بە پێی ڕاپۆڕتی پێگەی هەواڵی هاژە، ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانان، ڕێوڕەسمی کۆتایی فیستیڤاڵی لێهاتوویی و توانایی چیرۆکنووسی ناوچەی محاڵی مەهاباد لە کتێبخانەی کامیابی ٣ ی ئاوایی "سەیدئاوا"ی مەهاباد بە هاوکاری ئەنجومەنی حامی تاران و گرووهی پەرەپێدانی فەرهەنگی کتێب و کتێبخوێندنەوەی موکریانی مەهاباد بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای بەرنامەدا لە لایەن ئەندازیار ئەحمەدیپوور ئەندامی شووڕای سەیدئاوا بەخێرهاتنی میوانان و بەشداربووان کرا. دواتر خالەق مامئیسماعیل کتێبداری کتێبخانەی سەیدئاوا باسی لە گرینگی و بایخدان بە خوڵقاندنی چیرۆک و چیرۆکنووسی منداڵان و لاوانی گوند و ئاوایییەکان و هەروەها ڕەوتی پەرەپێدانی پێوەندی نێوان کتێبخانەکانی حامی ناوچەی موکریان و محاڵی مەهاباد کرد. لە بەشێکی تری بەرنامەدا چەند چیرۆکی شیاوی ڕێزلێنان لە لایەن هاوڕێ شیوەراک، سارینا سەیدئەحمەدی و ڕامان عەلیپوور خوێندرایەوە. دوابەشی بەرنامە، شەویار گولابیئازەر بە نوێنەرایەتی لە لایەن گرووهی پەرەپێدانی فەرهەنگی کتێب و کتێبخوێندنەوەی موکریان،باسی لە ئاستی چۆنییەتی بایخدان بە کتێب و شوێندانەری ڕەوتی بردنە سەری موتاڵا لە ناو منداڵان و مێردمنداڵان و لاوانی ناوچەکانی دوورەپەراوێزخراوی ناوچە کرد. هەروەها لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئاماژەی بە بۆشایی و نەبوونی وێژەی منداڵان و گۆڤاری هەڵکەوتوو بە زمانی تایبەتی منداڵان و بیر و ئەندیشەی دنیای منداڵان کرد و داخوازی لە بەرەی نوێی گەنجان و لاوانی قەڵەم بەدەست کرد کە بە متمانە بەخۆبوون و بە کەڵکوەرگرتن لەم دەرفەتە فەرهەنگی و هونەرییانەی کە بۆیان دەڕەخسێ بتوانن بەپێی توانای داهێنان و نووسین بڕەوی تایبەتی بدەن بە پەرەپێدان و گەشەسەندنی بواری وێژە و داهێنان. پاشان لە لایەن شاعیری ناسراو خاتوو سونبول شێعرێکی تایبەت بە منداڵان پێشکەش کرد.
لە کۆتاییدا بەپێی بڕیاری لێژنەی داوەری فیستیڤاڵ، لەوحی ڕێزلێنان و بەشیاوزانینی چیرۆکی هەڵبژێردراو بەخشرا بە دە چیرۆکنووسی بەشداربوو و هەروەها سپاسنامەی تایبەت پێشکەشی ئەو بەڕێزانە کرا کە بە ناردنی چیرۆک بەشداری فیستیڤاڵەکەیان کردبوو.