر بە شاری مەهاباد لە دایک بووە، بابی "کەریمی ڕەحمانی عەبدولقاری" کەسێکی پیاو چاک و دەستڕۆیشتوو و لە هەمان کاتدا دەنگخۆش بووە.
ساڵی 1320ی هەتاوی لە "عیساکەند" بەرەو "خەلیفەلیان"ی نەغدە کۆچ دەکهن، پاش چوار مانگ مانەوە لەوێ، ئاغاکانی گوندی سەهۆڵان لە ڕووی هۆگرێک کە بە بنەماڵەی ئهوانیان دەبێ، ماڵەکەیان بۆ سەهۆڵان ڕادەگوێزن، بەڵام دووبارە ماڵیان بۆ ئاوایی قەڵاجۆغەی مەحاڵ دەڕوا، پاش 8 ساڵ مانەوە لەو گوندە، ماڵیان بەرەو ئۆتەمیش بار دەکات و ماوەی 8 ساڵی دیش لەو ئاوایە دەمێنێتەوە.
هەواڵدەری هاژە بە پێ ئەرکی خۆی و لە ڕووی پێزانینێک بۆ خزمەتە زێڕینەکەی مامۆستا ئیبڕاهیم قادری و سەرجەم تێکۆشەرانی بواری کەلەپووری کورد، وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێزیان پێک هێناوە کە سرنجی ئێوەی بەڕێز بۆ پوختەی ئەو بابهیه ڕادەکێشین.
1. لە چ ساڵێکی ڕا خولیای دنیای هونەر بوون و چۆن بوو دەستتان بە گۆرانی گوتن کرد؟
لە ماڵێی خۆماندا بابم کەسێکی دەنگ خۆش بوو و گۆرانیشی تەنیا بۆ دۆست و هاوڕێیانی خۆی دەگوت، بۆ منیش هەر وا بوو کاتێک کە دۆستێک یا خۆشەویستێکی خۆی دەهات بانگی دەکردمە دیوەخانێ و داوای لێدەکردم کە گۆرانێکی بۆ بڵێم، هەموو کاتیش بابم لە ماڵێ دەیگوت ئەگەر نەمرم کارێکی وا دهکەم کە برایم درێژە بە هونەرەکەی بدا، هەر ئەوەش بوو بە سەبەب کە ئەو کات کە بابم کۆچی کرد، هاتمە نێو دنیای هونەر و لە ساڵی 1330 هەتاوییهوە دەستم بە گۆرانی گوتن کرد و یهکهمین زەماندیش کە گۆرانیم لێ گوت زەماوەندی "مەحێدینی حاجی فەرەجی" لە ئاوایی "پیر وهلی باغی" سەر بە ناوچەی چۆمی مەجیدخان بوو.
2. هەوەڵین گۆرانی کە لە زەماوەند دا گوتووتانە چ گۆرانێک بوو؟
هەوەڵین گۆرانیم، ئەو گۆرانییەی عەلی خەندان بوو کە گوتومە:
"ئـۆخـەی، ئـۆخـەی خـەزاڵـێ کـابـانی گـەورە مـاڵـێ
جەحێڵ مـزگێنیـم دەنـێ، مـەڕ هـاتـەوە سـەر مـاڵـێ
پـێیبڵێن بـە بـێرییە چکـۆلـەی کـەمێک قۆڵی هەڵـماڵێ
پـێیبڵێن بـە بـێرییه چکـۆلـەی کـەمێک قۆڵی هەڵـماڵێ"
3. بە گشتی چەند گۆرانیت هەیە و شێعری گۆرانییەکانت چۆن هۆنیوەتهوە؟
ئەمن کۆی بەرهەمەکانی خۆم 96 گۆرانییە کە زۆربەی زۆریان "بۆن و بەرامەی بیرەوەریان" پێوەیە و شێوازی گۆرانی گوتنم جاری وا بووە کەسێک کە بە جۆرێک لەگەڵ من ڕایبواردووە، گۆرانیم بۆ داناوە، یا بواری خۆشەویستی و ئەوینداری بووە یا کەسێک کە لە دەست چووە و جاری واش بووە کە داوای گۆرانی تایبەتیان بۆ بۆنه و کۆبونەوەی تایبەت لێکردووم و گۆرانیم بۆ گوتووە، جاری واش بووە هەر لە کاتی دەست گرتنی داوەتێدا شتێکم بە زیندا هاتووە و گوتوومە یا بە شوێنێکدا ڕۆیشتووم و یا دیمەنێکم هاتۆتە بەر چاوان و هەر ئەو دەم گۆرانیم بۆ هۆنیوەتەوە.
4. لە بەینی گۆرانییەکانت کامیان ئێستاشی لەگەڵدا بێ بۆ تۆ هەستبزوێنترە، بە جۆرێک تا گوێی بدەیەیی دڵت دەهاژێنێ؟
هەر وەک کە گوتم گۆرانییەکانم زۆرتر بیرەوەرین، هەر لە سەر ئەو شتەش ڕا من دۆستێکم هەبوو کە بۆ یەک وەک برا بووین و ئەو لێرە نەما، تا ئەوەی کە لە زەماوەندێک لە ناوچەی بانە یەکترمان دیتەوە و شەو کە پێکەوە دانیشتین، زانیم کە دڵی بە کەسێکەوە گرێ دراوە، دوای ماوەیەک ئەو دۆستم ئێوە سڵامەت بن بەڵام ئەو خۆشەویستەی کە دڵی پێوە بوو، لە داخی لە دەست دانی وی هەر جلی ڕەشی لەبەر دەکرد و حەتا گوێ بیست بوومەوە کە ئەو بۆ هیچ زماوەندێک چ بۆ داوەت چ بۆ سەیرێ نایە. تا ئەوەی کە بۆخۆم چوومە ماڵێیان و کاتێک ئەمنی دی گریا و هیچی دی نەگوت. هەر ئەو دەم ئەوەم بە زەینی داهات:
" بـەجـێمدێڵـێ، بەجـێی هێشـتم، بەجـێم دێڵـێ بە یـەکجاری
ئـەگـە تـۆ بـاوەڕیە دەکـەی، هـەسـتە دەڕۆین بە یـەکجاری"
لە وڵامدا:
"بـۆچی دەگـری دەبـارێـنی، بـۆ بـەدقـەولـی و پەیـمان شکێـنی
شـەرتـە نـەشکێنم پـەیـمانم، ئـەگەر تـۆ دڵـم نـەشکێنی"
کە ئەو گۆرانییە بەڕاستی بۆ من زۆر بیرەوەری پێوەیە و ئێستاش کە گوێی دەدەمێ ههستم دەبزوێنێ.
5. باری چۆنییەتی داڕشتنی مۆسیقای گۆرانییەکانت چۆن بوو، ئایا بۆخۆت بۆت دادەڕشت یا ئەو کەسانەی کە مۆسیقایان بۆ لێدەدای دایاندەناوە؟
گۆرانی گوتنی من بە زەین و زمانی خۆم بوو هەر شتێک کە دامدەنا دەمهێنا سەر زار و دەمگوت، دوایە ئەو کەسەی کە مۆسیقای لێدەدا، ههر خێرا لە سەر شێوەی گۆرانی گوتنی منڕا مۆسێقاکەی لێدەدا چون ئەو دەم "نۆت" باو نەبوو، جا بۆیە لە گۆرانی گوتنەکە ڕا بگرە تا دانانی مۆسێقاکە هەمووی زەینی بوو.
6. گۆرانی چ کەسانێکت گوتووەتەوە و لەگەڵ چ هونەرمەندانێک گۆرانیت گوتووە؟
مەجیدە گڕوێیەک هەبوو کە وەک دەگێڕنەوە و دیتومە بە 7 زمانان گۆرانی دەگوت و حسێنی مەحموود شەشەی کە هەرچی گۆرانیبێژی ناوچەی خۆمانە زۆربەی زۆری گۆرانی ئەوانمان دەگوتەوە.
بەڵام لەگەڵ هونەرمەندانێک وەک حەسەن زیرەک، عەلی خەندان، عەزیزی عەلێ خڕەی، محەممەدی خەلیل شای، شەنگە جۆ، عەبە دەڕژێ، محەممەد حەتۆتە، عەلی حەکیم، ڕەسووی نادری، سەید عەلی سەردەشتی، عەلی گڵێنانی و ئەبوبەکر قەرەگوێزی گۆرانیم گوتووە.
7. چەند ساڵ بە بەردەوامی خزمەتت بە هونەر کرد و لە چ ساڵێکی وازت لێ هێنا؟
نزیکەی 50 ساڵان گۆرانیم گوتووەو لە ساڵی 1379 هەتاوی وازم لە دنیای هونەر هێنا و ئاخرین زەماوەندیش کە گۆرانیم تێداگوت زەماوەندی ماڵێ "خدر زەینەڵ" لە "قجیئاوا"ی شاروێرانێ بوو.
8. زەماوەندی ئێستا و سەردەمی خۆت چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
زەماوەندی ئەو دەم لە پێشدا خزم و کەسی کابرای دەهات زەماوەندەکەیان ساز دەکرد دوایە خەڵکی نێو دێ یا کابرای بێگانە دەهات و پیاو بۆخۆی دەهات، ژنیش بە جودا دەستی منداڵەکانی دەگرت،
هەر کەس هاتبایە سەرچۆپی وەرگرێ، سەرچۆپی بە دەست کەسێکی گەڕاوە و مەعقوڵ دەبوو کە دەسماڵ یا گۆچانی (گۆچان لە زەمانددا لە لایەک جۆرێک "سونەت" و لە لایەکی دیکەوە جۆرێک "ڕێز و حورمەت" بوو) چۆپیکێشی بەدەست بوو و تا بۆخۆی ماندوو نەبا یا لە سەر داوای خۆی دەهات ئیزنی لە گۆرانیبێژ وەردەگرت و داوای ئەوەی دەکرد کەسێکی دی چۆپی وەرگرێ، لە کاتی هەڵپەڕیندا ژن لە دواوە ڕا و پیاو لە پێشەوە ڕا دەهاتە نێو داوەتێ بەڵام ئێستا هیچ سەرچۆپی خێرا وەردەگیرێ، خۆشیان ههڵدەسوڕێنن و خۆ بادەدەن و پشت لە یەک دەکەن و زۆر ئەدای دی بە نێوی "مۆد" دەردێنن کە ئەو دەم ئەو شتانە زۆر عەیب و عار بوون و هیچ کات لە داب و نەریتی ڕەشبەڵەکی کوردهواریدا نەبووە.
9. هەڵپەڕین و دەستگرتنی ئەو دەم چۆن بوو؟
وەک کە گوتم هەڵپەڕینی ئەو دەم زۆر مەعقوڵانە و بە هەستێکی پاکانە بوو، ئەمن کە پیر بووم کابرای گەڕاوەش زۆر بە حەیا و بە ئەدەبەوە "ڕۆینە"ی دەگرت و منیش بە لاق دانانی ڕۆینەی دەستم پێدەکرد:
"خـزم و قـەومم بـەجێهشـت لە دەشـتی شـاروێـرانی
وەدووی یـارێ کـەوتـوومە نـەکێشـم پـەشیـمانی
سـوێسـنە و هـەڵاڵە و بەیـبوون کیژۆڵەی کـوردستـانی
یـان بـۆ کـراسی نـاز نـازی یـان بۆ کۆڵـوانەی شـانی"
بەڵام "سێپێیی" کاتێک کە وەختی نەهار دەهات و داوەت بەرەو بەربوون دەچوو یا کاتی ئێوارێ کە زەماوەند بەرەو تەواو بوون دەڕۆیی دەگیرا.
"گەڕانەوە"ش فەقەت لە ناوچەی موکریان باو بوو کە فەقەت ئەو کوڕانەی کە شەنگ بوون دەیانگرت بەڵام ژن بۆ گەڕانەوە نەدەبوو و نەشیان دەزانی.
10. تا ئێستا چەند خەڵاتی هونەریتان پێبەخشراوە؟
لە ساڵی 1353ی هەتاوی لە تاران دیپڵۆمی ئیفتخارم وەرگرتووە، لە شاری کرماشان پلەی یەکەمی کێبەرکێم وەدەست هێناوە و لە ساڵی 2002ی زایینی لەگەڵ خوالێخۆشبوو "قالەمەڕە" سەردانی جەلال تاڵەبانیمان کرد و نزیکەی مانگێک لەوێ ماینەوە و ڕێزییان لێ گرتین.
|