تاريخ: ۱۳۹۸ يکشنبه ۲۳ تير ساعت ۱۹:۴۲ | بازدید: 1097 نظرات: 0 کد مطلب: 11381 |
(کورته باسێک له‌سه‌ر مینیمالیزمی چیرۆکنووسانی به‌ره‌ی سێهه‌می ئامریکای باکوور)
مراد ئەعزەمی
کورت بڕینه‌وه‌و چڕ نووسین له بواری ئه‌ده‌ب دا شتێکی تازه نییه. زاراوه‌ی ئیجاز، ئاشنا‌و ئاماده‌ی هه‌موو ژانره‌کانی ئه‌ده‌بی، به تایبه‌ت شێعر بووه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ئیجاز ببیته بڕبڕه‌ی پشتی ده‌قێکی ڕه‌وایی، مێژوویه‌کی زۆر کۆنی نییه. هه‌ڵبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ش له‌وانه‌یه نموونه‌ی وه‌ک کورته حه‌قایه‌ته‌کانی عارفانه‌ی ئه‌ده‌بی سۆفیزم، یان حه‌قایه‌ته‌کانی گوڵستانی سه‌عدی و، ته‌نانه‌ت کورتیله‌چیرۆکی هه‌ره‌کورت بێنینه‌وه. به‌ڵام وه‌ک له ده‌وامی ئه‌م وتاره‌دا ده‌بینین، هیچ کام له‌مانه به ته‌واوی خاوه‌نی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه نین که وتار باسی لێوه ده‌کات.
له دیه‌کانی شێستی زایینی دا، جووڵه‌یه‌کی به هێزی هونه‌ری به تایبه‌ت له نه‌ققاشی و دوایه‌ش له مۆسیقای دوای شه‌ڕی وییه‌تنام له ئامریکادا سه‌ری هه‌ڵدا، دژ به فرت و فێڵ و پێچه‌ڵاوپێچی هونه‌ری. له مۆسیقاش دا، پارچه مۆسیقای ساده‌ی که‌م ته‌کنیک خوڵقان که هێندێک نۆت به‌رده‌وام له‌ودا دووپات ده‌بوونه‌وه. ئه‌و شێوازه، سه‌ره‌تا به ته‌وسه‌وه له لایه‌ن ڕه‌خنه‌گرانه‌وه به (مینیمالیزم) ناودێر کرا. که چی دوایه ئه‌و ناوه‌ی به گشتی به‌سه‌ردا سه‌پاو په‌سه‌ند کرا. دواجار، ئه‌و شێوه خوڵقاندنه، هاته پانتای ئه‌ده‌ب به تایبه‌ت ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌و، شێوازێک به‌رهه‌م هات له‌سه‌ر بنه‌مای تێکچڕژان و، ئیجاز و ده‌رهاویشتنی هه‌رچی ماکه‌ی که‌م پێویست بوو و، ڕووت و قوتی واژه‌و که‌م دوێیه‌کی سه‌یر سه‌ری هه‌ڵدا. یه‌که‌م پرسیار که له زه‌ین دا ده‌گوورێ، له‌وانه‌یه ئه‌وه بیت که، چ شتێک ده‌بیته هۆی ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند به ئه‌نقه‌ست له‌و که‌ره‌سانه‌ی یاریده‌یان ده‌دات بۆ خوڵقاندنی ده‌قی به هێز، خۆ بپارێزیت؟
به‌رله‌وه‌ی بچینه سه‌ر وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره، پێویسته کورته‌ی مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و ئاڵ و گۆڕ‌و دۆخی ئێستای کورته چیرۆک، له زێدی سه‌رهه‌ڵدانی پره‌نسیپی مینیمالیزم، واتا وڵاته یه‌کگرتووه‌کان -ئامریکای باکوور - به‌سه‌ر که‌ینه‌وه:
1. به‌ره‌ی یه‌که‌م: له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا، ناوی دوو نووسه‌ر دیاره، ناتالی هاوسۆرن و ئێدگار ئالێن پۆ. ئه‌و به‌ره‌یه، به زمان و دیدێکی کلاسیکه‌وه ده‌به‌ردابوو به هه‌ڵاواردنی خۆ له سنووره‌کانی ژانری رۆمان، بناغه‌ی ژانرێکی سه‌ربرخۆ ڕۆبنێت. وتاره تیۆریکه‌کانی پۆ له‌و قۆناغه‌دا زۆر به‌رچاوه. کورته‌چیرۆک له‌و بڕگه‌یه‌دا، به زمانێکی کلاسیک و به پلانێکی دیار، حه‌وڵی گه‌یاندنی په‌یام و نه‌سحه‌تێکی ئه‌خلاقی ده‌دات.
2. به‌ره‌ی دووهه‌م، له ده‌ورووبه‌ری 1920 به‌ولاوه سه‌ریان هه‌ڵدا. واتا دوای شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی به‌ولاوه. به‌رچاوترینی نووسه‌رانی ئه‌و به‌ره‌یه، ئێرنێست هێمینگوێی و ویلیا‌م فاکنێرن. تازه‌گه‌ری ته‌کنیکی، شکانی کاتی هێڵی، پێداگری له‌سه‌ر که‌سایه‌تی، خوڵقاندنی که‌سایه‌تی قه‌به‌و ده‌کارکردنی ناوه‌ڕۆکی خوازه‌یی وه‌ک مه‌رگ و ژیان و پوچی و گوناه‌و...، تایبه‌تمه‌ندی دیاری چیرۆکی ئه‌و به‌ره‌یه‌ن .
3. به‌ره‌ی سێهه‌م، له ده‌یه‌کانی شه‌ست به‌ولاوه(به تایبه‌ت دوای شه‌ڕی وییه‌تنام)، سه‌ریان هه‌ڵدا. یه‌که‌م هه‌نگاو، هه‌ڵاواردنی ئاشکرای خۆ له سنووره‌کانی به‌ره‌ی یه‌که‌م و، ده‌ربازبوون له ژێر ته‌ئسیری به‌ره‌ی دووهه‌م بوو. جان ئاپدایک، جان چیوێر، رێیمۆند کاروێر، تۆبیاس وۆڵف، تۆماس پینچون، بابی ان میسۆن،...، میراتگرانی فاکنێر و هێمینگوێی بوون که دژ به سه‌له‌فی خۆیان هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه.
ئه‌وه‌ی به‌رله هه‌ر شتێک ئه‌و به‌ره‌یه له‌وانه‌ی پێشوو جوودا ده‌کاته‌وه، شێوه‌ی دانووستانیانه له‌گه‌ڵ گێڕه‌ڕه‌وه. زه‌بری گه‌وره‌ی که وه‌به‌ر شێوه‌ی چیرۆک‌نووسی سوننه‌تی که‌وت، داڕمانی سه‌روه‌ری گێڕه‌ڕه‌وه‌ی هه‌مووشت زان بوو. به‌ره‌ی دووهه‌م به ته‌واوی پشتی ده‌و سوننه‌ته نه‌کردو هه‌ر به‌رته‌سکی کرده‌وه. به‌ره‌ی سێهه‌م به یه‌کجاری ئه‌و گێڕه‌ڕه‌وه‌یه‌ی وه‌لاناو و ته‌نانه‌ت چه‌لی وایه له‌گه‌ڵ چه‌ندین گێڕه‌ڕه‌وه ڕووبه‌ڕووین. چیرۆکه‌کان جار چه‌ندجۆر سه‌ره‌تایان هه‌یه. کۆتاییش، ئه‌گه‌ر هه‌بیت، پتر له یه‌ک کۆتاییه. ته‌مهیدی دی، بۆ هه‌ڵاواردنی واقیع و خه‌یاڵ، خودی واقیع نوێنییه. واتا که‌ڵک وه‌رگرتن له که‌سایه‌تی حه‌قیقی(وه‌ک نیکسۆن، تۆلستۆی،...)، یان که‌سایه‌تی داستانی(ئوژنی گرانده، سپی به‌رفی،...). گه‌ڵاڵه و پلات له‌و چیرۆکانه‌دا که‌مڕه‌نگ و ناته‌واوه.
ڵق و شێوازی زۆر جوودا له‌یه‌ک له‌و به‌ره‌یه‌دا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، وه‌ک ساده‌و ئیجازنووسی کاروێر، تا بارتێلمی دژه‌داستان نووسی هه‌نجارشکێنی کۆلاژنووس و، هه‌تا درێژنووسانی وه‌ک پینچوون. مامۆستا‌و سه‌رچاوه‌ی هه‌موویان ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئانتوان چخۆفی عرووس. دوای شه‌ڕی وییه‌تنام، که‌ش و هه‌وایه‌کی بێ هیوایی و داماوی سازبوو، که نووسه‌رانی هان دا بۆلای ئه‌وه‌ی ساده‌و روون و چڕ بنووسن، دوور له هه‌رشێوه خۆڕانان و فریوی خوێنه‌ر. په‌خشان و که‌سایه‌تی و داستانی ساده‌و بێ پێچ و په‌نا. ئه‌و شێوازه، که له راستی دا دژکرده‌وه‌یه‌ک بوو به‌رامبه‌ر به ماکسیمالیزم و به لێشاو ده‌کارکرانی ته‌کنیک و ته‌مهیدو، ناویشی لێ‌نرا مینیمالیزم. واتا که‌مترین ده‌کارکردنی ته‌کنیک، مه‌گه‌ر به پێی زه‌رووره‌ت. سه‌رتۆپی ئه‌و شێوازه‌ش کاروێر و په‌خشانی کریستالییه‌تی. بۆیه‌ش به شێوه‌ی داهێنانی ئه‌و به‌ره‌یه ده‌ڵێن قوتابخانه‌ی گه‌ڕانه‌وه. گه‌ڕانه‌وه بۆ ساده‌نووسی چۆخۆف. هه‌ڵبه‌ت کاروێر له کاره‌کانی ئاخری دا، وه‌ک کاتێدرال(که‌لیسای جامیعه)، ورده‌ورده رووی له شێوازێکی ره‌هاتر کردبوو وده‌ستی به نووسینی نۆڤلێت کردبوو.
زۆر یه‌ک له ڕه‌خنه‌گران و بیرمه‌ندان، لایان وایه که مینیمالیزم، دژکرده‌وه‌یه‌که دژ به قۆناغ و شێوه ڕوانینی مۆدێرنیزم و، سه‌ربه قۆناغی پۆست مۆدێرنیزم. هه‌رچییه‌کی له ئه‌ده‌بی مۆدێرن دا بۆ ده‌قێکی ئه‌ده‌بی ڕه‌وا به‌ڵکوو پێویست بوو، ناڕه‌واو بێ که‌ڵک ده‌کرێت. ئه‌و قۆناغه، به تایبه‌ت له کۆمه‌ڵگای ئامریکا(وڵاته یه‌ک گرتووه‌کان) دا، خاوه‌نی هێندێک تایبه‌تمه‌ندی بوو، که ئاکامه‌که‌ی له پانتای ئه‌ده‌ب دا ده‌بیته مینیمالیزم. جان بارت، که یه‌ک له ڕه‌خنه‌گرو تیۆریزانه‌کانی ئه‌و بواره‌یه، تایبه‌تمه‌ندیی هانه‌کانی ئه‌و قۆناغه ئاوا ریز ده‌کات:
- _ رۆحێکی تێکشکاوو بێ وازی نه‌ته‌وه‌یی دوای شه‌ڕی بێ ئاکامی وییه‌تنام
- _ قه‌یرانی گه‌وره‌ی وزه و سوته‌مه‌نییه‌کان له نێوان ساڵانی 1973 هه‌تاکوو 76، له جه‌نگه‌ی شه‌ڕی وییهتنامدا
- _ داکشان و سست بوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی مه‌یلی خوێندنه‌وه‌و نووسین له لایه‌ن قوتابیان و ته‌نانه‌ت مامۆستاکانیان، له قوتابیخانهکانی سه‌هل گیر‌و، کۆمه‌ڵگایه‌ک که له‌ودا سه‌لیقه‌و مه‌یلی خۆ خافڵاندن به گێڕانه‌وه‌کان، پتر له ڕێگه‌ی سینه‌ماو ته‌له‌فه‌زیۆنه‌وه‌یه تاوه‌کوو ئه‌ده‌بییات. واتا جه‌ماعه‌ت، به تایبه‌ت به‌ره‌ی نوێ، ئه‌وه‌نده بێ هانه‌و سست و که‌م حه‌وسه‌له‌یه که ته‌نانه‌ت بۆ خۆ خافڵاندن و سه‌رقاڵ بوونیش، حه‌وسه‌له‌ی ده‌قی نووسراوه‌ی نییه‌و، پتر خۆ به فیلمانه‌وه ده‌خافڵێنیت.
- _ هه‌ر به‌و پێیه، ده‌کرێ به مه‌زه‌ننه بڵێین ئه‌گه‌رکوو که‌سانێکیش په‌یدابن ده‌ق بخوێننه‌وه، دیاره له ده‌قی قه‌به ده‌پرینگێنه‌وه‌و ده‌قی بچووک و هه‌ره بچووک له لایان مه‌قبووڵ تره.
- _ جگه له‌وانه‌ی باس کران، سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و شێوازه، هۆیه‌کیشی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دژکرده‌وه‌یه‌ک له حاند دام و ده‌زگای زۆر‌و زه‌وه‌ندی پڕۆپاگه‌نده‌ی توجاری و ڕامیاری ئه‌و وڵاته.
ئه‌و خاڵانه، سه‌ره‌کی ترین هانه‌ن، بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ژانری مینیمال، له‌و وڵاته‌دا. جیهانی پڕله‌جووڵه‌و خێرای سه‌رده‌می دوایپێشهسازی، ئه‌ویش له‌و کۆمه‌ڵگا بێ حه‌وسه‌له‌و که‌م تاقه‌ته‌دا، ئاکامی ده‌بیته ڕوو له ده‌قی هه‌ره کورتی خێرای ساده‌و ڕووتی بێ پێچ وپه‌نا کردن. کورت بڕینه‌وه‌و ئیجاز، وه‌ک باس کرا، شتێکی تازه نییه‌و به‌ر له‌وه‌ش، ته‌نانه‌ت له دێمۆکریتووسه‌وه تا وه‌کوو بێکێت، نموونه‌ی زۆر هه‌ن بۆ باس کردن. به‌ڵام ئابه‌م جۆره وه‌ک مه‌کته‌بێکی ئه‌ده‌بیی سه‌ربه‌خۆ له به‌رهه‌م هێنانی ده‌قی ئه‌ده‌بی دا، ئاراسته‌یه‌کی که‌م تا کورت نوێیه له ئامریکادا. ڕه‌خنه‌گران، پتر ئێرنێست هێمینگوێیان، له‌به‌ر وه‌لابردنی تۆخی هه‌رچی زێده‌یه له چیرۆک دا، به سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ نووسه‌رانی مینیمال دێننه ئه‌ژمار، که به ده‌رز وه‌رگرتن له‌م، ئه‌و شێوازه‌یان بنیات نا. ناسراوترینی نووسه‌رانی ئه‌و شێوازه ئه‌مانه‌ن: رێیمۆند کاروێر، ئان بیتی، فرێدریک بارتێلمی، دۆناڵد بارتێلمی، مێری ڕابینسۆن، تۆبیاس وۆڵف، بابی ئان میسۆن، جان چیوێر و... چه‌ند که‌سی تر. ئه‌گه‌ر ناوی ریچارد بره‌تیگان، که هه‌ر له‌و سه‌رووبه‌نده‌دا ده‌ژیا، نه‌هاتووه، هۆیه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر سه‌بک و شێواز‌و گوتاری ته‌واو جووداو سه‌ربه‌خۆی ئه‌و نووسه‌ره که له چوارچێوه‌کانی به‌رباسی ئه‌م وتاره ده‌ترازێن و وتارێکی تێروته‌سه‌لی سه‌ربه‌خۆی گه‌ره‌که.
له ئه‌ده‌بی فارسیش دا، هه‌ڵبه‌ت به‌و مه‌رجه‌ی هه‌ر جه‌خت بکه‌ینه سه‌ر(چیرۆکی زۆر کورت، گه‌ڵاڵه‌ی گه‌لێ ساده، تاقه ڕووداو و ناوه‌ندێک له ده‌ق دا، ڕێژه‌ی زۆر که‌می که‌سایه‌تییه‌کان)، حه‌قایه‌ت و ڕه‌وایه‌ته‌کانی سۆفیان و عارفان، که پڕن له ئیلهام و په‌رجۆو وێنه‌ی سه‌یرو سوررێیال، ده‌که‌ونه ده‌و خانه‌یه‌وه. به‌ڵام به هیچ کڵۆجێک نابنه مینی‌ماڵ، چونکه سه‌ره‌کی ترین خه‌سڵه‌تی چیرۆکی مینیمال، وه‌ک له ده‌وامی وتاردا به وردی باسی ده‌که‌ین، واقیع خواز بوون و رێیال بوونیه‌تی. تاقمی دی، حه‌قایه‌ته‌کانی شیرنی سه‌عدی شیرازییه له گوڵستانه‌که‌ی دا. خۆ ئه‌و جاره زۆرتر رێیالیشن و که‌م واهه‌یه له واقیع لا بده‌ن و بۆ لای خه‌ون و خه‌یاڵ بچن. بڵه‌ی سه‌عدی ئه‌وده‌م چیرۆکی مینیمالی خوڵقاندبیت؟ له وه‌ڵامدا ده‌بی بڵێین حه‌قایه‌ته‌کانی سه‌عدیش ناچنه ده‌خانه‌ی مینیمالیسته‌وه. له‌به‌ر هۆیه‌کی زۆر ئاشکرا. یه‌ک له فه‌لسه‌فه سه‌ره‌کییه‌کانی به‌دی هاتنی شێوازی مینیمالیستی، دژایه‌تی کردن بوو به‌رامبه‌ر به ته‌مهیدو ته‌کنیکه به‌لاغی و جوانیناسانه‌کانی ئه‌ده‌بی. که‌چی حه‌قایه‌ته‌کانی سه‌عدی، دارماڵن له سه‌جع و جیناس و کینایه‌و...دیکه‌ی ته‌مهیده‌کانی به‌لاغی. که وابوو دا بزانین تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی چیرۆکی مینیمالیستی چنه‌و به پێی چ پێوه‌رێک ده‌توانین به ده‌قێک بڵێین مینی‌ماڵ.
فرێدریک بارتێلمی، له وتارێک دا باسی ئیراده‌کانی ڕه‌خنه‌گرانی مینیمالیزم ده‌کات و ئاوایان ڕیز ده‌کات، که له واقیع دا، چه‌ند تایبه‌تمه‌ندی سه‌ربه‌و شێوازه‌ن:
_ سڕینه‌وه‌ی بیرۆکه قه‌به فه‌لسه‌فییه‌کان
- _ باس نه‌کردنی چه‌مکه مێژووییه‌کان
- _ ده‌رنه‌بڕینی ئاراسته‌ی سیاسی(ڕامیاری)
- _ ڕووکه‌شی بوونی که‌سایه‌تییه‌کان
- _ وه‌سفی ساکارو سواو
- _ دووپات بوونه‌وه‌ی شێواز
- _ لا نه‌کردنه‌وه له لایه‌نه ئاکارخوازانه‌کان
دوای ڕیزکردنی ئه‌م خاڵانه، ده‌ڵێ: " زۆر سه‌یره، جا ئه‌گه‌ر چیرۆک هیچ کام له‌مانه‌ی نه‌بیت و دواجار ئاوا به هێزیش بیت که ئه‌وان ده‌ڵێن، ئه‌ی ئه‌و هات و هاواره بۆ چییه؟"
هه‌مدیسان جان بارت، زۆر به کورتی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی مینیمالیزم، که بۆ خۆی ده‌ڵێ جووڵه‌یه‌کی ئه‌ده‌بییه، له پانتای سووننه‌تی ئامریکاییدا، ده‌هێنیته به‌رباس و ده‌ڵێ ئه‌مانه‌ن: ئیجازێکی تۆخ، ڕێیالیست بوون، ده‌ربڕینی ناڕاسته‌وخۆی کێشه‌کان، هه‌ست بزوێنی و ده‌رهه‌ست خوازی.
ئه‌وه‌شمان گوت که کورتیله‌چیرۆکی هه‌ره‌کورتیش مینیمال نییه. به‌ڵام نه‌مانگوت بۆ. یه‌که‌م و سه‌ره‌کیترین تایبه‌تمه‌ندی کورته‌چیرۆکی هه‌ره‌کورت، وه‌ک له ناوی ڕا دیاره، کورت بوونیه‌تی و به‌س. ته‌نانه‌ت هێندێک ئه‌ژماریشی بۆ داده‌نێن و ده‌ڵێن نابی له دوو هه‌زار وشه پتر بیت. ئه‌گه‌رچی هێنده‌ک که‌س بۆ چیرۆکی مینیمالیش ئه‌و ئه‌رکه ده‌ست نیشان ده‌که‌ن و ده‌ڵێن ئه‌وپه‌ڕی واژه‌کانی 55 تا 88 دانه‌ن و نابی پتر بیت. که ئه‌مه‌یان ته‌واو هه‌ڵه‌یه‌و هیچ فڕی به‌سه‌ر مینیماله‌وه نییه. مینیمالیزم، شێوازێکی تایبه‌ته له چۆنییه‌تی دا، نه‌ک هه‌ر چه‌ندایه‌تی و قالب و فۆرم و ئه‌ندازه. له‌م شێوازه‌دا ته‌نانه‌ت ڕۆمانیشمان هه‌یه، وه‌ک ڕۆمانه مینیمالیستییه‌کانی به ناوبانگی ئان بیتی، یان دۆنالد بارتێلمی. ئه‌گه‌ر ئیجاز وه‌ک یه‌ک له ئه‌رکه‌کانی ئه‌م شێوازه ناو ده‌به‌ن، مانای ئه‌وه نییه حه‌تم ده‌بی کورت و که‌م بیت و له ئه‌ژمارێک ده‌رنه‌چیت. ئیجاز به‌و مانایه‌یه که، ده‌قێک تائه‌و جێگایه‌ی ده‌گونجێ چڕبکرێته‌وه‌و زێده‌و حه‌شوه‌کانی لێ ده‌ربهاویشترێت. جا له‌وانه‌یه ده‌قێک بۆی هه‌بیت له‌و په‌ڕی ئیجازی دا له یه‌ک لاپه‌ڕه ده‌رنه‌چیت، ده‌قێکیش له نه‌هایه‌تی ئیجازی دا، ببیته ڕۆمانێکی یه‌ک دوو به‌رگی. واتا ئیتر نه‌کرێ له‌وه کورت‌تر بکرێته‌وه. جگه له ئیجاز، ساده بوونیش یه‌ک له خه‌سڵه‌ته‌کانی ئه‌م شێوازه‌یه. باسی ئه‌وه‌مان کرد که ئه‌و جووڵه‌یه دژ به فرت و فێڵ و ته‌مهیده‌کانی به‌لاغی و جوانی ناسی ئه‌ده‌بی هاته‌به‌رهه‌م. مانای ساده‌بوونیش هه‌ر ئه‌وه‌یه. واتا خۆ پاراستن له‌ده‌کارکردنی به لێشاوی ئه‌و ته‌مهیدانه، وه‌ک مه‌جازو خوازه‌و کینایه‌و سه‌مبۆل و ... ته‌واوی ئه‌و ته‌مهیدانه‌ی ده‌ق داده‌پۆشن و جوانییه‌کی ئه‌ده‌بی ده‌ده‌نێ. وه‌ک ده‌بینین، ئه‌و خه‌سڵه‌تانه، به گشتی ده‌چنه ده‌خانه‌ی که‌م کردنه‌وه‌و دابه‌زاندنه‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه که جان بارت ڕسته ناسراوه‌که‌ی براونینگی بۆ ئه‌و شێوازه پێ پڕ به پێسته که ده‌ڵێ:( less is more) واتا (که‌میش هه‌ر زۆره). واتا ده‌کار کردنی که‌مترین ته‌مهیدیش هه‌ر زۆره و له زیاده‌یه.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌و ڕاکردنه له ریتۆریک، خۆی جۆرێک شێوه‌ی به‌لاغییه. جگه له‌وه، دابه‌زاندن و که‌م کردنه‌وه‌ی که‌ره‌سه‌کانی ریتۆریکایی و جوانی ناسانه، ده‌بیته هۆی ئه‌وه که نووسه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و که‌ره‌سانه‌ی له‌به‌ر ده‌ستی دا ماونه‌ته‌وه پتر ورد ببیته‌وه. وه‌ک ده‌بینین، به گشتی فه‌لسه‌فه‌ی مینیمالیزم، ده‌ست ڕاگه‌یشتنه به گه‌وهه‌رو زات و خودی شته‌کان، بۆیه‌ش تا ئه‌و جێگای بۆی ده‌لوێ ده‌یانڕووتێنیته‌وه.
خه‌سڵه‌تێکی دیکه‌ی چیرۆکی مینیمال، که زۆریش گرینگه‌و به له‌ونێک جێگه‌ی به‌تاڵی که‌ره‌سه ئه‌ده‌بییه‌کانی سڕدراوی ناو ده‌ق، بۆ ڕاکێشانی خوێنه‌ر بۆ خوێندنه‌وه‌ی قه‌ره‌بوو ده‌کاته‌وه، پره‌نسیپی (ئینزمامی) واتا لکانه‌وه‌ی شتێکی گرینگی نادیار به شته دیاره‌کانه‌وه، له گێڕانه‌وه‌دایه. نووسه‌رێکی مینیمالیست، ئیمی هه‌مپێل، ده‌ڵێ: " ئه‌و شتانه‌ی له ئاسه‌واره‌کانتاندا نه‌درکێنراون، گه‌لێ گرینگ‌ترن له‌وانه‌ی هاتونه‌ته سه‌ر ڕووپه‌ڕی لاپه‌ڕه." ته‌نانه‌ت سه‌ر که‌وتن و نه‌که‌وتنی نووسه‌ری مینیمال له به‌رهه‌مه‌که‌ی دا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چۆنییه‌تی که‌لک وه‌رگرتن و ده‌کارکردنی ئه‌و ته‌مهیده ناته‌مهیده له ده‌قدا. ده‌بی ئه‌و بۆشاییه وا له ده‌قدا جێ بکاته‌وه که خوێنه‌ر به قه‌رینه‌ی ئه‌و شتانه‌ی باس کراون، بگات به‌و شته‌ی که باس نه‌کراوه. ئه‌گه‌ر توانی ئه‌و ئه‌رکه ڕاپه‌ڕێنیت، ئه‌وه ده‌قه‌که‌ی مینیمالێکی سه‌رکه‌وتووه، ده‌نا ده‌بیته ده‌قێکی لاواز‌و سه‌رنه‌که‌وتوو.
چیرۆکی مینیمالیش، وه‌ک ته‌واوی ده‌قه‌کانی ڕه‌وایی، خاوه‌نی چه‌ند ماکه‌ی سه‌ره‌کییه بۆ ئه‌وه‌ی ببیت به چیرۆک. وه‌ک ( زمان و، گه‌ڵاڵه‌و، کهسایهتیڕۆنان). به‌ڵام، وه‌کی باس کرا و، به پێی ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی ده‌قی مینیمال هه‌یه‌تی، هێندێک جووداوازی له نێوان ئه‌و ماکانه له چیرۆکی مینیمال و شێوازه‌کانی تر دا هه‌یه که باسیان ده‌که‌ین.
- زمان له چیرۆکی مینیمالیستیدا:
په‌خشانی ڕووت و ڕاسته‌وخۆو بێ پێچ و په‌نای ئه‌و چیرۆکانه، له ڕاستیدا ئاوێنه‌ی باڵانوێنی ژیانی بۆش و سارد‌و سڕی ئێستای مرۆڤه. خۆ پاراستنی نووسه‌ر له هه‌رجۆره ڕاده‌ڕبڕین و ڕوون کردنه‌وه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به ڕووداوه‌کان، به‌شداری چالاکانه‌ی خوێنه‌ری گه‌ره‌که له ده‌قدا. په‌خشان(واتا زمانی گێڕانه‌وه) ساده‌و بێبه‌رییه له‌هه‌ر جۆره هه‌ست و سۆزێک، بۆیه‌ش ناوی په‌خشانی کریستالییان لێ ناوه. راوێژ(له‌حن)، سارد‌و سڕ‌و یه‌ک جۆر‌و نه‌گۆره‌و به‌تاڵه له هه‌رجۆره هه‌ست وسۆزێکی ڕاوی(گێڕه‌ڕه‌وه). به‌قه‌ول ده‌روونناسان، پله‌ی هۆشی هه‌یه‌جانییان(EQ )نزمه. ئه‌و هۆشه‌ی که ده‌بیته هۆی رێک وپێک کردنی هه‌ست و سۆزه‌کان و وزه‌ی ده‌ربڕین و گواستنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ست و سۆزانه بۆ دیتران. که‌سایه‌تییه‌کانی چیرۆکی مینیمال، پشکێکی وایان له‌و هۆشه وه‌به‌ر نه‌که‌وتووه.
- گه‌ڵاڵه له چیرۆکی مینیمالیستیدا:
یه‌ک له خه‌سڵه‌ته سه‌ره‌کییه‌کانی چیرۆکی مینیمال، گه‌ڵاڵه‌ی ساده‌و ڕاست و ڕه‌وانییه‌تی. جه‌خت پتر له‌سه‌ر یه‌ک ڕووداو ده‌کرێ که ئه‌ویش شتێکی سه‌یرو سه‌مه‌ره نییه‌و ئاساییه. زۆرتر له یه‌ک به‌ش پێک دێن. ئه‌و ساده‌و کورت و چڕ بوونه، ده‌بیته هۆی چڕ‌و کورت بوونه‌وه‌ی کات و شوێنیش. زۆربه‌ی چیرۆکه‌کانی مینیمال له که‌متر له ڕۆژێک یان چه‌ند ساعه‌تێک و جاریش چه‌ند چرکه‌یه‌ک دا ڕوو ده‌ده‌ن. له‌به‌ر نه‌گۆڕ بوونی به‌ستێنی ده‌ق و تێپه‌ڕینی به حاسته‌می کات، گۆڕانی شوێنیش زۆر که‌مه‌و به ده‌گمه‌ن ڕوو ده‌دات. بۆنموونه، زۆربه‌ی کورته‌چیرۆکه‌کانی کاروێر هه‌ر له‌ناو ماڵ، یان باده‌فرۆشییه‌ک یان بنکه‌ی ته‌رک کردنی مادده‌سڕکه‌ره‌کان دا‌و، گێڕانه‌وه له‌لای هه‌ندێک له‌و نووسه‌رانه پتر له ناو فرۆشگاو سوپێرمارکێتان رووده‌دات، بۆیه‌ش تاقمێک ره‌خنه‌گری سه‌رده‌م به گاڵته پێیان ده‌گوت رێیالیزمی سوپێرمارکێتی یان رێیالیزمی پێپسی کۆلا.
- کهسایهتیڕۆنان له چیرۆکی مینیمالیستیدا:
که‌سایه‌تییه‌کان هه‌ر له جه‌ماعه‌تی ڕه‌شۆکی هه‌ڵده‌بژێردرێن و هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌کی سه‌یری قاره‌مانانه‌یان نییه. له‌ناو دنیای ناسیاوی خۆماندا ده‌ژین، که له‌ودا هیچ نه‌کردن و نه‌درکاندن زۆر هاسانتره له پێچه‌وانه‌ی. خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی تاکه‌که‌سانه نینه‌و هه‌موو هه‌ر وه‌ک یه‌ک ده‌چن. زۆربه‌یان بێده‌نگن و ده‌سته‌ووه‌ستان و، هه‌ربه ده‌سته‌ووه‌ستانی و بێده‌نگیش له ده‌قدا ده‌ور ده‌گێڕن. کرده‌وه‌و دژکرده‌وه‌کانی ناو چیرۆک به ڕواڵه‌ت بێ مانا دێنه به‌رچاو. گێڕانه‌وه‌و دیالۆگه‌کان وه‌ک یه‌کن و هیچ له‌حن و قه‌رینه‌یه‌ک بۆ وه‌ده‌رکه‌وتنی هه‌ست و سۆزی ڕاوی(گێڕه‌ڕه‌وه) یان که‌سایه‌تی چیرۆک نایه‌ته به‌رچاو. کرده‌وه‌و گوته‌کانی که‌سایه‌تییه‌کان ڕاسته‌و خۆ نیشانده‌ری هه‌ست و ئێش و ئازاره‌کانی ده‌روونی ئه‌وان نین، به‌ڵکوو ئه‌و ده‌لاله‌تانه‌ی له پشت ئه‌و کرده‌وه‌و گوتانه‌دا حه‌شار دراون، ڕوون که‌ره‌وه‌ی ده‌روونی که‌سایه‌تییه‌کانن. له‌به‌ر که‌م و کورت بوونی مه‌ودای ده‌ق، که‌سایه‌تییه‌کان هه‌م که‌من، هه‌میش زۆر ورده‌کاریان له‌سه‌ر ناکرێت. که‌سایه‌تییه‌کان به‌شێکن له به‌ستێن و فه‌زای ده‌ق و، خاڵێکی تایبه‌تی به‌رچاویان نییه. به ده‌گمه‌ن تووشی گۆڕانکاری ده‌بن و پتر نه‌گۆڕن.
- بێده‌نگی(خه‌سڵه‌تی به‌رچاوو تایبه‌تی چیرۆکی مینیمالیستی):
ده‌قی مینیمال، ده‌قگه‌لێکی بێده‌نگن. واتا له‌و چیرۆکانه‌دا، بابه‌ت و ڕووداوی نه‌درکێنراو، به‌قه‌را درکێنراو، جارێش پتر، گرینگایه‌تی هه‌یه. ئه‌و بێده‌نگییه‌ی نووسه‌ر سه‌باره‌ت به ڕووداو‌و بابه‌ته سه‌ره‌کی و گرینگه‌کانی ده‌ق، تۆزێ مه‌نتقی چیرۆک ده‌شێوێنن و خوێنه‌ر هان ده‌ده‌ن پتر خۆ به‌و بێده‌نگییانه‌وه خه‌ریک کات. رێیمۆند کاروێر، سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته، ته‌مسیله‌که‌ی هێمینگوێی پێ پڕ به پێسته، که ئه‌وشێوه چیرۆکه به کێوێکی سه‌هۆڵین ده‌شوبهێنیت، که به‌شی هه‌ره‌زۆرو سه‌ره‌کی ئه‌م ون و نادیاره‌و، به‌شێکی بچووکی له‌به‌ر چاوانه. که‌سایه‌تییه‌کان یان هه‌ر هیچ ناڵێن، یان ئه‌گه‌ریش شتێکیان گوت، گوته‌که‌یان هیچ فڕێکی به‌سه‌ربابه‌ته‌وه نییه. جا ئه‌وه هێنده‌ی دی ساردی و سڕی ده‌خاته نێوان پێوه‌ندی مرۆڤه‌کانی ناوده‌ق.
ڕێساکانی جوانیناسی ئه‌م شێوازه، به‌رهه‌می باروودۆخی سارد‌و سڕ‌و خێرای ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه که تێیدا ده‌ژین. به گشتی، ئه‌و باس و خواسانه، ده‌ربڕی ئه‌و ڕاستییه‌ن که چێرۆکی مینیمالیستی، خه‌ریکه ده‌بیته ژانرێکی سه‌ربه‌خۆ، که خاوه‌نی ڕێسا‌و ده‌ستووری تایبه‌ت به خۆیه‌تی.
*****
له‌و به‌شه‌ی ئه‌م کورته‌وتاره‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی پترو به شێوه‌یه‌کی به‌رهه‌ست له‌گه‌ڵ ده‌قی مینیمال ئاشنا بین، چه‌ند نموونه‌یه‌ک ده‌هێنینه‌وه‌و، باسێکی کورتیشیان له‌سه‌ر ده‌که‌ین.
( 1)
"هێڵه‌کانی ناو له‌پی ده‌ست"
خولیا کورتازار/ و:بیژه‌ن مێشکی
له نامه‌ی سه‌ر مێزه‌وه، هێڵێک ده‌ست پێده‌کاو، به درێژایی ئاڵودارکاژه‌که‌دا ده‌ڕواو به یه‌ک له لینگه‌کانی مێزه‌که‌دا شۆڕ ده‌بیته‌وه. باش که لێی ورد ببیه‌وه، ده‌بینی هێڵه‌که به‌سه‌ر پارکێت دا هه‌ر ده‌وامی هه‌یه‌و، به دیواره‌وه هه‌ڵده‌زنێت و له ناو تابلۆیه‌کی کۆپی کراوی بووشه‌دا وه‌رده‌سووڕێت، گه‌ڵاڵه‌ی شان و پیلێکی شه‌که‌ت له‌سه‌ر کورسییه‌کی حه‌سانه‌وه داده‌ڕێژیت و، له ئاکام دا له بن میچه‌وه ڕا وه‌ده‌ر ده‌که‌ویت و به زنجیری برووسکگرهوهی شه‌قام دا شۆڕ ده‌بیته‌وه. لێره له‌به‌ر دام و ده‌زگای هات و چۆی گشتی وهشوێنکهوتنیان چه‌توون ده‌بیته‌وه، به‌ڵام که ورد لێی بڕوانی، هه‌ڵزنانی وه‌سه‌ر ته‌گه‌ره‌ی باسێکه‌وه که له کونجێ ڕاگیراوه وه‌به‌ر چاو دێت و تا شوێنی باردابه‌زاندنان له‌گه‌ڵ خۆی ده‌بات. له‌وێ له درزی گۆره‌وی بریقه‌داری پرچ زێوینترین رێبواردا شۆڕ ده‌بیته‌وه، ده‌گاته شوێنی عه‌نباره‌کانی جلان، هه‌ڵده‌به‌زیت و وێک ده‌هاڵێت و خواروخێچ تا گه‌وره‌ترین شوێنی باردابه‌زاندنان ڕێگه ده‌بڕیت. له‌وێڕا( هه‌ڵبه‌ت له‌وه به‌دوا دیتنه‌وه‌ی زۆر چه‌توون ده‌بیته‌وه، هه‌ر مشکه‌کان نه‌بیت که به چوار په‌لان به وڵات دا هه‌ڵده‌زنێن و ڕه‌دوای ده‌که‌ون) ده‌که‌ویته ناو ماتۆڕه به گرمه‌و هۆڕه‌که‌ی گه‌می و، له ته‌خته‌کانی پانه‌گۆڕای قاتی یه‌که‌می گه‌می دا تێده‌په‌ڕیت، به زه‌حمه‌ت له ده‌ربیجه وه‌سه‌رده‌که‌ویت و له کابینێک دا که پیاوێکی خه‌مۆک خه‌ریکه کنیاک ده‌خواته‌وه و گوێچکه‌ی بۆ فیتووی ماڵاوایی گه‌می شل کردووه، له درزی شه‌ڵوارییه‌وه هه‌ڵده‌چیت، له‌مبه‌ر بۆ ئه‌وبه‌ری که‌وا چنراوه‌که ده‌خوشیت و ده‌چیته پشت باسکیه‌وه و له ژێر گوشاری له‌پی ده‌ستی ڕاستی سه‌ر قۆنداغه‌ی ده‌مانچه‌که‌یه‌وه وه‌رده‌سووڕیت و په‌نا ده‌گریت.
(2)
مه‌رگ له دوانیوه‌ڕۆدا
پێری سیلامین تێلینگ
" ئه‌گه پیاوی، له‌و پشت داره وه‌ره ده‌رێ دا مێچکه‌ت بڵاو که‌م، لوویی."
" ئه‌توو جه‌رگی ترازاندنی په‌له‌پیتکه‌ت نییه."
" جه‌رگم هه‌یه به‌قه‌د که‌ڵی، له‌و مێچکه‌ی تۆ زلتر."
" تۆنی! مێشکت به‌قه‌را به‌ڕوویه‌که."
ته‌ق!
"... یه‌کی دی...!"
ته‌ق!
" لوویی! تۆنی! نانی شێوان!"
" ئه‌وه هاتین، دایه!"
(3)
ده‌مهه‌وێ ڕاپۆرتی ڕووداوێک ڕابگه‌ینم
تام فۆرد
" سێلیا هه‌مووی خه‌تای تۆیه. مه‌یتی من ده‌بینی ئاوا له‌ناو ئه‌و گۆله‌دا وه‌سه‌ر ئاوێ گه‌ڕاوه. ماڵاوا. ئۆمبێرتۆ." سێلیا به لاره‌لار و یادداشت له مشت دا هاته ده‌رو ئه‌منی دیت، که ده‌مه‌وڕوو وه‌سه‌رئاو که‌وتبووم، هه‌ر وه‌ک مێشێک که له جێله چه‌قیبیت. ڕێک ئه‌و کاته‌ی خۆی ده ئاو هاویشت تا ڕزگارم کات و وه‌بیری هاته‌وه خۆ مه‌له نازانیت، وه‌در که‌وتم.
تاوانباری ژماره 338412
(4)
ئه‌نجامی ده‌مه‌ته‌قه
ئستیو ماس
تام پیاوێکی لاو‌و خوڵق خۆش بوو. جارناجارێ له گه‌ڵ سام، که دوو مانگێک بوو پێکه‌وه هاوماڵ بوون، لێیان ده‌بوو به ده‌مه‌ته‌قه. ئه‌حواڵی له بار نه‌بوو: " نابی نا، چیرۆک هه‌ر به 55 وشه پێک نایه نا، نه‌فام! "
سام به گوله‌یه‌ک ساردی کرده‌وه‌و دوایه به‌ده‌م بزه‌وه گوتی:" ئه‌وه‌تا، دیتت که ده‌بی."
(5)
له ناو باخ دا
هۆپ ئای تۆرێس
له ناو باخدا که وێستابوو ئه‌وی دیت که به هه‌شتاو بۆ لای دێت.
" تینا! گوڵی من! ئه‌وینم!" ئه‌ویش گوتی:
" هۆ هۆ تام"
" تینا! گوڵی من"
" کوڕه تام منیش خۆشم ده‌وێی"
تام که گه‌یشته ئه‌م، چۆکی دادان و خێرا پاڵێکی پێوه‌نا.
" گوڵی من! لاقت ڕێک له‌سه‌ر گوڵه‌که‌ی من دانابوو ماڵته، گوڵه سووره جوانه‌که‌م."
به‌رچاوترین تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و چیرۆکانه به‌ر له هه‌موو شتێک، دووره‌په‌رێزی ده‌قه‌کانه له ته‌مهیدو ته‌کنیکه‌کانی ناسیاوی چیرۆک. تا ئه‌و جێگای نووسه‌ران بۆیان گونجاوه‌و، پێکهاته‌ی ده‌ق ڕێگه‌ی داوه، خۆیان له ده‌کارکردنی ئه‌و ته‌مهیدانه پاراستووه. ده‌قه‌کان زمانێکی سارد‌و سڕ‌و ساده‌و به‌تاڵ له هه‌رجۆره هه‌ست و سۆزێکیان هه‌یه. له جیاتی گه‌ڵاڵه، فۆرمێکی ساده‌ی تاک هێڵیان هه‌یه. ئه‌وه‌ی گرینگه، ئه‌و شته نییه که گێڕدراونه‌ته‌وه، به‌ڵکوو ئه‌و شتانه‌ن که نه‌درکێنراون، که جاری وایه له بڕگه‌ی کۆتایی ده‌قدا قه‌رینه‌یه‌ک بۆ ئه‌م نهێنییه گرینگانه هاتووه. وه‌ک ده‌بینین، له‌و ده‌قانه‌دا وانییه که هه‌ر بارستی ده‌ق که‌م کرابیته‌وه‌و قه‌لله‌و ده‌لله کرابیت وه‌ک له کورتیله چیرۆکی کورت دا ده‌کرێت، به‌ڵکوو ده‌ق له ئاستی زمان و گه‌ڵاڵه‌و داڕشتیش دا، له هه‌ر جۆره جوانکاری و حه‌شوو وه‌سف و ته‌مهیدێکی زێده له پێویست به‌تاڵ کراوه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، وه‌ک باسمان کرد، نموونه‌ی به‌رچاوی مینیمالیزم له چیرۆک دا، ده‌قه‌کانی رێیمۆند کاروێره، تۆزێکیش وردتر باسی شێواز‌و سیاقی گێڕانه‌وه‌و زمانی تایبه‌تی ئه‌و نووسه‌ره ده‌که‌ین و چه‌ند نموونه‌یه‌ک له کاره‌کانی ده‌هێنینه‌وه:
- راوێژی گشتی ده‌ق، سارد‌و سڕ‌و پڕ له وشه‌و بابه‌تی به‌تاڵ له سۆز‌و قه‌زاوه‌ته. سه‌باره‌ت به‌و شته‌ی ده‌یهه‌وێ باسی لێوه‌بکات، لاڵه‌په‌ته‌و کۆڵه. نه‌درکێنراوه‌کان پترن له درکێنراوان. واژه‌و گوزاره‌کان ساده‌و دووپاته‌وه‌بوون. وه‌ک ئه‌وه‌ی بێژه‌ر ده‌ست کورته سه‌باره‌ت به وشه‌دانی زه‌ین و زمانی و کۆڵه‌واره به نیسبه‌ت دربڕینی بارودۆخی ده‌روونی خۆی، بۆیه‌ش پرسیاری- ده‌زانی ده‌ڵێم چی؟ - گوزاره‌ی فره‌پات بووی ناو ده‌قه. گێڕه‌ڕه‌وه یه‌که‌م که‌س یان سێهه‌م که‌سی دراماتیک(پاوان کراو به‌قه‌را یه‌ک له که‌سایه‌تییه‌کان)ه، به‌ڵام به ده‌گمه‌ن ده‌ق ده‌په‌رژێته توێژه ده‌روونیی و زه‌ینییه‌کانی که‌سایه‌تی و، پتر هه‌ر له رووبه‌رو ئاستی به‌رهه‌ست دا ده‌مێنیته‌وه. بێ لایه‌نانه‌و داوه‌ری کردن و حوکم دان ده‌گێڕدرێته‌وه.
- که‌سایه‌تییه‌کانی چیرۆک، پتر مرۆڤی ساکارو ره‌شۆکی و داماوو هیوابڕاوو ده‌سته‌ووه‌ستان له حاست رووداو‌و به‌سه‌رهاتانن و، تووشی داماوی فێره‌وه‌بوون.
- چه‌ند ماکه‌یه‌ک، وه‌ک مۆتیڤ له زۆربه‌ی چیرۆکه‌کاندا حزووریان هه‌یه‌و ئێلێمانی نه‌گۆڕی زۆربه‌ی ده‌قه‌کانن: ئه‌ڵکۆڵ، هاوژین، ته‌له‌ویزیون، کاناپه، سیگار.
- زۆربه‌ی چیرۆکه‌کان به گوزاره‌یه‌ک ده‌ست پێده‌که‌ن، که به‌له‌ونێک ده‌توانین وه‌ک شێوه‌گه‌ڵاڵه چاوی لێ بکه‌ین که ده‌وامی ده‌ق په‌ل هاویشتن و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و رسته سه‌ره‌تاییه‌یه:
- جیرانه‌کان: بیل و ئه‌رلین میله‌ر، هاوژینێکی به‌خته‌وه‌ر بوون، به‌ڵام جارناجار وایان هه‌ست ده‌کرد که تاقه‌تییان بڕاوه.
- ئه‌وان شووی تۆ نین: شۆڵی دووهه‌می ئێرل ئۆبێر فرۆشیاری بوو. به‌ڵام خێزانی، دۆرین، شه‌وانه له قاوه‌خانه‌دا خزمه‌تکار بوو.
- ڤیتامین: ئه‌من کارم هه‌بوو و پێتی نه‌یبوو.
- به ئافره‌تان بڵێ ئێمه ده‌ڕۆین: بیل جیمسۆن دائیم و ده‌رهه‌م لئاواڵی جێری رابێرتس بوو.
- مه‌ردمازاران: کرۆل و رابێرت نۆریس کۆنه‌هه‌واڵی جووان خێزانی نیک بوون.
- له سانفرانسیسکۆ خه‌ریکی چی؟: فڕی به‌سه‌رمنه‌وه نییه، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و ژن و مێرده لاوه‌و سێ منداڵه‌که‌یان، که سه‌ره‌تای هاوینی پاره‌کانه ماڵیان گواسته‌وه ئه‌و خانوه‌ی سه‌ره‌ڕێم.
- په‌ڕه‌کان: باد، دۆستی هاوکاری ئیداره‌م، من و خه‌زانمی بۆ جه‌می شێوان بانگهێشت کرد. من خێزانی ئه‌وم نه‌ده‌ناسی و ئه‌ویش فرێنی نه‌ده‌ناسی.
- کاتێ باسی خۆشه‌ویستی ده‌که‌ین، خه‌ریکین له چی ده‌دوێین؟: هه‌واڵم مه‌ل مه‌ک گینیس خه‌ریکی قسان بوو. مه‌ل مه‌ک گینیس پسپۆڕی دڵه‌و، هه‌رئه‌وه‌ش ئاوا موحته‌به‌ری کردووه.
- له شوێنێکه‌وه خه‌ریکم پێوه‌ندیت له‌گه‌ڵ ده‌گرم: ئه‌من و جێی پی له‌به‌ر هه‌یوانی ته‌رکه‌ده‌رمانی فرانک مارتین راوه‌ستاوین. جێی پیش وه‌ک گشت کوڕانی ده‌رمانگا ئاره‌ق خۆرێکی دائیم مه‌سته.
- هه‌موو شتێکی پێوه‌نووساوه: کچه سه‌رووبه‌ندی کریسمه‌س هاتۆته میلان و ده‌به‌ردایه بزانیت قۆناغی مناڵی چۆن تێپه‌ڕبووه.
- تا: کارلایل تووش ببوو، سه‌رله‌به‌ری هاوین، واتا له سه‌ره‌تای مانگی ژووه‌نه‌وه که خێزانی به جێی هێشتبوو، هه‌روا مابۆوه.
- شتێکی دی: مه‌کسین، خێزانی ئێل دی، شه‌وێ که له کار گه‌ڕاوه‌و دیتی دیسان ئێل دی مه‌ست و خه‌راب داوی ده داوی رێی پازده‌ساڵان هاڵاندووه، بێ سێ و دوو گوتی ده‌خۆت هه‌ڵده.
- دڵت ده‌خوازی چی ببینی؟: بڕیار وابوو شه‌وی به‌ر له ماڵاوائیمان، میوانی پیت په‌تێرسۆن و خێزانیی، بێتی بین.
- سێهه‌م شت که باوکمی کوشت: ئێستا پێتان ده‌ڵێم چی باوکمی کوشت.
- هه‌روه‌ک ئاوخواردنه‌وه: شه‌وێک له هۆده‌که‌م دا گوێم له ده‌نگێک له داڵان دابوو، سه‌رم که هه‌ڵبڕی جاوم به پاکه‌تێک که‌وت که له ژێر ده‌رگاوه خزاندیانه ژوورێ.
- هێمنایه‌تی: خه‌ریکی کورت کردنه‌وه‌ی مووی سه‌رم بووم، له‌سه‌ر کورسی دانیشتبووم و سێ پیاوی دیش به‌رامبه‌رم له‌بن دیوار رێچکه‌یان به‌ستبوو.
جا ده‌وامی گێڕانه‌وه، له‌راستی دا بڵاوبوونه‌وه‌و په‌ل هاویشتنی بێ ئاراسته‌و داوه‌ریی ئه‌و رسته سه‌ره‌تاییه‌یه.
که‌سایه‌تییه‌کان ساده‌و ئاسایین، به‌ڵام فره‌ره‌هه‌ندن و تیپ و کلیشه نین. ره‌ش و سپی نین. مرۆڤن، به هه‌موو لایه‌نه ئیجابی و سه‌لبییه‌که‌یانه‌وه. زۆربه‌یان تووشی دۆخێکی نه‌خوازراو بوونه که له نه‌هایه‌ت دا ده‌بیته هۆی ورووژانی هه‌ستی په‌شیمانی. که چی دائیم ده‌به‌ردانه پاساو بهێننه‌وه بۆ ئه‌و دۆخه‌ی گیرۆده‌ی بوونه. له ده‌قی چیرۆکه‌کاندا نه کات شێواوه نه زمان. گێڕانه‌وه له‌سه‌ر هێڵی کاتی ئاسایی و به زمانێکی روون و ساکار(که په‌خشانی کریستالی ناو ده‌نێن) به ئه‌نجام داگات. لێڵی نه‌ک ده زمان و پێکهاته‌ی رسته‌دا، به‌ڵکوو له خودی که‌سایه‌تی گێڕه‌ڕه‌وه‌و راستگۆیی و، له رێژه‌ی نه‌گوتراو و نه‌درکێنراوان و، پاساوه به‌رده‌وامه‌کان دایه.
ئه‌وه‌ی، به‌شێکی زۆر له کاره‌کانی کاروێر جووداده‌کاته‌وه له ئاسه‌وارو شێوازی ئه‌وانی دی و هاوکات سه‌رنجی خوێنه‌رانیش بۆلای خۆی راده‌کێشیت، نه رێیالیزمی جادووییه، نه لافاوی وشیاریی. نه مۆنۆلۆگی ده‌روونییه، نه پازپازێنه کاتییه‌کان. نه حزووری گێڕه‌ڕه‌وه‌و گۆشه‌نیگای فره‌یه، نه زمانێکی سه‌یرو لاده‌رو پێچه‌ڵاوپێچه‌و، نه‌ک به‌سه‌رهات و رووداوی سه‌یروسه‌مه‌ره‌و سیحراوییه. ئه‌وه‌ی چیرۆکی کاروێر به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه‌و، له‌وانی دیی هه‌ڵداوێریت، له‌وپه‌ڕی روون و ساده‌بوونی زمان دا، راوێژی تایبه‌ت، رازاوه‌نه‌بوونی تۆخی گێڕانه‌وه، زینده‌و رووت بوونی واژه‌و، له جووڵه‌دابوونی ژیان له‌وبه‌ر گێڕانه‌وه‌ی خه‌ساوو کۆڵی دایه. فاکته نه‌درکێنراوو وونی پشت په‌رده‌ی گێڕانه‌وه‌و، ده‌ورگێڕانی که‌سایه‌تی ته‌واو ساکارو ئاشنا‌و به‌رهه‌ست و داماوو ته‌نیای نموونه‌ی مرۆڤی سه‌رلێشێواوی ئه‌و چاخه، مینیمالیزمی کاروێر به‌رجه‌سته ده‌که‌ن. له‌به‌ریه‌ک رۆنانی ساده‌ی ئه‌و شێوازه، به‌رامبه‌ر شێوه باوه‌کانی چیرۆک‌نووسان، وه‌ک شێوه‌ی چیرۆکبێژی داستایێڤسکی(بۆ نموونه له رۆمانی تاوان و سزاکان دا‌و، بڕه‌زه‌ینییه قوڵ و پشکنینه ده‌روونییه‌کانی که‌سایه‌تی راسکۆلنیکۆف و، ره‌نگرێژی مینیاتۆری و وردی هه‌ست و سۆز‌و که‌ڵکه‌ڵه زه‌ینییه‌کانیی)، یان ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی ته‌کنیکی و پێچیاوبوونی وه‌سف له‌لای تۆلستۆی(وه‌ک له ئاننا کارنیناداو...)، یان بورخێس و مارکێزو فۆئینتیس و یووسا – بۆ نموونه له حه‌قایه‌ت بێژدا – و ئاچێبێ و...(به زمان و که‌ش و بوونه‌وه‌رانێک که تێکه‌ڵاوی لێکهه‌ڵاناوارده‌ی وه‌هم و حه‌قیقه‌ت، خه‌یاڵ و واقیع، سیحر‌و سرووشتن)، یان به لافاوانی بیرکێشانه‌ته‌وه‌ری لافاوی وشیاری وۆڵف و جۆیس، یان سه‌فه‌ره خه‌یاڵی و هێمایی و که‌سایه‌تییه سه‌مبۆلیک – ئوستوره‌ییه‌کانی به‌ختیار عه‌لی، یان تێکچڕژاوییه‌کانی کاتی وۆنێگات(له سه‌لاخخانه‌ی ژماره پێنج دا)، یان داهێنانی هێڵی گێڕانه‌وه‌ی تێکته‌نراوی هاوته‌ریب و فره‌گێڕه‌ڕه‌وه بوون و راوێژ‌و ده‌نگی سه‌ربه‌خۆ له گێڕانه‌وه‌ی کۆندرادا(وه‌ک له رۆمانی گاڵته‌دا)، یان پاراستنی وردی گه‌ڵاڵه‌ی چیرۆک‌نووسی باو(پێشه‌کی، گرێ تێخستن، لوتکه، گرێکردنه‌وه، کۆتایی) له چیرۆکه‌کانی شۆلۆخۆف و مۆپاسان دا، یان پشت ئه‌ستووربوون به مۆنۆلۆگه ده‌روونی و بڕه‌زه‌نییه‌کانی گوڵشیری( شازده ئیهتیجاب)، داهێنانی که‌ش و دونیای ئه‌وبه‌رواقیع و جۆری دیکه‌ی کافکا، شرۆڤه‌و شیکارییه ورد‌و رێیاله‌کانی دیکێنز (بۆ نموونه له داستانی دوو شاردا )، قاره‌مانسازییه‌کانی باڵزاک(ئوژنی گرانده‌و...)، نه‌سحه‌ت کردنه‌کانی راسته‌وخۆی هاوسۆرن و ئۆهێنری، نۆرم و ژانرشکێنییه‌کانی براتیگان (وه‌ک ئه‌وه‌ی له راوی قزلالا له ئامریکادا کردوویه‌تی)، چوارچێوه‌شکێنی و کۆلاژنووسی و پارۆدییه‌کانی بارتێلمی(موزه‌خانه‌ی تۆلستۆی، سپی به‌فری،...)، ناوه‌ندپه‌رێزی و په‌راوێزنووسیی جاڕزکه‌ری رۆب گرییه(پاکه‌ره‌وه‌کان)، حه‌قایه‌ت بێژییه سه‌رنج راکێش و ئایرۆنیکی نووسه‌رانی ئیتالی(کالوینۆ، مۆراویا، رۆزێتتی، مۆڕاتتی،...)، پۆلیسی و جنایی نووسیی پۆو، چیرۆکه کلاسیکه ته‌کنیکییه‌کانی گوتیکی هۆگۆ(کووڕه‌ی نۆتردام دۆپاری)،....، و ئاماده نه‌بوونی هه‌مووی ئه‌و ئیماکاناتانه، ده‌بیته هۆی تاقانه بوونی مینیمالیزمی رێیمۆند کاروێر.
مراد ئه‌عزه‌می
شنۆ
گوڵانی 1393
14 مه‌ی 2014
(پێداهاتنه‌وه: پووشپه‌ڕی 1398)
سه‌رچاوه:
- _ بارت. جان، (1381). سخنی کوتاه در باره‌ی مینیمالیسم. و:کامران پارسی نژاد. ادبیات داستانی.ش 61.
_ پارسا. سید احمد، (1385). مینیمالیسم و ادب پارسی(بررسی تطبیقی حکایات گلستان سعدی و ادبیات مینیمالیسم). مجله‌ی دانشکده‌ی ادبیات و علوم انسانی دانشگاه شهید باهنر کرمان. ش 20.
- _ پاینده. حسین، (1385). داستانک و توانایی آن در نقد فرهنگ(دمکراسی و نقد ادبی). تهران. نشرنیلوفر.
- _ جزینی. جواد،(1378). ریختشناسی داستانهای مینیمالیستی. ماهنامه کارنامه. دوره اول.ش 6.
|