بە پێی هەواڵی هاژە، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ۱۴ی گەلاوێژی ساڵی ۹۸ی هەتاوی، بە بەشداری فەرهەنگ دۆستان، ئەدیبان و لایەنگرانی کتێب و کتێب خوێندنەوە، ڕێوڕەسمێک لە هۆڵی ئامفی تەئاتری ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی شاری مەهاباد بە بیانووی یەکەمین ساڵوەگەڕی هەڵمەتی خوێندوومەتەوە بیخوێنەوە لە مەهاباد بەرێوەچوو.
لەم ڕێوڕەسمه سیامەند جەوانبەخت بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی شاری مەهاباد، پەخشان قەلەندەری بەرپرسی ڕێکخراوەی سەوزبیرانی لاوی مەهاباد، شەویار گولابیئازەر چالاکی بواری کتێب و ڕۆیا ڕۆستەمی بەرپرسی ئەم هەڵمەتە لە مەهاباد وەکوو وتاربێژ، وتەکانی خۆیان لە هەمبەر پێویستی برەودان بە کلتووری کتێب خوێندنەوە هەروەها خەسارناسیی ئاستەنگ و گرفتەکانی ئەو بوارە پێشکەشی بەشداربووان کرد.
دوو کورتە کلیپ بە نێوەرۆکی گرینگی هەڵمەتی خوێندنەوەی کتێب بۆ کۆمەڵگای کوردی و هەروەها وێنەکانی یەک ساڵەی ڕابردوو وەک دێکۆمێنتارێک لەسەر هەڵمەتەکە بڵاو کراوە.
پاشان لە پێناو بەهێزکردنی ئاستی کتێبەکانی وێستگە داوای هاوکاری لە ئامادەبووانی کۆرەکە کرا، وەک هەمیشە دڵ فراوانی و خۆشەویستی کلتوور و زمان لای ئامادەبووان هێندە بەرز بوو کە تێچووی دابین کردنی ڕادەیەکی بەرچاو کتێب لە لایەن فەرهەنگ دۆستانی کۆرەکە وەئەستۆ گیرا.
ئەنوەر ئیبڕاهیمئازەر بەرپرسی دەفتەری نوێنەری خەڵک لە پەرلەمان، بۆ دابین کردنی کانێکسێک بۆ ئەم هەڵمەتە قەولی یارمەتی دا تاکوو لە وەرزی پاییز و زستانیش ئەم هەڵمەتە بەردەوام بێت.
هەڵمەتی گشتیی خوێندوومەتەوە بیخوێنەوە وەک هەڵمەتێکی جیهانی بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ خوێندنەوەی کتێب و دەسکەوتنی کتێب بۆ هەمووان سەری هەڵدا. لەم هەڵمەتەدا کەسانێک کە کتێب گەلێکیان هەیە کە پێشتر خوێندوویانەتەوە و کەڵکیان لێوەرگرتووە بە بەخشینی کتێبەکانیان یان به بەجێ هێشتنی ئەو کتێبانە لە شوێنە گشتییەکان، دەبنە هۆی دەسکەوتنی کتێب بۆ جەماوەرێکی زیاتر، چوونە سەری ڕادەی خوێندنەوە، گەشەی کۆمەڵایەتی و کلتووری لە ئاستێکی بەربڵاو و گشتی لێدەکەوێتەوە.
ئەم هەڵمەتە لە شاری مەهاباد لە بەرواری ۲۸ی پووشپەڕی ۹۷ و لە ژێر چاوەدێریی ڕێکخراوەی سەوزبیرانی لاوی مەهاباد دەستی بەکار کرد و تا ئێستاش بە هاوکاریی هاوشارییان، هاوڕێیان و ئەدەب دۆستان توانیویەتی بەردەوام بێ.
ڕۆیا ڕۆستەمی ئەندامی ڕێکخراوەی سەوزبیران، بەرپرسی ئەم هەڵمەتەیە و دەستەیەک لاوی فەرهەنگ دۆستی تریش یارمەتی دەدەن.
وێستگەی هەڵمەتی خوێندوومەتەوە بیخوێنەوە هەموو ڕۆژانی پێنج شەممە کاتژمێر ۶ تا ۸ی ئێوارێ لە مەیدانی شارەداری تەنیشت پاڕکینگی شارەداری بەڕێوە دەچێت.