تاريخ: ۱۳۹۵ دوشنبه ۱۵ آذر ساعت ۱۳:۱۶ بازدید: 1023      نظرات: 1      کد مطلب: 2363

نوێخوازی لە دەلاقەی مانیفێستە ئەدەبییەکانی کورد

شرۆڤەی ڕوانگە،کفری،داکار


کاوان محەمەدپوور

 

پێشەکی:

مێژووی ئهدهبی ههر نهتهوێک پڕە له بهرهوروو بوونهوه و خوڵقاندن و بهگژ داچوونی، فۆرم و بیرۆکەی جیاوازی نووسەران بۆ دهرباز بوون له گوتار، یا خود شێوازێکی مێژینه که له پرۆسهی مێژوویی‌دا بهسهر نووسهر سهپاوه. ئهو بهرهنگارییه و «دژه کلاسیک» بوونی نووسهرانی ئهدهبییه که بە ناوی «نوێخوازی»و «نوێگهری» له وێژەدا دێتەئاراوە. دیاره که دۆخی تایبهتی مێژوو پێکهێنهری گوتاری زاڵی ئهدهبی دهبێتەوە و نووسهری ئهدهبی ناراستهوخۆ_لە بڕێ جاریش ڕاستەوخۆ_ دهچێته ژێر هێژمۆنی ئهو گوتاره و دهبێته ئهمرازێک بۆ نواندنی شێوازێکی تایبەت له ئهدهبیاتدا. ئهو دۆخه «نوکتێکی زهریف» و حاستهمی مێژوویه که بهنیسبهت کهم نووسهر بهسهری دا ئاگاداریان ههیه، واته وێستان له قۆناغێکی تایبهتی مێژوویی که ئەتوانین بە (حزوور له بهزرهخی مێژوو ئهدهبی) نێودێر بکرێ. داهێنەر خۆی لەم بەرزەخە رزگار دەکات و شێوازيکی نوێ لە وێژە دەخۆڵقێنێت. ئەم رزگارکردنە دۆخێکی مێتافیزیکییە بۆ داهێنەر، هەر بۆیە لە ئاستی ئایدیا و ئەندێشە دەقەومێ و لە دوواییدا بە کۆنێشی داهێنەر جەستەمەند دەبێتەوە. «مانیفێست» ههر ئهم دۆخە تایبهتهیه که نووسهر تێیدا دهوێستێت. ئهم دۆخە بهرزهخییه،نووسەر لەیەک کاتی ناوازەدا وەک هەموو مێژوو پێناسە دەکات و لە هەمان کاتیشدا وەک هیچ شتێکی ناناسێنێت، ئەم دۆخە «لە نێواندا بوون» و «وەک کەس نەچوون», مانیفێستە(1) . به هێنانه ئارای مانیفێست له لایهن نووسهرەوە مێژووی ئهدهبی له حاڵهتی بهرزهخی دێته دهرێ و دهست پێکی نوێ بۆ ئهدهبیات دهرهخسێنێت. ئهم دهست پێکه، دهست پێکێک نییه که بهتهینا و له پانتایهکی تاکی و بێ زەمینەیی هاتبێته ئاراوه. بێ گومان ڕهوتی مێژووی ئهدهبی و گوتاره سیاسی، کۆمهڵایهتی و ئابووریی، کۆبهندێک له «دۆخی خوڵقاندن» پێک دێنن و ئیمکانێک بۆنووسهر وەدەست ئەدەن که «داهێنان» له دهقی ئهو دا خۆ بنوێنێت._ شهڕی یهکهمی جیهانی کۆبهندێک له قهیران بۆ مرۆڤ دروست دەکات که له ناو هونەردا بە «دادائیسم» خۆ ئهنوێنێت، دهروون شیکاری فرۆیدی و له پێش ئهو پێش کهوتنی زانستی مرۆڤ و دەستکەوتەکانی دادائیسم، ئەو کۆبهندهی بۆ «سوررئالیسم» پێکدێنی_.

مانیفێست ههوڵی ئهوه دهدات که بفامێنێت، مێژووی ئێمه لهو دۆخە ناوازەدا ههڵگری چ چهمک و پێناسهیهکە، که له مێژووی ڕابردوو جوداوازمان دهکات. ئهم ئاگامهندییه ئهو ههله (بۆ داهێنەر) دهرهخسێنێت که خۆی مێژووی خۆی بنووسێتهوه، مێژوویهک که رووی له داهاتوویه. واتا کۆیهک له دوو چهمکی (ڕابردوو) و (داهاتوو) له نووسراوێک بهناوی مانیفێست خۆ نیشان ئهدات. مانیفێست نواندن و روون کردنەوەی ئەم شتەیە کە لە ڕابردوو هەبووە بەڵام نەبینراوە، وە پيناسەکردن و نیشاندانی ئەم شتەیە کە لە داهاتوودا- _داهاتووی نزیک _دێت. ههر بۆیه له دهقە پیرۆزەکانیش‌دا مانیفێست به مانای « بهم زوانه بۆت ڕوون ئهبێتهوه» بهکار هاتووه. مانیفێست ڕوونکهرهوی مێژوویهکی ڕابردوو و مێژوویهکی داهاتوویه که خۆی به نڤیسار جهستهمهند دهکات، و ئهنجام و دهرئهنجامی مێژوو پێکهوه گرێ دهدات. لهو ڕوانگهدا مانیفێست ڕوونکهرهوی ئهو حهقیقهتانهیه که له پشت حیجابگهلی جیاوز خۆیان حهشار داوه و به نووسینی مانیفێست ئاشکرا ئهبن.

به چاوکردنی گشتی له دهقی مانیفێستهکان بۆمان دهرئهکهوێت که ههر مانیفێستهی به شێوهی گشتی دهبێت ئهم چهند خاڵهی تێدا بهدی بکرێن: ده‎‎قێک که له رووی ئهدهبی دیار، روون و هێچ دژوار نووسی و گۆیی تێدابهکار نهبردرابێت، دهرئهنجامی ئهندیشهی تاک یان جهماعهتێک نووسهره که شێواز و رێسا و بنچینی ئایدیای نوێ باس ئهکات کە له کۆمهڵگا دا بڵاو بۆتهوه. مهبهست له نووسینی مانیفێست دهڕبرینی ئایدیا و ئهندیشێکی نوێیه بۆ جیاکردنهوهی مێژووی ڕابردوو له مێژووی داهاتوو(2). ههر بۆیه دهقی شێعر یا چیرۆک یا ههر دهقێکی ئهدهبی ناتوانێت وهکوو مانیفێست ناوی لێنێن، بهڵکوو ئهم دهقانه (شێعر،چیرۆک و...) دهرئهنجامی بیرۆکەی مانیفێستین، نه خودی مانیفێست. ئەم دەق‌گەلە توانستی رێسابەندی و روون کردنەوە بە مانای مانیفێستۆیان نییە. ههر وهک باسمان کرد مانیفێست «روونکهرهوهیه»، روونکهروهی دۆخێک که له پێشدا ههبووه بهڵام نهبینهراوه، وه به نووسینی مانیفێست لە مێژوودا دهردهکهوێت.

یهکهمین ههوڵ بۆ روونکردنهوی مێژووی ئهدهبی جیهانی به نووسینی مانیفێست، له ساڵی 1886 زاینی لهلایهن (ژان مورئاس) به بڵاوکردنهوهی (مانیفێستی سهمبۆلیسم) له رۆژنامهی فیگارۆ رووی دا. بهدوای ئهو مانیفێستگهلی ئهدهبی وهکوو فۆتۆریسم، دادائیسم،سوررئالیسم و... نووسران. بێ گومان هەل و مەرجێک که رۆژئاوا تێیدا بهسهری دهبرت له بهدی هاتنی ئهو مانیفێستانه کاریگهری ههبووه، ئهو دۆخه مێژوویەی رۆژئاوا به ئاشکرایی له دهقی ههر یهک لهو مانیفێستۆیانه بهدی دهکرێت-_ بڕوانه مانیفێستی دادائیسم یان سوررئالیستهکان_.

له مێژووی ئهدەبیاتی کوردی ههر بهم شێوه که دهقێکی ئهدهبیمان نییه که ناوبانگی جیهانی (جیهانی مۆدێرن) ههبێت تا هێستاش مانیفێستێک نهنووسراوه که بتوانێ وهکوو مانیفێسته جیهانییهکان ڕهنگدانهوهی لهسهر ئهدهبی جیهانی ههبێت. ههڵبهت ئهمه کارێکی زۆر دژواره و لە توانستی وێژەی زۆرینەی نەتەوەکاندا نییە چ بگاته ئهدهبی لاوازی کورد!. هۆی ئهو کهم و کۆریانه زۆر هۆو لایهن دهگرێتهوه که لەم وتارهدا جێگای باسی نییه. بهڵام ئهگهر سرنج بدهینه مێژووی ئهدهبی کوردی، چاومان به چهند دهق دهکهوێت که بهناوی مانیفێستی ئهدهبی بڵاو بوونهوه و ساڵانێکیش لهلایهن نووسهرانیان دهقی بۆ نووسراوه و ساحیبی بهرههمی ئهدهبی بوون. ئهو مانیفێستانه تهنیا له ناو ئهدهبی کوردی‌دا ڕهنگ دانهوهیان ههبووه و تهنانهت ئهدهبی دراوسێیهکانی کوردیشیان ژێر کاریگهری خۆیان نەداوە. بێ گۆمان یهکێک لهم هۆیانه دهگهرێتهوه ئهوهی که دهقی مانیفێستهکان تەنیا باسی باردۆخی کوردستانی کردووه و بنەمایەکی فیکری لە فەلسەفە و زانستی جیهانییان پێوە دیار نەبووە،وە له لایهکی ترهوه دهقێکی ئهدهبی لهلایهن نووسهری کورد بهرههم نههاتووه که بتوانێ له ئاستێکی جیهانی و جیاواز له مێژووی ئهدهبی جیهانی خۆی نیشان دات. بێ گومان هەروەک باسمان کرد، ئەم کەم و کۆریە هۆگەلی جیاوازی هەیە کە بەشێکی زۆریان شیاوی باوەرە و پاساوی دروستی هەیە.

لهم وتاره به کورتی باسی سێ مانیفێستی ئهدهبی دهکهین که تاهێستا ههر بهو شێوازهی که ئهدهبی جیهانی مانیفێستی نووسیوه نووسراو و بڵاو کراونهوه و جهماعهتێک نووسهری له خۆوە گرتووە. ئەم وتارە تەنیا ڕوانگێکی مێژووری و شرۆڤێکی کوورتی هەیە بەسەر ئەم سێ مانیفێستە، وە لە هەوڵی خوێندنەوەی ڕەخنەیی بنەما فیکریەکان یان کەم و کۆری شێوازی نووسینی مانیفێستەکان نییە. جێگای ئاماژەیە جگە لەم سێ مانیفێستە دەقی‌تر بە ناوی مانیفێست لە وێژەی کوردی‌دا نووسراون_ وەکوو مانیفێستی دووهەمی وێران لە فەرهاد پیرباڵ و چەن مانیفێست لە سه‌باح ره‌نجده‌ر _ کە بانگەوازی جیاوازی و نوێخوازی دەکەن. ئەوەی کە ئەم دەقانە دێنە ژێرخانەی مانیفێست یان نا؟، وە هەروەها ئایا لەسەردەمانی داڕوخان و تێکشکانی گشت کاریزما و «دەقە دەستووریەکان!!» دیسانەکە مانیفێستێ لەم چەشنە، وەکوو ساڵانی هەوەڵی سەدەی بیستەم کاریگەری هەیە؟، دەچێتە باسێکی ترەوە کە لە مەبەستی ئەم وتارە کورتە‌دا نییە. لەم وتارە لەپێشدا بە کورتی فەزا و هەل و مەرجەکانی هەرێمی کوردستان_وەکوو نووسەرانی یەکەمین مانیفێستی وێژەی کوردی_ باس ئەکەین و لە دووایی دەچینە سەر باسی گرووپی ڕوانگە و کفری. لە بەشی کۆتایی باس لە مانیفێستی داکار _وەکوو یەکەم مانیفێستی کوردستانی ئێران_ دەکەین.

 

نوێخوازی پاش گۆران:

قۆناغی یهکهمی نوێخوازی (شێخ نوری ، گۆران و...) ههر وهکوو شێعری کلاسیک زیارت خۆی له ڕۆمانسییهتی شێعری ئهدا و له بواری ناوهرۆکدا به ههستی ناسکی شێعر غهنایی دێته ئاژمارهوه. ڕۆمانسییهتێک کە لە  بازنەی سروشت، نیشتمان پەروەری، ژن و ئەندیشەدا بوو(3). پاش شهڕی جیهانییه که ئهم ڕهوته شێعرییە نزیک دهبێتهوه له ریالیزم. شێوهی رۆمانتیستی و زیاتر ریالیستی تا ساڵهکانی حهفتای زاینی شێوازی زاڵی ئهدهبی هەرێمی کوردستان بوو و درێژهی تا ئهو ساڵانە(٧٠-١٩٦٠) لهلایهن نووسهرانی ئهدهبی که زیاتر شاعیر بوون ههیه. بهڵام له دهیهی حهفتای زایینی گهشهی سیاسی هەرێم، بهدهرکردنی بهیاننامهی یازدهی ئازار که تێیدا دان به مافه ڕهواکانی گهلی کورد ئهدات ههلێکی نوێ بۆ دهرهتان له فهزای چهق بهستووی سیاسی- کۆمهڵایهتی سازدهکات. ئهم فهزایه دهبێته هۆی بهدی هاتنی چاپهمهنی و گۆڤار و رۆژنامهی نوێ که تا ئهو سهردهمانه ههلی خۆ دهرخستنیان نهبوو(4) له ههمان کات دا یهکیهتی نووسهرانی کورد دادهمهزرێت و چهندین دامو دهزگایی رۆشنبیری و ئهدهبی پێک دێت. هاوکات لهگهڵ ئهم گۆرانکاریانه بزاڤێکی سیاسی نوێ له ئارا دابوو که سهرگهرمی پێکهێنانی رێکخستنی نوێ بۆ ئاڵتهرناتیڤێکی سهرکردایهتی له بزووتنهوی نهتهوه خوازی ئەو دیوی کوردستان بوون. ئهم ههل و مهرجە سیاسییە و گۆرانکاری ئهدهبی جیهانی له سهدهی بیستهم به دهرکردنی چهندین مانیفێستی ئهدهبی، دۆخێک بۆ ئهدهبی کوردی بهدی دێنێت که له بازنهی (ئهدهبی نوێخوازی گۆران) بێتهدهرێ. فهزای سیاسی کراوهتر له لایهن ڕژێمی بهعس و بهدی هاتنی کۆبهندێک له گۆڤار و رۆژنامه که باس له ئهدهبی نوێخوازی جیهانی دهکهن، ههستی بهرتهنگی ئهدهبی ئهو سهردهمهی کورده دێنێته بزوان و بانگهوازی نوێخوازی له قهڵمی گهلێک نووسهر دێته ئاراوە.

 تازهگهری ئهدهبی ئۆرووپا ئهم جاره نه له لای ئهدهبی تورک (وهک سهردهمی شێخ ساڵح و گۆران بە نیهزهتی فهجری ئاتی و سەرکردایەتی تۆفیق فیکرەت) (5) بهڵکوو لهلایهن ئهدهبیاتی عهرهب به ئهدهبی کورد گهیشت. مانیفێستی 1969ی بهغدا(شاعیرانی عهرهب) و مانیفێستی 1968ی شاعیرانی مێسری و دهرچوونی کۆمهڵه گۆڤاری(الکلمه،الاداب،شعر 69 و مجله الشعر) له ئهدهبی عهرهب و ڕهخنه و شێعری شاعیرانی نوێخوازی وهکوو (یوسق الخال، بدرشاکر السیاب، ئهدۆنیس، ابراهیم جیرا) و ئاشنایی ئهدهبی کوردی لهگهڵ گۆرانکاری ئهدهبی جیهانی لهم ڕێگه، ههڵێکی گونجاو بۆ نوێخوازی پاش گۆران له ئهدهبیات ڕهخساند. ئهدهبی عهرهب له شهستهکان به پێچهوانهی ئهدهبی کوردی به کاریگهری شێعری لوبنان بهرهورووی گهشێکی شیاو ببۆوه(6). ئهم ڕهوته له ئهدهبی عهرهب و ئاشنایی شاعیرانی کورد لهگهڵ گۆرانکاری ئهدهبی سهدهی بیستهم و کرانهوهی فهزای سیاسی کوردستان بوو به هۆی هاتنه ئارایی دوو دهسته و گرووپی شێعری نوێخواز به ناوی «ڕوانگه» و «کفری». ههڵبهت  لهکهنار ئهم گرووپانه شاعیرانی وهکوو رهفیق سابیر، پهشێو، ئهنور قادر محهمهد یان له ساڵهکانی دوایی گرووپی تهلیعهی ههولێر( مههاباد قهرهداغی، جهلال بهرزنجی، محهمهد عمر عوسمان و..) ههبوون که کاردانهوهی زۆریان له شێعری کوردی ههبوو. به‌ڵام یهکهمین مانیفێستهکانی ئهدهبی کوردی لهلایهن ئهم دوو گرووپه ئاراستهی مێژووی وێژەی کوردی کران. چهشنێک نوێخوازی و گهش له ئهدهبیات دەیهی حهفتا هاتەئارا که ئهدهبیاتی کوردیش ههر بهشێوازی ئهدهبی جیهانی ویستی نوێگهری و دهربرینی خۆی به مانیفێست ئهنواند. ههر چهند شێوازی تازهگهری دوو گرووپی-ڕوانگه و کفری- ههر له دۆخ و قۆناغێکی تایبهت رووی دا و له بهشێکی زۆری ئهدهبی دا وێنای یهک ئهکهن بهڵام هیچ کات یهکتریان نهگرت. له ڕاستیدا ئهم وێک چوونه له زۆر جێ له بواری ناوهرۆک- هۆیهکهی دهگهرێتهوه قۆناغهتایبهتیهکانی مێژوویی کوردستان.

مانیفێستۆ ئەدەبییەکانی کوردی:

ڕوانگە:

مانیفێستی ڕوانگه له ژێر ناوی بانگهوازی ڕوانگه به ناوی «بانگهوازێک له ڕوانگهی ئهدهبی نوێمان»، بۆ یهکهم جار له رۆژنامهی هاوکاری، ژمارهی 15، ساڵی یهکهم (25/4/1970) له (سلێمانی) بڵاو بۆوه. بانگهوازی ڕوانگه له ژێر دروشمی (وتهی نوێ، بیری نوێ، کرداری نوێ) به واژۆی شێرکۆ بێکهس،حسێن عارف، جهماڵ شارباژێری، جهلال میرزا کهریم و مهم بۆتان، لێشاوێک له نووسین و لێکۆلینهوه و ڕهخنهی ئهدهبی هێنایه ئارا. شێرکۆ بێکهس ئهگێرێتهوه:”له دووا بڵاوکردنهوهی بهیاننامهی ڕوانگه له رۆژنامهی هاوکاری خهڵک بۆ خوێندنهوهی ئهم رۆژنامه سهفیان ئهکێشا”!!(7) هاوکات لهگهڵ لایهنگرانی زۆرینهی ئهم ڕهوته، جهماعهتێک له نووسهران که لایهنگری چهپی کلاسیک بوون، بهرههڵستی بۆچوونهکانی گرووپی ڕوانگه له ئهدهبیات به تایبهتی و بهگشتی چهمکهگهلی سیاسی_کۆمهڵایهتی ئهو نووسهرانه بوونهوه. به واتایهک ئهم ڕهوته ئهگر لهلایهن  بهشێکهوه پهسندکرابوو، لهلایهکیشهوه جهماعهتی چەپی سیاسی بهرهنگاری دهبوونهوه. ڕوانگه که دروشمی «ئهدهبیات بۆ ههڵکەوته(نوخبه)ی» له قاو ئهدا کهوته ژێر ڕهخنهی چهپی کلاسیکی ئهو سهردهمه که ئهدهبیاتی به شێوازی ئهدهبی ئیستالینی له بازنهی ریالیزمی سۆسیالیستی و شۆرشگیرانه ئهخوێندهوه و نووسهرانی ڕوانگهیان به(ورده بۆرژوا) ناو ئهبردو و بیری (روانگهچییه)کانییان به بیری کهم سنووری نهتهوی ئهژمارد. ههڵبهت ئهم نوخبهگهرایی له شێعری ڕوانگهدا سیفەتێک بوو که ڕهخنهگرانیان به شێعری ڕوانگەیان ئهدا، بهکار هێنانی زمانی ئاسایی خهڵک یهکێک له شێوازهکانی شێعری ڕوانگه بوو، ئهمه به باشی له شێعری (شهقامی کچان)ی شێرکۆ بێکهس دهرئهکهوێت(8). بهگشتی ئهتوانین بڕیارهکانی گرووپی ڕوانگه لهم چهند بیرۆکهیهدا کۆبهند کهیهن:(  ئهدهبی بیسنووری-جیهانی، بانگهشه بۆ ئهدهبی کوردی هاوچهرخ و مۆدێرن کردنی ئهو، بهرجهستهکردنی بیری نهتهوهیی، باوهر به ئهدهبی ههمهرهنگ، ئهدهبی دەرەوەی مێژوو و سهقام گیر لهسهر بنچینی خۆی، هێنانه ئارای بابهتی رهمزی و سیمبۆلی له زماندا، دهرچوون له ئاستی تهقلیدی زمانی پێشووی شێعر، هێنانه ئارای وێنای تازه بۆ ناو شێعر). ئهم چهمک و بیرۆکانه له ئاستی زماندا خۆیان ئەنواند. به وتهی شێرکۆ بێکهس:”ڕوانگه زهنگێکی ناو زمان بوو یان ڕاچهنینێک بوو لهو جهستهیهدا، هاوارێک بوو بۆ نوێکردنهوه (7). گرووپی ڕوانگه بڕوایان وابوو،«دواجار نابێ شاعیر به دۆزهرهوهی چهند کیشوهرێکی دوژمن و دۆست دابنرێت، بهڵکوو شاعیر خوڵقێنهری چهند دنیایهکی نوێیه که لەگهڵ ئهو دنیایهدا سۆزداری ههیه و له پێناویدا دهمرێ، تهنیا لهوێدا شاعیر دهتوانی به هێمنی و ئاشتی پاڵکهوێ، دوور له جیهانی پیلانگێران و کوشتن».

شێعری (کۆچ)(1975) له شێرکۆ بێکهس وهکوو نموونه‎‎ی بهرچاوی ئهم ڕهوته له شێعری کوردی دێتهئهژمار. کاریگهری شاعیرانی نوێخوازی عەرەب، وهکوو مەحموود دهرویش، ئهدۆنیس و فازڵ عهزاوی لهسهر شێعری بێکهس ڕهنگدانهوهی له دیوانی کازیوه و سروودی کێوی بهرچاوتر دهبێتهوه.

ههرچهن زمانی شێعری ڕوانگه- _به وتهی ڕەخنەگران وە لە بڕێ جێگا بە وتەی خۆیان-_ بۆ خهڵکی ئاسایی نهبوو، بهڵام له رووی رێزمان و پاکردنهوهی فهرههنگی کوردی له وشهی بیانی و دهستبردن بۆ خهیاڵ و وێنهی شێعری و وێنا هونهرییهکان، داهێنانی بهرچاویان کرد. هاتنه ئارای گرووپی ڕوانگه له دهیهکانی حهفتا بوو به هۆی شڵقاندن و گیان پیدانی نوێ به ئهدهبی سڕ و پهک کهوتووی ئەو سهردهمه، واته گیانێکی نوێی به وێژهی کوردی بهخشی. ههر ئهم مانیفێسته دهرگایهکی نوێ بۆ ڕهخنهی ئهدهبی که تا ئهو کات بوونی نهبوو ئاواڵه کرد و دهستهواژه و بیرۆکهی نوێی ڕەخنەی ئهو سهردهمانی ئهدهبی جیهانی هێنایه ناو بازنهی وێژهی کوردی. شێعری ڕوانگه توانستی ئهوهی ههبوو ترس له کۆن باوهکان بشکێنێت و لهسهر پرسی ژن ههڵبدات و بانگهوازێکی بوێرانه وهک « ئهی قهڵهمه نهترسهکان یهکگرن» دهرکات.

 

 

کفری:

له‌ شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیستهم گروپێكی لاوی به‌هره‌مه‌ند له‌ شاری كفریدا په‌یدابوون که زیاتر سهرقاڵی خوێندنهوهی ئهدهبی و نووسین لهم بوارەدا بوون تا بیرۆکەیەکی سیاسی، دواتر ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ به‌ گرووپی كفری ناسرا و ڕۆڵی به‌رچاویان له‌ نوێگه‌ری خوڵقاند، و کاریگەری زۆریان لەسەر گەنجان و لایەنگرانی ئەدەبی دانا. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان مێژووی دروستبوونیان بۆ زۆر دوورتر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌،بەڵام مانیفێستی ئه‌م گرووپه له 14/7/1971 له کۆنگرهی دووههمی نووسهرانی کورد له ههولێر به واژۆی (لهتیف ههڵمهت و فهرهاد شاکهلی) بڵاو بۆوه. له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ده‌ڵێت:”له‌ئاماده‌یی كفری رۆژی هه‌شتی شوباتی 1965 گرووپی كفری دامه‌زرا”. ئه‌گه‌رچی به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندنیان واژۆی دوو كه‌سی له‌سه‌ر بوو‌، به‌ڵام ئه‌وان نكوڵی له‌وه‌ ناكه‌ن كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا بریتی بوونه‌ له‌پێنچ كه‌س(لهتیف ههڵمهت، فهرهاد شاکهلی، له‌تیف حامد، سه‌لام داماو، ئه‌حمه‌د شاكه‌لی )(٩)

 ههڵمهت لهم بارهدا دهڵیت:”من و شاكه‌لی به‌یاننامه‌یه‌كی‌ ده‌ستخه‌تمان به‌سه‌د نوسخه‌ دابه‌شكرد به‌سه‌ر ئه‌ندامانی‌ به‌شداربووه‌ دووه‌م كۆنفرانسی یه‌كێتی‌ نووسه‌رانی‌ كورد كه‌ له‌هه‌ولێرساز كرا. به‌ڵام هیچ گۆڤار و رۆژنامه‌ و بڵاوكراوه‌ و كه‌ناڵێكی‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ئاماده‌ نه‌بوو ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌مان بۆ بڵاوبكاته‌وه‌ی‌ چونكه‌ هه‌ردووكمان و به‌یاننامه‌كه‌شمانیان به‌ ئاژاوه‌چی و ئاژاوه‌گێڕ ده‌زانی‌)(١٠). ئهم مانیفێسته بهناوی (شێته‌كان/سه‌رنج/هه‌ڵوێست/پڕۆژه‌)  له ساڵانی دووای له چهن گۆڤار بڵاو بۆوه.

گرووپی کفری تۆخ گرووپێکی ئهدهبی بوون و بهشێوهی ڕوانگه سهرقاڵی کێشهگهلی سیاسی نهدهبوونهوه ههر بۆیهش لهو سهردهمانهدا به نیسبهتی گرووپی ڕوانگه له پهراوێز کهوتن. ئهم له پهراوێز کهوتنه زیاتر بۆخاتری نهبوونی دهم و دهزگای ڕاگهیاند و گۆڤار و رۆژنامەی بەردەستی جەماعەتی کفری بوو، لهلایهکیترهوه ههروهک باسمان کرد گرووپی کفری گرووپێکی تۆخ ئهدهبی بوون و بهنیسبهتی ڕوانگه ههڵوێستی سیاسی_حیزبییان نهبوو،ههر بۆیهش دهزگا حیزبییهکان زۆر خۆیان تێنهدهگهیاندن. له‌تیف هه‌ڵمه‌ت دان به‌وه‌ ده‌نێت و دەڵێ:”هۆكاره‌كه‌ راگه‌یاندن نه‌بوو به‌ڵكو ئه‌وه‌ ئێمه‌ بووین دوور بووین له‌ئایدیۆلۆژیا ئه‌وه‌ش وایكرد فه‌رامۆش بكرێین و ئاوڕمان لێ‌ نه‌درێته‌وه”(10). ئه‌و گرووپه‌ له‌میدیای كوردیدا به‌تایبه‌ت له‌دوای به‌یاننامه‌ی یانزه‌ی ئازاری 1970 نه‌یانتوانی سوود له‌میدیای ئه‌و سه‌رده‌مه‌ وه‌ر بگرن.

له پهاوێز که‌وتن و مهیلی بهگۆرانکاری له وێژهی کوردی دا تا ڕادهیهک ناکۆکی نێوان دوو گرووپی ڕوانگه و کفری ساز کرد. ئهویش دهگهیشتهوه سهر ئهو کێشهیهی که کام گرووپ زووتر دهستی بهنوێخوازی له ئهدهبیات کردوە؟!. به‌ڵام كاتێ‌ قسه‌ له‌كۆنترین مێژووی تازه‌گه‌ری ئه‌و قۆناغه‌ ده‌كرێت له‌تیف هه‌ڵمه‌ت به‌ڵگه‌یه‌ك دێنێته‌وه‌ كه‌ گرووپی كفری به‌ر له‌ڕوانگه‌ ده‌ركه‌وتوون بۆ ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: دیوانی (خوا و شاره‌ بچكۆله‌كه‌مان) پێش ڕوانگه‌ بڵاوبۆته‌وه‌” ) (٩). قسه‌كردنی هه‌ڵمه‌ت له‌باره‌ی مێژووی ئه‌م گرووپه‌ په‌یوه‌سته‌ به ‌به‌رهه‌مه‌كانی خۆیه‌وه‌، كه‌ دیوانی (خوا و شاره‌ بچكۆله‌كه‌مان)ی به‌ر له‌ڕاگه‌یاندنی ڕوانگه‌ بڵاوكردۆته‌وه‌. ئەم کتێبەی هەڵمەت بە ئاشکرایی تازەگەری تێدایە کە حەتا جەماعەتی ڕوانگە دانی پێدادەنێن.

شاعیرانی ئه‌و گرووپه‌ بڕوای ته‌وایان به‌وه‌ هه‌بوو كه‌ پێویسته‌ رۆحێکی نوێ له جهستهی ئهدهبیاتی کوردی بکرێت. ئهم مهبهسته له مانیفێسته‎‎کهیان ئاوا باس دهکرێت: «هه‌ڵبه‌ستی كوردی هێشتا دیلی ئه‌و قاوغه‌یه‌ كه‌ هه‌ر به‌ منداڵی كراوه‌ته‌ پۆیلانه‌ی، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ شۆڕشێك به‌رپابكه‌ین به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و ده‌ستوور و یاسا و ڕژێمانه‌دا كه‌ تاكوو ئێستا هه‌ڵبه‌ستی كوردی شه‌ته‌كداوه‌، گۆڕانیش بێ شۆڕش نابێت». بیرۆکه و بۆچوونهی کفری بهرهورووی ڕهخنه و سهرنجێکی زۆر لهلایهن شاعیران و ڕهخنهگران بۆوه. ڕهخنهگرانی کفری بهتایبهتی ئاماژهی بهو خاڵه سهرهکییه له مانیفێستی کفری دا دهرکرت که تێیدا ڕهتکردنهوهی بهرههمهکانی پێش خۆیان له قاو ئهدا،« ده‌سا با به‌بێ ترس، دان به‌وه‌دا بنێین كه‌ هه‌رچیمان هه‌یه‌ ته‌نها تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌رنه‌كه‌وتووه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ش كه‌له‌پووری هۆنراوه‌ییمان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌دواوه‌ ئه‌ده‌ین و لێی یاخی ئه‌بین و سزای پشتگوێخستن و به‌ره‌ڵاكردنی به‌سه‌ردائه‌ده‌ین ». هه‌ڵمه‌ت له‌مباره‌وه ئاماژه ده‌کات:”ئێمه‌ بڕوامان وابوو كه‌ كورد هیچی نییه‌و ده‌بێت ئه‌ده‌بی كوردی له‌ئێمه‌وه‌ ده‌ست پێبكات” (١٠).

 

داکار:

شێعری کوردستانی ئێران له دووا کۆچی سواره ئیلخانی زاده، کهسێکی وهها لێهاتوو و به توانستی،لە فهزای شێعری ئهزموون نهکرد. ههر بۆیه کهوته ژێر کاریگهری شێعری ئهو دیوی کوردستان بهتایبهت گرووپی ڕوانگه_ ههڵبهت کاریگهر شاعیرانی وهکوو رهفیق سابیر و پهشێویش لهو سهردهمه زۆر بوو_. کاریگهری شێعری باشوور تا ئهو ڕادهیه بوو که زۆربهی شاعیرانی کوردستانی ئێران قهیران و کارهساتهکانی کوردستانی عێراقیان به شێعر ئهنووسییهوه(بۆ نموونه دهیان شێعر لهسهر کیمیابارانی ههڵهبجه دههۆنراوه،بهڵام باسی کیمیا بارانی سهردهشت و نۆدشە نهدهکرا!!). ئهم کاریگهریه تهنیا لهبهرههمبهر بابهتی شێعریدا نەبوو، بهڵکوو له فۆرم و تەنانەت بهکار هێنانی وێنای شێعری و وشهی شاعیرانیشدا خۆی ئهنواند. سوژهی شێعری کوردستانی ئێران ههمان سوژهی ئهنفالکراوی شاعیرانی باشوور بوو. ئهم ڕهوته تا ساڵانی دهیهی حهفتای ههتاوی(دهیهی نهوهدی زایینی) بهردهوام بوو. ئاشنایی کۆمهڵێک شاعیری گهنجی ئهو دهم لهگهڵ قوتابخانه و چەمکەگەلی فیکری رۆژئاوا _ پاش پێکهاتهخوازی، هیرمێنۆتیک، بنهماشکێنی و..._، بوو به هۆی ههست کردن بهم کهموکۆریه له شێعری کوردستانی ئێران، وه له ههوڵی دهرهتانێک لهو فهزا تهقلیدییه بهرهاتن. ئهم جهماعهته که له مه‎‎ریوان ههڵکهوتن، له ماوهی نزیک به دوو ساڵ دهستیان بهداهێنانی نوێ کرد و به نووسینی مانیفێست له ههوڵ و تهقهلای خۆنواندن و ئاڵوگۆری لهو فهزایه هاتن. مانیفێستی ئهم جهماعهته به ناوی مانیفێستی شێعری جیاواز «داکار»، له ساڵی 1998 له حه‎‎وتهنامهی سیروان به واژۆی 9 کهس بڵاو بۆوه. ئیبراهیم ئهحمهدی نیا وهکوو یهکێک له نووسهرانی ئهم مانیفێسته له وتاری (خوێندنەوەیەک بۆ بەیاننامەی شیعری پێشڕەوی کوردی (داکار) ) دهڵێت:”لە ۱۷/۱۱/۱۹۹۷ دا بەیاننامەی سەرەتایی داکارمان نووسی وچوار کەسی واژۆمانکرد( ئازاد رۆستەمی، ئیبراهیم ئەحمەدی نیا، بێهزاد کوردستانی، پەرویز ئەحمەد- کە دوای چەند مانگێک گەڕایەوە بۆ سلێمانی)، شەش مانگ دوای ئەوە بەیاننامەی داکار نووسرا (11)”ئهحمهدی نیا لهم وتارهدا درێژهی ئهم باسه ناگرێت که هۆی چییە مانیفێستهکه واژۆی 9 کهسی پێوه دیارە له حاڵێک دا ههر ئهم چوار کهسه (ئازاد رۆستەمی، ئیبراهیم ئەحمەدی نیا، بێهزاد کوردستانی، پەرویز ئەحمەد) نووسهران و پێشرهوانی ئهم داهێنانه بوون و له دووا بڵاوبوونهوهی مانیفێستهکهش شاعێرێکی وههامان نهدی که بهم شێوازهی داکار شێعر بهۆنێتهوه.

داکار لهم مانیفێستۆیهدا بنهما فیکریهکانی له سێ بابهتی بنهرهتی کۆبهندی دهکات:«گۆڕانکاری له پێکهاته‌ی فیکریی شاعیر و ماهییه‌ت و چییه‌تی شیعر، کارکردی زمان به‌ شێوه‌یه‌کی جیا له‌ زمانی سواوی ئاخافتن و ئه‌ده‌بی سه‌رده‌م، گۆڕانکاری له‌ فۆرم و کێشی شیعردا». له مانیفێستهکهی داکار ههوڵ بۆ خۆدهرباز کردن له هێژمۆنی شێعری کوردستانی ئهو دیویی بە روونی پێوه دیاره. داکار وهکوو یهکهمین مانیفێستی ئهدهبی کوردستانی ئێران تا ماوهیهکی کهم جهماعهتێک له شاعیرانی سهرقاڵی خۆیهوه کرد که لهوانه ههر واژۆ کهرانی بهیاننامهکه بهرچاو بوون. ئهم مانیفێسته که وهکوو ههر مانیفێستێک بانگهوازی پێشرهوی و جیاوازی له ئهدهبی پێش و سهردهمی خۆی له قاو ئهدا، تێکهڵاوێک بوو له قوتابخانه فیکریهکانی رۆژئاوا-_ له پێکهاتهخوازی ڕا بگره تا دهگاته فهلسهفهی زمانی یاکوبسێنی و دهروون شیکاری فرۆیدی_-. ههر بۆیه بهشێکی زۆر له مانیفێستهکه نایهته خانهی یهک لایهنی قوتابخانێکی تایبهت و شرۆڤەی فهلسهفێکی تایبەتی پێوه دیار نییه. بهکار هێنانی ئهم گشت چهمک و بنهما فیکریانه که ههریهک له قوتابخانهیهکی فیکری تایبهت دەدوێن، بهپهلهیی و ناکامڵی زانستی نووسهرانی داکار له ههڵسووکهوتی فیکری ئۆرووپا نیشان ئهدا. زانست بهسهر جیاوازیهکانی مێتۆدۆلۆژی، ئێپیستێمۆلۆژی، و ئانتالۆژی پارادایمگهلی رۆژئاوا ئهم کێشەی تا ڕادێکی زۆر چارهسهر دهکرد. ههر بهم شێوه که ئهحمهدی نیا دهڵیت:”نووسین و بڵاوکردنهوهی داکار کارێکی بهپهله بوو” (11). بێ گومان یهکێک له هۆیهکانی ئهم کهموکۆریه خێرایی و بهپهله نووسینی مانیفێستی داکاره. له باس و خواستی هۆی سهرنهکەوتنی داکار- بهم شێوازه که ڕوانگه و کفری سهرکەوتن- ئەکرێت به لایهنی جیاواز ئاماژهکهین که لهوانه ئەتوانین فهزایی مێژووی ئهدهبی کوردستانی ئێران و کوردستانی ئێراق بێت.

یهکێک له کێشهکانی داکار بڵاوبوونهوهی مانیفێست پێش بڵاو کردنهوهی دهقێکی شیاوی شێعری که ههڵگری گشت ئهو بهڵگانه بێت که داکار باسی لێوه ئهکات، له واقیع دا خوێنهر پاش خوێندنهوهی مانیفێستهکه هیچ دهقێکی ئهوتۆی بیرنهدهکەوتەوە که بهم شێوه دارژترابێت. لهلایهکی‌ترەوه ئیدعا و ئارهزووی نووسهر بهمانای توانسی ئهو نییه!. واتە نووسەر ئەتووانێت بڕیار دەرکات بەڵام چەندە توانایی بەجێ گەیاندنی ئەو بڕیارانەی هەیە خۆی باسێکی گرینگە!. ههر دوو گرووپی ڕوانگه و کفری-_ بهتایبهتی کفری_- پێش بڵاوکردنهوهی مانیفێست، کتێب و دهق گهلێکی ئهدهبییان بڵاوکردبۆوه که ڕهنگ و بۆی نوێخوازی پاش گۆرانی لێوه دەهات، بەڵام داکار جیا لە چەن شێعر، کتێب یان دەقێکی شیاویان ئارستەی فەزای ئەدەبی نەکردبوو . ئهم شێوازه واته بڵاوکردنهوهی دهق_وهکوو کۆنێشێک_ پێش دەرکردنی مانیفێست، ڕهوتێکی ههمیشهیی مانیفێست نووسی بووه،-بۆ نموونه دادائیستهکان له ساڵی 1916 تا 1921 حهوت مانیفێست و یهک پاشکۆی مانیفێستیان بڵاو کردوه که بهردهوام لهو ساڵانهدا خهرێکی بهرههم هێنان نوێ بوون و به مانیفێست ئهم ڕهوتهی خۆیان پیناسه دهکرد-.

 ههرچهند داکار نهیتوانی وهک کفری و ڕوانگه ڕەوتێکی سهقام گیر له ئهدهبیات بێنێتە ئاراوە، بهڵام یهکهمین هەنگاوەکانی نوێخوازی پاش سوارەیان هەڵێنایەوە. جەماعەتی داکار یەکم کەسانێک بوون کە دەستیان دا بە حەول و تەقلایەک بۆ دۆزینەوەی دەرەتانێک و دەربازێک لە هێژمۆنییای شێعری باشوور. ئهم ههنگاوهی داکار تا ڕادهیهک مێشکی خوێنهرانی به وێنا و زمانی نوێ له شێعر ئاشناکرد_بهتایبهت له پێکهێنانی چڕکانهکانی شێعریدا_-. پێشرهوی داکار له ساڵانی دووای بوو به هاندهری شاعیرانی رۆژهه‎‎ڵاتی که هێستا، و لهو سهردهمه جیاوازی خۆیان له قاو ئهدهن و وڕهی ئهم پێشرهویهیان وهبهر دڵ کهوتوو. ههڵبهت تا چ ڕادهیهک هەنووکە، شێعری شاعیرانی کوردستانی ئێران ئهم جیاوازیهی تێدا بهدی دهکرێت؟ و ئایا شێعر وهکوو شێعریهتی خۆی تا چهنده له دهقی ئهم شاعیرانه ههبوونی ههیه؟ و تا چ ڕادهیهک دهقی ڕهخنهی سهر نووسراوهکانی ئەوان ههڵگری چهمکێکی فیکری و بنهمایهکی فهلسهفی له ڕهخنهی ئهدهبییه، خۆی باس و خواستێکی دیکهیه.

 

 

سەرچاوەکان:

١).شرط مانیفیست. مرتضی پور حاجی. فصلنامە قال و مقال/ شمار یک

٢)مانیفیست و تلقی از آن گفتمان شعر مدرن و پسامدرن فارسی (علیرضا رعیت حسن آبادی). فصلنامه تخصصی نقد ادبی.سال ٨. شمارە٣١،١٣٩٤،.صص ٦٥-٩٠

٣.وێنەی شیعری لە ڕێبازی رۆمانسی کوردی دا، عبدولقادر محەمەد ئەمین،. سلێمانی ٢٠٠٢،چاپ و پەخشی سەردەم

٤)ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له‌مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی ، حسێن به‌فرین‌، رۆژنامەی کوردستانی نوێ.. 16/3/2011‌

٥) تۆفیق فیکرەت و شاعیرە نێخوازەکانی کورد،.ئەحمەد تاقانە، هەولێر٢٠٠١، چاپ و پەخشی ئاراس

٦)” روانگه‌ ” و مێژوویه‌ک له‌ ململانێی ئه‌ده‌بی و سیاسیی نه‌وه‌یه‌ک ئه‌دیب و نووسه‌ری کورد

٧)ڕوانگه‌...هه‌نگاوێك له‌سه‌ر رێگه‌ی‌ نوێخوازی‌ ‌،شێركۆ بێكه‌س، رۆژنامەی کوردستانی نوێ، 9/12/2012

٨)دەروازەیەک بۆ ڕەخنەی ئەدەبیی کوردی، دکتۆر هیمداد حوسێن..هەولێر.٢٠٠٧. چاپ و پەخشی موکریان

٩(گرووپی كفری وه‌ك یه‌كه‌م مانیفێستی تازه‌گه‌ری ئه‌ده‌بی ‌، نیهاد جامی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر‌، رۆژنامەی کوردستانی نوێ

18/7/2012

١٠) به‌یاننامه‌: كات وشوێن و شه‌قام ‌، لەتیف هه‌لمه‌ت

(11خوێندنەوەیەک بۆ بەیاننامەی شیعری پێشڕەوی کوردی (داکار)، ئیبراهیم ئەحمەدی‌نیا، مەڵپەری ئاماژە.(amazhe.com)

………………………………………………………………………….

حەوتەنامەی سیروان، شەممە ١٣ی سەرماواز ١٣٩٥، ژمارەی ٩١١

 




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران