تاريخ: ۱۳۹۸ چهارشنبه ۱ آبان ساعت ۹:۴۸ بازدید: 2025      نظرات: 1      کد مطلب: 12831
پرسە‌نامە‌یە‌ك بۆ كۆچی وشە‌

ژێنڕاڵ بە‌ قامە‌تی پاییز دا وە‌ری

یوونس ره‌زایی


پێش ئەوەی هەستی خۆم بۆ پیاوێک دەربڕم کە ئێستاکە لە تابووتی پاییز دا راکشاوە، کەوانێک لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە بۆ پاییز و بۆ تەنیایی و ئێوارە و دواجار بوونە گەڵا بە تەمەنی دارێکەوە لە ژوورێکی خەزەڵوەردا. بەڵام ئەو پرسیارە وڵامی جۆراو جۆر دەخوازێ و تەنیا وڵامێک رەنگە دڵنیاکەرەوە نەبێ بۆ خوێنەرێک کە جودا لەوەی ھۆگریی بە شێعری "ژێنڕاڵی پاییز" هەیە و چارەنووسی ئەو خوڵقێنەرە تایبەتەی بۆ گرینگە، بۆشی گرینگە ئەو زەمینانەی کە رەنگە رێیان بۆ خەزان و تابووت خۆش کردووە چەندە لە دەقی شاعیرێکی وا دا رەنگی داوەتەوە.
هەر کام لەو باسانە پیویستی بە تاوتوێکردنی ژیان و دەقی موحمەد عومەر عوسمانی ژێنراڵی تەنیاییە کە لە نووسینێکی خێرا دا رەنگە ئاوڕێکی زیاتر لێ نەدرێتەوە. 
محە‌مە‌د عومە‌ر عوسمان شاعیرێك كە‌ لە‌ سنووری نێوان تێپە‌ڕین لە‌ نۆڕم و واتاسازی نوێدا ھات و چۆی دە‌كرد. یە‌كێك لە‌و شاعیرانە‌ بوو تا دوایین بە‌رھە‌مە‌كانیشی بە‌شێكی زۆری حە‌ولی لە‌ بواری ھە‌ڵبژاردنی چوارچێوە‌یە‌ك بۆ جێگیر كردنی واتا و ھە‌ستی شاعیرانە‌ی لە‌ رابردوو بە‌ قە‌رز وە‌رگرتبوو. بە‌ واتایە‌كی دی وە‌فاداری بە‌شێك لە‌ نە‌ریتی دە‌ربڕینی شێعری بوو كە‌ زۆر یە‌ك لە‌ شاعیرانی چاخی تێپە‌ڕین لە‌ گوتاری دوێنێوە‌ وە‌ك حە‌ڵقە‌یە‌كی پێوە‌ندی لە‌گە‌ڵ ئە‌مڕۆیان دە‌یھێڵنە‌وە‌. وە‌فادار بوون بە‌ بە‌شێك لە‌ سامانی دە‌ربڕینی پێشوو و ھە‌ڵبە‌ت ھە‌ڵبژاردنی گۆشە‌نێگایە‌كی جیاواز بۆ دیتنی دونیا و خوڵقاندنی دە‌رفە‌تێكی شاعیرانە‌. دیارە‌ نووسین لە‌سە‌ر بە‌رھە‌می محە‌مە‌د عومە‌ر عوسمان پێویستی بە‌ لێكدانە‌وە‌یە‌كی بە‌راودكارانە‌ ھە‌یە‌ لە‌گە‌ڵ دوو تاقم لە‌ شاعیرانی پاش گۆران. تاقمێك كە‌ لە‌ ھە‌ڵبژاردنی دە‌لاقە‌یە‌ك بۆ دە‌ربڕین روو لە‌ بە‌شێك لە‌ میراتی گۆران دە‌كە‌ن و تاقمێك كە‌ گۆران وە‌ك نوختە‌ وە‌رسووڕانێكی واتادار دە‌بینن و دواتر زۆر رۆچنە‌ی دی دە‌كە‌نە‌وە‌ و گە‌نجینە‌ی نوێكاری و دە‌ربڕینی نوێ لە‌ شێعری كوردی دە‌وڵە‌مە‌ندتر دە‌كە‌ن. بێ بە‌راودرێكی وا رە‌نگە‌ پێگە‌ی شێعریی «ژێنڕاڵی پاییز» بە‌ وردی روون نە‌بیتە‌وە‌ و من حە‌ول دە‌دە‌م لە‌ نووسینێكی سە‌ربە‌خۆ دا ئە‌و باسە‌ بخە‌مە‌ روو.
ئە‌و نووسینە‌ی ئێستا تە‌نیا باسێكی كورتە‌ لە‌سە‌ر فە‌زای بە‌شێك لە‌ شێعرە‌كانی موحمە‌د عومە‌ر عوسمان. بە‌شێكی زۆری دە‌قە‌ شێعرییە‌كانی ژێنڕاڵی پاییز بە‌ دە‌وری چە‌ند واتای سە‌رە‌كی دا دە‌خولێنە‌وە‌ ئە‌ویش مە‌رگ و تابووت و بێ ھیوایی و ئێوارانی دڵتە‌نگ بە‌ رە‌نگی پڕتە‌قاڵی و واتای دیكە‌ی نزیك لە‌و فە‌زایانە‌ کە بەگشتی مرۆڤێکی تەنیا و خەمین بەرهەم دێنێ، كۆی ئە‌وانە‌ش زیاتر لە‌ كە‌شێكی پاییزی و پڕ لە‌ داوە‌رین و ھە‌ور و ھە‌ڵا دا دە‌خوڵقێن. جودا لە‌و رووكارە‌ی ژێنڕاڵ بە‌ وێنا كردنی دونیایە‌كی خە‌مۆكی دە‌رە‌وە‌ بە‌ خوێنە‌ری دە‌ناسێنێ و بە‌ دە‌ربڕینی شاعیرانە‌ی بە‌ردە‌نگی خۆی پێ دە‌تاسێنێ، كۆی ئە‌وانە‌ لە‌ بواری واتاییشە‌وە‌ زە‌مینە‌ بۆ ناسینە‌وەی‌ خە‌مە‌كانی دە‌روونیی كە‌سێكی بە‌ تە‌نیا و دابڕاو خۆش دە‌كە‌ن كە‌ پێی وایە‌ تە‌نانە‌ت خە‌زە‌ڵوە‌ر بە‌ خوێنیشی وە‌ربووە‌.
ئە‌گە‌ر نازناوی ژێنڕاڵی پاییز وە‌ك خوازە‌یە‌ك نیشاندە‌ری مرۆڤێكی تە‌نیای دابڕاو لە‌ ھە‌موو سە‌وازیی و روانە‌وە‌كانە‌ و ئە‌ستێرە‌كانی سە‌رشانی گە‌ڵای كۆچ كردووی دارێكن كە‌ خۆشی پووكاوە‌تە‌وە‌، ئە‌وە‌ ناورۆكی دە‌قە‌كانیشی ئە‌و تە‌نیاییە‌ بە‌ژمارە‌ی دێڕە‌كان دووپات دە‌كە‌نە‌وە‌. تە‌نیاییە‌ك كە‌ جاری وایە‌ ریشە‌ی لە‌ دوورە‌ ئە‌وین و دوورە‌ كۆمە‌ڵگا و بە‌ گشتی دوورە‌ پە‌رێز بوونی كە‌سێكە‌ و لە‌ زۆر یە‌ك لە‌ دووبە‌یتییە‌كانی دا دە‌توانین بیخوێنینە‌وە‌. ئە‌گە‌ر نموونە‌یە‌ك لە‌ دە‌یان نموونە‌ی ئە‌و دە‌قانە‌ی كە‌ بە‌قووڵی ئە‌و دۆخە‌ دە‌ردە‌خە‌ن ئاماژە‌ پێبكە‌م، دەبێ ئەو دووبەتییە وەبیر بێنمەوە كە‌ باسی سازكردنی ئینسانێكی بە‌فرین لە‌ رۆژێكی بە‌فرانبار دا دە‌كا. ئینسانێک کە لە‌ سیمای ژنێك دایڕشتووە‌ و  ئامێز پێداكردنی ئە‌و ئە‌وینە‌ بە‌فرینە‌ش ھێندی دی دە‌یتە‌زێنێ. جاری واشە رە‌چە‌ڵە‌كناسی تە‌نیایی خۆی دە‌كا و‌ ئە‌و خە‌م و تە‌نیاییە‌ی لە‌ مێژووی ژینی دا دە‌دۆزێ و لە‌ قووڵایی منداڵیە‌كانی دا پاساوێك بۆ تە‌نیایی و خە‌می ئێستای دە‌بینێتە‌وە‌. چە‌ند دووبە‌یتی پێكە‌وە‌ لكاوی مانایی ھە‌یە‌ كە‌ باسی ماسیگرتنی سە‌ردە‌می منداڵی خۆی لە‌گە‌ڵ باوكی دە‌كا و دواجار پرسیارێك دێنێتە‌ پانتای دە‌قە‌كە‌یە‌وە‌ كە‌ ئایا ئە‌و دۆخە‌ی ئێستا كە‌ وە‌ك نە‌ھە‌نگێك خە‌ریكە‌ قووتی دا، ئاكامی ئە‌و رۆژانە‌ی نییە‌.
ڕە‌نگە‌ ئە‌گە‌ر قووڵتریش بڕوانین ئە‌و شیمانە‌یە‌ش بێنینە‌ ئارا كە‌ لایە‌نێكی دیش بە‌و ھاوكێشە‌ی تە‌نیایی و خە‌م و پاییز و تابووتە‌وە‌ زیاد دە‌كا ئە‌ویش رۆڵی باوك و دە‌سە‌ڵات و .. كە‌ ئە‌و بابە‌تە‌ وردبوونە‌وە‌ی زیاتر دە‌خوازێ. ئەوەی ئێستا لە فەزای دەقەکانی موحەمەد عومەر عوسمان لە بیرم ماوە ئەو وردە وێنانەن کە بەردەوام پیاوێکیان وەبیر هێناومەتەوە لە سەر سنووری ژیان و مەرگ بە دڕدۆنگی راوەستاوە و دونیایەکی تەماوی و بارانی و  پڕ لە‌خشەی گەڵا باوەشیان بۆ کردوەتەوە. هەر بۆیە ئەو نووسینە تەنیا دەربڕینی خەمێکە بۆ کەوتنی ئەو گەڵا جوانەی داری شێعر و سەرە‌خۆشی لەهەموو ئەوانەی دڵیان شاعیرانە لێدەدا. یادی  پیاوێكی تەنیا زیندوو دەمێنێتەوە لە بیرەوەری شێعردا، پیاوێک کە لە تابووتی پاییز دا راکشاوە ئێستاکە.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

‌فاطمه اردلان ۱۳۹۸/۸/۱
سەر خۆشی بۆ ئێوە
سەرخۆشی بۆ کورد و کوردستان کە وەرزی پائیزی قەت لە بر ناکا۰ شاعری پائیزە، تواو ماڵبەندی پائیزە کە ڕوڵەکانی بێ تاقەت دەبن و پائیزی ماڵئاوای دەکەن۰ باران بۆ کورد ژیر نابێتەوە۰

نظر خود را براي ما ارسال كنيد