بە پێ هەواڵی هاژە، کۆبەرهەمێکی نوێی "ئەحمەد موختار بەگی جاف" چاپ و بڵاو کرایەوە.
ئەو کتێبە جگە لە چیرۆکی مەسەلەی ویژدان، 30 شێعری بڵاونەکراوەی تێدایە کە تا ئێستا لە هیچ شوێنێک چاپ و بڵاونەکراونەوە.
لەم چاپە نوێی ئەم کۆبەرهەمەدا لێکۆڵینەوە لەمەڕ کوژرانی نووسەر خراوەتە ڕووی خوێنەر و شرۆڤەی لەسەر کراوە.
کۆبەرهەمەکە لەسەر ئەرکی پارێزگاری سلێمانی و بە هاوکاری گرووپی لوڕ بڵاو کراوەتەوە.
کاروان عوسمان گرداری کتێبەکە لەسەر چاپی ئەو کتێبە نوێیە دەڵێت: تا ئەو جێگایەی کە ئێمە دەستمان بە شێعرە بڵاونەکراوەکانی ئەو ڕاگەیشتووە، هەموویمان وەدەست هێناون و لەو چاپە نوێیدا تێمانخزاندوون.
عوسمان زیادی کرد: بە پێداچونەوەی دووبارە بە دیوانە کۆنەکەیدا لە ڕووی (عروزی، ڕێنووسی، تەلەفوزی ناوچەیی) کە هێندێک تەلەفوزی ئەو تایبەت بە ناوچەی شارەزوورە، هەڵەچنی بۆکراوە و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک داندراوەتەوە.
شایانی ئاماژەیە ئەحمەد موختاربەگی جاف ساڵی 1898 لە هەڵەبجە لەدایک بووە و ساڵی 1922 بۆتە فهرمانداری هەڵەبجە.
ناوبراو ساڵی 1924 تا 1935 نوێنەری کۆڕی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق بووە.
موختاربەگی جاف لە ساڵی 1935 لە تەمەنی 38 ساڵیدا کاتێک لەسەر چۆمی سیروان بە کەڵەکی دەپەڕێتەوە لە لایەن چەند کەسێک کوژراوە و تەرمەکەی لە تەنیشت گۆڕی تاهیر بەگ لە گوندی عەبابەیلێ لە نزیک هەڵەبجە بە خاک ئەسپێردراوە.