تاريخ: ۱۳۹۵ چهارشنبه ۱۲ آبان ساعت ۱۰:۵۸ بازدید: 1710      نظرات: 2      کد مطلب: 2199

”کۆبانێ تەنیا نییە"...

ئەرسەلان بورنا (شرۆڤەکاری سیاسی)


 

 
 ئەرسەلان بورنا (شرۆڤەکاری سیاسی)
 
جێی دوودڵی نییە کە سەرەتای بەرخودانی کۆبانێ لە شەنگاڵەوە دەستی پێ کرد. بەم واتایە کاتێک کە داعش بێبەزەییانە دەستی بە کۆمەڵکوژی، دەستدرێژی سێکسی و کۆیلەکردنی کوردانی ئیزیدی کرد کۆمێکی چوار کەسی لە "هێزەکانی پاراستنی گەل" و دواتر شەڕڤانان بەرەنگاری ئەم تاقمە تیرۆریستییە هاتنەوە. لەڕاستیدا، ئەوە یەکەم جار بوو تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی بەم شێوازە تێک دەشکان و سەرشۆڕانە پاشەکشێیان پێ دەکرا. جیا لە ئەوە، داعش بە گۆڕینی بەرەی شەڕی خۆی بەرەو کانتۆنەکان؛ ئەستوورەی نەبەزی لە بەرخودانی کۆبانێ تێکشکا و یەکسەر داڕووخا.

بەرخودانی قارەمانانەی کچان و کوڕانی شەڕڤان، سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆژئاوای کوردستان لە ناو گەمارۆی ئابووری بوو و بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشی چەکداری تاقمە توندڕەوە جیهادی و سوورییەکان دەهاتەوە بەڵام مێژوویەک لە سەروەری و شانازییان خووڵقاند کە لە ئاستی ناوچە و جیهاندا کەم وێنە و دەنگدانەوەیەکی زۆری بوو. هەڵوێستی بوێرانەی ئەوان بۆ بەرگری کردن لە خاک و زێدی خۆیان بەپێچەوانەی ناوچەکانی دیکە کە خێرا خۆیان ڕادەستی داعش دەکرد، مزگێنیدەری پێشەڕۆژێک بوو کە لە ئێستادا بناغەکانی کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیکی پتەوتر و پەروەردەکردنی تاکێکی ئازادی وەدی هێناوە. بەرخودانی کۆبانێ جیهانی یەکگرتوو کرد و ئازادیخوازانی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی بە کۆدەنگی گەیاند.

تیرۆریستانی داعش لەژێر سێبەری بێدەنگی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بە پاڵپشتی تورکیا لە مانگی ڕەزبەری ٢٠١٤ دەستیان بە هێرشی بەربڵاو بۆ سەر کانتۆنی کۆبانێ کرد. داعش بۆ گەیشتن بە مەبەستە دیاری کراوەکان و لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کورد لە سووریا تەواوی چەکە قورس و پێشکەوتووەکانی کە لە مووسڵ دەستی بەسەر داگرت بوو لە کۆبانێ بەکاری هێنا. جیهان چاوەڕێ کەوتنی ئەو بوو و تەنانەت ئەردۆغان وەک هاوپەیمانی داعش مزگێنی کەوتنی ڕاگەیاند؛ "کۆبانێ کەوت، کەوت"! هەمگە بە پێچەوانەی واگەیەندنەکان گەورەترین تێکشکانی داعش لە کۆبانێ پێک هات و ئەوە سەرەتای ئاوابوونی خۆری زێدەڕۆیی خەلافەتی سووڵتان لێکدانەوەی بۆ کراوە.

١٣٤ ڕۆژ خۆڕاگری شەڕڤانان و خەڵکی ئەم شارە هەڵگری پەیامێکی ڕوون و ڕاشکاوەیە بە پێگەی یەکەم بۆ دیکتاتۆر و ڕژێمە نادیمۆکراتیکەکان و دووهەم دەستەبەر کردنی پشتیوانی ئازادیخوازانە لە سەرانسەری جیهان کە، گرینگە فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریا پشت گوێ نەخرێ و ئەوان لە هەڵگرتنی هەنگاوی یەکەم بۆ گەیشتن بە دیمۆکراسی و سەربەستی یارمەتی بدرێن. ئەمڕۆکە کانتۆنەکان لە تراژیدیای شەڕی ناوخۆیی ئەم وڵاتە سەرکەوتووانە دەرکەوتوونە و خەباتی کانتۆنەکان لە گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیمۆکراتیک وێڕای بەشداری هەمووان جێی تێڕامان و دڵخۆشییە. شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشێکی دیمۆکراتیکە کە گەلانی ئەو دەیانهەوێ داهاتووی خۆیان بۆ گەیشتن بە ژیانێکی باشتر و ئازادتر لەسەر بنەوانی دیمۆکراسییەکی ڕاستەقینە دامەزرێنن.

وڵاتانی دەستڕۆیشتووی دەرەکی زۆربەی کاتەکان هەوڵ دەدەن یارمەتی هێزە میانەڕەو و دیمۆکراتیکەکان بدەن بەڵام وێدەچێ ئەم ستراتیژییە لە هەمبەر کوردان ستراتیژییەکی کاتی و سنووردار بێ. ئەمەریکا لە کۆتایییەکانی سەدەی ٢٠ دەستی ڕژێمە سەرکوتکەرەکانی لە عەرەبستان، پاکستان، بێرمە و ... بۆ سەرکوتی ئازادیخوازان کراوە هێشتەوە کە ئەم هەڵوێستەی واشینگتۆن ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر هاتەوە. ئەمڕۆکە ئەم هەڵوێستە بە شێوازێکی دیکە خەریکە کردەوەیی دەبێ کە یەکجار مەترسیدارە. بەواتایەکی دیکەوە، لانیکەم سیاسەتی ئەمەریکا لە ڕوانگەی فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریا سیاسەتێکی نامۆ نییە کە بتوانن لەسەر ناوی هێڵی سێهەم دیمۆکراسی پشتی پێ ببەستن.

گەلانی ناو فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریا دەبێ هەوڵێکی زۆرتر بۆ پێشخستنی پێکهاتە دیمۆکراتیکەکان بدەن و بۆ وەدی هێنانی ئەم ئامانجەش پێداویستییان بە بەشداری هەموولایەنەی خەڵک و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، نهێشتنی چەقبەستوویی هێز و دەسەڵات و یەکسانی ڕەگەزی هەیە. بەدڵنیایی خەباتی کانتۆنەکان تەباییەکی باش و گونجاوی لەگەڵ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی هەیە و ئەوەش خاڵێکی ئەرێنی و بەهێزە. لەم ڕوویەوە، وێڕای پشتبەستن بە خۆڕاگریی شەڕڤانان بەتایبەت ژنان لە کۆبانێ پێویستە ئەوان تەڤلی بەستێنە ڕامیاری، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان ببن تاکوو وەدی هێنەری تاکێکی ئازاد و کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیک لە تەنیشت پێکەوە ژیانی گەلان ببن و ئەوەش ناوەرۆکی پەیامی بەرخودانی کۆبانێ – یە.




برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

سردار ۱۳۹۵/۸/۲۳
خیلی خوب
0
1
پاسخ به این اظهارنظر

هەڵاڵە ۱۳۹۵/۸/۱۳
دەستان خۆش بێت بۆ ئەو بیروراجوانە

نظر خود را براي ما ارسال كنيد