تاريخ: ۱۳۹۸ شنبه ۴ آبان ساعت ۱۱:۱۷ بازدید: 2155      نظرات: 1      کد مطلب: 12838
بیری ڕەخنەگرانەو مرۆڤی سەردەم

"ئەوەی لەپشتی پەردەکەوەیە ئێمەین" هێگڵ

سارا سادق زادە


 ئەوەی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی بیری ڕەخنەگرانە، دژایەتی جۆری ڕادەربرینەکان و ڕووداوەکانە. بیری ڕەخنەگرانە لە ڕێگای زانست و پشت بستن بە تەجروبە و تاریخەوە دەگەرێ بۆ حەقیقەتێکی وا لە نێوان ئەو دژایەتیەدا لەناو چووە یا داپۆشراوە.
 مرۆ لە دۆخێکی وەهادا ڕووداوەکان  لەسەر دوو بنەما  لێک دەداتەوە" حەقیقەت لە ژێر سێبەری سیاسەت" ، " حەقیقەت لەوپەری زات و سروشت " دا.
لە حاڵ و وەزعی ئێستای جیهاندا وا دەردەکەوێ حەقیقەتی یەکەم وەک بیرکردنەوەیەکی تایبەت، زاڵە بەسەر بیرکردنەوی دووهەمدا.
هەرچەند فەلسەفەی وەدەست هێنان یا پۆزی تیویسمی سەردەم، دونیای ژێردەسەڵاتی خەیاڵ و ئەوهامی ڕەت کردۆتەوە، بەڵام لەولاوە جیهانێکی بەڕەواڵەت ڕاستەقینە بەڵام درۆیی کە پابەندی هیچ بیرو بۆچوونێک نییەـ ی دامەزراندووە!
ئەم بیرو بۆچونە بێ بنەماو ساختەیە کە بە دەسەڵات و سەروەریەکی وا بە کەڵک وەرگرتن لە کۆبەندی کەرەسەکان و دزە کردنی عەقڵانیەتی تکنۆلۆژیانە بەدەست هاتووە، مەجال و دەرفەتی لە کۆمەڵگا سەندووە تا بزانێ لە پێناوی چی، چی لە کیس چووەو چی لە دەست دەدا.
ڕەخنەگران کاتێک دەمامەکی ئەو بێ عەقلیە لەڕووی عەقڵانیەتی ئەوان لادەدەن، زۆر ئەستەمە خۆشیان نەکەونە داوی ئەو نەزانییەی وا بەرەوڕووی بوونەتەوە. چونکا بەرهەڵەست بوونەوەو تێکهەڵچوون لەگەڵ ئاکاری بێهۆ و شێتانە بەجۆرێک عەقلیەتی ئەوانیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
لە دونیای سەردەم و لەژێر سێبەری ئەو حەقیقەتە، زانست بۆ لەناو چوونی زانستیانەتری مرۆڤ ڕەواڵەتی سەرکەوتنانە وەخۆ دەگرێ و ئەوهامی ساختە، فەلسەفەیەکی پووچ لەژێر ناوی وڵات، ڕەگەز،حیزب، دەستەو تاقم، بیرو باوەرو خاک و خوێن دەکاتە کەرەسەی دزە کردن و سەرهەڵدان.
 لێرەدا بەرهەڵەست بوونەوە و دژایەتی کردن لەگەڵ بۆ وێنە گازێکی کۆمەڵ کوژ، کە بە شێوەیەکی زانستیانە بەرهەم هاتووەو بۆتە هۆی شانازی پسپۆران و توێژەرانی ئەو بوارە کە چۆن لێکیان داوەتەوەو تاچەندە ڕێک و پێک عەمەلی کردووە، دژایەتی کردنیشە لەگەڵ ئاکار و کردەوی زانایان و پسپۆرانی ئەو بوارەو هەروەها عەقڵیەتی کۆمەڵگا کە وشەکان و ڕستەکان دەخاتە قاڵبی ئەو حەقیقەتە وەهمیانەوەو دووری دەخاتەوە لە حەقیقەتی ڕوون و بەرچاو. 
هەوڵی ڕەخنەگر، لێکدانەوەیەکی وەهایە کە لە قاڵبی فەلسەفەو بیری ڕۆشنبیرانەوە سەرهەڵدێنێ و وشەکان و ڕستەکان لە جێگای خۆی و بەواتای ڕاستەقینەی خۆیان بەکار دێنێ.
بەڵام سیاسەت هەمیشە هێندەی ئەو نموونەیەی وا باسی کرا ڕوون و ئاشکرا و ڕەخنەگریش هێندە دەستی ئاوەڵا نییە. 
 لە لێکدانەوەی ڕۆشنبیرانەدا دەستەواژەکان وەک خۆیان بەکار دێن کە زۆر جار دەبێتە هۆی تێنەگەیشتن یا بەدحاڵیبوون. بەو هۆیەشەوە کۆمەڵگا هەول دەدا ئیرادەو هێزی ئەویش ڕێک بخا لەگەڵ خۆی. 
لێرەدایە کە ئەو کۆمەڵگایە بەرهەڵەستی  دەبێتەوەو بۆ ئەوەی ئەویش بگەرێنێتەوە بۆ پانتای دەسەڵاتی خۆی، ئەوەی ئەو باسی دەکات بە شتێکی نائاسایی ناوزەد دەکا و دەیهەوێ فێری کات ئەوەی وا لە زەین و بیرو فکری ئەو دایە ئەوجۆرەی ئەم دەیهەوێ دەری ببرێ.
حەقیقەت لەژێر سێبەری سیاستدا، بە کەڵک وەرگرتن لە پەیوەندی نێوان دەستەواژە و واتاکانیانەوە دەتوانێ جێگەو پێگەی هەر وشەیەک لە نێوان ڕستەکاندا دابین بکات. ئەم جۆرە دەربرینە لە شەری یەکەمی جیهانیدا دامەزرا بۆ ئاسایی کردنی کوشت و کوشتارەکان کە بووە هۆی سەرهەڵدانی شێوەیەکی نوێ لە نووسین و ڕۆژنامەوانیدا.
وتاری ڕۆژنامەکان بوو بە کەرەسەیەک لەدەستی سیاسیەکان و ڕاو بۆچوونی خۆیان لەو ڕێگایەوە دەرخواردی کۆمەڵگا دەدا.
هەرچەن شیعر، وتار یا لێکۆلینەوەی ئەدەبی ناکرێ بە پێوانەی سیاسەت هەڵسەنگێندرێ، بەڵام وایان لێکرد تا دەستەواژەکان لەچەن قۆناغەوە بۆچوونیان بۆ بکرێ و باری مانایی وشەکان چر بکەنەوە لەسەر ئەو واتایەی وا مەبەستیانەو بەسازدانی مەودایەک لەنێوان ڕاستیەکان و ڕووداوەکان، بە ڕووداوە ڕووخێنەرەکان ڕەواڵەتێکی ئاسایی ببخشن. 
لەوانەیە لە ڕوانگەی عەقڵیەتێکی وەهادا ڕەخنەگرتن و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەش وا لێک بدرێتەوە کە سەرجەم بەشەکانی کۆمەڵگا لەسەر ئەو مەسەلەیە کۆکن، ئەوەش( سەرهەڵدانی بیری ڕەخنەگرانە) لەنێو ئەو یەک گرتووییە، یەکێکی دیکە لە بەشەکانی هاودەنگی کۆمەڵگایە، واتە ئەو بەشەش ڕێک دەخەن لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگا کە ئەو هزر و بیرەشی بانگهێشت کردووە بۆلای خۆی.
ئەوەی بیری ڕەخنەگرانە دەرووشێنێ، هەر ئەو هەستە هەستیارە بە ڕەواڵەت جوانەیە کە کۆمەڵگای سەردەمی گرتۆتەوە. هەستی جوانی ناسانەی ڕاستەقینەو وەرگرتنی فەلسەفەی سەرنج ڕاکێش، دەکەوێتە بەرامبەری ڕەوتی وەگەر کەوتووی کۆمەڵگا و جەماوەرانە.
ئەم کۆمەڵگایە( کە لە ژێر سێبەری سیاسەت دایە) هەوڵ دەدا تێکۆشانی زەینی تاکەکەسی کەم و کورت کاتەوە.
بەڵام ئەوانەی تایبەت بە بیرکردنەوەو وەرگرتنی زەینی تاکەکەسیە، لەپێش هەر وەرگرتنێک لە کەسانێکدا بەرهەم دێت کە ڕاستیەکان بەشێوەی خۆیان و بەدوور لە ناسنامەی پێوە لکاو یا شرۆڤەی تەکنۆلۆژیانە دەبینن و خۆیان ڕادەستی گوشاری کۆمەڵگا نەکردووەو نایکەن.
بیری ڕەخنەگرانە دەیهەوێ بانگەشەی ئەوە بکات کە ئەوەی کۆمەڵگا وەریگرتووەو دانی پێدا ناوە، بەڵگەی بەرحەق بوونیشی نییە. بەشێک لە تاریخ ئاوێتەی ڕەگەز پەرەستیەو هێشتاش لە جیهاندا برەوی هەیەو تەشەنەی داوە.
کە واتە بەرهەڵەست بوونەوەو ڕەتکردنەوە لەسەر بنەمای تاکەکەسی سەرهەڵدێنێ و لەسەر بنەمای عەقڵانیەت و تەجروبەو وەگەر خستنی بیرکردنەوە، دەتوانێ ببێتە هۆی گۆرانی هەل و مەرجەکان بۆ وەرگرتنی مافی سەربەخۆیی تاکەکەسی لە کۆمەڵگادا.
 ئەوەی لە ئێستادا و لە کۆمەڵگای سەردەمدا خەریکە ڕوودەدا، بوونی گوشارێکە کە تاکە کەسی خستۆتە تەنگەژەوەو بە تاریفێکی گشتی کە بە وشەکانی داوە هەوڵ دەدا ڕۆشنبیری و ڕۆشن کردنەوەی واتایی بە مانایەکی دیکە واژۆ بکات.
بەپێی ئەو باسە دەتوانین بەشێک لە ڕووداوەکان (لە هەر گۆشەیەکی جیهان) کە ڕووی داوە یا خەریکە ڕوودەدات، لەو گۆشە نیگاهەوە لێک دەینەوە، ئەوەی کە بە تەواوەتی عەقڵیەتی تاکەکەسی خستۆتە ژێر پرسیارەوە!
لە ڕاستیدا بۆ تێگەیشتن و بیرکردنەوە پێویست ناکا تاکەکەس لە هەموو بوارێکدا زانا و پسپۆر بێ. فام و عەقڵی مرۆ بۆ لێکدانەوەی ئەو ڕووداوانەی وا خەریکن ڕوو دەدەن گەر دەرفەتیان پێ بدرێ، بە شێوەی زەینی و سروشتی بیری لێ دەکاتەوە. بەڵام کاتێک کۆمەڵگا ئەو دەرفەتەی نەداتێ و بیخاتە ژێر گوشاری باری مانایی وشەکان و ڕستەکان، تووشی سەر لێ شێواوی و ئەسیری بەربەستەکان دەبێ. 
شەر، کوشت و کوشتار، داگیرکەری و دەست درێژی، بەگشتی و لەژێر ناوی هەموو فەلسەفەیەک، واتایەکی ناحەز و دزێویان هەیە. بەڵام کە کەوتنە پاڵ لێکدانەوەکانی مەبەستدارو شرۆڤەکان لە خزمەت هێندێ ناو و ڕستەو وشە، (وەکوو ئەوانەی لە سەرەتای باسەکەماندا ئاماژەمان پێدا) باری مانایی ڕاستەقینەیان دەشاردرێتەوەو هەرچەن ناشیرین و دزێو بن دەخرێنە پەرژینێک کە بە شێوەی داسەپاندن، سەلمێندراون.
" ئەرکی سەرشانی عەقڵ، فێرکردنی هونەری ژیانە بە ئینسانەکان" 
"وایتهێد" لە کتێبی " وەزیفەی عەقڵ "دا پەرەسەندنی عەقڵی سەردەم و بێ بەهرە بوون لەوی لەو بابەتەدا ئاوا باس کردووەو دەڵێ:[ عەقڵ هێشتا وزەیەکی نەناسراوە. ئەم وزەیە هێشتا دەوری مێژوویی خۆی نەگێراوەو نەیتوانیوە بەرئەنگاری ویستە داسەپاوەکان ببێتەوە کە ژیانی مرۆڤی تێدا لەناو بردووە]. 
تاوتوێ کردن و پشکنینی ئەو دۆخەی وا لە ئێستادا جیهانی گرتۆتەوەو حەقیقەتێکی وا مرۆ دایم لەگەڵی بەرەوڕوو دەبێتەوە، فەلسەفە و لێکدانەوەیەکی سەیر و سەمەرەی پێویست نییە. عەقڵ پێمان دەڵێ؛ ئەوەی هەیە لە پانتای تەجروبەی ئینساندا سەقامگیر بووە، تەجروبەیەکی کە وا لە ئەساسدا بۆتە تاریخ و دووپات دەبێتەوەو ناخوێندرێتەوە.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

س ۱۳۹۸/۸/۱۲
ویرای سلاو .یه کیک له ئیراده کانی ئه و نووسراوانه ی هاژه بلاوی ده کاته وه ئه وه یه که له سه ر نووسه ر چ زانیاریک نانووسی.وه کوو له گوتار و نووسراوه کان روژنامه کان و وتاره زانستی کان ده خوینی نه وه کاتیک نیوی نووسه ر ده نوسی .به ئه ستیره یه ک ئه و خاله روون ده کا که راده و بواری زانستی نووسه ر چیه.بو وینه دوکتورای میژوو.
بو لی حالی بوون و بواری نووسراوه که و خویندنه وه ی باشتره.هیوادارم هاژه ئه و خاله وه وه به ر چاو بگری. جاریکی دیش شتیکیم وه هام نووسی بوو.
سپاس

نظر خود را براي ما ارسال كنيد