تاريخ: ۱۳۹۵ جمعه ۱۴ آبان ساعت ۱۵:۲۴ بازدید: 1932      نظرات: 0      کد مطلب: 2210

بە بیانوی ڕۆژی "فەرهەنگی گشتی"


هاژه - لەو ڕۆژەیەوە کە مڕۆڤ لاقی لە سەر عەرزی دانا نەریتی پێکەوه ژیان بە سەر بردن و لە پەنا یەکتر بوون باڵی بە سەر کۆمەڵگا دا هەڵکشاندووە و ئەو هەستان و دانیشتنە چمکە کۆمەڵییە پێویستی بە چوارچێوەیەکی تایبەت هاوڕێ لە گەڵ دانانی پرینسیپێکی گەڵالەییە کە مڕۆڤ ئەو کات خۆی لە "فەرهەنگی گشتی"دا دەبینێتەوە.

ئەگەر بێن تەعریفێک لە سەر فەرهەنگی گشتی بکەین، فه‌رهەنگێک کە لە سەرجەم هەڵسووکەوتەکانی کۆمەڵگایی وەکوو ژیانی بنەماڵەیی (ڕێزی گەورەی ماڵێ، گوێ ڕایەڵی بە قسەی دایک و باب)، لە بەرچاو گرتنی مافی شارومەندی (یاسای لێخوڕینی ماشێن، ڕێز لە شوێنی ڕێبوار،)، چلۆن مەسرەف کردن و... دا خۆی دەبینێتەوە.

دنیای مڕۆڤی کە هەر ڕۆژ بەرەو هاوچەرخی هەنگاو دەنێ لێرەدا بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو فەرهەنگی گشتی پێویستی بە بەڕێوەبەڕایەتێکی تۆکمە هەیە کە ئەرکی دەوڵەت، ڕێکخراوەکانی حوکمی و ناحوکمی و دامەزراوەکان قورستر دەکا. هەر بۆیەش، بەرەو ڕەوتی ژیانی خۆش ڕۆیشتن و جێگۆڕکەکردن و ئاسوودەیی تاکەکانی کۆمەڵگا لە بەکگڕادندی ئەو فەرهەنگەدا خۆی وەدیار دەخا.

لێک تێگێشتنی پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتێکان و گەشە سەندنی وڵات لە بوارە جۆراوجۆرەکان و ڕەوتی تەندروستی چینەکان لە ئەدەبیاتی فەرهەنگی گشتی جێگایەکی گرینگی بۆخۆی تەرخان کردووە کە نۆژەن کردنەوەی بناغەی کۆشکی ئاوەدانی شارەستانیەت وەگەر دەخا، مڕۆڤ کاتێک کە سەدەی بیستی تێپەڕ کرد و پێ لە سەدەی بیست‌ویەک نا، دیاردەی زانست، کار و پاک و خاوێنی و پێوانەی "هیوای ژیان" هاتە نێو گاڵەی چەرخەی سەنعەت و پیشەسازی و بەشی ڕاهێنان و فێر کردن بوو بە سەرقافڵەی پێشکەوتووخوازی ڕەوتی هاوچەرخ و فەرهەنگی گشتیش بە جل و بەرگێکی سەردەمیانە بە قەبارەیەکی بەرفراوانتر و دیسیپلینێکی ڕێکتر هاتە نێو گۆڕەپانی خزمەتگوزاری گشتی و وانەی چلۆن بەکار هێنان و کەڵک وەرگرتن دروستی کەرەسەکان و ڕێز و حورمەت لە هێزی مڕۆڤی وەک هێزی سەرەکی کە لە هەمبەر شێوازی هەڵسووکەوتی یەکتر و ڕه‌چاوکردنی یاسای بنەڕەتی دێنێتە ئاراوە.

ئەگەر ساتێک چاو لە نێو بنەماڵە و شار و دیاری خۆمان کەین و بێین کردەوەکان لە گەڵ فەرهەنگ لێکدەینەوە، زۆر شتمان بۆ دەردەکەوێ، کاتێک کە ماشێنەکانی بێ‌پلاک لە نێو شار دا بە ئازادی دەسووڕێنەوە و ئەگەر یەکێک لەوانە خەڵکی وەبەر دەن و بە دنیای دیکەی شاد کەن، چ کەسێک لە ئاست ئەو کەمتەر خەمیە دا بەرپرسیارە؟ دیارە ئەگەر فەرهەنگی گشتی پتەومان هەبێ لە پێشدا بۆخۆمان تاوانبارین دوایە لایەنەکانی پەیوەندیدار، وەلی بەداخەوە ئێمە زۆر جار بۆ بەرژەوەندی خۆمان هەموو بێ‌یاساییەک ڕەچاو دەکەین، هێنانە دەرێ ماشێنی شەخسی بۆ نێو بازاڕ بە بیانوی دەور لێدانی ئێواران بۆ وەڕەزی بەسەر بردن یا کڕینی دوو کیلۆ میوە و کەرەسەی سووک و ساز کردن تڕافیکی نێو شار بەو شەقامە چکۆلانەوە یا ڕاگرتنی ماشێن لە شوێنی پیاسە ئایا ئەوە لە بەر چاو گرتنی مافی شارومەندیە؟ لە حاڵێکدا لە فەرهەنگی گشتی‌دا دەکرێ بە ڕێزی یەکتر گرتن و پیاسەیەکی چوار شەقاوی و یا کەڵک وەرگرتن لە ماشێنەکانی هاتووچۆی گشتی باری تڕافیک و ناڕاحەتێکان سەر بە ئەو بێنینەخوار.

دیاردەی جغەرە کێشان لە نێو ماڵ و ماشێن و دوکەڵ ساز کردن کە دەبێتە هۆی ڕەنجاندنی دەوروبەریان و فنک کردن و بڵغ ڕشتن لە سەر شەقام و قاناون کە بێزی سەیرکەران دا بە دوای خۆی دێنێ بە یەقین هیچ کات ئەوانە لە گەڵ فەرهەنگی گشتی‌دا یەکتر ناگرنەوە و ئەوە لە چوارچێوەی ئاکاری قێزێون و ناحەزدا خۆی نیشاندەدا.

بە گشتی مەبەست لە هێنانەوەی ئەو دیاردە نامۆیانە ئەوە بوو کە بە فەرهەنگی هەڵسووکەوتی خۆمان دا بچینەوە و ڕێز بۆ فەرهەنگی گشتی دانێین، چون مڕۆڤ لە گەڵ کۆمەڵ ژیان دەکا، کۆمەڵگایەکی کە هەر کەسەی بۆخۆی خاوەن سەلیقە و ئاکار و کرداری تایبەت بەخۆیەتی و لەو ڕەهەندەش دا ئەگەر هەر کەس بە کەیف و ئیشتیای خۆی ڕایدا و هیچ ڕێسایەک ڕەچاو نەکات بەدڵنیاییەوە ئەو وڵاتە تووشی سەر لێشێواوی و بێ دەره‌تانی دەبێ و هەر کەس بە ئاواتی دڵی، ئەسپی خۆی لینگ دەدا کە لێره‌دا "فەرهەنگی بێ‌فەرهەنگی" خۆی بە خانەخوێ دەزانێ و کۆمەڵگا تووشی لێکترازان دەکا.

بەو هیوایەی کە فەرهەنگی گشتیمان ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر بێ و قەت ڕو لە نزمی نەکا و بە ئاکاری باش و ڕێک‌و‌پێک ئەوی دەوڵەمەندتر کەین و ئەوەش بە ئەرخەیانیەوە کاتێک دێتە دی کە بۆ تەواوی بەرنامەی ژیانمان فەرهەنگمان هەبێ و ئەو شێوازە لە ڕێز بۆ مافی هاوڵاتیان و هاوشاریانمان دا خۆی دەبینێتەوە و ئەگەر بە حەق بێ نابێ بە زۆرە ملی قسە و کردەوەی خۆمان داسەپێنین و هەر وا ڕایدەین، چون هەموومان لە یەک ماڵ داین و ئەرکی ئەندامانی بنەماڵەش لەو پێناوە دا بایەخی تایبەت بە خۆی هەیە کە کۆی گشتی تەوەرەکە لێرەدا خۆی نیشان دەدا.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد